ڕاپۆرتی کوردستانی

06:35 - 27/11/2019

دانیشتوانی هەرێم رزگاریان دەبێ لە تانکی سەربان؟‌

پەیسەر

هاوشێوه‌ى نه‌وت، سامانى دەوڵەمەندى ئاوى سازگاری هه‌رێمى كوردستان، تینیۆتى خه‌ڵكى نه‌شكاندووه‌، هه‌رێمى كوردستان به‌شى ئه‌وه‌و زیاتریش ئاوى هه‌یه‌ كه‌ خۆى قوتاربكات له‌ سیسته‌مى تانكى سه‌ربان، به‌ڵام خراپى سیسته‌مى دابه‌شكردنى ئاو رێگرن له‌ داگرتنى تانكییه‌كان.
سەرباری سەرچاوەی مەزن وهەزاران کانیاو و کارێز، هێشتا بۆ خه‌ڵكیى سیسته‌مى ئاوى ٢٤ سەعاتیى نه‌ك خه‌ونه‌، به‌ڵكو به‌شێكى زۆرى خه‌ڵك گیرۆده‌ى کەم ئاویشن.

حكومه‌تی هه‌رێم ساڵانه‌ ٢٩٢ملیار دینار له‌دابینكردنی ئاوی خواردنه‌وه‌دا خه‌رج ده‌كات

نزیكەی٣٠٪ی سامانى ئاوى هه‌رێمى كوردستان به‌هه‌ده‌رده‌چێ، تەنیا نه‌بوونى به‌نداو بۆگلدانه‌وه‌، ئاوى هه‌رێمى كوردستان به‌فڕۆنادات، به‌ڵكو ملیاران مه‌تره سێ جا، ئاوى خواردنه‌وه‌ به‌فڕۆ ده‌چێ كه‌ خه‌رجى ئه‌و به‌هه‌ده‌رچوونه‌ ساڵانە سه‌رووى ٨٧ ملیار دیناره‌.
كێشه‌ى ئاو و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵیدا، كێشه‌یه‌كى گه‌ورتره‌ له‌ كێشه‌ى كاره‌باو ته‌نانه‌ت نه‌وتیش، ئاسایشیى ئاوى هه‌رێمى كوردستان و چاره‌نووسى ئاوى هه‌رێمه‌كه‌، له‌به‌رده‌م بێ به‌رنامه‌یى و په‌راوێزخستنى بێباكانه‌ى حكومه‌ته‌ یه‌ك له‌دواى یه‌كه‌كان بووه‌. 

سامانى ئاوى هه‌رێمى كوردستان
٣٠ملیار مه‌ترە سێجا ئاو، ساڵانه‌ له‌ڕێی باران و رووباره‌كانه‌وه‌ دەڕژێته‌ هه‌رێمی كوردستانەوە، بێجگه‌له‌وه‌ی ئاوی ژێرزه‌وی هه‌رێم به‌ چوار بۆ پێنج ملیار مه‌ترە سێجا ئاو ده‌خه‌مڵێندرێت، به‌ڵام هێشتا به‌شێكی گه‌وره‌ی ئاوی هه‌رێم له‌ده‌ره‌وه‌ دێت، ئه‌وه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم ژماره‌یه‌كی پێویست به‌نداوی دروستنه‌كردووه‌، كه‌ توانای گلدانه‌وه‌ی ئاویان هه‌بێت.

