07:41 - 10/12/2019
وڵاتێك ژنان به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن
به‌پێی ڕاپۆرتێكی نه‌ته‌وه
یه‌كگرتووه‌كان بۆ ساڵی 2019دا گه‌لی فنله‌ندا به خۆشبه‌ختترین گه‌لانی جیهان
داده‌نرێن. چه‌ندین هۆكار و پێوه‌ر هه‌ن كه گه‌لی وڵاتێك به خۆشبه‌ختترین گه‌ل
ده‌ستنیشان ده‌كرێن، ئه‌م پێوه‌رانه‌ش له‌لایه‌ن سێ دامه‌زراوه و وڵاته‌وه
دانراون.
جگه له‌وه‌ش فنله‌ندا
له‌سه‌ر ئاستی ئه‌وروپا به یه‌كه‌م وڵات داده‌نرێت كه مافی ده‌نگدان و
خۆپاڵاوتنی بۆ ئه‌ندامێتی په‌رله‌مان داوه‌ته ژنان، مێژووی ئه‌م هه‌نگاوه‌ی فنله‌ندا
ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی 1906 و له‌و ڕووه‌وه پێش هه‌موو وڵاتانی دیكه‌ی كیشوه‌ری
ئه‌وروپا كه‌وتووه.
له‌م دواییانه‌دا
پارتی سۆسیال دیموكراتی فنله‌ندا، كه سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تێكی ئیئتیلافی ده‌كات،
سانا مارین وه‌زیری پێشووی گواستنه‌وه‌ی به سه‌رۆكی پارته‌كه هه‌ڵبژارد، به‌وه‌ش
سانای ته‌مه‌ن (34 ساڵ) ڕاسته‌وخۆ ده‌بێته سه‌رۆك وه‌زیرانی فنله‌ندا. له‌گه‌ڵ سه‌ركه‌وتنی
سانا مارین بۆ سه‌رۆكایه‌تی پارتی سۆسیال دیموكرات، ئه‌نتی رینی سه‌رۆكی پێشوو ده‌ستی
له‌كاركێشایه‌وه.
ئێستا ئه‌م خاتوونه
ته‌مه‌ن 34 ساڵه به گه‌نجترین سه‌رۆك وه‌زیران داده‌نرێت له جیهاندا و ئه‌و
نازناوه‌ی له ئۆلیكسی هونچاروكی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئۆكرانیا سه‌نده‌وه كه ته‌مه‌نی
35 ساڵه. به گه‌نجترین سه‌رۆك وه‌زیرانی ژنیش داده‌نرێت له جیهاندا و پێش جاسیندا
ئه‌ردرنی ته‌مه‌ن 39 ساڵی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئێستای نیوزله‌ندا كه‌وت.
كاتێك ئه‌ستیره‌ی
سیاسی سانا مارین له ئاسمانی فینله‌ندا گه‌شایه‌وه كه له ته‌مه‌نی 27 ساڵیدا
بووه سه‌رۆكی شاره‌وانی تامبیری. واته شاره‌كه‌ی خۆی.
دوای ڕاگه‌یاندنی هه‌واڵی
سه‌ركه‌وتنی له هه‌ڵبژاردنی پارته‌كه‌یدا سانا به ڕۆژنامه‌نووسانی ڕاگه‌یاند،
كاری زۆریان له‌پێشه بۆ ئه‌وه‌ی متمانه‌ی خه‌ڵك بگه‌ڕێننه‌وه، وتیشی، هیچ ڕۆژێك
بیری له ته‌مه‌نی یان ژنبوونی خۆی نه‌كردووه‌ته‌وه، به‌ڵكو بیر له‌و هۆكارانه
ده‌كاته‌وه كه بوونه‌ته پاڵنه‌ری تاوه‌كو بچێته دونیای سیاسه‌ته‌وه و بیر له‌و
شتانه ده‌كاته‌وه كه به‌هۆیانه‌وه توانیویانه متمانه‌ی ده‌نگده‌ران به‌ده‌ستبهێنن.
