11:08 - 20/12/2018
زانیارییەكانی دزینی زەیتی زەیتونی عەفرین ئاشكرا دەكرێت
حكوومەتی توركیا بە فەرمی رێگا بە هاوردەكردنی زەیتی زەیتون لە عەفرین بۆ ناو وڵاتەكەیدا دەدات. بەڵام كاتێك لە چاوی كورد سەیر دەكرێت، ئەمەیان پڕۆسەیەكی رێكخراوی دزین و بە تاڵانبردنی داهاتی عەفرینیەكانە بەفەرمانی توركیا و بەدەستی گروپە جیهادی و تیرۆریستیەكان بەڕێوەدەچێت.
نزیكەی ساڵێك بەسەر دەستپێكردنی ئۆپراسیۆن سوپای توركیا بەناوی (چڵی زەیتون) بۆ سەر كانتۆنی عەفرین لە خۆرئاوای كوردستاندا تێپەڕدەبێت، كە لەمانگی كانوونی دووەمی 2018 دەستپێكرابوو. بانگەشەی ئەنكەرە بۆ بەرقەراركردنی سەقامگیری و ئارامی لە عەفرین، تابڵۆیەكی پێچەوانەی لێ هەڵگەڕاوەتەوە، عەفرین لە ئارامترین و سەقامگیرترین هەرێمی ناو سوریادا بۆتە مەڵبەندی دزین و دەستبەسەرداگرتنی داهاتی و بژێوی خەڵكی عەفرین لەلایەن گرووپە ئیسلامیە چەكداریەكانی سەر بە توركیا.
كردەوە و تاوانەكانی ئەو گروپە چەكدارانەی كە توركیا لەناو عەفرین پاڵپشتیان دەكەن، لە دزین بگرە، تا تاڵانكردن، دەستبەسەرداگرتن، باج وەرگرتن سنووری پروپاگەندەی تێپەڕاند و لەناو راپۆرتی كۆنسەی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان باس دەكرێت. راپۆرتی ناوبراو جەخت لە هەبوونی پێشێڵكاری و رفاندنی هاووڵاتیان دەكاتەوە:" شاهێدەكان دەڵێن لەو شوێنانەی سەربازی توركی لێیە، تاڵانكردن و دەستبەسەرداگرتن هەیە، بەبێ ئەوەی هەوڵی ئاستەنگكردنيان بدەن، گرووپە چەكداریە ئیسلامیەكان چەندین جار تاڵانیان كردووە و تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە".
سوپای توركیا لە 18 تشرینی دووەمی 2018 بە بیانووی ئەوەی دەستیان هەیە لە كردەوەكانی تاڵانكردن، دەستبەسەرداگرتن و رفاندنی هاووڵاتیان، بۆ هەڵوەشانەوە یان دەركردنیان لە عەفرین لە دژی گرووپی (شوهەدای ئەلشەڕقیە) دەستیان بە ئۆپراسیۆنێكی سەربازی كرد كە تا ئێستا درێژەی هەیە، ئەمەش لە واتایەكیدا پشتڕاستكردنەوەی ئەنجامدانی تاوانەكانە. بەڵام بەڵگەی دیارتر لەمبارەیەوە گفتوگۆی ناو پەرلەمانی توركیا بوو، لەبارەی هێنانی زەیتی عەفرین بۆ ناو توركیا كە لە كۆنووسی پەرلەمانی توركیادا تۆمار كراوە. بە گوێرەی ئەم زانیاریانە لە كۆبوونەوەی پەرلەمانی توركیادا لە رۆژی 16 تشرینی دووەمی 2018، دزەیان كردووە، فراكسیۆنی هەردوو پارتی ناو پەرلەمانی توركیا (پارتی كۆماری گەل – جەهەپە) و (پارتی هەرێمە دیموكراتیەكان – هەدەپە) رەخنەیان لە كردەوەكانی حكوومەتی ئاكەپە گرتووە سەبارەت بە تاڵانكردنی داهاتی هاووڵاتیانی عەفرین بەدەستی گرووپە چەكداریەكان لەبەر چاوی سوپای توركیادا.
