ڕاپۆرتی کوردستانی

08:32 - 24/11/2019

سبه‌ینێ هه‌ولێر و به‌غدا به‌یه‌ك ده‌گه‌ن؟‌

پەیسەر


بڕیاره‌ سبه‌ینێ دووشه‌ممه‌، شاندێك له‌ هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ جارێكى دیكه‌ ملى رێگه‌ى به‌غدا بگرنه‌به‌ر، كۆبوونه‌وه‌كه‌ى دوێنێ به‌ دڵى شاندى هه‌رێمى كوردستان نه‌بوو، به‌غدا مه‌رجه‌كه‌ى ره‌تكردنه‌وه‌، مه‌سرور بارزانى ئه‌مڕۆ جارێكى دیكه‌ گڵۆپى سه‌وزى بۆ راده‌ستكردنى نه‌وت هه‌ڵكرد، به‌ڵام دیارنییه‌ ئاخۆ مه‌رجه‌ ناكۆكی له‌سه‌ره‌كه‌ نەرم ده‌كه‌ن، یاخود ته‌سلیمى به‌غدا ده‌بن و رێككه‌وتن واژۆده‌كه‌ن.

 شاندى هه‌رێم گوتیان، بۆ راده‌ستكردنى ٢٥٠ هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه‌ ئاماده‌ن

ئه‌مڕۆ مه‌سرور بارزانى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و قوباد تاڵه‌بانى جێگرى، له‌گه‌ڵ ئه‌و شانده‌ كۆبوونه‌وه‌ كه‌ به‌ره‌به‌یانى شه‌ممه‌ به‌په‌له‌ چوونه‌ به‌غداو به‌په‌له‌ش گه‌ڕانه‌وه‌. مه‌سرور بارزانى جارێكى دیكه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ گوتویه‌تى، ئاماده‌ى راده‌ستكردنى نه‌وتن، كۆبوونه‌وه‌كه‌ى شه‌ممه‌ له‌سه‌ر حه‌قدەستى كۆمپانیاكان په‌كى كه‌وت بێئه‌نجام بوو، به‌ڵام پێشهاتى نوێ ئه‌وه‌بوو، شاندى هه‌رێم گوتیان، بۆ راده‌ستكردنى ٢٥٠ هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه‌ ئاماده‌ن. 

زانیارییه‌كان 
به‌پێى زانیارییه‌كان به‌غدا تائێستا ئاماده‌نه‌بووه‌، مه‌رجى هه‌رێمى كوردستان بۆ دانه‌وه‌ى حه‌قدەستى كۆمپانیاكان قبوڵ بكات به‌رامبه‌ر راده‌ستكردنى ٢٥٠ هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌. شاندى به‌غدا گوتویانه‌ ناتوانن حه‌قدەستى كۆمپانیاكان بده‌ن كه‌ له‌هه‌رێمى كوردستان كارده‌كه‌ن، ده‌توانن له‌ داهاتى ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌ بیده‌ن كه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان، چونكه‌ به‌رهه‌مى رۆژانه‌ى هه‌رێم نزیك به‌ ٥٠٠ هه‌زار به‌رمیل نه‌وته‌و ته‌نها ٢٥٠ هه‌زار به‌رمیلى نه‌وتى راده‌ستده‌كات.

به‌غدا تا ته‌واوبوونى قه‌رزه‌كانى سه‌ر هه‌رێم رازییه‌ به‌ مانه‌وه‌ى ئابوورى سه‌ربه‌خۆ

بڕیاره‌ شاندى هه‌رێم سبه‌ینێ دیسانه‌وه‌ بچێته‌وه‌ به‌غداو زانیارى هه‌یه‌ كه‌ له‌ رێككه‌وتن نزیك بن و پێشنیارى دیكه‌ بخه‌نه‌ڕوو، بۆئه‌وه‌ى به‌غدا ده‌ستى شل بكات، له‌ بابه‌تى حەقدەستی كۆمپانیاكان. به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر به‌غداو هه‌ولێر له‌سه‌ر ئه‌وه‌ لێكتێگه‌یشتنیان كردووه‌، كه‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ى نێوانیان تا ئه‌وكاته‌ به‌رده‌وام بێت كه‌ قه‌رزه‌كان له‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستان ته‌واوده‌بن، ئه‌وكات پێكه‌وه‌ دابنیشنه‌وه‌و رێككه‌وتنێكى دیكه‌ بكه‌ن. له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كۆكن كه‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ بۆ ماوه‌ى ئه‌م كابینه‌یه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم و عێراق بێت. له‌دواى ئه‌وه‌ ده‌بێت جارێكى دیكه‌ دابنیشنه‌وه‌و كار بۆ رێككه‌وتنى نوێ بكه‌ن.

زانیارى هه‌یه‌ به‌غدا تا ته‌واوبوونى قه‌رزه‌كانى سه‌ر هه‌رێم رازییه‌ به‌ مانه‌وه‌ى ئابوورى سه‌ربه‌خۆى هه‌رێمى كوردستان. گرفتێكى دیكه‌ له‌ بابه‌تى حه‌قدەستى كۆمپانیاكان ئه‌وه‌یه‌، له‌هه‌رێمى كوردستان حه‌قدەستى كۆمپانیاكان به‌ پشك ده‌درێت به‌ڵام به‌غدا گرێبه‌ستى كاری هەیەو پاره‌یان پێده‌دات. هه‌رێمى كوردستان ناشیه‌وێت به‌غدا ده‌ستوه‌ردان له‌ ورده‌كارى گرێبه‌سته‌كانى بكات و ده‌یه‌وێت خۆى به‌ به‌رپرس بمێنێته‌وه‌ له‌ گرێبه‌سته‌كانى.

