ڕاپۆرتی کوردستانی

04:36 - 01/12/2019

دامه‌زراندنى هه‌زاران فه‌رمانبه‌رى گرێبه‌ست په‌كیكه‌وتووه‌‌

پەیسەر

به‌هۆى ناكۆكى نێوان حكومه‌ت و په‌رله‌مانه‌وه‌، هه‌زاران فه‌رمانبه‌رى گرێبه‌ست له‌ چاوه‌ڕوانیدان و داواكارییه‌كه‌یان یه‌كلایى نه‌كراوه‌ته‌وه‌، له‌نێوان په‌رله‌مان و حكومه‌تدا ئه‌و دۆسیه‌یه‌ به‌ هه‌ڵپه‌سێردراوى ماوه‌ته‌وه‌، له‌كاتێكدا په‌رله‌مان ماوه‌ى ١٥ رۆژى دیاریكردبوو بۆ حكومه‌ت تا پرۆژه‌ بڕیاره‌کە بگه‌ڕێنێته‌وه‌. پرۆژه‌كه‌ دیار نییه‌، دیاریش نییه‌ په‌رله‌مان كه‌ى بابه‌ته‌كه‌ ده‌هێنێته‌وه‌ نێو گفتوگۆكان و په‌سه‌ندى ده‌كات، زانیاری هەیە کە حکومە دەیەوێت، دەستکاری پرۆژەکە بکات و مەرجەکان زیاد بکات، بەوجۆرەش هەموو گرێبەستەکان لە بڕیارەکە سودمەند نابن.

 حكومه‌ت تائێستا وه‌ڵامى په‌رله‌مانى نه‌داوه‌ته‌وه‌و ١٥رۆژه‌كه‌ش كۆتایى هاتووه‌

١٣ی مانگى رابردوو په‌رله‌مانى كوردستان، خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌مى بۆ پرۆژه‌ بڕیارى دامه‌زراندنى فه‌رمانبه‌رى گرێبه‌ست كرد. رێواز فایه‌ق سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا گوتى:"وه‌كو سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان، وه‌ڵامی حكومه‌تمان له‌باره‌ی ته‌حەمولكردنی بارگرانیی دارایی پرۆژه‌كه‌ به‌ئه‌رێنی وه‌رگرتووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی زۆری ورده‌كاری پێشنیاز ده‌كه‌ین به‌ده‌ر له‌ماوه‌ی ته‌رخانكراو به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆ، ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ به‌حكومه‌ت بدرێت بۆ هه‌ر زیادكردن و پێشنیازی نوێ له‌باره‌ی پڕۆژه‌كه‌وه‌، بۆیه‌ دوای ته‌واوبوونی ئه‌و واده‌یه‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌پێی حوكمه‌كانی په‌یڕه‌وی ناوخۆ رێككاره‌ یاساییه‌كانی بۆ پێشنیازه‌كه‌ ئه‌نجام ده‌دات".

سه‌رۆكى په‌رله‌مان رۆژێك دواتر واته‌ ١٤ی مانگ، پرۆژه‌ بڕیاره‌كه‌ى ئاڕاسته‌ى لیژنه‌ى یاسایى كردووه‌ بۆئه‌وه‌ى سه‌رنجى خۆیانى له‌سه‌ر بده‌ن. پرۆژه‌كه‌ گه‌ڕێندراوه‌ته‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان، ئه‌گه‌رچى به‌شێك له‌ په‌رله‌مانتاران ره‌خنه‌ى ئه‌وه‌یان هه‌بوو كه‌ ناكرێت پرۆژه‌ یاساو بڕیار دواى ئه‌وه‌ى خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌میان بۆ كرا، بنێردرێنه‌وه‌ بۆ حكومه‌ت. حكومه‌ت تائێستا وه‌ڵامى په‌رله‌مانى نه‌داوه‌ته‌وه‌و ١٥رۆژه‌كه‌ش كۆتایى هاتووه‌.

حكومه‌ت ده‌یه‌وێت بیكات به‌ده‌ستكه‌وتى خۆى

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر ناكۆكى له‌نێوان په‌رله‌مان و حكومه‌ت هه‌یه‌، به‌هۆى ئه‌و ناكۆكییه‌وه‌ پرۆژه‌كه‌ وه‌ستاوه‌. حكومه‌ت گوتویه‌تى، ئه‌وه‌ ته‌نها بڕیارى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى پێویسته‌ نه‌ك بڕیارى په‌رله‌مان چونكه‌ دامه‌زراندن له‌ ده‌سه‌ڵاتى ئه‌واندایه‌. به‌ڵام سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان پێیان وایه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ى حكومه‌ت یاساى بوودجه‌ى نییه‌ تا په‌رله‌مان له‌ یاساكه‌دا دامه‌زراندن جێبكاته‌وه‌، بۆیه‌ ده‌بێت له‌په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه‌ بڕیارى دامه‌زراندنى ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ بدرێت. 

زیاد جه‌بار سه‌رۆكى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى كوردستان، بۆ په‌یسه‌ر گوتى، حكومه‌ت تائێستا وه‌ڵامى په‌رله‌مانى نه‌داوه‌ته‌وه‌و ١٥ رۆژه‌كه‌ش كۆتایى هاتووه‌، ئه‌و پێیى وابوو حكومه‌ت ده‌یه‌وێت بیكات به‌ده‌ستكه‌وتى خۆى و به‌بڕیارێك یه‌كلایى بكاته‌وه‌."ئه‌وه‌ى بۆ ئێمه‌ گرنگه‌ كه‌ فه‌رمانبه‌ره‌كان بكرێن به‌ هه‌میشه‌یى ئیدى گرنگ نییه‌ كێ بڕیاره‌كه‌ ده‌كات".

