ڕاپۆرتی کوردستانی

03:14 - 19/12/2018

عێراق و هەرێم: ئەزمونی دیموکراسی چەک و دارلاستیک‌

پەیسەر

بەر لە دوو ساڵ کاتێک مەلا بەختیار لە چاوپێکەوتنێکی تەلەویزیۆنیدا وتی یەکێتی کورسییەکی هەبێ یان سەد کورسی هەر یەکێتییە و هەمان قورسایی هەیە، دونیایەک رەخنەی لێگیرا، لە کەناڵەکانی ئۆپۆزسیۆن ئەم وتانەی مەلا بەختیار بە بەردەوامی لێ دەدرایەوە، ئەوە لە کاتێکدابوو مەلا بەختیار بەم وتەیەی هەڵسەنگاندنێکی راستگۆیانە و وردی لە ئەزمونی دیموکراسیی هەرێم و عێراق کردبوو.

لە هەڵبژاردنەکانی ١٢ی ئایاری پەرلەمانی عێراق و ٣٠ی ئەیلولی پەرلەمانی کوردستان لە کاتێکدا بە دەیان ملیۆن دۆلار لە بانگەشەکانی هەڵبژاردندا خەرج کرا، بەڵام کەمترین ڕێژەی خەڵک بەشداریان کرد، زۆرینەی بەشداریکەران ئەندامانی حیزبەکان و ئەو لایەنگرانە بوون کە لە هەموو هەلومەرجێکدا ئامادەن دەنگ بە حیزبەکانیان بدەنەوە، زۆرینەی خەڵکی بێ لایەن و دەنگی خۆڵەمێشی بەشدارییان نەکرد، وەڵامی زۆربەشیان ئەوەیە کە ئیمانیان بە سەندوقەکانی دەنگدان نەماوە و هەڵبژاردن گۆڕانکاری دروست ناکات.

ئایا بە راستی هەڵبژاردن گۆڕانکاری دروست ناکات؟

ساڵی ٢٠٠٥ لە عێراقی دوای سەدام کە یەکەمین هەڵبژاردن بەڕێوەچوو، حیزبە براوەکانی کورد و شیعە حکومەتێکی هاوبەشیان پێکهێنا، پرۆسەکەشیان ناونا دیموکراسی تەوافوقی، بەو واتایەی کە ژمارەی کورسی پێکهاتەکان گرنگ نییە، بەڵکو دەبێت پشکی پێکهاتەکان و هاوبەشی راستەقینەی پێکهاتەکان لە حکومەت و دامەزراوەکانی دەوڵەت لەبەر چاو بگیردرێت.

لە ساڵی ٢٠١٠ ئەگەر بەپێی دەنگی متمانەی هاوڵاتیان ئەیاد عەلاوی ببوایەتە سەرۆکوەزیران، ئەوا هیچ دوور نەبوو لایەنگرانی نوری مالیکی لافاوی خوێن دروست بکەن

رەنگە تا ئێستاشی لەگەڵدابێت دیموکراسی تەوافوقی بۆ عێراق گونجاوتر بێت لە دیموکراسی حکومەتی زۆرینە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە لە عێراقدا سێ پێکهاتەی سەرەکی نەتەوەیی و ئایینی کورد و عەرەبی سونە و عەرەبی شیعە هەیە و ئەم پێکهاتانەش متمانەیان بە یەکتر نییە، هەرچەندە لە دوای ٢٠١٠وە دیموکراسییە تەوافوقییەکە لە پاشەکێشدایە و کورد و سونە هەست بە پەراوێزخرانیان دەکەن لەلایەن شیعەوە و شیعەش بەهۆی ئەوەی زۆرینەیە و باڵادەستە دروشمی دیموکراسی زۆرینەیان بەرز کردوەتەوە، بەڵام دیموکراسی تەوافقی خۆی سەرچاوەی کێشەکان نییە، بەڵکو کێشەکە لە بنپێخستنی هەڵبژاردن و دەنگی خەڵکدایە.

دیموکراسی چەک و دارلاستیک لە عێراق

لە هەڵبژاردنەکانی ٧ی ئازاری ٢٠١٠ی عێراقدا لیستی عێراقییە بە سەرۆکایەتی ئەیاد عەلاوی براوەی یەکەم بوو، بەڵام ڕێگەیان پێنەدا حکومەت پێکبهێنێت، لە ساڵی ٢٠١٤دا حەیدەر عەبادی دەبێتە سەرۆکوەزیران کە لە هەڵبژاردنەکاندا نزیکەی تەنیا پێنج هەزار دەنگی بە دەستهێنابوو، لە ساڵی ٢٠١٨شدا عادل عەبدولمەهدی دەبێتە سەرۆکوەزیران کە سەر بە هیچ لیستێکی هەڵبژاردن نەبوو و هیچ متمانەیەکی دەنگی هاوڵاتیانی نییە.

