09:43 - 26/11/2019
ئاماژەکانی پشت مانۆڕەکەی نێچیرڤان بارزانی
نێچیرڤان بارزانى له‌باره‌گاى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم به‌ره‌و رووى لایه‌نه‌كان هاته‌ده‌ره‌وه، ئه‌مه یه‌كه‌م مانۆڕى سیاسى ئه‌وه وه‌ك سه‌رۆكى هه‌رێم، به‌نیازى كۆكردنه‌وه‌ى لایه‌نه‌كان له‌ده‌ورى یه‌ك ده‌ستیداوه‌تێ، پێده‌چێت ئیتر كاتى ئه‌وه‌بێت له‌و په‌ڕگیرییه چه‌ند مانگه بێته ده‌ره‌وه كه‌به‌هۆى ئاڵوگۆڕى كورسى سه‌رۆك وه‌زیرانه‌وه بۆى هاته‌پێش، سه‌ردانه‌كه‌ى پێنس و په‌یامى به‌رپرسه‌كانى به‌غدا و دوو كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ حزبه كوردستانییه‌كان، وزه‌یه‌كیان به نێچیرڤان بارزانى به‌خشى بۆ ده‌ستكردن به جموجوڵ.
پێویستى به‌وه‌یه هیچ لایه‌ك لێى لالوت نه‌بێت
بارزانى له‌پشت ئه‌و هه‌وڵانه‌ى بۆ كۆمه‌ڵێك پرسى وه‌ك درووستكردنى یه‌كڕیزى و هاوپه‌یمانى كوردستانى، ئاساییكردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى یه‌كێتى و پارتى و لایه‌نه‌كانى دیكه، یه‌كخستنى گوتارى كورد ده‌ستیپێكردووه، نیازى كه‌سیشی هه‌یه و خواستى زۆرى هه‌یه ئه‌و ئیتر وه‌ك سیاسى كۆكه‌ره‌وه‌ى سه‌ره‌ناكۆكه‌كان سه‌یر بكرێت، له‌به‌غداو ئه‌ملاولاش وه‌ك ده‌مڕاستى كورد قسه‌ى لێوه‌ربگیرێت، بۆئه‌مه پێویستى به‌وه‌یه هیچ لایه‌ك لێى لالوت نه‌بێت. ئه‌و به پڕۆژه‌وه چووه‌ته ده‌رگاى لایه‌نه‌كان، هه‌م هه‌ندێك ورده په‌یامیشى داون به‌گوێدا.
جانتاكه‌ى نێچیرڤان بارزانى
ئه‌مڕۆ سه‌رۆكى هه‌رێم گوتى، سه‌ره‌كیترین بابه‌ت كه‌بۆى هاتووه بۆلاى حزبه‌كان، درووستكردنى هاوپه‌یمانییه‌كى كوردستانییه له‌به‌غدا، به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر چه‌ند بابه‌تێكى دیكه‌ش له كۆبوونه‌وه‌كان مشتومڕیان له‌سه‌ر كراوه. رۆژى ١١ی ئه‌م مانگه، په‌یسه‌ر له هه‌واڵێكدا زانیارى ئه‌وه‌ى بڵاوكردەوه، كه له‌میانى سه‌ردانه‌كه‌ى نێچیرڤان بارزانى بۆ به‌غدا، عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زیران ره‌خنه‌ى له په‌رته‌وازه‌یى لایه‌نه كوردییه‌كان گرتووه‌و پێى گوتوون، وه‌ك دۆستێكى كورد، نیگه‌رانه له په‌رته‌وازه‌یى نێوماڵى كورد و هه‌رلایه‌نێكى كوردیى به‌جیا قسه له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌كه‌ن.
ئه‌و هه‌وڵه ده‌رفه‌ت به نێچیرڤان بارزانى ده‌دات كاراتر ده‌ربكه‌وێت
عه‌بدولمه‌هدى هه‌روه‌ها به نێچیرڤان بارزانى گوتبوو:"ئه‌گه‌ر مافى كوردتان ده‌وێت، به یه‌كڕیزى وه‌رنه به‌غدا".داواشى كردبوو، له‌دواى گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆ هه‌رێمى كوردستان، لیژنه‌یه‌ك له‌هه‌موو لایه‌ن و پێكهاته‌كان دروست بكات بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر داواكارییه‌كان و پرسى مانه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان ره‌وانه‌ى به‌غدا بكرێت. نێچیرڤان بارزانى دواى گه‌ڕانه‌وه‌ى ده‌ستى به جوڵه كرد، وه‌ك ئه‌وه‌ى عه‌بدولمه‌هدى گوتبووى وه‌ك دۆستێك ئه‌م په‌یامه‌ى هه‌یه بۆ كورد. به‌ڵام ئه‌و هه‌وڵه ده‌رفه‌ت به نێچیرڤان بارزانى ده‌دات، كاراتر ده‌ربكه‌وێت و لایه‌نه‌كان به‌ده‌ورى هێڵێكدا كۆبكاته‌وه.
