ڕاپۆرتی کوردستانی

06:36 - 19/11/2019

گۆڕان حه‌ق و حساب له‌گه‌ڵ به‌رپرسه‌كانى ده‌كات‌

پەیسەر

بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌نیازه‌ له‌رێگه‌ى لیژنه‌یه‌كه‌وه‌، بكه‌وێته‌ لێپرسینه‌وه‌و حه‌ق و حساب له‌گه‌ڵ به‌رپرسه‌كانى خۆى، ئه‌و هه‌نگاوه‌ش له‌چوارچێوه‌ى هه‌نگاوه‌كانى خۆڕێكخستنه‌وه‌و به‌ده‌مه‌وه‌چوونى نیگه‌رانییه‌كاندایە، گۆڕان به‌نیازه‌ په‌رێزى خۆى بخاته‌ به‌رده‌م دادگاى خه‌ڵك، بۆئه‌وه‌ش لیژنه‌یه‌كى لێكۆڵه‌ر ده‌ست بۆ ئه‌و فایلانه‌ ده‌بات كه‌ مقۆمقۆو سكاڵایان له‌سه‌ره‌، ئه‌وانه‌ى له‌ شوێنى بڕیارى بزوتنه‌وه‌كه‌ن ده‌ڵێن، كه‌س به‌رامبه‌ر لیژنه‌ى لێپرسینه‌وه‌ پارێزبه‌ندى نییه‌ و كێ قسه‌ى له‌سه‌ربێت، بۆ لیژنه‌كه‌ كێش ده‌كرێت.

گۆڕان ده‌یه‌وێت نیگه‌رانى هه‌ڵسوڕاوه‌كان و خواروخێچى به‌رپرسه‌كانى له‌ ئاستێكدا رابگرێت

دوایین كۆبوونه‌وه‌ى جڤاتى نیشتمانیى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان، بڕیارێكى جیاوازى تێدادرا له‌ كۆبوونه‌وه‌كانى چه‌ند ساڵى پێشوو(لێپرسینه‌وه‌ له‌به‌رپرسه‌كانى گۆڕان و چاودێریكردنیان). چه‌ندساڵێكه‌ گۆڕان له‌ حكومه‌تى خۆجێیى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه‌ هاوبه‌شه‌، سێ خولى یه‌ك به‌دواى یه‌كه‌ فراكسیۆنه‌كانى گۆڕان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق و ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان بوونیان هه‌یه‌، له‌ ماوه‌یه‌كى كه‌مى كابینه‌ى هه‌شت و له‌ كابینه‌ى نۆى حكومه‌تیش به‌شداره‌، ئه‌مانه‌ ده‌یان به‌رپرسى گۆڕانن كه‌ له‌چه‌ند وێستگه‌یه‌كدا به‌ په‌یژه‌ى بزوتنه‌وه‌كه‌دا چوونه‌ته‌ سه‌ر كورسى به‌رپرسیارێتى، هه‌ڵسوڕاوكانى گۆڕان توڕه‌ن له‌وه‌ى زۆربه‌ى ئه‌وانه‌ى به‌سه‌ر شانى هه‌ڵسوڕاوه‌كان و ده‌نگه‌كانیاندا بۆ پۆسته‌كان په‌ڕینه‌وه‌، دواتر وه‌ك كه‌سى سه‌ربه‌خۆ دوركه‌وتنه‌وه‌یان راده‌گه‌یه‌نن، یاخود سه‌نگه‌ر ده‌گوازنه‌وه‌. گۆڕان ده‌یه‌وێت نیگه‌رانى هه‌ڵسوڕاوه‌كان و خواروخێچى به‌رپرسه‌كانى له‌ ئاستێكدا رابگرێت.

