ڕاپۆرتی کوردستانی

07:27 - 28/11/2019

دەستوەردانی حزب له‌ فه‌رمانگه‌كان، ترسناك هه‌ڵده‌كشێت‌

پەیسەر

زستانى ٢٠٠٨ مام جه‌لال، زنجیره‌یه‌ك كۆبوونه‌وه‌ى گه‌رموگوڕى له‌گه‌ڵ كادیران و به‌رپرسانى یه‌كێتى كرد، ناوه‌ڕاستى كانوونى یه‌كه‌مى ئه‌وساڵه‌ له‌به‌غداوه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ قه‌لاچوالان، نیگه‌رانى و ناڕه‌زایى زۆر هه‌بوون، باڵى ریفۆرم به‌رێبه‌رایه‌تى نه‌وشیروان مسته‌فا سه‌رقاڵى په‌رژینكردنى پرۆژه‌یه‌كى نوێى سیاسى بوون، مام جه‌لال پرۆژه‌یه‌كى چاكسازى راگه‌یاند و ناوه‌رۆك و ناونیشانى پرۆژه‌كه‌ى جیاكردنه‌وه‌ى حزب بوو له‌ حكومه‌ت. له‌ دواى راپه‌ڕینه‌وه‌ چه‌ندین هه‌وڵ به‌م ئامانجه‌ راگه‌یه‌ندراون، به‌ڵام شوێنیان نه‌گرت. ئێستا كه‌ رۆژمێر ملى ناوه‌ به‌ ده‌ستپێكى (٢٠٢٠)ه‌وه‌، له‌هه‌ركات زیاتر حزب قوڕگى حكومه‌تی گرتووە، یه‌كێتیش له‌هه‌ركات زیاتر ده‌ستوپێى له‌نێو ئیشوكارى حكومه‌ته‌.

ئیتر حزب بۆ ده‌ستوه‌ردان پێویستى به‌ رووپۆش نییه‌

نیسانى ئه‌مساڵ كاتێك به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى په‌روه‌رده‌ى سلێمانى، ئاماده‌نه‌بوو نوسراوى په‌یوه‌ندى بۆ به‌ڕێوه‌به‌رى په‌روه‌رده‌ى ده‌ربه‌ندیخان بكات، به‌هۆى ئه‌وه‌ى حزب داینابوو له‌ پۆسته‌كه‌ى، حاكم قادر به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى یه‌كێتى له‌ سلێمانى به‌ نوسراو داواى له‌ كۆمیته‌ى رێكخستنى ده‌ربه‌ندیخانى یه‌كێتى كرد، نوسراوى په‌یوه‌ندى بۆ به‌ڕێوه‌به‌رى په‌روه‌رده‌ى ده‌ربه‌ندیخان بكەن. دواتر له‌مانگى ته‌مووز قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت بڕیارى لادانى دڵشاد عومه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رى په‌روه‌رده‌ى سلێمانى ده‌ركرد و جێگره‌كه‌ى راسپارد بۆ به‌ڕێوه‌بردنى كاره‌كانى. له‌و ماوه‌دا جێگر نوسراوى په‌یوه‌ندى بۆ به‌ڕێوه‌به‌رى په‌روه‌رده‌ى ده‌ربه‌ندیخان ده‌ركرد.

ره‌نگه‌ ته‌راتێنى حزب له‌نێو هه‌موو فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كان، ئێستا له‌هه‌ركات زیاتر بێت، كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى، میدیا و ئۆپۆزسیۆن هێزى جارانیان نه‌ماوه‌. ئیتر حزب بۆ ده‌ستوه‌ردان پێویستى به‌ رووپۆش نییه‌. پرۆژه‌ى جیاكردنه‌وه‌ى حزب له‌ حكومه‌ت پاشه‌كشه‌ی گەورەی کردووە.

