ڕاپۆرتی کوردستانی

07:20 - 10/12/2019

كورد به‌ سێ باڵه‌وه‌ زۆرانبازى له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌كات‌

پەیسەر

كورد له‌به‌غدا به‌سه‌ر سێ باڵدا دابه‌ش بوون، ئه‌گه‌رچى هه‌موویان ده‌ڵێن له‌سه‌ر هێڵه‌ گشتییه‌كان بۆ داكۆكى له‌ مافه‌كانى خه‌ڵكى كوردستان كۆكن، به‌ڵام له‌ ناواخندا جیاوازى زۆر له‌نێوانیان هه‌یه‌. له‌ قۆناغێكدا كه‌ مه‌ترسییه‌كانى هه‌موارى ده‌ستوور، دروستكردنى كابینه‌ى نوێ، یاساى بوودجه‌، سه‌ره‌تاتكێ له‌گه‌ڵ كورد ده‌كه‌ن، كورد له‌ سێ میحوه‌ره‌وه‌ ده‌چێته‌ شه‌ڕى هێنانه‌وه‌ى مافه‌كانیى.

په‌رته‌وازه‌یى زیاتر
په‌رته‌وازه‌یى كورد له‌به‌غدا نوێ نییه‌و ریشه‌ى مێژوویى هه‌یه‌، له‌قوڵایى شه‌سته‌كانه‌وه‌ كورد له‌به‌غدا به‌سه‌ر به‌ره‌ى ناكۆكدا په‌رتبووه‌. ئه‌م خوله‌ى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران ئه‌و په‌رته‌وازه‌ییه‌ى قوڵتركرده‌وه‌. ده‌نگۆكانى ساخته‌كارى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كان ناكۆكى توندى خسته‌ نێوان حزبه‌كانه‌وه‌. ئێستا سێ به‌ره‌ى ناكۆكى، پارتى، یه‌كێتى، لایه‌نه‌كانى دیكه‌(گروپى ١٥)، له‌به‌غدان. پێناچێت ئاماده‌ى كارى هاوپه‌یمانى یاخود كارى هاوبه‌ش بن.

په‌یسه‌ر مانگى رابردوو له‌هه‌واڵێكدا زانیارى ئه‌وه‌ى بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق، داواى له‌نێچیرڤان بارزانى كردووه‌، كورد خۆى كۆبكاته‌وه‌و ئه‌گه‌ر بۆمافه‌كانى كورد دێنه‌ به‌غدا به‌یه‌ك ریزيى وه‌رن، عه‌بدولمه‌هدى كه‌ئێستا له‌سه‌ر كورسى حكومه‌تى كاربه‌ڕێكه‌ره‌، ئه‌وكات نیگه‌رانى خۆى نه‌شاردبووه‌وه‌ كه‌ لایه‌نه‌ كوردییه‌كان به‌جیاجیا قسه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن و هه‌رلایه‌كیشیان شتێك ده‌ڵێت و بۆچوونیان جیایه‌.

نێچیرڤان بارزانى دواى گه‌ڕانه‌وه‌ى ده‌ستى به‌ مانۆرێك كرد، به‌هیواى ئه‌وه‌ى وه‌ك سه‌رۆكى هه‌رێم پێگه‌ى خۆى نمایش بكات و لایه‌نه‌كان كۆبكاته‌وه‌، لایه‌نه‌كانى بۆ سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم بانگهێشت كردو دواتریش خۆى سه‌ردانى لایه‌نه‌كانى كرد، به‌فه‌رمى پرۆژه‌ى یه‌كخستنى فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كانى خسته‌ به‌رده‌م لایه‌نه‌كان، به‌ڵام پێناچێت ئه‌و هه‌نگاوه‌ ئه‌نجامێكى ئه‌وتۆى هه‌بێت، به‌وپێیه‌ى حزبه‌كان له‌دۆڵێكن و فراكسیۆنه‌كان له‌به‌غدا له‌دۆڵێكى دیكه‌. هاوكات له‌گه‌ڵ هه‌نگاوه‌كانى نێچیرڤان بارزانى فراكسیۆنه‌كان ده‌ره‌وه‌ى یه‌كێتى و پارتى له‌به‌غدا گروپێكیان به‌ناوى(گروپى ١٥)دروستكرد، ئه‌وان پێكدێن، له‌ گۆڕان، ئاینده‌، كۆمه‌ڵ، یه‌كگرتوو، دووپه‌رله‌مانتاره‌كه‌ى پێشووى هاوپه‌یمانى، نه‌وه‌ى نوێ. ره‌تیده‌كه‌نه‌وه‌ بچنه‌ به‌ره‌ى یه‌كێتى و پارتییه‌وه‌.

