ڕاپۆرتی کوردستانی

05:44 - 16/12/2019

دیزاينێكى نوێ بۆ ١٠٠مه‌تريى سلێمانى داده‌نرێت‌

پەیسەر

دواى هه‌شت ساڵ هێنان و بردن، پڕۆژه‌ى شه‌قامى ١٠٠ مه‌تریى سلێمانى گه‌ڕایه‌وه‌ خاڵى سفر و ریسه‌کە بوویه‌وه‌ خورى، حكومه‌ت بڕیاریداوه‌ سه‌رله‌نوێ دیزاینێكى نوێى بۆ دروست بكات و به‌ بوودجه‌یه‌كى نوێ بۆكۆمپانیاى جێبه‌جێكار بیخاته‌ڕوو. به‌وه‌ش ده‌ستپێكردنى پرۆژه‌كه‌ بۆ كاتێكى نادیار دواكه‌وت. 

 سه‌رله‌نوێ دیزاینێكى نوێى بۆ ده‌كێشرێت

به‌سه‌رهاتى شه‌قامى ١٠٠ مه‌ترى سلێمانى، له‌ ٦ی١١ی٢٠١٣ ده‌ستیپێكرد، كاتێك عیماد ئه‌حمه‌د جێگرى ئه‌وكاتى سه‌رۆكى حكومه‌ت له‌ مه‌راسیمێكدا به‌ردى بناغه‌ى داناو ده‌ستپێكردنى راگه‌یاند. پرۆژه‌كه‌ نه‌كه‌وته‌ سه‌رپێ و راوه‌ستا، له‌و هه‌شت ساڵه‌دا ته‌نها شتێك ته‌واوبووبێت دیزانیى پرۆژه‌كه‌یه‌ كه‌ سێ كۆمپانیاى توركى كێشایان و دووملیۆن و ٥٠٠ هه‌زار دۆلارى تێچوو. به‌ڵام ئێستا ئه‌و دیزاینه‌ش وه‌لانراوه‌و سه‌رله‌نوێ دیزاینێكى نوێى بۆ ده‌كێشرێت.

دوایین زانیارى ئه‌وه‌یه‌، حكومه‌ت سه‌رله‌نوێ دیزانێكى نوێی بۆ ده‌كێشێت و بوودجه‌یه‌كى نوێى بۆ دیاریده‌كات، تائێستا ته‌نها دیزانه‌كه‌ى ته‌واو بووبوو دیزانه‌كه‌ش ده‌گۆڕێت و دیزانێكى نوێى بۆ ده‌كێشرێت. حكومه‌ت نیازیشى هه‌یه‌ بوودجه‌كه‌شى كه‌مبكاته‌وه‌و پانتاییه‌كه‌شى ته‌سك بكاته‌وه‌و خزمه‌تگوزارییه‌كانیشى كه‌م بكاته‌وه‌.

پرۆژه‌كه‌ فه‌رمانگه‌ى تایبه‌تى حكومیى بۆ دروستكراوه‌، ئازاد ره‌سوڵ سه‌رۆكى فه‌رمانگه‌كه‌یه‌و هه‌رخۆشى سه‌رپه‌رشتیارى پرۆژه‌كه‌یه‌، ئازاد بۆ په‌یسه‌ر گوتى، چاوەڕێى فه‌رمانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانن و به‌راییه‌كانى پرۆژه‌كه‌ ره‌وانه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران كراوه‌، بۆیه‌ جارێ نازانن بوودجه‌كه‌ى چى به‌سه‌ر دێت و دیزانه‌كه‌ى ده‌ستكارى ده‌كرێت یاخود نا. 

ئه‌وه‌ى هه‌شت ساڵه‌ مشتومڕى له‌سه‌ره‌ ته‌نها قۆناغى یه‌كه‌مه‌ 

قوباد تاڵه‌بانى ١٤ی ئایارى ئه‌مساڵ له‌گه‌ڵ وه‌زیرى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و گه‌شتوگوزار سه‌ردانى پارێزگارى سلێمانى كردوو دواى كۆبوونه‌وه‌یان رایگه‌یاند:" بڕیارماندا لیژنەی سەرپەرشتیار لە ماوەی ١٠ رۆژدا پێشنیار و راسپاردەکانی خۆی سەبارەت بە چۆنیەتی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە پێشکەشی وەزارەتی شارەوانی و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بکات، بۆ ئەوەی بە زووترین کات دەست بەكاركردن بكرێت لە پرۆژەكەدا".