 ئەوەی لێرە روئەدات رێک کۆپیەکی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتییە

عه‌دنان عوسمان ئه‌ندامى خانه‌ى راپه‌ڕاندنى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان، چه‌ند رۆژێك پێش ئێستا جارێكى دیكه‌ نیگه‌رانى بزوتنه‌وه‌كه‌ى له‌سه‌ر ده‌ستوه‌ردانى زیاترى حزب له‌ نوسینێكدا خسته‌وه‌ به‌رچاو. نوسیویه‌تى:"دوای ساڵانێک لە قسەوباس لەسەر دوورخستنەوەی دەستی حزب لە دەزگاکان و بەتایبەت لە خوێندن و پەروەردە، کەچی وا لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٩ داین، هیچ کات وەک ئێستا حزب و بەرپرسی حزبی دەستی نەخستۆتە هەموو جومگەکانی حکومەتەوە بەتایبەت کەرتی پەروەردەو خوێندنی باڵا".

ئه‌و ره‌خنه‌ى له‌شێوازى سیاسه‌تى یه‌كێتى گرتووه‌و باسى له‌ هێزه‌كانى ئاسایش و پێشمه‌رگه‌ش كردووه‌، كه‌ جگه‌ له‌ كادیرانى حزبى، ده‌رگایان به‌رووى هه‌موو خه‌ڵكى دیكه‌دا كڵۆم دراوه‌. ده‌ڵێت:"مەترسیدارترینیان دەستێوەردانە لە دەسەڵاتی دادوەری. ئەوەی لێرە روئەدات رێک کۆپیەکی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتیە، لەوێش هەم ئاسایش و هەم پیشمەرگەو هەم بوارەکانی تریش سەرتاپا حزبین".

پێده‌چێت ئه‌م ساڵانه‌ى دوایى حزب، به‌گوڕێكى گه‌وره‌تره‌وه‌ بۆنێو ده‌زگا حكومییه‌كان گەڕابێتەوە، به‌شێك له‌ به‌رپرسه‌ حزبییه‌كان به‌ ئاشكرا كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ده‌زگا حكومییه‌كان ده‌كه‌ن، ده‌زگا حكومییه‌كانیش زۆرجار كێشه‌كانیان ده‌به‌نه‌ باره‌گا حزبییه‌كان بۆ چاره‌سه‌ر. حاكم قادر به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى سلێمانى یه‌كێك له‌و به‌رپرسانه‌ى كه‌ په‌نجه‌ى ره‌خنه‌ى بۆ راده‌كێشرێت، له‌دواى وه‌رگرتنى پۆستى به‌رپرسى مه‌ڵبه‌نده‌وه‌، ده‌ستوه‌ردانى یه‌كێتى له‌ فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كان وه‌ك رۆتینێکی رۆژانەی لێهاتووە، ئه‌وخۆى كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ فه‌رمانگه‌كان ده‌كات و زۆرجاریش وێنه‌ى ئه‌و كۆبوونه‌وانه‌ بڵاودەکاتەوە. به‌جۆرێك حكومه‌تێكى سێبه‌رى له‌نێو باره‌گاى مه‌ڵبه‌ند پێكهێناوه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس، حاكم قادر بۆ هه‌ر فه‌رمانگه‌یه‌كى حكومیى لیژنه‌ى دروستكردووه‌و لیژنه‌كان له‌ مه‌ڵبه‌نده‌وه‌ خۆى سه‌رپه‌رشتییان ده‌كات، كارى ئه‌و لیژنه‌یه‌ هه‌ڵسوڕانى كاروبارى فه‌رمانگه‌كان و ده‌ستوه‌ردانه‌ له‌هه‌ر كارێكیان كه‌ بیانه‌وێت. ده‌ستوه‌ردانى حزب به‌جۆرێكه‌ ئیدى دانانى به‌ڕێوه‌به‌رى هیچ قوتابخانه‌یه‌ك بێ ئۆكه‌ى كۆمیته‌ یاخود ناوچه‌یه‌ دانانرێت. تا ده‌گاته‌ پۆسته‌كانى دیكه‌. 