سێ باڵ و سێ پرسى چاره‌نوسساز
كورد له‌دۆخێكدا به‌سه‌ر سێ بلۆكدا دابه‌شبووه‌، كه‌دۆخى عێراق له‌هیچ كاتێكى دیكه‌ ناچێت، خه‌ڵكى و به‌رپرسانیش نازانن دۆخه‌كه‌ به‌ره‌و كوێ ملده‌نێت و كه‌شتییه‌كه‌ى عێراق له‌ نێو زریان و تۆفانى خۆپیشانده‌ران، ده‌ستوه‌ردانى وڵاتان، گروپه‌ میلشیاكان، حزبه‌ ناكۆكه‌كان، گروپه‌ تیرۆرستییه‌كان، له‌كوێ ده‌گیرسێته‌وه‌ یاخود هه‌ر نقوم ده‌بێت. له‌و دۆخه‌كه‌دا كورد خراوه‌ته‌ به‌رده‌م پرۆسه‌ى هه‌موارى ده‌ستوورو دروستكردنى حكومه‌تێكى نوێ و ده‌ركردنى یاساى بوودجه‌. پرسى كه‌ركوك و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانیش ئاینده‌یان له‌هه‌ركات لێڵتره‌. هه‌ندێك له‌په‌رله‌مانتاران ده‌ڵێن، فره‌باڵى بۆ كورد زیانه‌ له‌و پرسانه‌دا هه‌ندێكیشیان ده‌ڵێن له‌ بابه‌ته‌ هه‌ستیاره‌كان پشتى یه‌ك به‌رناده‌ن.

"سێ باڵى بۆ یه‌كێتى و پارتى زیانه‌"
سه‌ركه‌وت شه‌مسه‌دین ئه‌ندامى فراكسیۆنى ئاینده‌ و گروپە ١٥ کەسییەکە. پێى وایه‌ پێكهێنانى هاوپه‌یمانیى كوردستانى له‌نێوان هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌به‌رژه‌وه‌ندى یه‌كێتى و پارتییه‌ نه‌ك خه‌ڵك، ده‌شڵێت، ئه‌و سێ باڵه‌ى ئێستا هه‌یه‌ بۆ كورد زیانى نییه‌ به‌ڵكو بۆ ئه‌و دوو حزبە زیانه‌.

شه‌مسه‌دین بۆ په‌یسه‌ر گوتى، گروپى ١٥ سه‌باره‌ت به‌ نه‌وت بۆچوونى له‌وان جیاوازه‌و پێى وایه‌ ده‌بێت نه‌وت راده‌ستى به‌غدا بكرێت، ئه‌وان(پارتى) بیانووى جۆراوجۆریان هه‌یه‌. سه‌باره‌ت به‌ سه‌رۆك وه‌زیرانیش یه‌كێتى و پارتى ده‌چن قسه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ ته‌قلیدییه‌كان ده‌كه‌ن، به‌ڵام گروپه‌كه‌ى ئه‌وان پێى وایه‌ ده‌بێت گوێ له‌خه‌ڵك بگیرێت."ئه‌وه‌ى یه‌كێتى و پارتى هه‌وڵى بۆ ده‌ده‌ن، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خۆیان وه‌ك موختارو قسه‌كه‌رى كورد بن، ئه‌گینا بۆ ئه‌و مه‌له‌فانه‌ په‌یوه‌ندى به‌ مافه‌كانى خه‌ڵكه‌وه‌ هه‌یه‌، ئێمه‌ سورترین له‌سه‌رى نایگۆڕینه‌وه‌ به‌ پۆست و گرێبه‌ستى زه‌به‌لاح".

شه‌مسه‌دین نه‌یشارده‌وه‌ پێكهێنانى گروپى ١٥ له‌ كاردانه‌وه‌ى هه‌وڵه‌كانى پارتى بووه‌ بۆ دروستكردنى هاوپه‌یمانى كوردستانیى"ئێمه‌ وه‌ڵامێكمان بۆ ئه‌و هه‌وڵانه‌ هه‌بوو، دروستكردنى ئه‌م گروپه‌ ١٥ كه‌سییه‌، بۆئه‌وه‌یه‌ ئه‌وان سود له‌ دابه‌شكردنى ئه‌م هێزانه‌ى دیكه‌ نه‌بینن، پێمان وابوو ئیشكردن له‌گه‌ڵ یه‌كێتى و پارتى جێگه‌ى متمانه‌ نین و بۆ به‌رژه‌وه‌ندى خۆیان ده‌یانه‌وێت".

