ڕاپۆرتی کوردستانی

09:27 - 27/11/2019

پەکەکە لە چ سەردەمێکدا و بۆچی سەریهەڵدا؟‌

پەیسەر

گەلی کورد لە باکووری کوردستان نزیکەی ١٠٠ ساڵە لە دژی کۆماری تورکیا لە شەڕدایە. کۆمەڵگای کورد لە سەردەمی ئیمپراتۆری عوسمانیدا هەرچەندە بە هەستی نەتەوایەتی زۆر ئاشنا نەبوو، بەڵام لە چوارچێوەی میرنشین و پێگەی بچووکەوە بە شێوەیەکی خۆسەر دەژیان و چەندین حکومەتی خۆجێیی کوردی لە چوارچێوەی ئیمپراتۆری عوسمانیدا هەبووە.

 بە تێکچوونی دەوڵەتی عوسمانی و دروستکردنی دەوڵەت نەتەوە و دابەشکردنی کوردستان بەر سەر چوار دەوڵەت نەتەوەی (تورکیا، ئێران، عێراق و سوریا) گەلی کورد کە یەکێک لە گەورەترین گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانە، لە هاوکێشەکاندا فەرامووشکرا.

بە تایبەتی لە دوای جەنگی جیهانی یەکەمدا لە باکووری کوردستان تورکیای کەمالیستی سەرکردە و شێخ و ڕیشسپیەکانی کوردی هەڵخەلەتاند و لە شەڕی دژی وڵاتانی ڕۆژئاوادا بەکاریهێنان و بەڵێنی کۆمارێکی هاوبەشی لە نیوان (کورد و تورک) بە کوردەکاندا، بەڵام هەر لە سەرەتای ڕاگەیاندنی کۆماری تورکیادا، دەست بە لەناوبردنی ئیرادەی نەتەوەیی گەلی کورد کرا و بەو هۆیەوە ژمارەیەک شۆرش هەڵگیرسان و تا ئیستاش شەڕی نەتەوەیی لەدژی کۆماری تورکی کەمالیستی بەردەوامە.

 

لە یەکەم هەنگاودا شێخ سەعیدی پیران لە مانگی ئازاری ساڵی ١٩٢٥ و دوو ساڵ دوای دامەزراندنی کۆماری تورکیا لەدژی سیستمی کەمالیست دەستی بە شۆرش کرد، بەڵام شۆرشەکەی سێ مانگ بەردەوام بوو و لە حوزەیرانی هەمان ساڵدا بە دەستگیرکردنی شێخ سەعێد و هاوڕێکانی و لەسێدارەدانیان کۆتایی هات.

دوابەدوای ئەوە لە ساڵی ١٩٢٧ کۆمەڵێک سەرۆک هۆز و سەرکردەی کورد لە هەرێمی سەرهەدی باکووری کوردستان (مووش، وان و ئاگری) لەدژی دەوڵەتی تورکیا دەستیان بە شۆڕش کرد و کۆماری ئاگری (ئارارات) دامەزرا. ئەوەندەی پێنەچوو دەوڵەت دەستی بە هێرشەکانی کرد و لە ساڵێ ١٩٣٠ بە سەرۆکایەتی ئیحسان نوری پاشا شەڕی چەکداری لەدژی دەوڵەتی تورکیا هەڵگیرسا بەڵام بە هۆی پلانێکی هاوبەشی تورکیا و ئێران، لە پاییزی ١٩٣٠ کۆتایی بە شۆرشەکە هێنرا.

شۆرشێکی تری گەلی کورد لە باکووری کوردستان شۆڕشی سەید ڕەزای دەرسیم بوو لە ساڵێ ١٩٣٧، بەڵام ئەویش لە لایەن دەوڵەتی تورکیەوە لەهەمان ساڵدا سەرکوتکرا و سەید ڕەزا و هاوڕێکانی لەسێدارەدران.

دەوڵەتی تورکیا دوای سەرکوتکردنی ئەو سێ شۆرشە و هەندێک جووڵانەوەی بچووکی تری کوردی لە باکووری کوردستان ڕایگەیاند، خەونی دەوڵەتی کورد بە تایبەتی لە چیای ئارارات لە گۆڕنراوە و چیمەنتۆی بەسەرداکراوە. جارێکیتر سەرهەڵنادادەتەوە.

