ڕاپۆرتی کوردستانی

05:07 - 15/12/2019

په‌رله‌مانتارانى خولى پێنج له‌به‌رده‌م ئیمتيحانێكى گرنگدان‌

پەیسەر

په‌رله‌مانتارانى خولى پێنجه‌مى په‌رله‌مانى كوردستان، له‌به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌كى گرنگدان، ئیمتیازاتى خۆیان به‌ پێنوسه‌كانى خۆیان دیاریده‌كه‌ن، حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان تۆپه‌كه‌ى فڕێداوه‌ته‌ نێو هۆڵى په‌رله‌مان. خه‌ڵكى به‌جارێك سه‌رنجیان چووه‌ته‌ سه‌ر بڕگه‌ى خانه‌نشینى په‌رله‌مانتاران و پله‌ باڵاكان و ئایا به‌دڵى خۆیان مادده‌كه‌ ده‌دوورنه‌وه‌ یاخود مقه‌سكارى ده‌كه‌ن و نزیكى ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌ مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى ئاسایى.

ده‌یانه‌وێت رێگه‌یان بدرێت كه‌ زووتر خانه‌نشین ببن

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس، په‌رله‌مانتاران كۆك نین له‌سه‌ر ئه‌و بڕگه‌یه‌، له‌ هه‌موو فراكسیۆنه‌كان په‌رله‌مانتار هه‌یه‌ كه‌ پشتیوانى ئه‌وه‌ ناكات، دواى چوار ساڵ بێ خانه‌نشینى ره‌وانه‌ى ماڵه‌وه‌ بكرێنه‌و. ١٥ساڵ خزمه‌ته‌كه‌ش بۆ ئه‌وان كێشه‌یه‌كى دیكه‌یه‌ چونكه‌ زۆربه‌ى زۆریان فه‌رمانبه‌ر نین و ناتوانن له‌ شوێنى دیكه‌وه‌ ساڵانى خزمه‌ت بهێننه‌وه‌. هه‌ندێكیشیان ته‌مه‌نى ٤٥ ساڵ بۆ خانه‌نشینى ئاره‌زوومه‌ندانه‌ به‌ زۆر ده‌زانن و ده‌یانه‌وێت رێگه‌یان بدرێت كه‌ زووتر خانه‌نشین ببن. 

بڕیاره‌ سبه‌ینێ په‌رله‌مان خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌م بكات بۆ پرۆژه‌كه‌، ئه‌مڕۆ فراكسیۆنى حزبه‌ به‌شداره‌كانى حكومه‌ت و ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان له‌سه‌ر تێپه‌ڕاندنى یاساكه‌ كۆبوونه‌وه‌، به‌گوته‌ى خۆیان لێكتێگه‌یشتنیان كردووه‌. زۆربه‌ى په‌رله‌مانتاران كاتێك قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌كه‌ن به‌گشتى قسه‌ى له‌سه‌ر ده‌كه‌ن به‌ وردى و به‌ دیاریكراوى ناڵێن كه‌ بیرۆكه‌ى ئه‌وان به‌وجۆره‌یه‌و خانه‌نشینى چوار ساڵ خزمه‌ت و مووچه‌ى شه‌ش یاخود پێنج ملیۆنى ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌و بیرۆكه‌شیان بۆ چارسه‌ر ئه‌مه‌یه‌.

به‌پێى پێشنیارەکانى پرۆژه‌كه‌ى حكومه‌ت، په‌رله‌مانتاران و پله‌ باڵاكانى دیكه‌، به‌ سه‌دا ٢٥ى كۆى مووچه‌كانیان خانه‌نشین ده‌كرێن، بۆ هه‌ر ساڵێكیش (سه‌دا ٢.٥)ده‌چێته‌ سه‌ر مووچه‌كانیان، به‌وجۆره‌ش مووچه‌ى مانگانه‌یان له‌ پێنج ملیۆن و نیو نزیك ده‌بێته‌وه‌. 