لە ساڵی ٢٠١٠ ئەگەر بەپێی دەنگی متمانەی هاوڵاتیان ئەیاد عەلاوی ببوایەتە سەرۆکوەزیران، ئەوا هیچ دوور نەبوو لایەنگرانی نوری مالیکی لافاوی خوێن دروست بکەن، لە ساڵی ٢٠١٤شدا ئەگەر بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردن نوری مالیکی بکرابایەتەوە سەرۆکوەزیران ئەوا هیچ دوور نەبوو لە گەرمەی شەڕی داعشدا عێراق ڕووبەڕووی شەڕێکی ناوخۆیی دیکە ببوایەتەوە، لە ساڵی ٢٠١٨شدا ئەنجامی هەڵبژاردنەکان شیعە و عێراقی بەسەر دوو بەرەدا دابەشکرد، بەرەی موقتەدا سەدر و بەرەی مالیکی و عامری.

ئەگەر بەرەی سەدر بیانتوانیبایە رێژەیی یاسایی بۆ پێکهێنانی حکومەت یەکلایی بکەنەوە، ئەوا مەترسی ئەوە هەبوو بەرەی مالیکی و عامری کە خاوەنی چەک و ملیشیان شەڕ بە حکومەت بفرۆشن، بە پێچەوانەشەوە ئەگەر بەرەی مالیکی و عامری بیانتوانیبایە رێژەی یاسایی بۆ پێکهێنانی حکومەت یەکلایی بکەنەوە، ئەوا سەدر کە جەماوەرێکی توڕەی هەمیشە ئامادەی خۆپیشاندانی هەیە هەر بە دارلاستیک حکومەتەکەیان ئیفلیج دەکرد، کە واتە چەکەکانی مالیکی و عامری و دارلاستیکەکانی سەدر ڕێگەیان نەدا بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردن حکومەت پێکبهێنرێت، بەڵکو لەڕووی ناچارییەوە سێ سەرۆکایەتییەکە بەر سێ کەس کەوت کە بە هەر سێکیانەوە لە ٣٢٩ کورسییەکەی پەرلەمان کەمتر لە ٢٩ کورسیان هەیە.

لە دیموکراسییەکەی عێراق، هێزە خاوەن چەکەکان هەرگیز ئامادەنین ببنە ئۆپۆزسیۆن، ئەگەر لایەنێکیان تەنانەت سێ کورسیشی هەبێت، داوای پشکی خۆی لە حکومەت دەکات، هێزە خاوەن دارلاستیکەکانیش بە هەمان شێوە ئامادەنین ببنە ئۆپۆزسیۆن، بەمجۆرە حکومەتی عێراق بریتییە لە راگرتنی هاوسەنگی نێوان چەک و دارلاستیک.

ئەگەر پارتی وەک براوەی یەکەم بە ویستی خۆی بوایە ئەوا یەکێتی بەشدار نەدەکرد لە حکومەتدا

دیموکراسی چەک و دارلاستیک لە هەرێمی کوردستان

لە یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ١٩ی ئایاری ١٩٩٢دا پارتی دەنگی زیاتری لە یەکێتی بە دەستهێنا(  پارتی: ٤٥.٥ و یەکێتی ٤٣.٦٠)، بەڵام بەهۆی ئەوەی هەر دوو هێزەکە خاوەنی هێزی چەکداربوون، ژمارە کورسییەکانی پەرلەمانیان فیفتی بە فیفتی دابەشکرد، لە هەڵبژاردنەکانی خولی دووەم و سێیەمیش ئەنجامی هەڵبژاردنەکان هیچ رێگرنەبوو لەبەردەم ئەوەی پارتی و یەکێتی پۆستەکان فیفتی بە فیفتی دابەش بکەن، لە خولی چوارەمیش کاتێک گۆڕان وەک براوەی دووەم بەشداری لە حکومەت کرد، یەکێتیش کە دۆڕاوی سەرەکی هەڵبژاردنەکە بوو قبوڵی نەکرد ببێتە ئۆپۆزسیۆن.