ئه‌مڕۆش بیرۆكه‌ى دروستكردنى هاوپه‌یمانى كوردستانى داوه به‌گوێى گۆڕان و یه‌كێتی-دا. به‌ڵام به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر جارێ بیرۆكه‌كه نه‌گه‌ییوه‌و لایه‌نه‌كان ئاماده‌یى زۆریان تێدا نییه بۆ ئه‌و كاره، ئه‌گه‌رچى به قسه پێشوازى لێده‌كه‌ن. نێچیرڤان بارزانى گوتى:"به‌رنامه‌یه‌كمان بۆ یه‌كڕیزی و یه‌كهه‌ڵوێستی لایه‌نه سیاسییه‌كان ده‌ستپێكردووه، خۆشبه‌ختانه‌ش هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كان به‌ده‌نگه‌وه هاتنێكی باشیان هه‌یه".
پێده‌چێت نێچیرڤان بارزانى په‌یامى پێنسى به یه‌كێتى گه‌یاندبێت
په‌یسه‌ر رۆژى چوارى ئه‌م مانگه له هه‌واڵێكدا بڵاویكرده‌وه، نێچیرڤان بارزانى ده‌ستپێشخه‌رى كردووه، بۆئه‌وه‌ى نێوه‌ندگیرى له‌نێوان پارتى و یه‌كێتى بكات، بۆئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندى كردووه به به‌رهه‌م ساڵح-ه‌وه. به‌ڵام ئه‌و پێى گوتووه یه‌كێتى كێشه‌ى له‌گه‌ڵ حكومه‌ت هه‌یه نه‌ك سه‌رۆكى هه‌رێم. به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر سه‌ردانه‌كه‌ى ئه‌مڕۆى نێچیرڤان بارزانى به‌شێكى به ئامانجى ئاساییكردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى یه‌كێتى و پارتى بووه، به‌ڵام پێناچێت بۆئه‌وه‌یان به‌ره‌وپێشچوونى ئه‌وتۆ هه‌بێت، چونكه وه‌ك به‌رهه‌م ساڵح پێى گوتووه، یه‌كێتى كێشه‌ى له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى هه‌رێم نییه.
هاوكات نزیكبوونه‌وه‌ى كۆنگره‌ى یه‌كێتى هه‌ربابه‌تێكى دیكه‌ى لاى ئه‌و حزبه كردووه به‌ژێره‌وە، باڵه‌كان سه‌رنجیان ته‌نها له‌سه‌ر كۆنگره‌یه‌و نزیكبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ پارتى له‌م چه‌ند هه‌فته‌یه پێ زیانه. نێچیرڤان بارزانى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى برده ماڵى كۆسره‌ت ره‌سوڵ و له‌سه‌ر مه‌زارى تاڵه‌بانى، چاوى به بافڵ تاڵه‌بانى كه‌وت، بۆیه جارێ پێناچێت گله‌ییه‌كانى یه‌كێتى له پارتى و حكومه‌ت بڕه‌وێنه‌وه. به‌ڵام كۆسره‌ت ره‌سوڵ پێشوازییه‌كى گه‌رمترى لێكرد‌و دواى كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى هه‌رێم گوتى:"ئه‌م سه‌ردانانه رۆڵی گرنگیان ده‌بێت، له یه‌كخستنی هه‌ڵوێست و ئاشته‌وایی نێوماڵی كورد و پێشخستنی ئه‌و گفتوگۆیانه‌ی كه ئێستا له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان هه‌یه".
په‌یامێكى هه‌ستیار
به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر، یه‌كێك له‌و بابه‌تانه‌ى نێچیرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ حزبه‌كان باسیكردووه، په‌یامه‌كه‌ى مایك پێنس جێگرى سه‌رۆكى ئه‌مریكا بووه بۆ لایه‌نه‌كان، پێنس نیگه‌رانبووه له‌هه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كى نهێنى له‌گه‌ڵ ئێران، بۆئه‌وه‌ش پێده‌چێت نێچیرڤان بارزانى په‌یامى پێنسى به یه‌كێتى گه‌یاندبێت. په‌یسه‌ر دواى سه‌ردانه‌كه‌ى مایك پێنس زانیارى ئه‌وه‌ى بڵاوكرده‌وه، كه یه‌كێك له‌و بابه‌تانه‌ى پێنس لێى نیگه‌ران بووه، بوونى هه‌ژموونى ئێران بووه‌و له‌ناوچه‌كه و په‌یامى خۆبه‌دوورگرتنى لایه‌نه‌كانى هه‌رێمى له‌ئێران گه‌یاندووه‌و هۆشداریداوه له هه‌ر په‌یوه‌ندى و نزیكبوونه‌وه‌یه‌ك.