لیژنه‌كه‌ كه‌ى ده‌كه‌وێته‌ سه‌رپێ؟

بڕیارى جڤاتى نیشتمانیى گۆڕان به‌وجۆره‌یه‌، لیژنه‌كه‌ له‌سه‌ر ئاستى ژووره‌كان دروستبكرێت و تائێستا پێكنه‌هێندراوه‌ به‌ڵكو بڕیارى پێكهێنانه‌كه‌ى دراوه‌، دواى كه‌وتنه‌ سه‌رپێى ده‌ست به‌ وه‌رگرتنى ئه‌و مه‌له‌فانه‌ ده‌كات كه‌ باس ده‌كرێن له‌سه‌ر هه‌ر به‌رپرسێك، وه‌ سكاڵا وه‌رده‌گرێت له‌سه‌ر هه‌ر به‌رپرسێكى گۆڕان. عه‌دنان عوسمان سكرتێرى جڤاتى نیشتمانیى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان بۆ په‌یسه‌ر سه‌باره‌ت به‌ ئه‌ركى لیژنه‌كه‌ قسه‌ى كردو گوتى، هه‌ركه‌سێك ناوى بێت، یاخود دۆسیه‌یه‌كى هه‌بێت، له‌ هه‌ر شوێنێكه‌وه‌ سكاڵایه‌ك له‌سه‌ر ئه‌ندامێكى ئێمه‌ هه‌بێت، داواكارییه‌ك هه‌بێت بۆ لێپرسینه‌وه‌، ناڕه‌زاییه‌ك هه‌بێت یاخود به‌ڵگه‌یه‌ك بگات به‌ لیژنه‌كه‌، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایە، لیژنه‌كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌كان ده‌كات.

 چاودێرییه‌كى وردى ئه‌داى نوێنه‌ره‌كانمان دەكه‌ین

گوتیشى:"ئێمه‌ پێشتر ئۆپۆزسیۆن بووین و ره‌خنه‌مان له‌ ئه‌داى حكومه‌ت و كاربه‌ده‌ستان گرتووه‌، بینیشمان له‌ ساڵانى رابردوو چه‌ند كه‌سێك دوروكه‌وتنه‌وه‌ له‌ گۆڕان كه‌ له‌پۆستى حكومیدا بوون، ئێستا به‌ گرنگمان زانى كه‌ به‌شدارین له‌ حكومه‌ت بۆئه‌وه‌ى چاودێرییه‌كى وردى ئه‌داى نوێنه‌ره‌كانمان بكه‌ین، چ له‌ حكومه‌تى خۆجێیى چ له‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، له‌رێگه‌ى ئه‌و لێپرسینه‌وه‌و چاودێرییه‌وه‌، هه‌م ده‌توانین پشتیوانى ئه‌و كه‌سانه‌ بكه‌ین كه‌ له‌پشكى گۆڕان له‌ پۆسته‌كانن كارى باش ده‌كه‌ن و خزمه‌تى خه‌ڵك ده‌كه‌ن و له‌سه‌ر پره‌نسیپه‌كانى گۆڕان به‌رده‌وامن، هه‌م لێپێچینه‌وه‌ش له‌وانه‌ بكه‌ین كه‌ به‌گوێره‌ى ئه‌و پره‌نسیپانه‌ كارناكه‌ن و ده‌بنه‌ هۆكارى به‌فیڕۆدانى ماڵى گشتى".

لیژنه‌كه‌ كاتیی یاخود جێگیرە؟

بڕیاره‌كه‌ى گۆڕان به‌وجۆره‌یه‌ ئه‌و لیژنه‌ى دروستده‌كرێت جێگیربێت و به‌رده‌وام بێت، تا وه‌ك چاودێرێك به‌سه‌ر به‌رپرسه‌كانى گۆڕانه‌وه‌ كارى خۆى بكات، بیرۆكه‌ى دروستكردنى لیژنه‌كه‌ له‌نێو جڤاتى نیشتمانیى دژى نه‌بووه‌و كۆده‌نگى له‌سه‌ربووه‌.