شەڕی زەیتوونی عەفرین لە پەرلەمانی توركیا
لە كۆبوونەوەی 16 تشرینی دووەمی رابردوو فیكرەت شاهین پەرلەمانتاری جەهەپە ئاشكرای كرد كە 50 هەزار تەن زەیتی زەیتون بە قاچاخ هاتۆتە ناو توركیا. هەروەها ئەحمەد وەهبی پەرلەمانتارێكی دیكەی جەهەپەیە لەهەمان دانیشتن دەڵێت:" زانیاری ئەوەمان پێگەیشتووكە بە 50 هەزار تەن زەیتی زەیتون لە عەفرین هاتۆتە ناو توركیا. ئەم بەرهەمە هی كامە دەوڵەتە؟ لە كاتێكدا ئەو بەرهەمە لەناو خۆی وڵاتدا هەیە بۆچی لە دەرەوە هاوردەی دەكەن؟".
دوای هەردوو پەرلەمانتارەكەی جەهەپە، نورەدین ماچین پەرلەمانتاری هەدەپ بەشداری لە گفتوگۆكاندا كرد و گووتی:" لە دەروازەی گومرگی داڵ (دەروازەی گوندی حەمام لە جەندرێس) 50 هەزار تەن زەیتی زەیتون هاتۆتە ناو توركیا، خەریكە زەیتون لە عەفرین لەناو دەچێت. پێویستە سیاسەتی غەنیمەت و تاڵانكردن كۆتایی پێبێت".
بەكر پاكدەمیرلی وەزیری كشتوكاڵ و دارستانی توركیا كە لە دانیشتنەكەدا ئامادەبوو، گووتی:" وەكو حكوومەت لە عەفرین ناخوازین داهاتەكان بچنە گیرفانی پەكەكە، بە راشكاوانە ئەم قسەیە دەكەم". وەزیری ناوبراو لە بارەی پرسی پەرلەمانتاری جەهەپە ئەحمەد كایا: ئایا عەفرین لەژێر كۆنتڕۆڵی توركیادا نییە؟ دەڵێت:" وایە. دەخوازین داهاتی عەفرین بۆ خۆمان بێت. چونكە هەرێمێكە لەژێر دەستی خۆمان دایە. بە راستی شوورەییە لەناو پەرلەمان لەسەر ئەم مەسەلەیە قسە بكرێت و بكرێتە رۆژەڤ".
محەمەد بیلۆ، رۆژنامەنووسی عەفرینی كە دوای داگیركردن ناوچەكەی بەجێهێشتووە و لە هەرێمی كوردستان جێنشین بووە لە وەڵامی پرسیارەكانی (پەیسەر پرێس) لەبارەی گفتوگۆی ناو پەرلەمانی توركیا دەڵێت:" گفتوگۆی ناو پەرلەمانی توركیا دەیسەلمێنێت كە كردەوەی دزی و تاڵان ، بە بڕیارێكی ناوەندی حكوومەتی ئاكەپە درێژەی هەیە. گرنگترین ئاستەنگی سوپای توركیاش ئەوە بوو كە نەیهێشت زەیتی جووتیاران لە عەفرین بچێتە ناوچەكانی دیكەی سوریا".
پەرلەمانتارەكان دەدوێن
دەوڵەتی توركیا كە هەموو پەیوەندیەكانی لەگەڵ دەوڵەتی سوریا پچڕاندووە، یەكلایەنە لە هەشتی تشرینی دووەمی رابردوو، لەناوچەی جەندرێسی عەفرین دەروازەی گومرگی (چڵی زەیتون)ی كردەوە. هێنانی بەرهەمە كشتوكاڵیەكانی عەفرین بۆ ناو توركیا لە رێگای ئەم دەروازەیە جێبەجێ دەكرێت.
