ڕاپۆرتی کوردستانی

07:54 - 09/12/2019

گۆڕان له‌ ره‌وتى هه‌نگاوه‌كانى حكومه‌ت و رێككه‌وتنه‌كه‌ى ناڕازییه‌‌

پەیسەر

گۆڕان له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ پارتى و به‌ڕێوه‌چوونى ره‌وتى پرۆسه‌ى چاكسازى و هه‌نگاوه‌كانى كابینه‌ى نۆى حكومه‌ت رازى نییه‌. نیگه‌رانه‌و بڕیاره‌ شاندێكى باڵاى گۆڕان به‌فه‌رمى نیگه‌رانییه‌كان به‌پارتى بگه‌یه‌نن، له‌ چه‌ند رۆژى رابردوو گۆڕان ئه‌و نیگه‌رانییانه‌ى بۆ راى گشتى دركاند، به‌ راگه‌یه‌ندراوى فه‌رمى و لێدوانى به‌رپرسه‌ باڵاكانى، په‌یامى ئه‌وه‌ى به‌هاوبه‌شه‌كانى له‌ حكومه‌ت گه‌یاند كه‌ هه‌نگاوه‌كانى حكومه‌ت شتێكى ئه‌وتۆ نین و دڵخۆشکەر نین.

 ھەنگاوەکانی چاکسازی لەئاست خواست و داواکاری خەڵکی ھەرێمی کوردستان نیە

بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان كاتێك رێككه‌وتنى له‌گه‌ڵ پارتى واژۆكرد، به‌نده‌كانى بۆ راى گشتى بڵاوكرده‌وه‌. ئه‌وكات به‌رپرسانى گۆڕان گوتیان له‌پێناو به‌جێگه‌یاندنى پرۆژه‌ى چاكسازى ده‌چنه‌ حكومه‌ته‌وه‌و به‌نده‌كانى رێككه‌وتنه‌كه‌ش هه‌ربه‌وجۆره‌ نوسرابوون. ئه‌و چوار خاڵه‌ى كه‌ سه‌باره‌ت به‌ به‌رنامه‌ى حكومه‌ت له‌ رێك؛ه‌وتنه‌كه‌ ئاماژه‌ى پێكراوه‌، ناوه‌رۆكه‌كه‌ى ئه‌نجامدانى چاكسازى گشتگیرو دروستكردنى ئه‌نجومه‌نى باڵاى چاكسازییه‌. وه‌ دیاریكردنى سه‌قفى زه‌منییه‌ بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌. به‌ڵام گۆڕان پێى وایه‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ وه‌ك خۆى ناڕوات و حكومه‌تیش وه‌ك پێویست نییه‌.

چه‌ند رۆژێك پێش ئێستا جه‌لال جه‌وهه‌ر ئه‌ندامى خانه‌ى راپه‌ڕاندن له‌ دیدارێكدا له‌ مێرگه‌سور، ره‌خنه‌ى له‌ حكومه‌ت و پارتى گرت. ئه‌و كه‌ سه‌رۆكى شاندى گۆڕان بوو بۆ دانوستانه‌كان گوتى، ئه‌وه‌ى له‌سه‌رى رێكه‌وتبووین به‌م جۆره‌ نه‌بوو. ده‌بێت چاكسازى گشتگیرو هه‌مه‌لایه‌نه‌ بكرێت. هه‌روه‌ها سه‌ره‌تاى ئه‌م هه‌فته‌ كاتێك مه‌سرور بارزانى "ده‌ستكه‌وته‌كان"ى كابینه‌كه‌ى راگه‌یاند، ژوورى رۆژنامه‌وانى گۆڕان راگه‌یه‌ندراوێكى بڵاوكرده‌وه‌و رایگه‌یاند. په‌یوه‌ست به‌ گوتاره‌كه‌ى سه‌رۆكى حكومه‌ت، ھێشتا ھەنگاوەکانی چاکسازی لەئاست خواست و داواکاری خەڵکی ھەرێمی کوردستان نیە.

