ڕاپۆرتی کوردستانی

06:13 - 27/11/2019

كه‌شتى كۆنگره‌ ئاوى تێده‌چێت‌

پەیسەر

كۆنفرانسى كۆمیته‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنى ٤٠٠ ئه‌ندامى كۆنگره‌ى یه‌كێتى نیشتمانیى كوردستان، ته‌نگه‌ژه‌كانى رێگه‌ى كۆنگره‌ى ئاڵۆزتركرد، كۆنگره‌ ئێستا له‌هه‌ركات نه‌یارى زیاتره‌ له‌ یار، له‌كاتێكدا ته‌نها ١٠ رۆژ كات له‌پێشه‌ بۆ سازان و هه‌م بۆ ته‌واوكردنى ئاماده‌كارییه‌كان، تا كات له‌كۆتایى نزیكترده‌بێته‌وه‌، باسوخواسى دواخستنى كۆنگره‌ گه‌رمترده‌بێت. به‌ڵام پێناچێت ماڵى تاڵه‌بانى هه‌روا به‌ ئاسانى و به‌ ده‌ستكه‌وتى كه‌م بچنه‌ ژێربارى پاشخستنى كۆنگره‌، له‌كاتێكدا براوه‌ى قۆناغى یه‌كه‌مى هه‌ڵبژاردنه‌كانن.

رووداوه‌كانى كۆنگره‌ سات به‌سات ده‌گۆڕێن

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس، دواى ئه‌وه‌ى ماڵى تاڵه‌بانى براوه‌ى كۆنفرانسى كۆمیته‌كان بوون، زۆرینه‌ى ره‌هاى ٤٠٠ ئه‌ندامه‌كه‌یان مسۆگه‌ركرد، باڵه‌كانى دیكه‌ به‌تایبه‌ت كۆسره‌ت ره‌سوڵ، مكوڕترە له‌سه‌ر دواخستنى كۆنگره‌. بژارده‌ى یا دواخستن یا رێككه‌وتنى فڕێداوه‌ته‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌، هه‌رچى سه‌باره‌ت به‌ مه‌لا به‌ختیار و به‌رهه‌م ساڵح-ه‌، هه‌ردووكیان گڵۆڵه‌یان رووەو لێژییە ئەگەر لە دەباشان نەگیرسێتەوە، یه‌كه‌میان خه‌ونى به‌ده‌ستهێنانى ده‌نگى زۆرى كۆنگره‌ى هه‌یه‌، ئێستا تێگه‌یشتووه‌ ئاسان نییه‌و كه‌وتووه‌ته‌ ته‌قه‌و ره‌خنه‌گرتن، هه‌رچى سه‌باره‌ت به‌ به‌رهه‌م ساڵح-ه‌ ره‌نگه‌ تا دوایین ساته‌كان چاره‌نووسى روون نه‌بێته‌وه‌، چونكه‌ ده‌یه‌وێت له‌رێگه‌ى رێككه‌وتن تاجى له‌سه‌ر بنرێت، یاخود پشتیوانى ماڵی تاڵه‌بانى مسۆگه‌ر بكات، رووداوه‌كانى كۆنگره‌ سات به‌سات ده‌گۆڕێن، به‌رهه‌م ساڵح شوێن پێى له‌قه‌و ئه‌گه‌ر ده‌ستى به‌ربدرێت ده‌كه‌وێته‌ خواره‌وه‌.

ئه‌گه‌رى دواخستن
ئه‌گه‌رى دواخستنى كۆنگره‌ هه‌میشه‌ كراوه‌بووه‌، به‌ڵام كۆنفرانسى كۆمیته‌كان ئه‌و ئه‌گه‌ره‌ى گه‌وره‌تر كرد، به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر له‌دواى ئه‌و كۆنفرانسه‌وه‌ به‌جۆرێك نه‌خشه‌ى كۆنگره‌ روونبووه‌ته‌وه‌ كه‌ زۆرینه‌ى ئه‌ندامه‌كانى له‌ باڵى ماڵى تاڵه‌بانین و پشتیوانى ده‌باشان ده‌كه‌ن. ته‌نها ماڵى كۆسره‌ت ره‌سوڵ ئێستا لایه‌نگرى دواخستن نین، به‌ڵكو هه‌موو ئه‌و ئه‌ندامانه‌ى سه‌ركردایه‌تى كه‌ دوودڵن و تێگه‌یشتوون له‌وه‌ى ته‌نها رێگه‌چاره‌یان ئه‌وه‌یه‌ له‌ ده‌باشانه‌وه‌ ده‌رگایه‌كى خێریان به‌روودا بكرێته‌وه‌، له‌گه‌ڵ دواخستنى كۆنگره‌ن و بێئومێدبوون له‌بردنه‌وه‌. بۆیه‌ ئاڕاسته‌یه‌كى فراوان بۆ دواخستنى كۆنگره‌ له‌ ده‌ورى یه‌ك كۆبوونه‌ته‌وه‌، ماڵى تاڵه‌بانیش پێداگرى له‌ به‌ڕێوه‌چوونى كۆنگره‌ ده‌كه‌ن له‌و واده‌ى دیاریكراوه. 