شه‌قامى ١٠٠ مه‌تریى، سێ قۆناغه‌و ئه‌وه‌ى هه‌شت ساڵه‌ مشتومڕى له‌سه‌ره‌ ته‌نها قۆناغى یه‌كه‌مه‌ (له‌ تاسڵوجه‌وه‌ بۆ عه‌ربه‌ت) بوودجه‌كه‌ى ٤٧٠ ملیار دیناره‌، دواى ئه‌وه‌ى كۆمپانیا توركییه‌كان ئه‌مساڵ ده‌ستبه‌ردارى پرۆژه‌كه‌ بوون، كۆمپانیاى قه‌یوان رایگه‌یاند، پرۆژه‌كه‌ى وه‌رگرتووه‌و بێ ته‌رخانكردنى پاره‌ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ به‌ قه‌رز تا خه‌رجكردنى ١٠٠ ملیار كار له‌ پرۆژه‌كه‌دا بكات. قه‌یوان گوتى، ته‌نها نوسراوێكى وه‌زاره‌تى شاره‌وانى ماوه‌و چاوه‌ڕێى ئه‌و نوسراوه‌یه‌ تا ده‌ست به‌ كار بكات. دواى چوار مانگ چاوه‌ڕوانى هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كان سفر كرانه‌وه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس، مه‌سرور بارزانى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، لیژنه‌یه‌كى دروستكردووه‌، بۆئه‌وه‌ى دیزاینێكى نوێ دروست بكه‌ن و بوودجه‌یه‌كى نوێ بۆ پرۆژه‌كه‌ دیارى بكه‌ن. له‌كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكانیش به‌ راشكاوى گوتویه‌تى، ئه‌و پاره‌یه‌ زۆره‌ كه‌ بۆ ئه‌و بوودجه‌ ته‌رخانكراوه‌و حكومه‌ت له‌ تواناى نییه‌ بۆیه‌ ده‌یانه‌وێت دیزاینێكى نوێ بكێشن و هه‌ندێك شتى لێ كه‌م بكه‌نه‌وه‌، وه‌ك ئه‌وانه‌ى كه‌ پێوست نین و زیاتر جوانكارین.

 پارێزگاى سلێمانى هه‌ڵكه‌وته‌كه‌ى به‌وجۆره‌یه‌ ناتوانێت زیاتر له‌ شه‌قامى ١٠٠مه‌تریى هه‌بێت

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر سه‌رۆكى حكومه‌ت گومانى هه‌یه‌ له‌ پێدانى پرۆژه‌كه‌ به‌ قه‌یوان و رێككه‌وتنى قه‌یوان و جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت. گوتویه‌تى ئه‌و پاره‌یه‌ بۆ ئه‌و دیزاینه‌ زۆره‌و دیزانه‌كه‌ به‌ پاره‌ى كه‌متر ده‌كرێت. هاوكات سه‌رۆكى حكومه‌ت به‌ نیازه‌ خۆى ده‌ستپێکى پرۆژه‌كه‌ رابگه‌یه‌نێت له‌ سلێمانى، سه‌ردانه‌كه‌شى بۆ سلێمانى هه‌ر به‌و هۆكاره‌ دواكه‌وتووه‌، ده‌یه‌وێت كاتێك ئاماده‌كارییه‌كان ته‌واوبوون خۆى بێته‌ سلێمانى و ده‌ستپێكردنى پرۆژه‌كه‌ رابگه‌یه‌نێت. 

ره‌مه‌زان نامیق ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى ده‌ڵێت، دیزاینى نوێ به‌لانى كه‌مه‌وه‌ شه‌ش مانگى دیكه‌ى پێده‌چێت، ئه‌وه‌ش بۆ كاتێكى زۆر پرۆژه‌كه‌ دواده‌خات جگه‌له‌وه‌ى له‌ دیزانه‌كه‌ى پێشوو دوو ملیۆن و ٥٠٠ هه‌زار دۆلار خه‌رجكراوه‌. ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى داوایان له‌ سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا كردووه‌ نوسراوه‌كه‌یان ئاڕاسته‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بكات كه‌ به‌ده‌ستاریكردنى پرۆژه‌كه‌ رازى نین. 

حكومه‌ت نیازى هه‌یه‌ له‌پێناو كه‌مكردنه‌وه‌ى خه‌رجى پانى پرۆژه‌كه‌ كه‌م بكاته‌وه‌

ره‌مه‌زان نامیق ده‌ڵێت، پارێزگاى سلێمانى هه‌ڵكه‌وته‌كه‌ى به‌وجۆره‌یه‌ ناتوانێت زیاتر له‌ شه‌قامى ١٠٠مه‌تریى هه‌بێت، ته‌نها ئه‌و ١٠٠ مه‌ترییه‌ى ده‌بێت، بۆیه‌ نابێت ده‌ستكارى بكرێت و شته‌كانى كه‌مبكرێته‌وه‌ باریك بكرێته‌وه‌. به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر حكومه‌ت نیازى هه‌یه‌ له‌پێناو كه‌مكردنه‌وه‌ى خه‌رجى پانى پرۆژه‌كه‌ كه‌م بكاته‌وه‌. 

ساسان عه‌ونى وه‌زیرى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزار ئه‌مڕۆ كاتێك سه‌ردانى سلێمانى كرد، له‌باره‌ى شه‌قامى ١٠٠ مه‌ترى سلێمانییه‌وه‌ گوتى:"ئێستا جارێكى تر له‌ دووباره‌ پێداچوونه‌وه‌دایه‌، فه‌رمانگه‌ى ئه‌ندازیارى سه‌رپه‌رشتیار و هه‌م شاره‌وانى سلێمانى، هه‌م له‌ناو وه‌زاره‌تیش خودى جه‌نابى بریكار كار له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌كه‌ن، ئێستا له‌ سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه‌، ئومێد ده‌كه‌ین ئه‌و بابه‌ته‌ چاره‌سه‌ر بكرێت".

به‌پێى هه‌نگاوه‌ تازه‌كانى حكومه‌ت بێت، پرۆژه‌كه‌ كاتێكى زیاتر له‌وه‌ى دواكه‌وتووه‌ دواده‌كه‌وێت، دواى ته‌واوبوونیشى به‌وجۆره‌ نابێت كه‌ باس ده‌كراو خه‌ڵك چاوه‌ڕێى ده‌كرد.