دابان محه‌مه‌د ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ فراكسیۆنى گۆڕان ده‌ڵێت، په‌رله‌مانتارى وه‌زیفه‌ى حكومیى نییه‌، به‌رپرسیارێتییه‌كه‌ بۆ چوار ساڵ و پێویست ناكات وه‌ك فه‌رمانبه‌رێكى ئاسایى مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ بكرێت و به‌و رێژه‌ زۆره‌ى ئێستا دایان ناوه‌ خانه‌نشین بكرێت، رێژه‌كه‌ى زۆر زۆره‌، ئێمه‌ ئه‌و بڕگه‌یه‌مان پێ خراپه‌ به‌هه‌موو جۆرێك.

خه‌ڵكى خوازیارن مووچه‌ى پله‌ باڵاكان هه‌ر نه‌مێنێت

گوتیشی، ئه‌نجومه‌نى باڵاى دادوه‌رى، ئه‌نجومه‌نى شورا، داواكارى گشتیى، وه‌زاره‌تیى داد، ئه‌مانه‌ هه‌موو پله‌ باڵان بۆچى له‌ناو یاساكه‌ نین،"هه‌وڵى ئه‌وه‌ ده‌ده‌ین ئه‌وانیش بهێنینه‌  ناو یاساكه‌وه‌، له‌كاتێكدا ئه‌وان به‌ سه‌دا سه‌دى مووچه‌و ده‌رماڵه‌ى خۆیانه‌وه‌ خانه‌نشین ده‌بن. سه‌باره‌ت به‌وه‌ى كه‌ ئه‌وان به‌ نیازن چ پێشنیارێك بكه‌ن، ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ گوتى، به‌نیازین سیغه‌یه‌كى باش بدۆزینه‌وه‌، له‌ گفتوگۆداین له‌هه‌موو حاڵه‌تێك ئه‌و پاره‌یه‌ لاى ئێمه‌ ره‌تكراوه‌یه‌ چونكه‌ پاره‌یه‌كى زۆره‌".

به‌پێى زانیارییه‌كان مووچه‌ى پله‌ باڵاكان و مووچه‌كانى ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى و داواكارى گشتى و ئه‌نجومه‌نى شورا، له‌كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى فراكسیۆنه‌كان و سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان باسكراوه‌و تێگه‌یشتنى هاوبه‌شى له‌سه‌ر دروستبووه‌.

خه‌ڵكى خوازیارن مووچه‌ى پله‌ باڵاكان هه‌ر نه‌مێنێت، یاخود به‌هه‌مان شێوه‌و مه‌رجى فه‌رمانبه‌ران بێت، و مووچه‌كانیان هاوتا یاخود نزیك بێت له‌ مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران. ئێستا پرۆژه‌ په‌سه‌ندكراوه‌كه‌ى حكومه‌ت مه‌رجه‌كانى خانه‌نشینى بۆ پله‌ باڵاكان هاوتاى فه‌رمانبه‌ران كردووه‌، به‌ڵام له‌ بڕى مووچه‌دا جیاوازى گه‌وره‌ هه‌یه‌ و خانه‌شینى وه‌زیرو په‌رله‌مانتار چه‌ند هێنده‌ى فه‌رمانبه‌رانه‌.

ده‌بێت مووچه‌ى پله‌ باڵاكان كه‌مبكرێته‌وه‌و نزیك بێت له‌ خانه‌نشینى ئاسایى

كاوه‌ ئه‌حمه‌د ئه‌ندامى فراكسیۆنى نه‌وه‌ى نوێ له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، له‌ وه‌ڵامى پرسیارى په‌یسه‌ر كه‌ ئایا ئه‌وان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ن خانه‌شینى پله‌ باڵا هه‌ر نه‌مێنێت یاخود كه‌مبكرێته‌وه‌و ساڵى خزمه‌تى بۆ دیاریبكرێت؟ گوتى، وه‌ك چوار په‌رله‌مانتاره‌كه‌ى فراكسیۆن كه‌ پابه‌ندن به‌ سیاسه‌تى جوڵانه‌وه‌كه‌وه‌ بۆچوونیان وایه‌، خانه‌نشینیى پله‌ باڵاكان كه‌مبكرێته‌وه‌"ناڵێین وه‌كو ئه‌وان لانى كه‌م نزیك بێت له‌ هى فه‌رمانبه‌ران". له‌ وه‌ڵامى پرسیارى ئه‌وه‌ى ئایا بۆ ساڵانى خزمه‌ت بۆچوونیان چییه‌و پێیان وایه‌ پله‌ باڵاكان به‌چه‌ند ساڵ خزمه‌ت خانه‌نشین بكرێن، گوتى:"له‌ راستیدا مه‌سه‌لەى خزمه‌ت، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ قسه‌مان نییه‌، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ قسه‌مان هه‌یه‌ ده‌بێت مووچه‌ى پله‌ باڵاكان كه‌مبكرێته‌وه‌و نزیك بێت له‌ خانه‌نشینى ئاسایى". 