حكوومەتی ئاكەپە ساڵانێك بەر لە داگیركردنی عەفرین، بەتایبەتی لەو كاتەی ئەم ناوچەیە لەژێر گەماڕۆی توندی گرووپە چەكدارییەكان دابوو، گوێی بە بانگەوازیە نێودەوڵەتیەكان نەدا بۆ كردنەوەی دەروازەیەك بۆ كاروباری مرۆڤایەتی لە سەر سنووری نێوان عەفرین – توركیا. محەمەد بیلۆ كردنەوەی ئەم دەروازەیە بەم شێوەیە دەخوێنێتەوە:" بەتایبەتی لەو كاتەی عەفرین گەماڕۆ درابوو توركیا دەروازەی نەكردەوە. بەڵام لەگەڵ نزیكبوونەوەی وەرزی زەیتون رنین توركیا دەروازەی ئەلحەمامی كردەوە بۆ ئەوەی وەكو دەرگایەك بۆ دزینی خێروبێری عەفرین بەكاربێنێت".
بەكر پاكدەمیرلی لە كۆبوونەوەی پەرلەمانی توركیادا رایگەیاند نەوەكو 50 هەزار تەن بەڵكو پێنج هەزار تەن زەیت لە 16 تشرینی دووەمدا هاتۆتە ناو توركیا. بەڵام پێگەی "ئەلمۆنیتۆر" بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەكی تایبەت رایگەیاند لە مەڕاسیمی رۆژی جیهانی زەیتوندا كە لە 24 تشرینی دووەمدا لە ئاكحیسار لە توركیادا سازكرا، نوێنەرانی كۆمپانیا بازرگانییەكان رایانگەیاندووە كە ئەو زەیتەی لە سوریا هاتۆتە توركیا نزیكەی 20 – 25 هەزار تەن بووە. ماوەیەك بەر لە بە رۆژەڤبوونی زەیتی زەیتون هێنانی پەتاتەش لە عەفرین بۆ ناو توركیا بە رێگای قاچاخ بووە رۆژەڤی میدیاكان.
عەفرین چی دەڵێت؟
چەلەنگ عومەر ئەكادیمی و پسپۆری ئابووری، مامۆستای زانكۆی عەفرین لەبارەی ئەو زیانەی ئابووریەی لە ئەنجامی داگیركردن بەر ناوچەكە كەوتووە و هەروەها دەربارەی بەرهەمی زەیتون كە داهاتی سەرەكی ناوچەكە و بڕبڕەی پشتی ئابوورییە توێژینەوەیەكی ئەنجامداوە و پەیوەست بە بابەتەكە وەڵامی (پەیسەر پرێس) دەداتەوە.
بە گوێرەی چەلەنگ 18 ملیۆن دار زەیتون لە عەفرین هەیە، هەروەها 65% رووبەری عەفرین بە زەیتون چاندراوە. سەرچاوەی سەرەكی داهاتی خەڵكی عەفرین زەیتون، زەیتی زەیتون و سابوونە كە لە ناوكی زەیتون دروست دەكرێت. پێشیوایە زەیتون و بەرهەمەكانی لە عەفرین دەكاتە 30% تەواوی بەرهەمی سوریا.
گرووپە چەكدارەكان رێگا نادەن جووتیاران بەرهەمەكانیان بەو رێگایانە بفرۆشن كە چەندین ساڵە مامەڵەیان لەگەڵ دەكەن. جووتیاران ناچار دەكەن زەیت بە نرخێكی هەرزان و بەو رێگایە بفرۆشن كە ئەوان دیاری دەكەن. زۆربەی ئەو بازرگانانەی كە گرووپە چەكداریەكان رێگایان پێ دەدەن بێنە ناو عەفرین و زەیتی جووتیاران بكڕنەوە عەرەبن و راستەوخۆ سەر بە سەرۆكی گرووپە چەكدارەكانی ناو عەفرینن.
