05:25 - 23/11/2019
شاندى هه‌رێم و بەغدا جارێكى دیكه بێئه‌نجام بوون
شاندى نێردراوى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، ئه‌مڕۆ شتێكى ئه‌وتۆى له كۆبوونه‌وه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدى نه‌چنییه‌وه. رێككه‌وتن نه‌كراو نه‌گه‌یشتنه ئه‌نجام. له‌كاتێكدا پێشوەخت شانده‌كه ده‌سه‌ڵاتى پێ‌درابوو كه ئه‌گه‌ر به‌غدا له هه‌رێم هاته‌پێش، شانده‌كه ناوی خوای لێبهێنن و راده‌ستكردنى نه‌وت رابگه‌یه‌نن. هه‌رێم و به‌غدا جارێكى دیكه به ده‌ستى به تاڵ له هۆڵى كۆبوونه‌وه هاتنه ده‌ره‌وه. مشتومڕه‌كان به كۆبوونه‌وه‌ى دیكه سپێردران.
كۆبوونه‌وه‌ى شانده‌كه له‌گه‌ڵ عه‌بدولمه‌هدى زوو ده‌ستیپێكردوو زوو كۆتایى هات
ئه‌مڕۆ شاندێكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هه‌ر به‌ره‌به‌یان له هه‌ولێره‌وه به‌ره‌و به‌غدا فڕین، ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیرى دارایى سه‌رۆكایه‌تى شانده‌كه‌ى ده‌كرد و خالید شوانى وه‌زیرى هه‌رێم بۆ كاروبارى په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ به‌غدا، ئومێد سه‌باح سه‌رۆكى دیوانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، ئەندام بوون. فارس عیسا سه‌رۆكى نوێنه‌رایه‌تى حكومه‌تى هه‌رێم له‌به‌غدا. كه جاروبار قسه له‌سه‌ر نێوانى هه‌ولێر و به‌غدا ده‌كات، یاوه‌رى شانده‌كه‌ى كرد. كۆبوونه‌وه‌ى شانده‌كه له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زیران زوو ده‌ستیپێكردوو زوو كۆتایى هات، به بێده‌نگی و بێ دركاندنى هیچ سه‌ره‌داوێك كۆتایى هات.
به‌غدا ئاماده‌نه‌بووه به‌رامبه‌ر ٢٥٠ هه‌زار به‌رمیل نه‌وت، سه‌دا ١٢.٦٧ی مووچه بۆ هه‌رێم بنێرێت
به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر، شاندى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌فه‌رمى ئاماده‌یى هه‌رێمیان بۆ راده‌ستكردنى ٢٥٠هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى مانگانه به به‌غدا راگه‌یاندووه. ئه‌مجاره به‌غدا ئاماده‌نه‌بووه له به‌رامبه‌ر وه‌رگرتنى ٢٥٠ هه‌زار به‌رمیل نه‌وت، سه‌دا ١٢.٦٧ی مووچه بۆ هه‌رێمى كوردستان ره‌وانه‌بكرێت. زانیارى هەیە كه هه‌رێم داوای کردووە عێراق خەرجی کۆمپانیاکان لە ئەستۆ بگرێت به‌رامبه‌ر راده‌ستكردنى نه‌وت، به‌غدا ره‌تیكردووه‌ته‌وه، به‌ڵام هه‌رچى سه‌باره‌ت به‌قه‌رزه‌كانه به‌غدا پێشتریش ره‌تیكردووه‌ته‌وه قه‌رزه‌كانى هه‌رێم بخاته كۆڵى خۆى، هه‌رێمیش تاڕاده‌یه‌ك له‌م مه‌رجه كشابووه‌وه.