بێ به‌نداویى
نه‌بوون یاخود بێ به‌نداویى، گەورە‌ترین له‌مپه‌رى به‌رده‌م ئاسایشى ئاوو ئاینده‌ى ئه‌و سامانه‌ سروشتیه‌یه‌ له‌هه‌رێمى كوردستان، ئه‌و به‌نداوانه‌شى هه‌ن ماندوو و كۆنن. ساڵی ٢٠١٣ حكومه‌تی هه‌رێم پلانی خۆی ده‌رباره‌ی گلدانه‌وه‌ی ئاو ته‌واوكرد، به‌پێی پلانه‌كه‌ش ده‌بوایه‌ ٤٠ به‌نداو له‌هه‌رێمی كوردستان تاكۆتایی ساڵی ٢٠١٨ درووستبكرانایه‌، به‌ڵام كاركردن له‌به‌شێكی زۆریان وه‌ستا به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه‌. ‌ئێستا ١٧به‌نداوی گه‌وره‌ و ١٤ به‌نداوی بچووك له‌هه‌رێم هەن، كه‌توانای گلدانه‌وه‌ی نیوملیار مه‌تر سێجا ئاویان هه‌یه‌.

ئاوى هه‌رێم له‌كوێوه‌ هه‌ڵده‌قوڵێت؟
به‌پێی ئاماره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم، ٥٠٪ی ئاوی كوردستان له‌ناوخۆوە هه‌ڵده‌قوڵێت له‌رێی پێنج هه‌زار و ١٧٤كانیاوو کارێزەوە. بێجگه‌ له‌وه‌ی چوار رووباری سه‌ره‌كی له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمه‌وه‌ دێنه‌ ناو خاكی باشووری كوردستان، ئه‌وانیش رووباره‌كانی زێی گه‌وره‌، زێی بچووک، سیروان و ئه‌ڵوه‌نن.
كێشه‌ی بێ ئاویى ده‌یان ساڵه‌ به‌ ته‌نیشت ئاوى كانیاو و رووباره‌كانه‌وه‌، هه‌رێمى كوردستان و خه‌ڵكه‌كه‌ى ماندووكردووه‌. ئه‌وانه‌شى ئاویان به‌رده‌كه‌وێت ده‌بێت هه‌فتانه‌ چه‌ند كاتژمێرێكى كه‌م ئاو بگرن و له‌ تانكییه‌كانى خۆیان عه‌مبارى بكه‌ن، تانكى سه‌ربان رزگاركه‌رى خه‌ڵكه‌ له‌بێئاوى. به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ئاوى سلێمانى به‌ ئه‌سته‌مى ده‌زانێ ئێستا هه‌رێمى كوردستان  بتوانێ سیسته‌مى تانكى سه‌ربان بگۆڕێت.

تێچووی به‌هه‌ده‌ردانەکە ساڵانه‌ بایی ٨٧ ملیار و ٦٠٠ملیۆن دینارە

ئامانج جه‌لال گوته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاوی سلێمانی بۆ په‌یسه‌ر گوتى: به‌هۆی فراوانبوونی شاره‌كان و هەبوونی ئاوارە و پەنابەری زۆر، ناتوانین بیر له‌ لابردنی تانكی ئاوی ماڵان بكه‌ینه‌وه‌. ‌سێ پرۆژه‌ هەن ‌ ئه‌گه‌ر ته‌واوببن ده‌كرێت بیر له‌ سیسته‌مى ٢٤كاتژمێریى ئاو بكرێته‌وه‌و تانكى سه‌ربان نه‌مێنێ ئه‌وانیش په‌ره‌پێدانی هێڵی یه‌كی سلێمانی، دروستكردنی به‌نداوی خێوه‌ته‌ و دانانی پێوه‌ری ئاوی ماڵان
به‌پێی ستانداری جیهانیی هه‌ر كه‌سێك لە رۆژێکدا ٢٠٠لیتر ئاو ل به‌ركارده‌هێنێ. به‌پێى ئه‌و ئامارانه‌بێ كه ‌لاى ئاوى سلێمانى هه‌یه‌، له‌هه‌رێمى كوردستان هه‌ر هاوڵاتیه‌ك رۆژانه‌ ٢٥٠ لیتر ئاوی بۆ دابین ده‌كرێت. ئێستا له‌ سێ رێگه‌وه‌ ئاو بۆ دانیشتوانی سلێمانی دابینده‌كرێ هێڵی یه‌كی دوكان-سلێمانی، هێڵی دووی دوکان سلێمانی و پرۆژه‌ی ئاوی سه‌رچنار.  هێڵه‌كانی دوكان له‌دووری زیاتر له‌ ٦٠كیلۆمه‌تر ئاو بۆ سلێمانی ده‌گوازنه‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌گوته‌ى به‌رپرسان خه‌رجى زۆرى هه‌یه‌.