رۆژنامەنووس محەمەد بیلۆ لەمبارەیەوە دەڵێت:" بە بڕیاری سوپای توركیا رێگا نەدرا، زەیتی عەفرین بگاتە ناوچەكانی دیكەی سوریا. ئەمەشیان بۆ ئەوە كرد تا بتوانن نرخی خۆیان بەسەر جووتیاراندا بسەپێنن".
چەلەنگ عومەر وردەكاری زیاتر لەمبارەیەوە دەخاتە روو:" لە عەفرین تەنەكەیەكی زەیتی زەیتون 16 كیلۆ بە 20 -22 دۆلار دەفرۆشێت. هەمان تەنەكە زەیتون هەناردەی توركیا دەكرێت و بە 50 -55 دۆلار دەفرۆشێت. واتە ئەو نرخەی لەسەر جووتیار سەپێندراوە كەمترە لە نیوەی نرخی فرۆشتنی لە بازاڕ". بەگوێرەی چەلەنگ:" بەشێكی زەیتی عەفرین لە توركیادا جارێكی دیكە لە رێگای هەردوو دەروازەی (جیلڤەگۆز) و (ئۆنجوپنار) دەگەڕێندرێتەوە ناوچەكانی دیكەی سوریا و بە گرانتر لە نرخی توركیا دەفرۆشرێتەوە هاووڵاتیان".
ئاماری بەرهەمەكانی عەفرین
ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی عەفرین كە توركیا لەژێر ناوی بەڕێوەبردنی ناوچەكەدا دوای داگیركردن دروستی كردووە، رێژەی 15% باجی لەسەر بەرهەمی زەیت داناوە. هەروەها گرووپە چەكداریەكان بەبێ پێدانی سەرانە رێگا نادەن جووتیاران بچنە ناو باخ و كێڵگەكانیان كە ئەمەش مەینەتی ئەو خەڵكەی لە عەفرین ماوەتەوە قورستر دەكات. چەلەنگ عومەر لەمبارەیەوە دەڵێت:" ئەو خەڵكەی لەناو عەفرین ماوەتەوە، ناتوانن بەبێ فەرمان و مۆڵەتی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی عەفرین كە توركیا دایناوە بەرهەمەكانیان ئامادە بكەن بیگەینە بازاڕ، ئەو ئەنجوومەنە شكلیە، بە فەرمانی گرووپە مورتەزیقەكان كار دەكەن، نزیكەی 15% باجیان بەسەر هاووڵاتیاندا سەپاندووە. 10% تەواوی باجەكە بۆ ئەنجوومەن دەڕوات و 5% دیكە بۆ خاوەن كارگەكەیە. دواتریش 15% باجیان بەسەر خاوەن كارگەكاندا سەپاندووە. ئەم شێوەیەكە لە شێوەكانی دزینی بەرهەمی جووتیاران".
جگە لە سەپاندنی باج و رێگا گرتن لە جووتیاران بۆ ئەوەی بەخۆیان بەرهەمی زەیت بفرۆشن، كارگەكانی بەرهەمهێنانی زەیت و پاشماوەكانی دیكەی زەیتون لە ئەنجامی پڕۆسەی داگیركردنی عەفرین، دواتریش دزین و تاڵانكردن گورزی توندیان بەركەوتووە. چەلەنگ كە لەمابارەیەوە توێژینەوەی كردووە دەڵێت:" بەر لە داگیركردنی عەفرین 295 كارگەی ئامادەكردنی زەیتی زەیتون هەبوو. داهاتی هەر كارگەیەك لە وەرزی دروستكردنی زەیتدا دەگەیشتە 200 هەزار دۆلار. گرووپەكانی سەر بە توركیا زیاتر لە 100 كارگەیان تێكداوە. لەبارەی 60 – 70 كارگە هیچ زانیاریەك لەبەردەستدانیە. بەڵام كارگەكانی دیكە بە فەرمانی گرووپە چەكداریەكان كار دەكەن".