زانیارى هه‌یه دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكییه‌كانیش كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان كردبێت
داواكارییه‌كى دیكه‌ى هه‌رێم له‌به‌غدا ئه‌وه‌بووه، له كاتى راده‌ستكردنى نه‌وت، به‌غدا ده‌ستوه‌رنه‌داته گرێبه‌سته‌كان و هه‌رێمى كوردستان خۆى لایه‌نى گرێبه‌سته‌كان بێت و خۆشى سه‌رپه‌رشتییان بكات، به‌ڵام پێناچێت به‌غدا به‌مه‌ش رازى بووبێت. بۆیه‌ش كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ئه‌مڕۆ ئه‌نجامى كۆنكرێتى نه‌بووه‌و بڕیاره شانده‌كه بێنه‌وه له كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ورده‌كارى بۆچوونى به‌غدا شه‌نوكه‌و بكه‌ن. زانیارى هه‌یه دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكییه‌كانیش كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان كردبێت. چونكه دانوستانه‌كان به چاودێرى و ئاگادارى ئه‌مریكییه‌كان ده‌كرێت. به‌ڵام په‌یسه‌ر ئه‌وه‌ى بۆ پشتڕاستنه‌كرایه‌وه.
په‌رله‌مانتاران ئاگادارنین
ئه‌حمه‌دى حاجى ره‌شید ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، بۆ په‌یسه‌ر ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، هه‌رێمى كوردستان ده‌یه‌وێت داهاتى نه‌وت راده‌ست بكات، نه‌ك نه‌وته‌كه خۆى ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه كه به‌غدا په‌سه‌ندى ناكات. ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد په‌رله‌مانتاران ئاگادارى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ئه‌مڕۆ نه‌بوون. حاجى ره‌شید ره‌خنه‌شى له پێكهاته‌ى شانده‌كه گرت و گوتى، به‌پێكهاته‌ى شانده‌كه بێت، دیاره كه رێككه‌وتن ناكرێت. غالب محه‌مه‌د ئه‌ندامى لیژنه‌ى نەوت و وزە لە ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، به‌هه‌مان شێوه گوتى، هیچ زانیارییه‌كیان له‌سه‌ر كۆبوونه‌وه‌كان نییه و پرس به په‌رله‌مانتاران نه‌كراوه،"به‌ڵام هه‌رێمى كوردستان هه‌موو ساڵێك ئه‌م كاتانه ده‌ڵێن كه رازین نه‌وت راده‌ست بكه‌ن".
پێده‌چێت له ورده‌كاریدا ئاسته‌نگ زۆرهه‌بن
شێروان میرزا ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق بۆ په‌یسه‌ر گوتى، شانده‌كه گوتویانه كه كۆبوونه‌وه‌كه ئیجابى بوو به‌ڵام جه‌ختیكرده‌وه، كه هیچ زانیارییه‌كى فه‌رمییان پێنه‌دراوه له‌باره‌ى ناوه‌رۆكى كۆبوونه‌وه‌كان، بەڵام کۆبوونەوەکان بەردەوام دەبن.
فارس عیسا سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا، ناوبه‌ناو له‌باره‌ى رێككه‌وتنى هه‌ولێرو به‌غداوه قسه ده‌كات، پێش كۆبوونه‌وه‌كه‌ش بۆ میدیاى حزبه‌كه‌ى(پارتى) گوتى:"لێكتێگەیشتنی باش لە نێوان هەرێم و بەغدا هەیە و گەیشتوون بە قۆناغی كۆتایی، بەڵام هەندێك مەلەف ماون رێككەوتنی كۆتاییان لەسەر بكرێت".دواى كۆبوونه‌وه‌كه فارس عیسا قسه‌ى نه‌كرد.
ئه‌مجاره‌یان چیتر كات كراوه نییه‌و حكومه‌تى هه‌رێم دوودڵى زۆرى هه‌یه
سامر غه‌زبان، وه‌زیری نه‌وتی عێراق دوێنێ رایگه‌یاند،"ئه‌وه‌ی گوێم لێبووه ده‌بێ بۆ بودجه‌ی ٢٠٢٠ ئه‌م شته جێبه‌جێبكرێت هه‌رێمى كوردستان ٢٥٠ هه‌زار به‌رمیل نه‌وت راده‌ست ده‌كات. ئه‌مڕۆش له‌گه‌ڵ كارمه‌ندانی سۆمۆ كۆبوومه‌وه، فه‌رمانم پێكردن له‌مه‌ودوا له ئاماده‌باشیدابن بۆ وه‌رگرتنی رۆژانه ٢٥٠ هه‌زار به‌رمیل نه‌وت. ئه‌مه‌ش له‌سه‌ره‌تای سه‌ری ساڵی نوێوه ده‌بێت. ئه‌وه‌ی من لێی تێگه‌یشتبم له‌میانی لێكگه‌یشتنه‌كان، به‌مشێوه‌یه ده‌بێ كاری پێبكرێت". ئه‌و لێدوانه‌ى غه‌زبان ئاماژه‌ى نزیكبوونه‌وه‌ى نێوانى هه‌ردوولایه، به‌ڵام پێده‌چێت له ورده‌كاریدا ئاسته‌نگ زۆرهه‌بن. حكومه‌تى عێراقیش له‌ژێر فشارى خۆپیشانده‌راندایه، كه‌پێیان وایه كابینه‌كه‌ى عه‌بدولمه‌هدى سازشى بۆ هه‌رێمى كوردستان كردووه.