حاكم قادر بۆ په‌یسه‌ر گوتى:"په‌یوه‌ندییه‌كه‌ هه‌ر بۆ خزمه‌ت و پشتیوانییه‌، من خزمه‌تیان ده‌كه‌م، پشتیوانییان ده‌كه‌م، نایه‌ڵین كارى نایاسایى بكه‌ن". سه‌باره‌ت به‌ ناڕه‌زایى لایه‌نه‌كان له‌ په‌یوه‌ندى ئه‌و به‌ فه‌رمانگه‌كانى حكومه‌تی خۆجێییەوە گوتى:"لایه‌ن كێیه‌؟ لایه‌ن خۆیان هیچیان پێناكرێت، من چووم بۆ كتێبخانه‌ى گشتى پێنج هه‌زار دۆلارم داونه‌تێ بۆ كڕینى كتێب و ره‌فه‌و پێداویستى دیكه‌، كێش ئازایه‌ بابچێت بیكات".

 خه‌ڵك وه‌ك ساڵانى نه‌وه‌كان روو له‌ باره‌گاكانى حزب دەكه‌ن بۆ به‌ڕێكردنى مامه‌ڵه‌كانیان

سه‌رۆكى كابینه‌ى نوێى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، كاتێك له‌په‌رله‌مانى كوردستان له‌یه‌كه‌م رۆژى ده‌سه‌ڵاتیدا كارنامه‌ى حكومه‌ته‌كه‌ى خوێنده‌وه‌، جه‌ختى له‌ بڕینى ده‌ستى حزب له‌نێو حكومه‌ت كردووه‌، ئه‌و زیاتر له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رۆشت و گوتى، حزبایه‌تى له‌هیچ كام له‌ وه‌زیره‌كانى قبوڵ ناكات. پێده‌چێت ئه‌م دروشمه‌ له‌ واقیعدا نزیك بێت له‌مه‌حاڵ. هه‌ر ئه‌م مانگه‌ كاتێك چەند دادوه‌رێکی گه‌رمیان خێوه‌تى ناره‌زاییان هه‌ڵدابوو، گوتیان له‌ ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى پێی گوتوون، بچن با حزب كێشه‌كانتان بۆ چاره‌سه‌ر بكات. له‌چه‌ند رۆژى رابردووش به‌شدارى شێخ باز بارزانى سه‌رۆكى گروپى كۆمپانیاكانى كار، كه‌ كۆمپانیایه‌كى حزبییه‌و پارتى خاوه‌ندارى ده‌كات، له‌ كۆبوونه‌وه‌ى شاندى دانوستانكارى حكومه‌ت و سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌ت، ره‌خنه‌و نیگه‌رانى زۆرى لێكه‌وته‌وه‌. 

هه‌موو ئه‌وانه‌ كۆمه‌ڵێك ئاماژه‌ن بۆ قه‌ڵەوبوونى زیاترى حزب له‌نێو دامه‌زراوه‌ گشتییه‌كان و پاشه‌كشه‌ى زیاترى ئه‌و پره‌نسیپانه‌ى دوو هێزه‌كه‌ى ده‌سه‌ڵات بانگه‌شه‌یان بۆ ده‌كرد. پێده‌چێت له‌ بۆشایى ئۆپۆزسیۆنى كاریگه‌ر و میدیاى پیشه‌یى و كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى چالاكدا، حزب ده‌ستوه‌ردان و گه‌ڕانه‌وه‌كانى بۆنێو حكومه‌ت وردتر بكاته‌وه‌. ئیدى هه‌ر فه‌رمانبه‌رێكى حكومیى له‌پێناو پاراستنى خۆى و كاره‌كه‌ى ته‌سلیم به‌و واقیعه‌ بێت كه‌ حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان دروستیان كردووه‌ له‌نێو حكومه‌ت. خه‌ڵكیش وه‌ك ساڵانى نه‌وه‌كان روو له‌ باره‌گاكانى حزب بكه‌ن بۆ به‌ڕێكردنى مامه‌ڵه‌كانیان.