 

لەنێوان سەرەتای ساڵەکانی ١٩٤٠ و تا سەرەتای ساڵی ١٩٧٠ ژمارەیەک ڕێکخراو و حزبی کوردی دامەزران و دەستیان بە شۆڕش کرد، بەڵام هیچیان نەیانتوانی بەهێزەوە لە مەیدانی سیاسەت و سەربازیدا خەبات بکەن. تا دروستبوونی گروپی ئاپۆچی و دامەزراندنی پەکەکە.

پەکەکە و قۆناغێکی نوێ لە خەباتی ڕزگاری نەتەوەییدا
بەر لە دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، ئۆجالان و هاوڕێکانی لە ساڵی ١٩٧٤ بە ناوی گروپی ئاپۆچی و گروپێکی هزری و ئایدۆلۆژی دەستیان بە کار کرد. لە ساڵی ١٩٧٧ ئەندامانی ئەو گروپە کە لە ئەنقەرە بوون، بڕیاریاندا بگەڕێنەوە باکووری کوردستان و لە شارە کوردیەکان دەستیان بە بڵاوکردنی هزر و ئایدۆلۆژیای سۆسیالیستی و نەتەوەیی کرد و لە شاری دیلۆک (عەنتاب) یەکەم سەرکردەی پەکەکە کە وەک یاریدەدەری ئۆجالانیش دەبینرا (حەقی کارەر) لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە شەهید کرا.

ساڵیک دوای ئەوە لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٧٨ گروپی ئاپۆچی بڕیاری دروستکردنی پارتێکیاندا و یەکەمین کۆنگرەیان ئەنجامدا و لە سەر پێشنیاری ئەندامێکیان بە ناوی فەرهاد کورتایەوە، پارتەکەیان بە ناوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دامەزراند.

 

لە یەکەمین کۆنگرەدا کە بە کۆنگرەی دروستکردنی پەکەکە دەناسرێت، عەبدوڵا ئۆجالان وەک سەرۆک و ٧ کەسیش وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حزبەکە هەڵبژێردران و لە سالێ ١٩٧٨ و ١٩٧٩ لە شارەکانی باکووری کوردستان ڕووبەڕووی هێرشی دەوڵەتی تورک و هەندێک هۆزی کوردی کە لەلایەن دەوڵەتەوە چەکدارکرابوون، بوونەوە.

ئەو دۆخە بەردەوام بوو تاوەکو کودەتاى سەربازیى ١٢ ئەیلولى ١٩٨٠ بەسەرۆکایەتیى کەنعان ئەڤرەن. لە دواى ئەو کودەتایە ئەندامانى پەکەکە کەوتنەبەر شاڵاى ڕاونان و گرتن و کوشتن. ئەمەش بووە هۆى ئەوەی لە کۆتایى ساڵی ١٩٨١دا بەشێک لە ئەندامانى پەکەکە بەرەو لوبنان بڕۆن.

پەکەکە لە ساڵى ١٩٨٢ دا دووەمین کۆنگرەى خۆى لە لوبنان بەڕێوەبرد و لەو کۆنگرەیەدا بڕیاردرا لەسەر گەڕانەوەى گروپە ڕاهێنراوەکانى پەکەکە بۆ باکوورى کوردستان و ئامادەکارى بۆ دەستپێکردنى شەڕى چەکداریی کرا.

ئەو گروپە ڕاهێنراوانەى پەکەکە لە دواى گەڕانەوەیان بۆ باکورى کوردستان پردى پەیوەندییان لە نێوان باکور و لوبناندا دروستکرد و پۆل پۆل کەسان و لایەنگرانى خۆیان دەنارد بۆ ڕاهێنان بۆ لوبنان. بەهۆى گەورەبوونەوەى ئەو کار و چالاکییەکانى پەکەکە سوپاى تورکیا هەڵمەتێکى لە دژى ئەندامان و لایەنگرانى پەکەکە دەستپێکرد.

