ڕاپۆرتی کوردستانی

03:46 - 07/12/2019

وشه‌گۆڕین په‌رله‌مان ده‌خاته‌ به‌ر لێشاوى نوكته‌و لۆمه‌‌

پەیسەر

له‌سه‌روبه‌ندى دامه‌زراندنى بناغه‌ى په‌رله‌مان و حكومه‌تى هه‌رێمدا، یه‌كێتى و پارتى وه‌ك دوو هێزى سه‌ره‌كى و پێكهێنه‌رى پرۆسه‌ى سیاسى، ركابه‌رى توندیان هه‌بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى یاسادانان به‌ده‌ست كامیانه‌وه‌ بێت، مه‌یلى وه‌رگرتنى حكومه‌تیان نه‌بوو، به‌پێى گێڕانه‌وه‌كانى مام جه‌لال، به‌هۆى پێداگرى زۆرى پارتى بۆ وه‌رگرتنى پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مان، له‌پێناو سازان ئه‌وان رازى بوون كه‌ پۆستى سه‌رۆكى حكومه‌ت وه‌ربگرن. به‌ڵام گرنگى ئه‌و پۆسته‌ ساڵ دواى ساڵ رۆچوو. ئیدى شه‌ڕى له‌سه‌ر ناكرێت. ره‌نگه‌ دووهێزه‌كه‌ به‌زوویى گه‌یشتبنه‌ ئه‌و بڕوایه‌ى له‌ كوردستان گرنگ نییه‌ كێ یاسا داده‌نێت، گرنگ ئه‌وه‌یە كێ جێبه‌جێیده‌كات.

 وه‌زیرێك له‌نێو په‌رله‌مان نه‌بینراوه‌

له‌م رۆژانه‌ له‌هه‌ركات زیاتر لاوازى رۆڵى په‌رله‌مان بووه‌ته‌ باسوخواس و مقۆمقۆى له‌سه‌ره‌، به‌شێكى زۆر له‌ هاوڵاتیان به‌ ته‌نزه‌وه‌ باس له‌ ئه‌داى ئه‌م خوله‌ى په‌رله‌مان ده‌كه‌ن گۆڕینى دوو وشه‌ى (به‌روار، زیاده‌ڕۆ) به‌ ده‌نگدان له‌نێو هۆڵى په‌رله‌مانه‌وه‌ مشتومڕه‌كه‌ى گه‌رمتر كردووه‌. هه‌ر ئه‌و دوو وشه‌یه‌ بەنزینی نه‌كردووه‌ به‌ نیگه‌رانییه‌كاندا، به‌ڵكو په‌رله‌مان له‌م خوله‌یدا سێ یاساو دوو بڕیارى ده‌ركردووه‌. له‌ به‌رامبه‌ر هیچ كام له‌ قه‌یرانه‌كان وه‌زیرێك له‌نێو په‌رله‌مان نه‌بینراوه‌. 

له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و دۆخه‌دا كه‌ په‌رله‌مانى كوردستان ئه‌ركه‌كانى خۆى پێهه‌ڵناسوڕێت، وشه‌ساز و وشه‌گۆڕین له‌نێو ئه‌و چه‌ند ده‌قه‌ یاساییه‌ كه‌مه‌ى په‌رله‌مان شه‌نوكه‌وی كردوون، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ى خستووه‌ته‌ به‌رده‌م لێشاوى ره‌خنه‌و نوكته‌و ته‌نزه‌وه‌. 

یاسادانان
په‌رله‌مان له‌ماوه‌ى ساڵێكدا ته‌نها یه‌ك یاساى ده‌ركردووه‌، ئه‌ویش له‌ سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ بۆى ره‌وانه‌كرایه‌وه‌. دوو یاساكه‌ى دیكه‌ هه‌موارى یاسابوون، نه‌ك دانانى یاسا له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌.ته‌نها دوو بڕیاریشى ده‌ركردووه‌.

وه‌ڵامى نادرێته‌وه‌
خولى نوێى په‌رله‌مانى كوردستان، گیرۆده‌ى هاوبه‌شى هێزه‌ سه‌ره‌كییه‌كانه‌ له‌ حكومه‌ت، حكومه‌ت به‌رامبه‌ر په‌رله‌مان بێ ترس و خه‌مه‌، ئێستا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى له‌نێو هۆڵى په‌رله‌مان لێپرسینه‌وه‌ بوونى نییه‌، ئه‌و پرسیارانه‌شى له‌ په‌رله‌مانتارانه‌وه‌ ره‌وانه‌ى حكومه‌ت ده‌كرێن زۆرێكیان بێ وه‌ڵامن. رێواز فایه‌ق سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ دوایین دانیشتنى په‌رله‌مان گوتى، له‌كۆى ١٥٠ پرسیار كه‌ بۆ حكومه‌ت نێردراوه‌ ٦٤ پرسیار تائێستا وه‌ڵامى نه‌دراوه‌ته‌وه‌.