 له‌ كۆنفرانسى كۆمیته‌كان ئه‌نجامى باڵى به‌رهه‌م ساڵح له‌ جێى نه‌بووانه‌

به‌رهه‌م ساڵح ئه‌گه‌ر گره‌نتى پشتیوانى له‌لایه‌ن ده‌باشانه‌وه‌ پێنه‌درێت، دواخستنى كۆنگره‌ى پێ خراپ نییه‌، ئه‌و پێشتر لایه‌نگرى كۆنگره‌ى ته‌وافوقى بوو، ئێستا كه‌ لێكتێگه‌یشتنه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵه‌بانى درزى تێكه‌وتووه‌، پێده‌چێت نه‌كردنى كۆنگره‌ى زۆر پێ گونجاوتربێت، له‌ كۆنگره‌یه‌ک كه‌ بكه‌وێته‌ به‌ر ره‌حمى ده‌نگده‌رانى كۆنگره‌. په‌یسه‌ر زانیارى هه‌یه‌ له‌ كۆنفرانسى كۆمیته‌كان ئه‌نجامى باڵى به‌رهه‌م ساڵح له‌ جێى نه‌بووانه‌، ته‌نانه‌ت ژماره‌یه‌ك كادیرى نزیكى جێگرى دووه‌م كه‌ پێشتر له‌گه‌ڵى چوون بۆ نێو هاوپه‌یمانى و له‌گه‌ڵى گه‌ڕانه‌وه‌ نێو یەکێتی، به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر ئێستا له‌ كۆسره‌ت ره‌سوڵ نزیكن، ئه‌وه‌ش دواى ئه‌وه‌ى به‌فه‌رمانێك پله‌ى پێدان.

سه‌رئێشه‌ى گه‌وره‌ى به‌رهه‌م ساڵح، نزیكبوونه‌وه‌ى باڵى كۆسره‌ت ره‌سوڵ و ماڵى تاڵه‌بانییه‌، په‌یسه‌ر سێ رۆژ پێش ئێستا بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ نزیكبوونه‌وه‌یه‌ك له‌نێوان ئه‌م دوانه‌ روویداوه‌و نزیكن له‌ رێككه‌وتن، به‌ڵام ئه‌و رێككه‌وتنه‌ چاوەڕوانکراوە له‌سه‌ر حسابى به‌رهه‌م ساڵح-ه‌، هه‌ر رێككه‌وتنێكى ئه‌و دوو باڵه‌ بێ زیانى به‌رهه‌م ساڵح تێناپه‌ڕێت. دیارنییه‌ لێكتێگه‌یشتنه‌كه‌ ده‌بێته‌ هۆى دواخستنى كۆنگره‌، یاخود ئه‌نجامدانى.

 تائێستا هیچ دڵنیاییه‌ك به‌ مه‌لابه‌ختیار نه‌دراوه‌

رۆژى ٢٣ی ئەم مانگە، گرته‌یه‌کى ڤیدیۆیى بڵاوبووه‌وه‌، بافڵ تاڵه‌بانى قسه‌ بۆ كادیره‌كانى حزبه‌كه‌ى ده‌كات و یه‌كێك له‌ سیناریۆ باسكراوه‌كان بۆ به‌ڕێوه‌بردنى یه‌كێتى ره‌تده‌كاته‌وه‌و ده‌ڵێت"كاك به‌رهه‌م ده‌كه‌ین به‌سه‌رۆك، شاڵاو ده‌كه‌ین به‌ جێگر، بافڵ ده‌كه‌ین به‌ جێگری ژمارە دوو، بۆ كاكه‌ ئێمه‌ شێت بووین وابكه‌ین". ئه‌و قسه‌یه‌ به‌جۆرێك ماناى كشانه‌وه‌یه‌ له‌ پشتیوانى به‌رهه‌م ساڵح.