چاكسازى
به‌رپرسانى گۆڕان، هۆكارى سه‌ره‌كى نیگه‌رانییه‌كانیان بۆ فایلى چاكسازى ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌. بڕگه‌یه‌كى رێككه‌وتنه‌كه‌ى پارتى و گۆڕان ده‌ڵێت:"ده‌بێت پرۆژه‌ یاساى چاكسازى هه‌مه‌لایه‌نه‌و سیاسى، ئیدارى، دارایى، ئابوورى، كارگێڕى بێت".ئێستا گۆڕان پێى وایه‌ ئه‌و پرۆژه‌ى كه‌ ئاماده‌كراوه‌، ته‌نها پرسى مووچه‌و دارایى ده‌گرێته‌وه‌و گشتگیر نییه‌. ئه‌وه‌ش بزوتنه‌وه‌کەى نیگه‌ران كردووه‌، وه‌ك ده‌ڵێن ئه‌وان به‌ مه‌رجى چاكسازى چوونه‌ته‌ شه‌مه‌نده‌فه‌رى حكومه‌ت و چاكسازیش تائێستا وا ناڕوات كه‌ خه‌ڵك ده‌یه‌وێت. 

ئێمه‌ گومانمان له‌ ناوه‌رۆكى پرۆژه‌ى چاكسازیش هه‌یه‌

چالاكى موهه‌ندیس ئه‌ندامى جڤاتى نیشتمانیى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ده‌ڵێت، ئه‌وان به‌نیه‌ت و به‌رنامه‌ى چاكسازى چوونه‌ حكومه‌ته‌وه‌،"به‌و نیازه‌ چووینه‌ حكومه‌ت، كه‌ كاتى چاكسازى هاتووه‌و ده‌بێت چاكسازى بكرێت، ویستمان ئێمه‌ ببینه‌ هه‌وێنى چاكسازى، هه‌رچه‌ند گرنگ ئه‌وه‌یه‌ چاكسازى بكرێت، گرنگ نییه‌ ده‌بێته‌ ده‌ستكه‌وتى كێ، به‌ڵام تائێستا هه‌نگاوه‌كانمان نه‌بینوه‌، ئێمه‌ گومانمان له‌ ناوه‌رۆكى پرۆژه‌ى چاكسازیش هه‌یه‌، له‌وه‌ ده‌ترسین چاكسازى ته‌نها له‌ مووچه‌و بندیوار کورتبکرێتەوە، له‌كاتێكدا ئێمه‌ له‌سه‌ر چاكسازییه‌كى فراوان و هه‌مه‌لایه‌نه‌ رێككه‌وتووین".

هیچ كام له‌ رێباز حه‌ملان و محه‌مه‌د حاجى پسپۆرییان ئابوورى نییه‌

به‌پێى زانیارییه‌كان، گۆڕان داوایكردووه‌ چاكسازى له‌ كه‌رتى نه‌وت و گاز، سیسته‌مى بانكى، كۆى داهات بكرێت و چاكسازییه‌كان گشت سێكته‌ره‌كانى دارایى و كارگێڕى و ئابوریش بگرێته‌وه‌. پارتى تائێستا بۆچوونى وایه‌ چاكسازى ته‌نها له‌خه‌رجى بكرێت.

یاریده‌ده‌ره‌كان
گۆڕان له‌ بابه‌تى یاریده‌ده‌ره‌كانى سه‌رۆكى حكومه‌تیش نیگه‌رانه‌، ئه‌مه‌شى به‌ پارتى گه‌یاندووه‌، دوان له‌و كه‌سانه‌ى سه‌رۆكى حكومه‌ت وه‌ك یاریده‌ده‌رى خۆى دیاریكردوون، رێباز حه‌ملان و محه‌مه‌د حاجی-ن، كه‌ پێشتر سه‌نگه‌ریان له‌ گۆڕانه‌وه‌ بۆ ناوپارتى گواستووه‌ته‌وه‌. چالاكى موهه‌ندیس ده‌ڵێت"ئه‌وه‌ى جێگه‌ى نیگه‌رانییه‌ بۆ ئێمه‌ دووبراده‌رى هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ى ئێمه‌یان داناوه‌، ئه‌وە بێ مه‌به‌ست نه‌كراوه‌و له‌ نه‌زانییه‌وه‌ نه‌بووه‌، هیچ كام له‌ رێباز حه‌ملان و محه‌مه‌د حاجى پسپۆرییان ئابوورى نییه‌، محه‌مه‌د حاجى دكتۆرى لوت و قوڕگه‌، رێباز حه‌ملان ده‌رچووى یاسایه‌، له‌دانانى ئه‌و كه‌سانه‌ گوێیان به‌ نیگه‌رانییه‌كانى ئێمه‌ نه‌داوه‌". گۆڕان له‌كاتى خۆیدا سه‌باره‌ت به‌مه‌ به‌فه‌رمى نیگه‌رانى خۆى به‌پارتى گه‌یاندووه‌.