نموونەى به‌فیڕۆچوونى ئاو
تەنیا لەناوشاری سلێمانی ٢٥ -٣٠٪ی ئاوى خواردنەوە به‌هه‌ده‌رده‌درێ. رۆژانه‌ ٢٥٠ بۆ ٣٠٠ هه‌زار مه‌تر سێجا ئاو دەگەینرێته‌ تۆڕەکانی دابەشکردنی ناوشار، به‌وه‌ش له‌ساڵێكدا ٣٢ ملیۆن و ٨٥٠ هه‌زار مه‌تر سێجا تەنیا له‌شاری سلێمانی به‌فیرۆده‌چێ.ئەمە لەکاتێکدا ٨٠٪ی گه‌ڕه‌كه‌كانی شار رۆژ نا رۆژێك ئاویان پێده‌درێ.

لیته‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ به‌نداوه‌كان ده‌كات
ساڵانه‌ هه‌شت ملیۆن تۆن لیته‌، دەڕژێته‌ ناو به‌نداوی دوكانەوە، له‌و بڕه‌ش نزیكه‌ی ١٠٪ی ده‌نیشێتە بنەوەی دەریاچەکە، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌نداوی دوکان ده‌ڵێت، مه‌ترسی ئه‌وه‌ له‌سه‌ر سه‌ده‌كه‌ هه‌یه‌ كه‌ پربێت له‌لیته‌و تائێستاش جێگره‌وه‌ی به‌نداوی دوكان نییه‌. به‌ به‌نداوی دوكان و ده‌ربه‌ندیخان ٣٠٪ی پێداویستییه‌كانی عێراق دابین ده‌كه‌ن.

هه‌ر تاكێك له‌باشوری كوردستان رۆژانه‌ ٣٣١ لیتر ئاو به‌كارده‌هێنێ

حه‌مه‌تاهیر جه‌لال به‌ڕێوه‌به‌ری به‌نداوی دوکان ده‌ڵێ: كۆماری ئیسلامی ئێران ١٦ به‌نداوی له‌سه‌ر زێی بچووک دروستكردووه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ته‌واوه‌تیش ئاوی زێیه‌كه‌ بگرێته‌وه‌، به‌نداوی دوکان ده‌توانێ پێداویستییه‌كانی سلێمانی دابینبكات چونكه‌ به‌نداوه‌كه‌ له‌توانایدایه‌ زیاتر له‌ هەشت ملیار مه‌تر سێجا ئاو گل بداته‌وه‌. له‌كاتێكدا ساڵانه‌ له‌دوکانه‌وه‌ ٨٠ملیۆن مه‌تر سێجا ئاو بۆ سلێمانی ده‌نێرن، هه‌رێمی كوردستان مه‌ترسی وشكه‌ ساڵی و به‌بیابان بوونی له‌سه‌ر نییه‌، چونكه‌ سروشتی ناوچه‌كه‌ وایه‌ ئه‌گه‌ر ساڵێكیش كه‌م ئاوی بێ، ئه‌وه‌ ساڵی دواتر یان ساڵانی دواتر بارانی زۆر ده‌بارێت".