 

لەو هەڵمەتانەى سوپاى تورکیادا ژمارەیەکى زۆر لە ئەندامان و لایەنگران و کادێرە پێشکەوتووەکانى پەکەکە دەستگیرکران، یان کوژران. ئەو سەرکردە و کادیرە دیارانەى پەکەکە لەلایەن سوپاى تورکیا دەستگیرکران بریتی بوون لە مەزڵوم دۆغان، محەمەد خەیرى دورمش، کەمال پیر و عەلى چیچەک.

مەزڵوم دۆغان لە دواى دەستگیرکردنى لە زینداندا بە بۆنەى نەورۆزەوە ئاگرى لە جەستەى خۆى بەردا و نەریتى یادکردنەوەى نەورۆزى لە دۆخە سەخت و ئەستەمەکاندا چەسپاند. هەر یەک لەو ئەندامانى دیکەى پەکەکە مانگرتنیان تا مردنیان بەڕێوە برد و بەهۆى مانگرتنەوە گیانیان لە دەستدا.

باردۆخى خۆڕاگریى ئەندامان و کادیرانى پەکەکە کاردانەوەى بەرچاوى لە ناو کۆمەڵگەى کوردستاندا دروستکرد. ئەوەش بووە هۆى ئەوە لە دەرەوەى زیندانیش کاروچالاکییەکانى پەکەکە ڕوو لە زیادبوون بکات و سەربارى ئەوەى زۆربەى کادیرە سەرەکییەکانی پەکەکە دەستیگرکرابوون، ژمارەى ئەندامانى ئەو حزبە ڕووى لە زیادبوون کرد.

لە دواى ئەو پێشهاتانە پەکەکە لە ساڵى ١٩٨٤ هێزى ڕزگاریى کوردستان (هەرەکە)ى دامەزراند و لە ١٥ى ئابى ١٩٨٤دا شەڕى چەکدارى بەشێوەى فەرمى و بە سەرۆکایەتیى مەعسوم کۆرکوماز (عەگید) لە دژى سوپا و حکومەتى تورکیا لە ناوچەکانى ئەڕوحی شەمزینان دەستپێکرد.

پەکەکە لە ساڵى ١٩٨٦ لە سێیەمین کۆنگرەیدا بڕیایدا هێزى ڕزگاریى کوردستان بکات بە ئارتەشى ڕزگاریى گەلى کوردستان (ئەرگەکە). هەروەها ئەکادیمیاى سەربازیى مەعسوم کورکوماز (عەگید)ى دامەزراند.

 

لە ڕۆژى ١٩ى ئازارى ١٩٩٣ عەبدوڵا ئۆجەلان بە ئامادەبوونى جەلال تاڵەبانى سکرتێرى گشتیى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان لە دەشتی بیقاعى لوبنان کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەنووسیى بەڕێوەبرد و لەلایەن پەکەکەوە ئاگربەست ڕاگەیاندرا، بەڵام بەهۆی کشانەوەی دەوڵەتی تورکیا ئاگربەستەکە کۆتاییهات.

نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو بە دژواترین سەردەمی شەڕی نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکیا دادەنرێت. شەڕەکە بە هەموو هیزی خۆیەوە تا دەستگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجالان لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ لە نایروبی پایتەختی کینیا، بە پیلانگێریەکی نێودەوڵەتیدا بەردەوام بوو.

دواتر بۆ لاوازکردنی پەکەکە تا ساڵی ٢٠٠٤ دوڵەتی تورکیا هەوڵیکی زۆری دیپلۆماسی و سیاسی و سەربازی دا بەڵام پەکەکە لەگەڵ ئەوەی سەرکردەکەی دەستگیرکرابوو، خۆی ڕیکخستەوە و توانی خۆی بەهێز بکاتەوە.