٦٤ پرسیار تائێستا وه‌ڵامى نه‌دراوه‌ته‌وه‌

دابان محه‌مه‌د ئه‌ندامى فراكسیۆنى گۆڕان له‌په‌رله‌مانى كوردستان ده‌ڵێت، په‌رله‌مانتار هه‌یه‌ ٢٥ پرسیارى ئاڕاسته‌ى حكومه‌ت كردووه‌ وه‌ڵامى یه‌ك پرسیارى بۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌،"خۆم له‌ مانگى حه‌وتدا پرسیارم ئاڕاسته‌كردووه‌، دوو سێ رۆژه‌ بۆم گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، به‌پێى په‌یڕه‌و ده‌بێت له‌ماوه‌یه‌ك كه‌ له‌ ٢١رۆژ زیاتر نه‌بێت وه‌ڵام بدرێته‌وه‌، سه‌دان پرسیار ئاڕاسته‌ى حكومه‌ت كراوه‌و وەڵامه‌كان دیارنین، غوبنێك هه‌یه‌ له‌مه‌دا، په‌رله‌مانتار هه‌یه‌ وه‌ڵامى پرسیاره‌كه‌ى هاتووه‌ته‌وه‌ كاغه‌زێكى سپییه‌ و نوسراوى تێدا نییه‌".ئه‌و گومانى هه‌بوو سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان بووبێته‌ فلته‌رێك بۆ گلدانه‌وه‌ى پرسیار و وه‌ڵامه‌كان.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌، سه‌باره‌ت به‌ ئه‌داى په‌رله‌مان و نیگه‌رانییه‌كانى خه‌ڵك گوتى، خه‌ڵك هه‌رچى بڵێت له‌سه‌ر په‌رله‌مانتاران و ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى مافى خۆیه‌تى، كۆمه‌ڵێك نوێنه‌ریان ناردووه‌ ئه‌ركیان چاودێرى و یاسادانانه‌، به‌ڵام "ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان زۆر لاوازه‌". 

لێپرسینه‌وه‌ نییه‌
له‌ په‌رله‌مانى كورستان باسوخواسى بانگهێشتكردن و لێپرسینه‌وه‌ له‌گۆڕێ نییه‌، وه‌زیره‌كانى حكومه‌ت ته‌نانه‌ت له‌ كۆبوونه‌وه‌ى لیژنه‌كانى په‌رله‌مانیش ئاماده‌نابن. ئینستتیۆتى په‌ى بۆ په‌روه‌رده‌و گه‌شه‌پێدان كه‌ چاودێرى كاره‌كانى په‌رله‌مان ده‌كات. مانگى رابردوو دواى ساڵێك له‌ ته‌مه‌نى خولى پێنجه‌مى په‌رله‌مانى كوردستان راپۆرتێكى بڵاوكرده‌وه‌و گوتى، لەم خولەدا پەرلەمانی کوردستان هیچ رۆڵێكى چاودێریكردن و لێپرسینه‌وه‌ نه‌بوه‌.

 حكومه‌ت رێگره‌ له‌وه‌ى په‌رله‌مان به‌ كاره‌كانى خۆى هه‌ستێت

ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنى ئه‌ندامى فراكسیۆنى یه‌كگرتوو له‌په‌رله‌مانى كوردستان، ئه‌م خوله‌ به‌ لاوازترین و بێ كاریگه‌رترین خولى په‌رله‌مانى وه‌سف ده‌كات. هه‌ڵه‌دنى بۆ په‌یسه‌ر هۆكارى ئه‌و دۆخه‌ى په‌رله‌مانى كوردستانى بۆ  بێباكى حكومه‌ت به‌رامبه‌ر په‌رله‌مان گه‌ڕانده‌وه‌. به‌گوته‌ى ئه‌و حكومه‌ت رێگره‌ له‌وه‌ى په‌رله‌مان به‌ كاره‌كانى خۆى هه‌ستێت له‌ لێپرسینه‌وه‌و چاودێرى. "به‌شێكى لاوازییه‌كه‌ش په‌یوه‌ندى به‌ ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌یه‌".

یاساى بوودجه‌ نییه‌ 
له‌ماوه‌ى پێنج ساڵى ته‌مه‌نى خولى پێشووى په‌رله‌مان، یاساى بوودجه‌ بوونى نه‌بوو، كابینه‌ى پێشوو بیانووى ئه‌وه‌ى هه‌بوو كه‌ بێ پاره‌ن و ناتوانن یاساى بوودجه‌ ئاماده‌ بكه‌ن. له‌م خوله‌ى په‌رله‌مانیش هیچ باسوخواسێكى بوودجه‌ له‌ ئارادا نییه‌. ئه‌گه‌رچى دۆخى دارایى كه‌مێك ئه‌هوه‌ن بووه‌ته‌وه‌. كازم فاروق سه‌رۆكى فراكسیۆنى نه‌وه‌ى نوێ له‌په‌رله‌مانى كوردستان له‌ دانیشتنى پێشووى په‌رله‌مان ره‌خنه‌ى ئه‌وه‌ى له‌ ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى كرد، كه‌ هیچ هه‌وڵێك ناده‌ن بۆ ناردنى بوودجه‌ بۆ په‌رله‌مان له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌. گوتى، له‌ به‌رنامه‌ى كار ده‌بوو بوودجه‌و بانگهێشتى وه‌زیره‌كانى كاره‌باو پلاندانان و كار هه‌بوایه‌.

عه‌بدولستار مه‌جید سه‌رۆكى فراكسیۆنى كۆمه‌ڵى ئیسلامى به‌هه‌مان شێوه‌ ره‌خنه‌ى له‌ ئه‌داى په‌رله‌مان هه‌یه‌. ره‌خنه‌ى ئاڕاسته‌ى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان كردو گوتى، پەرلەمان لە هەردوو ئەرکی یاسادانان و چاودێری لاواز و سستە"بابێین چاره‌ بدۆزینه‌وه‌، بزانین حكومه‌ت بۆچى وه‌ڵاممان ناداته‌وه‌".

دوو تاقیكردنه‌وه‌و دوو هه‌ل لەبەردەم په‌رله‌مانە

پاشه‌كشه‌ى په‌رله‌مان نوێ نییه‌، به‌ڵام ئه‌م خوله‌ چه‌ندهۆكارێك پاڵى زیاترى به‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ ناوه‌ به‌ره‌و دواوه‌و پاشه‌كشه‌ى زیاترى پێكردووه‌. 

*له‌م خوله‌، ئۆپۆزسیۆنێكى لاواز هه‌یه‌، یه‌كگرتوونین و به‌ره‌ى هاوبه‌شیان نییه‌، ناتوانن فشار له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات دروستبكه‌ن، په‌رته‌وازه‌ن و ركابه‌رى یه‌ك ده‌كه‌ن.

*له‌م خوله‌ى په‌رله‌مان ده‌سه‌ڵات زۆرینه‌یه‌كى ره‌هاى هه‌یه‌و پێكهێنه‌ره‌كانى حكومه‌ت، ٩٠ كورسى په‌رله‌مانیان هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ په‌رله‌مان هه‌ماهه‌نگى زیاتر له‌گه‌ڵ حكومه‌ت  بكات و كه‌متر به‌لاى رێكاره‌ په‌یڕه‌وییه‌كاندا بچێت بۆ لێپرسینه‌وه‌ له‌ حكومه‌ت.

*ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان، له‌و لایه‌نانه‌ن كه‌ چه‌ندین ساڵه‌ ده‌سه‌ڵاتن و كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى گوێ بۆ حكومه‌ت و لایه‌نه‌كان بگیرێت، زۆربه‌ى جار ده‌ڵێن، ده‌یانه‌وێت په‌رله‌مان شوێنى چاره‌سه‌رى كێشه‌كان بێت نه‌ك شوێنى دروستكردنى كێشه‌، ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ش ماناى مه‌تاتى هه‌یه‌.

دوو هه‌ل بۆ په‌رله‌مان
ئه‌گه‌رچى شاڵاوى ره‌خنه‌ ته‌نگى به‌م خوله‌ى په‌رله‌مان هه‌ڵچنیوه‌، به‌ڵام پرۆژه‌ یاساى چاكسازى و پرۆژه‌ى ده‌ستوورى هه‌رێمى كوردستان، دوو تاقیكردنه‌وه‌و دوو هه‌لن بۆ په‌رله‌مان، كه‌ ئه‌گه‌ر تێیدا سه‌ركه‌وتوو بێت، ئه‌وا ده‌بێته‌ یه‌كه‌م خول كه‌ هه‌م چاكسازى تێدا بكرێت و ده‌ستووریشى تێدا بنوسرێته‌وه‌. به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ ئاڵنگارى زۆرى له‌پێشن پێویسته‌ له‌هه‌ردوو پرۆژه‌كه‌دا په‌رله‌مان ره‌زامه‌ندى خه‌ڵك به‌رێته‌وه‌ نه‌ك لایه‌نه‌كان.