مه‌لا به‌ختیار پێشتر ئومێدى هه‌بوو له‌ ده‌باشانه‌وه‌، هه‌م ره‌زامه‌ندى پرۆژه‌كه‌ى وه‌ربگرێت بۆ كۆنگره‌و هه‌م پێگه‌ى سیاسى خۆى له‌داهاتووى یه‌كێتى بچه‌سپێنێت، به‌ڵام ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ دوودڵى زیاترى هه‌یه‌و ره‌خنه‌ ده‌گرێت، به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر تائێستا هیچ دڵنیاییه‌ك به‌ مه‌لابه‌ختیار نه‌دراوه‌.
مه‌لا به‌ختیار له‌ نوسینێكیدا كه‌ بۆ رۆژى شه‌هیدى یه‌كێتى نوسیویه‌تى ده‌ڵێت:"یەكێـتی بە پارە رشتن و پیلان داڕشتن لەكۆنگرەدا هەڵناسێتەوە. بەڵكو، بە ویژدان، بەرنامەی نوێ، رەخنە لەخۆگرتن و تێگەیشتن لە ئەركەكانی سەردەمی جیهانگیری، یەكێتی دەخرێتەوە سەر رێچكەی ئومێدی ناوخۆیی و متمانەی جەماوەری، چاوی ئومێد بڕاوەتە كۆنگرە.. ئومێدەوارین، لەیادی شەهیدی یەكێتیدا، یەكێتییەكان نائومێدنەكرێن. لەسەر كێل بە كێلی ئەم شەهیدانە، فرمێسك دەڕێژم".

پارتى هه‌وڵه‌كانى ده‌خاته‌ گه‌ڕ
به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر، پارتى ده‌ستى به‌ جموجوڵ كردووه‌، پشتیوانى كۆسره‌ت ره‌سوڵ ده‌كات و نایه‌وێت كۆنگره‌ په‌لوپۆى بكات. پارتى پشتیوانى بیرۆكه‌ى كۆنگره‌ى ته‌وافوقى ده‌كات، ئه‌وه‌ش له‌پێناو پاراستنى پێگه‌ى كۆسره‌ت ره‌سوڵ. به‌ڵام دیار نییه‌ ئاخۆ پارتى ده‌توانێت چى بۆ كۆسره‌ت ره‌سوڵ بكات و چۆن هاوكارى بكات؟ ئایا بافڵ تاڵه‌بانى ده‌چێته‌ ژێر بارى فشار و داواكارى پارتى بۆ ته‌وافوق له‌گه‌ڵ كۆسره‌ت ره‌سوڵ، یاخود دواخستنى كۆنگره‌؟

كۆنه‌كان ناكشێنه‌وه‌
به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس، له‌ ئه‌ندامانى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى تائێستا كه‌س به‌ ئاشكرا نیازى خۆى بۆ خۆنه‌پاڵاوتنه‌وه‌و كشانه‌وه‌ رانه‌گه‌یاندووه‌، جگه‌ له‌ هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د كه‌ ته‌ندروستى یارمه‌تیده‌رى نییه‌ بۆ مانه‌وه‌ى له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌و ساڵێك زیاتره‌ دابڕاوه‌. به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر داوا له‌چه‌ند ئه‌ندامێك له‌ كۆنه‌كان كراوه‌ كه‌ خۆیان كاندید نه‌كه‌نه‌وه‌، به‌ڵام رازى نه‌بوون ته‌نها عومه‌ر فه‌تاح ئه‌ندامى ده‌سته‌ى كارگێڕى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى نه‌رمى نواندووه‌ بۆ كشانه‌وه‌، ئه‌ویش بڕیارى كۆتایى نه‌داوه‌.