بارى لارى عه‌بدولمه‌هدى
دانوستانه‌كان له‌كاتێكدان كه عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زیران، له‌ژێر فشارى زۆرى خۆپیشانده‌ران و لایه‌نه‌كاندایه. ئه‌مڕۆ هاوكات له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌چوونى كۆبوونه‌وه‌كه هه‌واڵى كۆكردنه‌وه‌ى ١٦٦ واژۆ له ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق بۆ لادانى عه‌بدولمه‌هدى بڵاوبووه‌وه. سه‌رۆك وه‌زیران ده‌زانێت له دۆخێك‌دا یارى ده‌كات ره‌نگه هه‌ڵه‌یه‌كى بچووك ئاینده‌ى سیاسى بسڕێته‌وه. له قۆناغى ئه‌ودا هه‌رچۆن بێت تازه كار له‌كار ترازاوه‌و سەروو ٣٠٠ خۆپیشانده‌ر كوژراوه. ئه‌گه‌رچى خۆى بێبه‌رى ده‌كات له توندوتیژى.
چاره‌نوسى عادل عه‌بدولمه‌هدیی نادیاره
دوو هۆكار واده‌كات، ره‌وتى دانوستانه‌كان هه‌رچۆن بن، شاندى هه‌ردوولا دوودڵ بن له‌سه‌ركه‌وتنى هه‌وڵه‌كانیان، یه‌كه‌میان چاره‌نوسى عادل عه‌بدولمه‌هدییه كه نادیاره‌و هه‌موو ساتێك ئه‌گه‌رى دوورخستنه‌وه‌ى له شانۆى سیاسى هه‌یه. به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر لایه‌نه شیعه‌كان له‌سه‌ر جێگره‌وه‌یه‌ك رێكبكه‌ون. به‌پێى زانیارییه‌كان له چه‌ند كاتژمێرى ئاینده لایه‌نه شیعه‌كان كۆبوونه‌وه‌یه‌كى یه‌كلاكه‌ره‌وه ده‌كه‌ن له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته. به‌ردى دووه‌مى سه‌ر رێگه‌ى دانوستانه‌كانى كورد و به‌غدا ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراقه، فراكسیۆنه عه‌ره‌به‌كان كێبڕكێ ده‌كه‌ن له‌وى كامیان زۆرتر بتوانێت رێگه بگرێت له ره‌وانه‌كردنى پاره بۆ هه‌رێم.
گفتوگۆكان تائێستا به‌هه‌ر ئاقارێك چووبن، هێشتاش كۆبوونه‌وه‌كان ده‌درێنه ده‌ست كۆبوونه‌وه‌ى ئاینده و بڕیاره دانیشتنه‌كانى چه‌ند رۆژى داهاتوو كه‌مێك وێنه‌كه روون بكاته‌وه، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان چیتر كات كراوه نییه‌و حكومه‌تى هه‌رێم ترس و دوودڵى زۆرى هه‌یه له‌مانگى داهاتووه‌وه كێشه‌ى مووچه یه‌خه‌ى بگرێته‌وه‌و به‌غدا بۆ سه‌ره‌تاى ساڵى داهاتوو ئاماده‌ى ره‌وانه‌كردنى مووچه نه‌بێت، بێ رێككه‌وتن.