٢٣هه‌زار فەرمانبەر لە چاوەڕوانیدان

سه‌رۆكى لیژنه‌ى دارایى ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، چاوه‌ڕێى بڕیارى حكومه‌ت ده‌كه‌ن و تائێستا وه‌ڵامى نه‌داوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ بیر له‌وه‌ده‌كه‌نه‌وه‌ دانیشتنى داهاتووى په‌رله‌مانى كوردستان خوێندنه‌وه‌ى دوووه‌م بۆ پرۆژه‌ بڕیاره‌كه‌ بكرێت.

٢٩ هەزار و ٨٨٦ فەرمانبەری گرێبەست له‌هه‌رێمى كوردستان هەن. ٦ى مانگى رابردوو ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، بڕیارى دامه‌زراندنى مامۆستایانى گرێبه‌ستى ده‌ركرد، كه‌ ژماره‌یان شه‌ش هه‌زاربوو، به‌وه‌ش ئێستا ته‌نها ٢٣هه‌زار مووچه‌خۆر به‌ گرێبه‌ست ماون.
دیارى ئه‌نوه‌ر ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ نوسینێكدا ئاماژه‌ى به‌وه‌كردووه‌، ‎ئەنجومەنی وەزیران كۆمەڵێک سەرنج و تێبینی هەیە لەسەر پێشنیازە بڕیارەكە، لەوانە( ئەو فەرمانبەرانە بكرێن بە هەمیشەیی، كە خزمەتیان لەسەرو ٣ ساڵەوەیە یان ٥ ساڵ، هەروەها ئەوانە بگرێتەوە كەلەسەر بوودجەی داراین نەك پەرەپێدان، وە هەندێك مەرج و سەرنجی تر وەك ئەوەی پێویستیان بە كاتی زیاترە. دەڵێت:"دەبێت پەرلەمان بێ یەك و دوو پڕۆژەكە ئاڕاستەی لیژنە تایبەتمەندەكان بكات و لە كەمترین ماوەدا پەسەندی بکات".

به‌پێى لێدوانى په‌رله‌مانتاران و روونكردنه‌وه‌كانى حكومه‌ت، بڕیارى به‌هه‌میشه‌ییكردنى فه‌رمانبه‌رانى گرێبه‌ست، بارگرانى دارایى ئه‌وتۆ بۆ حكومه‌ت دروست ناكات، چونكه‌ ئه‌وانه‌ خۆیان ئێستا مووچه‌خۆرن و مووچه‌كه‌یان به‌شێكى كه‌م زیاد ده‌بێت.

ناردنه‌وه‌ى پرۆژه‌كه‌ بۆ حکومەت نا یاسایى و ناپه‌یڕه‌وى بوو 

محەمەد ئیلخانی، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان به‌ میدیاى پارتى گوتووه‌، حكوومەت بڕیاریداوە كە سەرجەم ئەو فەرمانبەرانەی گرێبەستن لە هەرێمی كوردستان لە هەموو دامودەزگاكان بكرێنە هەمیشەیی. لە ئێستادا رێنماییەكان دەرچوون و سەرجەم فەرمانبەرانی گرێبەست دەكرێنە هەمیشەیی. به‌ڵام ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ روونكردنه‌وه‌ى نه‌داوه‌ كه‌ى بڕیاره‌كه‌ جێبه‌جێده‌كرێت و رێنماییه‌كان چین و بۆچى وه‌ڵامى وه‌ڵامى په‌رله‌مان نه‌دراوه‌ته‌وه‌.

رووپاك ئه‌حمه‌د ئه‌ندامى لیژنه‌ى یاسایى په‌رله‌مانى كوردستان، بۆ په‌یسه‌ر گوتى، ناردنه‌وه‌ى پرۆژه‌كه‌ بۆ حکومەت نا یاسایى و ناپه‌یڕه‌ویى بوو سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان خۆى به‌رپرسیارێتى هه‌ڵده‌گرێت. ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، هیچ زانیارییه‌كان له‌سه‌ر پرۆژه‌كه‌ نه‌ماوه‌و نازانن حكومه‌ت بۆچى وه‌ڵامى په‌رله‌مانى نه‌داوه‌ته‌وه‌، چونكه‌ ده‌بێت سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان به‌دواداچوونى بۆبكه‌ن و په‌یوه‌ندى په‌رله‌مان و حكومه‌ت له‌رێگه‌ى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تییه‌وه‌ته‌وه‌.

هۆكاره‌كه‌ى موزایه‌ده‌یه‌

ئه‌گه‌رچى پێشوه‌خت هه‌ماهه‌نگى له‌نێوان په‌رله‌مان و حكومه‌تدا هه‌بووه‌، بۆ ده‌ركردنى بڕیاره‌كه‌، به‌ڵام ئێستا پرۆژه‌كه‌ په‌كى كه‌وتووه‌، به‌گوته‌ى په‌رله‌مانتارانیش هۆكاره‌كه‌ى موزایه‌ده‌یه‌و حكومه‌ت ده‌یه‌وێت بیكات به‌ ده‌ستكه‌وتى خۆى، یاخود بەجۆرێکی لێ بکات هەمووان لێی سودمەند نەبن.