به‌غدا
خاڵێكى دیكه‌ى ناكۆك له‌نێوان گۆڕان و پارتى مامه‌ڵه‌كردنه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا، گۆڕان پێى وایه‌ پارتى له‌به‌غدا هه‌روه‌ك پێشوو مامه‌ڵه‌ ده‌كات، نایه‌وێت لایه‌نه‌كانى دیكه‌ هاوبه‌شى پێبكرێن له‌بڕیاردان له‌به‌غدا. به‌تایبه‌ت هه‌ردوولا له‌سه‌ر فراكسیۆنى گۆڕان له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ناكۆكن، پارتى پێى وایه‌ فراكسیۆنى گۆڕان له‌به‌غدا له‌سه‌ر حكومه‌تى هه‌رێم توندن و ره‌چاوى دۆخى هه‌رێم ناكه‌ن. پارتى پێشى وایه‌ گۆڕان ده‌توانێت فراكسیۆنه‌كه‌ى بێده‌نگ بكات، به‌ڵام ئه‌و كاره‌ ناكات. 

گۆڕان نایەوێت كات هه‌روا بڕوات و ده‌سته‌وه‌ستان بێت

پۆسته‌كان
به‌پێى رێككه‌وتنى گۆڕان و پارتى، بڕیاربوو ئه‌نجومه‌نێكى باڵا بۆ كارووبارى چاكسازى دروستبكرێت، سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ بۆ گۆڕان بێت و یاریده‌ده‌رى سه‌رۆكى حكومه‌ت بێت، به‌ڵام ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ نه‌ دروست بووه‌ نه‌ ده‌نگى دروستكردنى هه‌یه‌. به‌پێى زانیارییه‌كان پارتى گوتویه‌تى، پێویستى به‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاساى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه‌، ئەگەرچی چه‌ند یاریده‌ده‌ێکی دیكه‌ بێ هه‌موارى یاسا دانراون. هه‌روه‌ها جگه‌ له‌وه‌ش پۆسته‌كانى دیكه‌ى وه‌ك بریكارى وه‌زیر ئه‌گه‌رچى كاندیده‌كان راده‌ستكراون به‌ڵام فه‌رمانیان بۆ ده‌رنه‌چووه‌، نوێنه‌رایه‌تییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ش ئاڵوگۆڕى پێنه‌كراون. پۆسته‌كانى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى و راوێژكارو به‌ڕێوه‌به‌ره‌كان جارێ نادیارن. هه‌ندێك پۆست یه‌كێتیش به‌هى خۆى ده‌زانێت و ئاماده‌ نییه‌ راده‌ستى بكات، وه‌ك ئه‌میندارى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌.

 ده‌یه‌وێت پاش ساڵێك ته‌ته‌ڵه‌ى یه‌كجاره‌كى دۆخه‌كه‌ بكات

گفتوگۆ ده‌كه‌ن
به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر، بڕیاره‌ چه‌ند رۆژى داهاتوو شاندێكى گۆڕان سه‌ردانى پارتى بكه‌ن و نیگه‌رانییه‌كانى خۆیان بگه‌یه‌نن و گفتوگۆ بكه‌ن بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌كان. گۆڕان له‌م قۆناغه‌دا نایه‌وێت بیگه‌یه‌نێته‌ مریشكه‌ ڕه‌شه‌، به‌ڵام ناشیه‌وێت كات هه‌روا بڕوات و ده‌سته‌وه‌ستان بێت، له‌ژێر فشارى زۆرى خه‌ڵك و ده‌نگده‌راندایه‌.

گۆڕان نیازى وایه‌ ئه‌و نیگه‌رانییانه‌ى هه‌یه‌تى، له‌رێگه‌ى گفتوگۆوه‌ چاره‌سه‌ربكات، ئه‌و شه‌ش مانگى یه‌كه‌م و دووه‌مى حكومه‌تى كردووه‌ به‌ سه‌نگى مه‌حه‌ك و ده‌یه‌وێت پاش ساڵێك ته‌ته‌ڵه‌ى یه‌كجاره‌كى دۆخه‌كه‌ بكات، به‌ڵام ده‌یه‌وێت له‌ئێستاوه‌ مانۆڕه‌كه‌ ده‌ستپێبكات و به‌ردێك فڕێبداته‌ گۆمه‌كه‌وه‌ به‌هیواى ئه‌وه‌ى هه‌نگاوه‌كان خێراتربن.

دەقی رێککەوتنی پارتی و گۆڕان