په‌رله‌مانتارێكى فراكسیۆنى سه‌وز كه‌ نه‌یویست ناوى بهێندرێت گوتى، ئه‌و ده‌نگ به‌ پرۆژه‌كه‌ ده‌دات، چونكه‌ به‌پێى پرۆژه‌كه‌ خۆى خانه‌نشین ناكرێت، به‌گوته‌ى خۆى، بۆئه‌وه‌ى خه‌ڵك نه‌ڵێت له‌سه‌ر خۆیه‌تى. به‌ڵام پێى وابوو كه‌مكردنه‌وه‌ى مووچه‌ى پله‌ باڵاكان ناگۆڕێت چونكه‌ بڕێكى ئه‌وتۆ نییه‌ و ده‌بێت چاكسازى له‌ كه‌رته‌كانى دیكه‌ بكرێت.

هه‌موو مووچەی پله‌ باڵا پێنج ملیۆن دۆلاره‌

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ باسیله‌وه‌كرد، مه‌ترسى هه‌یه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر خانه‌نشینى په‌رله‌مان نه‌مێنێت و وه‌ك عێراقى لێبێت و په‌رله‌مانتاران له‌كارى راسته‌قینه‌ى خۆیان لابده‌ن و به‌دواى پرۆژه‌و شته‌وه‌ بن و ئیستیغلالى چوار ساڵه‌كەیان بكه‌ن، چونكه‌ ده‌زانن ته‌نها ئه‌و چوار ساڵه‌یه‌و خانه‌نشین ناكرێن."به‌هه‌موو مووچەی پله‌ باڵاوه‌ پێنج ملیۆن دۆلاره‌، ئه‌گه‌ر هیچیشى نه‌هێڵێت و ٤٥ ساڵ و ٦٠ساڵیش نەهێڵێت. له‌كاتێكدا حكومه‌ت نه‌وت به‌ ٢٥دۆلار بوو حكومه‌ت ٣٧٨ ملیاردینارى بۆ وه‌زاره‌تى دارایى ده‌نارد، ئێستا نه‌وت به‌ ٦٤ دۆلاره‌و حكومه‌ت هه‌مان بڕه‌ پاره‌ ده‌نێرێت".

به‌پێى زانیارییه‌كان پرۆژه‌یاساى چاكسازیى به‌م جۆره‌ى ئێستا ٥٠ ملیار دینار ده‌گێڕێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر میراتگرانى شه‌هیدانى لێ كه‌مبكرێته‌وه‌و هه‌ندێك له‌وانى دیكه‌ كه‌ به‌رپرسى پێشمه‌رگه‌بوون له‌ شاخ لێی ده‌ربهێندرێت، پرۆژه‌كه‌ ٢٦ ملیار بۆ حكومه‌ت ده‌گێرێته‌وه‌. 

په‌رله‌مانتاران هه‌رچى له‌باره‌ى پرۆژه‌كه‌وه‌ بڵێن، رۆژى گفتوگۆو ده‌نگدان له‌سه‌ر پرۆژه‌كه‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه‌، تائێستا به‌نابه‌دڵى ده‌ست بۆ پرۆژه‌كه‌ ده‌به‌ن و به‌په‌رۆش نین بۆ مقەسكارى مووچه‌ زه‌به‌لاحه‌كان، له‌به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌كان و چه‌ند رۆژى داهاتوو روونده‌بێته‌وه‌ كه‌ به‌دڵى خه‌ڵك لیستى مووچه‌كان ده‌دوورنه‌وه‌، یاخود به‌دڵى به‌شێك له‌ به‌رپرسان.