به‌نداوه‌كانی كوردستان
له‌هه‌رێمی كوردستان سێ به‌نداوی سه‌ره‌كی و گه‌وره‌هه‌ن:
به‌نداوی دوکان توانای گلدانه‌وه‌ی هەشت ملیار و ٦٠٠ ملیۆن مه‌ترسێجا ئاوی هه‌یه‌
به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان توانای گلدانه‌وه‌ی سێ ملیار مه‌تر سێجا ئاوی هه‌یه‌
به‌نداوی دهۆك توانای گلدانه‌وه‌ی ٥٢ ملیۆن مه‌تر سێجا ئاوی هه‌یه‌
بێجگه‌ له‌وه‌ی ١٢ به‌نداوی بچووک و مام ناوه‌ند و ٩١ پۆند هه‌ن، كه‌ به‌هه‌موویان توانای ئه‌وه‌یان هه‌یه‌، ١٣٥ملیۆن مه‌تر سێجا ئاو گل بده‌نه‌وه‌.

به‌كارهێنانی ئاو بۆ كشتوكاڵ له‌هه‌رێمی كوردستان
له‌هه‌رێمی كوردستان یه‌ك ملیۆن و ٢٢٠ هه‌زار و ٢٧٠ دۆنم زه‌وی كشتوكاڵی به‌راوهه‌یه‌ كه‌پشت به‌ئاودانی جۆگە ده‌به‌ستێ و ساڵانه‌ ده‌كرێته‌ كشتوكاڵ.

زێی گه‌وره‌، زێی بچووک، ئاوه‌ سپی، سیروان و خابوور، پێنج رووبارو پێنج سه‌رچاوه‌ى گه‌وره‌ى ئاوى هه‌رێمى كوردستانن. زێی بچووک و سیروان له‌رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌وه‌ و زێی گه‌وره‌ و خابوور له‌ باكوری كوردستان و ئاوه‌سپیش له‌ناوخۆی باشوری كوردستانەوە هه‌ڵده‌قوڵێن، ئه‌و پێنج رووباره‌ ٧٥٪ی كۆی پێداویستییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌بواری ئاوی خواردنه‌وه‌ و كشتوكاڵ دابین ده‌كه‌ن.

هەروەها ٢٥٪ی پێداویستییه‌كانی هه‌رێمیش پشت به‌ ئاوی ژێرزه‌وی ده‌به‌ستێ. ئه‌و پێنج رووباره‌ ساڵانه‌ ٢٩ملیار و ٧٧ملیۆن مه‌ترەسێجا ئاویان پێدا ده‌ڕوات، له‌وبڕه‌ش ١٧ ملیار و ٧٤ ملیۆن مه‌ترەسێجا، له‌ناو خاكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ده‌رژێته‌ ناویان و ١٢ ملیار مه‌ترەسێجاش، له‌رۆژهه‌ڵات و باكوری كوردستانه‌وه‌ ده‌رژێته‌ ناویان.

ئاوى پاك بۆ خه‌ڵك
له‌هه‌رێمی كوردستان ساڵانه‌ ٧٣٠ملیۆن مه‌ترە سێجا ئاو، له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ بۆ سێ پارێزگاكه‌ی هەرێمی كوردستان دابین ده‌كرێت، تێچووی هه‌ر مه‌ترەسێجایه‌كیش ٤٠٠ دیناره‌. به‌وه‌ش حكومه‌تی هه‌رێم ساڵانه‌ ٢٩٢ملیار دینار له‌دابینكردنی ئاوی خواردنه‌وه‌ خه‌رج ده‌كات، له‌وبڕه‌ش نزیكه‌ی ٣٠٪ به‌هۆی زیاده‌ڕه‌ۆییەوە به‌فیرۆده‌چێ كه‌ ده‌كاته‌ ٢١٩ملیۆن مه‌ترسێجا. تێچووی به‌هه‌ده‌ردانی ئاوی ساڵانه‌ له‌كوردستان ٨٧ ملیار و ٦٠٠ملیۆن دینارە.

ژماره‌ی دانیشتووانى هه‌رێمى كوردستان، شه‌ش ملیۆن و ٣٣ هه‌زار و ٨١٤ كه‌سه‌، به‌وه‌ش ده‌رده‌كه‌وێت هه‌ر تاكێك له‌باشوری كوردستان رۆژانه‌ ٣٣١ لیتر ئاو به‌كارده‌هێنێ.