ساڵی ٢٠١٥ سەبارەت بە کێشەی سەرۆکایەتی هەرێم چوار لایەنی یەکێتی و گۆڕان و یەکگرتوو و کۆمەڵ کە خاوەنی ٥٨ کورسی پەرلەمان بوون داوای هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم و هەڵبژاردنی سەرۆک لە پەرلەمانیان دەکرد، بەڵام چەکی پارتی  رێگەی نەدا پەرلەمان بە دەنگدان پرسەکە یەکلایی بکاتەوە و پەرلەمانی داخست.
 لە ئێستاشدا کە دانووستانەکانی پێکهێنانی کابینەی نۆیەم دەستی پێکردوە و پارتی   و یەکێتی ناکۆکی قوڵیان هەیە، ئەگەر پارتی وەک براوەی یەکەم بە ویستی خۆی بوایە ئەوا یەکێتی بەشدار نەدەکرد لە حکومەتدا، بەڵام بەهۆی ئەوەی یەکێتی خاوەنی هێزی چەکدارە ناکرێت لە حکومەتدا بەشدار نەبێت، یەکێتیش لە کاتێکدا خاوەنی کەمتر لە ١٩٪ کورسییەکانی پەرلەمانە، بە پشتبەستن بە هێزی چەک داوای پشکی لەسەدا ٤٠ پۆستەکان دەکات و ڕاستەوخۆش ئەندامێکی سەرکردایەتی ئەو حیزبە هەڕەشە دەکات کە ئەگەر یەکێتی رازی نەکرێت ئەوا دەبێتە ئۆپۆزسیۆن و لە ئەگەری بوونە ئۆپۆزسیۆنیشدا ئەوا بەهۆی ئەوەی یەکێتی هێزی چەکداری هەیە کیانێک نامێنێت بە ناوی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

سیناریۆیەکی دیکە بێننە بەرچاوتان، بەپێی یاسا و ئەنجامی هەڵبژاردن پارتی دەتوانێت بە ٤٥ کورسی خۆی و ٥ کورسی یەکگرتوو و چەند کورسییەکی کۆتا بەبێ گۆڕان و کۆمەڵ و یەکێتی حکومەت پێکبهێنێت، چی دەقەومێت؟ دیارە ئەمە سیناریۆیەکە کە پارتی بە خەیاڵیش بیری لێ ناکاتەوە، یان لە سیناریۆیەکی دیکەدا بێننە بەرچاوتان لە ساڵی ٢٠١٣دا گۆڕان و یەکێتی و کۆمەڵ و یەکگرتوو بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردن و یاسا بە ٥٨ کورسییەوە بەبێ پارتی حکومەتیان پێکهێنابایە، چی دەقەوما؟

تەنیا دەستکەوتی هەڵبژاردن لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئەوەیە تا رادەیەک ریزبەندی پێگەی جەماوەری لایەنەکان دیاری دەکات

دەرنجامی هەر دوو سیناریۆکە ڕوونە، لە سیناریۆی یەکەمدا ئەگەر گۆران و کۆمەڵ بە ئاسایی وەریبگرن و ببنە ئۆپۆزسیۆن، ئەوا وەک باسی کرا یەکێتی بە هێزی چەک کۆتایی بە کیانێک بە ناوی حکومەتی هەرێم دەهێنێت، بە پێچەوانەشەوە ئەگەر یەکێتی هێزی چەک بەکارنەهێنێت و بە شێوەیەکی ئاسایی ببێتە ئۆپۆزسیۆن، ئەوا گۆڕان و کۆمەڵ و نەوەی نوێ کە خاوەنی جەماوەری توڕەی هەمیشە ئامادەی خۆپیشاندانن، هەرێمی کوردستان بۆ حکومەتەکەی پارتی و یەکگرتوو دەکەن دۆزەخ.
لە سیناریۆی دووەمیشدا ئەگەر چوار لایەنەکە بەبێ پارتی حکومەتیان پێکهێنابایە، ئەوا هەر لە چوار ساڵی رابردوودا پارتی کۆتایی بە کیانێک بە ناوی هەرێمی کوردستان دەهێنا.
کەواتە بەپێی ئەم شیکارییە بێت، تەنیا دەستکەوتی هەڵبژاردن لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئەوەیە تا رادەیەک ریزبەندی پێگەی جەماوەری لایەنەکان دیاری دەکات، جیا لەوە رۆڵێکی ئەوتۆی نییە لە دیاریکردنی پێگە و قورسایی لایەنەکان لە ناو حکومەت و پەرلەماندا، ئەوەی قورسایی و پێگەی لایەنەکان دیاری دەکات یان چەکە، یان جەماوەرێکی توڕە و هەمیشە ئامادەی خۆپیشاندان و میدیایەکی پڕ بینەرە.