"یه‌كگرتن قوربانى ده‌وێت"
زۆرینه‌ى په‌رله‌مانتاره‌كان ده‌ڵێن، دابه‌شبوونى ئه‌وان له‌سه‌ر خه‌ڵكى كوردستان ناكه‌وێت و زیانى پێناگه‌یه‌نێت، به‌ڵام دیارنییه‌ كورد له‌داهاتوو كاتى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ فایله‌كاندا چۆن به‌و سێ باڵه‌وه‌ ده‌چنه‌ نێو گۆڕه‌پانى زۆرانبازى بوودجه‌و ده‌ستوور و حكومه‌تى نوێ، روونیش نییه‌ كه‌ ئه‌و سێ به‌ره‌یه‌ چى بۆ كورد ده‌چڕن و چى ده‌چننه‌وه‌.

شێروان میرزا، ئه‌ندامى فراكسیۆنى یه‌كێتى له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ده‌ڵێت، پێكهێنانى به‌ره‌ى یه‌كگرتوو قوربانى ده‌وێت، به‌بڕواى ئه‌و قوربانییه‌كه‌ به‌پله‌ى یه‌كه‌م ده‌بێت پارتى بیدات و دواتریش یه‌كێتى"ناكرێت كه‌هاته‌ سه‌ر دابه‌شكردنى ده‌ستكه‌وت، بڵێى من زۆرینه‌م، كاتێكیش پێویستت به‌یه‌كریزى بوو بڵێى با یه‌كڕیزى كورد بپارێزین".

میرزا بۆ په‌یسه‌ر گوتى، گله‌یى له‌هه‌ردوو لاوه‌ هه‌یه‌(گروپى ١٥ له‌گه‌ڵ یه‌كێتى و پارتى)" هه‌ردوولا گله‌ییان هه‌یه‌ له‌یه‌كدى، یه‌كێتى و پارتیش گله‌ییان هه‌یه‌ كه‌ هه‌ندێك لێدوانى نابه‌رپرسانه‌ هه‌یه‌، یاخود لێدان له‌پێگه‌ى هه‌رێم و سه‌نگه‌رگرتن له‌هه‌رێم هه‌یه‌. ئێستا یه‌كگرتوویى زۆر زه‌رووره‌، عێراق بۆخۆى له‌به‌رده‌م گۆڕانكارى گه‌وره‌دایه‌، كۆمه‌ڵێك مه‌له‌فى چاره‌نووسساز هه‌یه‌ زۆر گرنگه‌ كورد یه‌كده‌نگ بێت له‌سه‌ریان".

پشكه‌كان كورد په‌رته‌وازه‌تر ده‌كات
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ له‌ وه‌ڵامى ئه‌وه‌ى، كه‌ كورد به‌م سێ باڵه‌وه‌ ده‌توانێت چى به‌ده‌ستبهێنێت له‌به‌غدا گوتى،"به‌م سێ باڵه‌شه‌وه‌ له‌سه‌ر پرسه‌ چاره‌نوسسازه‌كان كۆكین، به‌ڵام سبه‌ى پێكهێنانى حكومه‌ت دێته‌پێشه‌وه‌، كورد چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئسیتحقاقه‌كان ده‌كات، پێم وایه‌ ئه‌وه‌ كورد زیاتر په‌رته‌وازه‌ ده‌كات".

پارتى یه‌كڕیزى ده‌وێت
پارتى خۆى به‌خاوه‌نى پرۆژه‌ى یه‌كڕیزى كورد ده‌ناسێنێت له‌به‌غدا، گله‌یى هه‌یه‌ كه‌ لایه‌نه‌كان وه‌ڵامى ناده‌نه‌وه‌. ناسر هه‌ركى ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران له‌فراكسیۆنى پارتى بۆ په‌یسه‌ر گوتى،"باوه‌ڕناكه‌م له‌ پرسه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و ئه‌و پرسانه‌ى له‌به‌رژه‌وه‌ندى خه‌ڵكن ناكۆكبین، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ یه‌ك بووین، به‌ڵام دابه‌شبوونه‌كه‌ زیانه‌. نازانین كه‌ پرسیار له‌كێ بكه‌ین زۆرجار كه‌ ده‌پرسین بۆ یه‌كڕیزى دروستنابێت؟ وه‌ڵاممان ده‌ستنه‌كه‌وتووه‌". 

فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان، ئه‌ركى قورسیان كه‌وتووه‌ به‌سه‌ردا، رۆڵى ئه‌وان له‌و یارییه‌ى له‌به‌غدا ده‌ستیپێكردووه‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه‌، ئاماژه‌كانى یه‌كگرتنیان لاوازه‌و پێناچێت به‌مزووانه‌ رووبدات. كات روونیده‌كاته‌وه‌ به‌م سێ باڵه‌وه‌ چییان پێ ده‌چڕێت و چى ده‌هێننه‌وه‌ هه‌ولێر تاقیكردنه‌وه‌كانى داهاتوو قورسن و كوردیش به‌ره‌ى شێواو و په‌رته‌وازه‌یه‌.