نوێنه‌رایه‌تى كورد له به‌غدا
یه‌كێك له‌و بابه‌تانه‌ى كه نێچیرڤان بارزانى له ماوه‌ى سه‌رۆكایه‌تیدا مه‌به‌ستیه‌تى ئەوەیە، به‌غدا وه‌ك نوێنه‌رى هه‌موو لایه‌نه‌كان و وه‌ك نوێنه‌رى كورد مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ بكه‌ن، سه‌ردانه‌كه‌ى ئه‌مڕۆشى به‌ئامانجى دروستكردنى گوتار و ئاڕاسته‌یه‌كى هاوبه‌شه له‌به‌غدا كه خۆى نوێنه‌رایه‌تى بكات، بۆئه‌وه‌ش سه‌رۆكى هه‌رێم مه‌به‌ستیه‌تى دڵى لایه‌نه‌كان رابگرێت و تێبینییه‌كانیان له‌به‌رچاو بگرێت، تائه‌وه‌ى هه‌موولایه‌ك هاوڕابن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى نوێنه‌رایه‌تییان بكات و قسه‌ى نێچیرڤان بارزانى له‌به‌غدا قسه‌ى كورد بێت. پێده‌چێت نێچیرڤان بارزانى لێزانانه بییه‌وێت ئه‌و هه‌لانه بقۆزێته‌وه، په‌رته‌وازه‌یى و دوورى لایه‌نه‌كان هه‌لى زیاترى پێداوه تا سه‌ره ناكۆكه‌كان به‌ده‌ورى سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌یدا كۆبكاته‌وه.
بارزانى نیازى هه‌یه هه‌فته‌ى داهاتوو له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ى شاندى كورد بۆ به‌غداو واژۆكردنى رێككه‌وتنى كۆتایى، به‌ناوى هه‌موو هه‌رێمى كوردستان و لایه‌نه‌كانه‌وه، پشتیوانى خۆى بۆ كابینه‌كه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى و مانه‌وه‌ى سه‌رۆك وه‌زیران دووپاتبكاته‌وه.
بۆ پارێزگارى له هه‌ژموونى جارانى ته‌نها پارتى به‌س نییه
نێچیرڤان بارزانى كاتێك كورسى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانى وه‌رگرت دروشمى (سەرۆکێك بۆ هەموو کوردستانیان)ى بۆخۆى هه‌ڵبژارد، كورسییه‌كه هه‌ژموونى ده‌سه‌ڵاتى ئه‌وى به‌شێوه‌یه‌كى به‌رچاو داكشاند، ره‌نگه بییه‌وێت ئیدى له‌رێگه‌ى جوڵه‌ى سه‌رۆكانه‌وه‌و له‌توله‌رێى دیكه‌وه، قه‌ره‌بووى كزبوونى بكاته‌وه، گه‌شانه‌وه‌ى ئه‌ستێره‌ى نێچیرڤان بارزانى ئاڵنگارى زۆرى له‌پێشن، ره‌نگه ئێستا روونتر ئه‌و راستییه ببینێت كه بۆ پارێزگارى له هه‌ژموونى جارانى ته‌نها پارتى به‌س نییه‌و پێویستى به‌هه‌موو لایه‌نه‌كان هه‌یه. چه‌ند زیاتر بییه‌وێت دروشمه‌كه‌ى جێبه‌جێبكات، ئه‌وه‌نده زیاتر نزیكبوونه‌وه‌و كرانه‌وه‌ى پێویسته، ئه‌و راستیه‌شى له‌به‌رچاوه بێ كۆده‌نگى ناوخۆیى له‌ده‌ره‌وه ناتوانێت نوێنه‌رایه‌تى دڵخوازى خۆى بكات، به‌غداش وه‌ك سه‌رۆكى هه‌رێمێكى یه‌کگرتوو گوێى بۆ ناگرێت، تاراده‌یه‌كى زۆر سه‌ركه‌وتنى ئه‌زمونى سه‌رۆكایه‌تى ئه‌و، به‌نده به‌و به‌رنامه سیاسییه‌ى بۆ كۆكردنه‌وه‌ى لایه‌نه‌كان له‌ده‌ورى مێزى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم دایناوه.