پەکەکە تاوەکو ئێستا ١١ جار کۆنگرەى بەڕێوە بردووە و ٩ جار ئاگربەستى یەکلایەنەى ڕاگەیاندووە. پەکەکە سێ جار لۆگۆى خۆى گۆڕیوە. پەکەکە لە دواى عەبدوڵا ئۆجەلانەوە لەلایەن کەسانى وەک موردا قەرەیلان و جەمیل بایکەوە سەرۆکایەتیى کراوە. سوپاى تورکیا لە ماوەى جەنگدا لە دژى پەکەکەدا زیاتر لە چوار هەزار گوندى باکوورى کوردستانى تێکدا.

بە پێی نوێنترین لێدوانی دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیەتی ناوەندی پەکەکە و ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی کەجەکە بەهۆى ئەو جەنگەوە نزیکەی ٤٠ هەزار ئەندام و لایەنگرى پەکەکە و هاووڵاتیى کورد شەهید کراون و باس لەوەش دەکرێت نزیکەی ٣٠ هەزار هێزی سەربازی و ئەندامانی میتی تورکیا کوژراون.

پەکەکە لە دیدی ئۆجالاندا
عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە لەبارەی پەکەکەوە دەڵێت، " پەکەکە ڕووداوی ژیانەوەیە، روودای ژیانێکی نوێیە و ڕووداوی نەورۆزێکە. کاتێک ئێمە دەستمان پێکرد، وتمان، لەم ڕۆژەوە هەموو ڕۆژێک نەورۆزە. لە تێکۆشانەکەماندا هەموو ڕۆژێکمان وەک نەورۆز بووە. بەڵێنمان ئەوە بوو و بردمانە سەر. پەکەکە ڕۆمانێکە کە هێشتا کۆتایی نەهاتووە. ئەمە پۆختەیەکی پەکەکەیە."

پەکەکە چیمەنتۆکەی دەوڵەتی تورکی هەڵوەشاند و کوردی لە گۆڕ هێنایە دەرەوە
موراد قەڕەیلان ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پەکەکە و بەرپرسی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) لە نوێترین لێدوانیدا بە بۆنەی ٤١مین ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکە دەڵێت، "دوای بەرخۆدانی ئاگری وتراوە "کوردستان خەیاڵی لەو جێگەیە ژێرخاککراوە ". وتراوە، "کوردستان مردووە، لەو جێگەیە خستیانە گۆڕەوە و چیمەنتۆیان بەسەردا ڕشتووە". وتیان "چیمەنتۆ بەسەر کوردەوە کراوە و جارێکی تر ناتوانێت هەستێتەوە. بەڵام پەکەکە ئەو چیمەنتۆیەی سەر گەلی کوردی پارچە کرد. گەلی کورد لە کەسایەتی پەکەکەدا لەو گۆڕە هاتە دەرەوە."

پەکەکە چوار سەردەمی تێپەڕاندووە
سەردەمەی یەکەمین
سەردەمی ستراتیژی یەکەمین وەک ستراتیژی تێکۆشان لەسەر بناغەی 'توندوتیژی شۆرشگێری لەدژی کەس و دەزگا سیخوریەکان' پێناسە دەکرێت، ئۆجالان ئەم قۆناغە وەک ستراتیژی قۆناغی پارتیبوون پێناسەی کردووە و شەهیدکردنی حەقی کارەری لە ١٨ی ئایاری ١٩٧٧ لە دیلۆک وەک دەستپێکی پڕۆسەی تێکۆشانی سیاسی و سەربازی پێناسە کردووە.

سەردەمی دووەمین
لە ١٢ی ئەیلولی ١٩٨٠ تا ئازاری ١٩٩٣ دەتوانرێت وەک سەردەمی ستراتیژی دووەم پێناسە بکرێت. ئەو سەردەمە ستراتیژیە لە کودەتای ١٢ی ئەیلولی ١٩٨٠ دەستپێدەکات و بە ئاگربەستی ١٩٩٣ کۆتایی دێت. بەو سەردەمە دگوترێت، (سەردەمی شەڕی دەمدرێژ).