بەهیچ شێوەیەك بەشەبوودجەی هەرێم تێكەڵ بە سیاسەت ناكرێت

مه‌سرور بارزانى له‌ كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ شاندى دانوستانكار، گوتویه‌تى":ئاماده‌ین نه‌وت راده‌ست بكه‌ین".به‌ڵام جارێكى دیكه‌ باسى حه‌قدەستى كۆمپانیاكانى كردووه‌، دیارنییه‌ سبه‌ینێ هه‌رێم له‌پێناو رێككه‌وتن پشت له‌م مه‌رجه‌ش ده‌كات، یاخود هه‌ندێك ده‌ستكارى مه‌رجه‌كه‌ ده‌كات. 

"رێككه‌وتن واژۆ ده‌كرێت"
فارس عیسا سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا، ئه‌مڕۆ رایگه‌یاند، شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكوومەتی عێراق رێككەوتوون، كە لەسەرەتای ساڵی نوێوە هەرێم رۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بكات، بەغداش مانگانە بەشەبوودجەی هەرێم بەتەواوی رەوانە بكات. عیسا جه‌ختیكرده‌وه‌"بەهیچ شێوەیەك بەشەبوودجەی هەرێم تێكەڵ بە سیاسەت نەكرێت". به‌گوته‌ى ئه‌و، بڕیارە سبەی دووبارە شاندی هەرێم بێتەوە بەغدا و رێككەوتنەكە واژۆ بكەن، كە لە سەرەتای ساڵی نوێ و دوای پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای بوودجەی ساڵی داهاتوو، جێبەجێدەكرێت.

بوودجه‌ خه‌ریكه‌ پێده‌گات
گفتوگۆكان له‌ ده‌رنگوه‌ختدایه‌، پرۆژه‌یاساى بوودجه‌ له‌ حكومه‌ته‌وه‌ پێگه‌یشتووه‌ به‌ڵام هێشتا ره‌وانه‌ى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق نه‌كراوه‌. جه‌مال كۆچه‌ر ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق بۆ په‌یسه‌ر گوتى، بوودجه‌ له‌سه‌ر رێككه‌وتنى به‌غداو هه‌ولێرو جێكردنه‌وه‌ى داواكارى خۆپیشانده‌ران دواكه‌وتووه‌ به‌مزووانه‌ ده‌گاته‌ هۆڵى په‌رله‌مان. به‌گوته‌ى غالب محه‌مه‌د ئه‌ندامى لیژنه‌ى نه‌وت و وزه‌ بۆ په‌یسه‌ر، ئه‌م هه‌فته‌یه‌ ئه‌گه‌رى زۆره‌ بوودجه‌ بگاته‌ په‌رله‌مان. 

ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئه‌مڕۆ بۆ میدیاى حزبه‌كه‌ى (پارتى) گوتى، دوای رێککەوتنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق لەسەر پڕۆژەیاساى بوودجە، کۆتایی ئەم هەفتەیە یاخود هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی عێراق دانیشتنی بۆ دەکات و چاوەڕواندەکرێت کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی داهاتوو، ببێتە یاسا و پەسەند بکرێت. ئه‌مڕۆ جوتیار عادل گوته‌بێژى حكومه‌تى هه‌رێم سه‌باره‌ت به‌ هاتوچۆى شانده‌كانى هه‌رێم په‌یامى هه‌بوو، ئه‌گه‌رچى هیچ رێككه‌وتنێكى رانه‌گه‌یاند، به‌ڵام ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، هه‌ردوولا گه‌یشتوونه‌ته‌ لێكتێگه‌یشتنی باش و سبه‌ینێش بۆ درێژه‌دان به‌ گفتوگۆكان جارێكی دیكه‌ شانده‌كه‌ ده‌چێته‌وه‌ بۆ به‌غدا."

 ئه‌مریكییه‌كانیش چاویان له‌ دانوستانه‌كان دانه‌بڕیوه‌

شانده‌كانى هه‌رێم بۆ رێككه‌وتن په‌له‌په‌لییان پێوه‌ دیاره‌، رێككه‌وتن ته‌نها بۆ هه‌رێم شیفا نییه‌و به‌غداش عه‌وداڵى وه‌رگرتنى نه‌وتى هه‌رێم و وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ناڕه‌زاییه‌كانى شه‌قامى عه‌ره‌بى و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانه‌. ئه‌مریكییه‌كانیش چاویان له‌ دانوستانه‌كان دانه‌بڕیوه‌و هانى هه‌ردوولاده‌ده‌ن تا به‌زوویى بگه‌نه‌ رێككه‌وتن، دوێنێ مایك پێنس كاتێك گه‌یشته‌ هه‌ولێر و له‌به‌غدا لاى نه‌دا، هێشتا شانده‌كه‌ى هه‌رێم له‌ به‌غداوه‌ نه‌گه‌ڕابوونه‌وه‌. ئاماژه‌كان زۆرتر رووه‌و ئه‌وه‌ن كه‌ بسازێن، سازانیش نه‌یارى زۆرن و له‌هه‌ركاتێكدا قڵپبوونه‌وه‌ى دانوستانه‌كان ئه‌گه‌رێكى زۆر دوور نییه‌.