مه‌حمود سه‌نگاوى دوێنێ له‌ چاوپێكه‌وتنێكى له‌گه‌ڵ رووداو گوتى:"پێشتر بە حوكمی تەمەنەكەم بڕیارم دابوو بەهیچ جۆرێك خۆم هەڵنەبژێرم، بۆ ئەوەی خەڵكی گەنج بێنە پێشەوە، بەڵام ئەم سەردەمە هی ئەوە نییە حیزبەكەمان بەجێبهێڵم، خۆم كاندید دەكەمەوە". سه‌باره‌ت به‌ ده‌نگۆى دواخستنى كۆنگره‌ش گوتى، مەگەر چەند رۆژێك پاش و پێش بێ، ئەگەرنا دەكرێ.

 تا كات نزیكتر ده‌بێته‌وه‌ ئاڵنگارییه‌كانى به‌ڕێوه‌چوونى كۆنگره‌ سه‌ختترده‌بن

بڕیاره‌ له‌ كۆنفرانسى مەڵبەندەکان و مه‌كته‌به‌كان ٥٠٠ كه‌سى دیكه‌ وه‌ك ئه‌ندامى كۆنگره‌ هه‌ڵبژێردرێن، ئه‌م قۆناغه‌یان به‌یه‌ك جارى دیمه‌نه‌كه‌ روون ده‌كاته‌وه‌و ره‌نگه‌ ململانێكانى كۆنگره‌ بباته‌ قۆناغێكى ئاڵۆزتره‌وه‌. ئه‌گه‌رچى به‌ره‌ى دژى كۆنگره‌ زۆرتربوون، به‌ڵام پێناچێت ماڵى تاڵه‌بانى به‌ ئاسانى بچنه‌ ژێربارى دواخستنه‌وه‌. ره‌نگه‌ بۆئه‌وه‌ مه‌رجى قورسیان هه‌بێت بەتایبەتی ئەگەر کۆنفرانسی مەڵبەند و مەکتەبەکانیش بەرنەوە، ئه‌و هه‌له‌ى بۆیان دێتە پێش بە ئاسانی لە كیسى ناده‌ن، ئه‌وان ده‌زانن ئه‌گه‌ر كۆنگره‌ بكرێت به‌ره‌ى نه‌یارى كۆنگره‌ ته‌نها ١٠ رۆژى دیكه‌ ده‌توانن له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌ خۆیان بگرن، به‌ڵام ئه‌وان پێویستیان به‌ كۆسره‌ت ره‌سوڵه‌، ده‌زانن بێ ئه‌و كۆنگره‌ ناكرێت، به‌ڵام بێ به‌رهه‌م ساڵح یاخود مه‌لا به‌ختیار یاخود چه‌ند ناڕازییه‌كى دیكه‌ كۆنگره‌ ده‌كرێت، بۆیه‌ ره‌نگه‌ له‌كۆتاییدا له‌گه‌ڵ كۆسره‌ت ره‌سوڵ بگه‌ن به‌ چاره‌یه‌ك. 

سه‌عدى پیره‌ كه‌ به‌لێدوانه‌ ته‌نزه‌ سیاسییه‌كانى ناوى رۆشتووه‌، چه‌ند رۆژێك پێش ئێستا به‌یانییه‌ك خۆى گه‌یانده‌ لاى مه‌زارى مام جه‌لال و له‌ ده‌فته‌رى سه‌ردانكه‌راندا نوسى(بۆ ئه‌م كۆنگره‌ ناڕێكین و خوا به‌خێرى بگێڕێت)، پێده‌چێت ته‌نگه‌ژه‌كه‌ له‌وه‌ قوڵتربێت كه‌ پیره‌ له‌سه‌ر ده‌فته‌ره‌كه‌ ئاماژى پێداوه‌، بۆیه‌ش دۆعاى بۆ دۆخه‌كه‌ نوسیوه‌. تا كات نزیكتر ده‌بێته‌وه‌ ئاڵنگارییه‌كانى به‌ڕێوه‌چوونى كۆنگره‌ سه‌ختترده‌بن، كه‌شتى رێگه‌ى كۆنگره‌ ئاوى تێده‌چێت، به‌و هه‌موو نیگه‌رانى و داواكارییه‌وه‌ دیارنییه‌ ده‌گاته‌ جێ یاخود نوقم ده‌بێت و كۆنگره‌ بۆكاتێكى نادیار دواده‌كه‌وێت و ململانێى چه‌ند ساڵه‌ى باڵه‌كان بۆ کۆنگرە بەردەوام دەبێت.