سەردەمی سێیەمین
دوای ئەوەی تورگوت ئۆزاڵ سەرۆک کۆماری ئەو کاتە دەستی بە جموجوڵ کرد و لە مانگی ئازاری ١٩٩٣ ئاگربەست ڕاگەیەنرا. ئاگربەستەکە کۆتایی ستراتیژی دووەمین بوو کە بە کۆنفرانسی یەکەمین ڕاگەیەنرا. لەبەرئەوەی بە پێی ئەو ستراتیژیە دەوڵەت هەڵدەوەشێنرا و دەوڵەتێکی نوێ کە کێشەی کورد چارەسەر بکات دادەمەزرا. بە هۆی پیلانگێڕی ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ و ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ کە ئۆجالان دەستگیرکرا، گۆڕانکاری ستراتیژی لە کۆنگرەی حەوتەمی پەکەکەدا لە ساڵی ٢٠٠٠ ڕویدا. ستراتیژی شەڕی گەلی دەمدرێژ' گۆڕدرا و ستراتیکی تێکۆشانی سیاسی دیموکراتیک' دەستیپێکرد و ناوەندی تێکۆشانەکەش ئیمڕالیە.

سەردەمی چوارەمین
بەهۆی ئەوەی بارودۆخی تێکۆشانی سیاسی دیموکراتی لە تورکیا نەما، پەکەکە ستراتیژی خۆی گۆڕی. پەکەکە شیکردنەوەی بۆ پڕۆسەی نوێی سیاسی و سەربازی حکومەتی ئاکەپە کرد و کۆتایی بە سەردەمی ستراتیژی سێیەمین هێنا و دەستی بە سەردەمی ستراتیکی چوارەمین کرد. واتە لەسەر بناغەی 'ستراتیژی شەڕی گەلی شۆرشگێری' دەستی بە خەبات کرد و ستراتیژیەکە ١٠ ساڵە بەردەوامە.

دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پەکەکەش لە دوایین چاوپێکەوتنیدا بە بۆنەی ٤١ ساڵیادی پەکەکە دەڵێت، "لەبەرئەوەی لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا بە 'ستراتیژی شەڕی گەلی شۆڕشگێری' تێکۆشانیان کرد، نەیانتوانی سیاسەت و عەقلیەتی فاشێست و قڕکەر لەناوببەن و ئەگەر بە ڕاستی بمانتوانییا  گۆڕانکاری ستراتیژی خێرامان بکردایا، بە پێی ستراتیژی شەڕی گەلی شۆرشگێری خۆمان بەڕێکخستن بکردایا و شەڕی خۆپاراستنمان لە هەموو جێگەیەک بکردایا، ئێستا بەڕێوەبەرایەتی ئەردۆغان تێکدەچوو.

 

بەم شیوەیە پەکەکە ٤١ ساڵە دامەزراوە و لە ٤٢ مین ساڵی پەکەکەدا تا ئیستاش هیچ گۆڕانکاریەک لە سیاسەتی دەوڵەتی تورکیادا ڕووینەداوە.

لە ساڵی ٢٠٢٣ پەیمانی لۆزان کە کوردستانی کردە چوار پارچە کۆتاییدێت، ئامانجێکی سەرەکی دەوڵەتی تورکیا و سەرۆکەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەوەیە دەسەڵاتەکەیان یا ئەو ساڵە بەردەوام بکەن. بە پێی شیکەرەوە سیاسیەکان، نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرلەنەوێ دەکێشرێتەوە و ئەگەری هەیە، ستاتۆ و پێگەی نوێ دروست بکرێن.

دەوڵەتی تورکیا و دەوڵەتانی دیکەی داگیرکەری کوردستان بە هەموو شێوەیەک دروستکردنی قەوارەیەکی کوردی سەربەخۆ ڕەتدەکەنەوە و ئەگەر بەر لە دووبارە دیزاینکردنی ناوچەکە، چوار پارچەی کوردستان، بە تایبەتی باکووری کوردستان لە چوارچێوەی دەوڵەتی ناوەندی تورکیادا بمێنێتەوە و زلهیزەکان ئیمزا لەسەر ڕێککەوتنەکان لەگەڵ تورکیا بکەن، پێدەچێت خەباتی نەتەوەیی کورد لە باکووری کوردستان بۆ گەیشتن بە مافی نەتەوەیی کورد، تا ساڵانێکی دوورودرێژتر بەردەوام بێت.