گرفتی سابوون
لەبارەی كارگەكانی دروستكردنی سابون (سابونی رەقی) ئەو ئابووریناسە عەفرینیە دەڵێت:" لە عەفرین 44 كارگە هەبوو بۆ بەرهەمهێنانی سابون و پاشماوەكانی زەیتون. لەم ژمارەیەدا 17 كارگە دزراون. پێش داگیركردن بەرهەمی سابونی ساڵانە لە عەفرین هەشت هەزار تەن بووە. ئەمساڵ بەرهەمی سابون بە تەواوەتی راوەستاوە".
بەگوێرەی بەیاننامەی رێكخراوی چاودێری مافی مرۆڤ لە سوریا كە ناوەندەكەی لە لەندەنە لە مانگی ئەیلولی رابردوودا، گرووپە چەكداریەكان دەستیان بەسەر 75% بەرهەمی زەیتون لە عەفریندا داگرتووە.
چەلەنگ جەخت لەوە دەكاتەوە كە لە سایەی داگیركردنی عەفرین جگە لەوەی ژێرخانی ئابووری گورزی كوشندەی پێكەوتووە، سوپای توركیا و گرووپە چەكدارەیەكان بڕە پارەیەكی زۆریان دەستكەوتووە:" 18 ملیۆن دار زەیتون لە عەفریندا هەیە، بڕی ساڵانەی زەیتی زەیتون دەگاتە 50 هەزار تەن، داهاتی ئەم بڕە زەیتە دەگاتە زیاتر لە 150 ملیۆن دۆلار. كە سوپلی توركیا و گرووپەكان دووبەشیان ئەم داهاتەیان بە رێگای جۆراوجۆر بۆ خۆیان بردووە".
جگە لە سەپاندنی باج و نرخ لەسەر زەیتی زەیتون، سوپای توركیا نرخی لەسەر فرۆشتنی گەنمی جووتیارانی عەفرینیش داناوە. چەلەنگ عومەر لەمبارەیەوە دەڵێت:" هاوینی رابردوو زیاتر لە 10 هەزار تەن گەنم لە عەفرین بەرهەم هاتووە. توركیا جووتیارانی ناچاركرد كە تەنی گەنم لە 200 دۆلار زیاتر نەفرۆشن. ئەمە لە كاتێكدا كە گەنم لە توركیا كە كوالێتەكەی لە گەنم عەفرین باشتر نیە بە 350 دۆلار دەفرۆشێت".
كەرتێكی دیكە كە پەیوەستە بە كەرتی كشتوكاڵی، هاوینی رابردوو 10 هەزار تەن گەنم وەبەرهاتووە لە عەفرین. توركیا لەسەر جووتیارانی سەپاند كە دەبێت تەنێك گەنم بە 200 دۆلار بفرۆشن. بەڵام نرخی گەنم لە توركیا زیاترە لە 350 دۆلار.
بە گوێرەی گرووپە چەكداریەكانی ناو عەفرین، ئەو بڕە پارەیەی لە ئەنجامی زوڵم و چەوسانەوەی عەفرینیەكان دەستیان دەكەوێت، غەنیمەتە، بە گوێرەی حكوومەتی توركیاش لەسەر زاری وەزیری كشتوكاڵ بەكر پاكدەمیرلی:" وشكردنی سەرچاوەی دارایی رێكخراوە تیرۆریستیەكانە". بۆ ئەمەش توركیا رێگا بەم كردەوانە دەدات یان چاوی خۆی لێدەگرێت. بە گوێرەی عەفرینیەكانیش ئەوەی روودەدات، میكانیزمی دەستبەسەرداگرتن و داگیركردنە.