مه‌مله‌كه‌تی ژنان
ده‌توانرێت بوترێت كه ئێستا سانا سه‌رۆكی
حكومه‌تێكی وڵاتێكه كه ژنان تیایدا حكوم ده‌كه‌ن و ده‌سه‌ڵاتدارن، ده‌سه‌ڵات به‌مانا
چه‌پێنه‌ره‌كه‌ی نا، به‌ڵكو ده‌سه‌ڵاتێك كه به شایسته‌یی و لێهاتوویی ژنان خۆیان
بونیاتنراوه.
مانگی نیسانی ڕابردوو پارته‌كه‌ی سانا
(سۆسیال دیموكرات) هه‌ڵبژاردنه په‌رله‌مانیه‌كه‌ی وڵاته‌كه‌ی برده‌وه، له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا
سۆسیال دیموكراته‌كان به‌ڵێنیان به ده‌نگده‌ران دابوو كۆتایی به‌و سیاسه‌تی سكهه‌ڵگوشینه
بهێنن كه پارتی میانڕه‌وی فنله‌ندا چه‌ند ساڵێك بوو په‌یڕه‌وی ده‌كرد و وڵاتی
خستبووه دۆخێكی چه‌قبه‌ستووه‌وه.
له‌به‌رئه‌وه‌ی پارتی سۆسیال دیموكرات نه‌یتوانی
زۆرینه‌ی كورسیه‌كانی په‌رله‌مان به‌ده‌ستبهێنێت، له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له پارتی میانڕه‌و،
پارتی چه‌پ، پارتی سه‌وز و پارتی گه‌ل حكومه‌تێكی ئیئتیلافی پێكهێنا. سه‌رۆكی هه‌ریه‌ك
له‌و پارتانه‌ش ژنن و هه‌ریه‌كێكیان وه‌زاره‌تێكی زۆر گرنگی وڵاته‌كه‌یان به‌ده‌سته‌وه‌یه.
كاتری كۆلمینی 32 ساڵ سه‌رۆكی پارتی میانڕه‌وه
و وه‌زیری داراییه.
لی ئه‌ندرسنی 32 ساڵ سه‌رۆكی پارتی هاوپه‌یمانیی
چه‌په‌كانه و وه‌زیری په‌روه‌رده‌یه.
ماریا ئۆهیسالۆی 34 ساڵ سه‌رۆكی پارتی سه‌وزه
و وه‌زیری ناوخۆیه.
ئانا ماگا هنریكسۆنی ته‌مه‌ن 55 ساڵ سه‌رۆكی
پارتی گه‌له و وه‌زیری دادی فنله‌ندایه.
سه‌رجه‌م ئه‌م سه‌رۆك پارتانه له كابینه‌ی
حكومه‌ته‌كه‌ی سانا ماریندا له وه‌زاره‌ته‌كانیاندا ده‌مێننه‌وه و له‌سه‌ر كاری
خۆیان به‌رده‌وام ده‌بن.
ژیانی مارین
سانا له 16ی تشرینی دووه‌می 1987 له خێزانێكی زۆر ساده له هلسنكی
پایته‌خت له‌دایكبووه و یه‌كه‌م ئه‌ندامی خێزانه‌كه‌یه‌تی خوێندنی ته‌واوكردبێت و
زانكۆی خوێندبێت. ساڵی 2012 له ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانی تامبیری كاریكردووه و له
2013دا و له ته‌مه‌نی 27 ساڵیدا به سه‌رۆكی شاره‌وانی تامبیری هه‌ڵبژێردراوه و
تا ساڵی 2017 له‌و پۆسته‌دا ماوه‌ته‌وه. سانا له ساڵی 2014دا به ئه‌ندامی په‌رله‌مانی
وڵاته‌كه‌ی هه‌ڵبژێردراوه.
ئه‌م سه‌رۆك وه‌زیرانه گه‌نجه ساڵی 2017 بڕوانامه‌ی ماسته‌ری له
زانستی كارگێڕیدا به‌ده‌ستهێناوه و له مانگی حوزه‌یرانی 2019دا كراوه‌ته وه‌زیری
گواستنه‌وه. سانا ده‌بێته سێیه‌م ژن له مێژووی فنله‌ندا دا كه پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانیان
وه‌رگرتبێت.