كێ ده‌كه‌وێته‌ به‌ر نه‌شته‌رى لێپرسینه‌وه‌؟

له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ى هه‌واڵى دروستكردنى لیژنه‌كه‌، راسته‌وخۆ چه‌ند ناوێك مشتومڕیان له‌سه‌ر بوو، بۆچوونێكى پێشوه‌خته‌ دروستبوو كه‌ ئه‌و لیژنه‌ زۆرتر رووى له‌ هه‌ڵگه‌ڕاوه‌كان، یاخود ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ پشتیان له‌ گۆڕان كردووه‌. عه‌دنان عوسمان ئه‌مه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌و ده‌ڵێت،"هیچ به‌رپرسێك پارێزبه‌ندى نییه‌ نه‌ئه‌وانه‌ى ئێستا له‌ناو گۆڕانن، نه‌ ئه‌وانه‌ى له‌ده‌ره‌وه‌ى بزوتنه‌وه‌كه‌ن، لیژنه‌كه‌ بۆ هیچ كه‌سێكى دیاریكراو نییه‌و هه‌مووى ده‌گرێته‌وه‌، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك بۆ سزادانى سیاسى به‌كارناهێندرێت، ئه‌وانه‌ى له‌ده‌ره‌وه‌ى گۆڕانن و هیچ قسه‌و دۆسیه‌یه‌كیان له‌سه‌رنییه‌، رێزلێگیراون ئه‌وانه‌شى تۆمه‌تێكیان له‌سه‌ره‌ تا ساغ كردنه‌وه‌ى به‌ڵگه‌كان رێزلێگیراون. لیژنه‌كه‌ بۆ هه‌موو دۆسیه‌كانیشه‌ کە له‌ رابردوودا هه‌بوون، ئێمه‌ كه‌ به‌شداربووین له‌ حكومه‌تى هه‌رێم و حكومه‌تى خۆجێییش، ئه‌و به‌ڵێننامه‌مان له‌ یه‌كێتى و پارتى وه‌رگرتووه‌، كه‌ هه‌ر به‌رپرسێكى گۆڕان له‌هه‌ر پۆستێكدا بێت، ئه‌گه‌ر بزوتنه‌وه‌كه‌ لێى ناڕازى بێت، ئه‌وه‌ گۆڕان مافى گۆڕینى هه‌یه‌، كه‌س پارێزبه‌ندى نییه‌". 

سزاكان چین؟

گۆڕان به‌نیازه‌ به‌ ده‌ركردنى ئه‌و كه‌سانه‌ له‌ بزوتنه‌وه‌كه‌و ئاگاداركردنه‌وه‌ى راى گشتى له‌ دۆسیه‌كانیان، سزاى حزبیى ئه‌و به‌رپرسانه‌ى بدات كه‌ تێوه‌گلاون له‌ گه‌نده‌ڵى، به‌ڵام دۆسیه‌كانیشیان ئاڕاسته‌ى دیوانى چاودێرى دارایى و ده‌سته‌ى نه‌زاهه‌ش ده‌كات، تا رێوشوێنى خۆیان بگرنه‌به‌ر.

"گۆڕان گیرۆده‌ى به‌رپرسه‌كانیه‌تى"

نزار مه‌حمود ئه‌ندامى جڤاتى نیشتیمانیى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ده‌ڵێت، گۆڕان جددیه‌ له‌ به‌ئه‌نجام گه‌یشتنى كاره‌كانى لیژنه‌كه‌، ئه‌و بۆ په‌یسه‌ر گوتى، گۆڕان گیرۆده‌ى ده‌ستى به‌رپرسه‌ حكومییه‌كانیه‌تى، چونكه‌ به‌شێكیان ئه‌دایان باش نییه‌و تائێستا گۆڕانكاریش نه‌كراوه‌،"ناڕه‌زایى خه‌ڵكى له‌ گۆڕان زۆرتر به‌هۆى به‌رپرسه‌كانى گۆڕانه‌وه‌یه‌، نه‌ك ناوخۆى بزوتنه‌وه‌كه‌، بۆیه‌ گۆڕان له‌و كاره‌ى جددیه‌و ده‌یه‌وێت لێپرسینه‌وه‌ له‌به‌رپرسه‌كانى بكات، ته‌نها بۆ سزادانیش نییه‌، ره‌نگه‌ كه‌سانێكیان باش بن، ده‌ستخۆشییان لێبكرێت و پشتیوانى بكرێن".

 ئه‌گه‌ر گۆڕان له‌و هه‌ورازه‌ بچێته‌سه‌ر مه‌ودایه‌كى دوورتر قۆناغى پاشه‌كشه‌ جێدەهێڵێت

گۆڕان دوو هه‌ڵبژاردنى رابردووى به‌زیانى قورسه‌وه‌ تێپه‌ڕاند، هێشتا له‌قۆناغێكى هه‌ستیاردایه‌، ئه‌و هه‌نگاوانه‌ى كه‌ ناوى لێناوه‌"خۆ رێكخستنه‌وه‌"، له‌پێناو تێپه‌ڕاندنى قۆناغى سه‌ختى دواى نه‌وشیروان مسته‌فا، چاره‌نووسساز و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ن، پێدەچێت پرسى لێپرسینه‌وه‌ له‌ به‌رپرسه‌كان  له‌هه‌موو پرسه‌كانى دیكه‌ بۆ گۆڕان هه‌ستیار و ئاڵۆزتربێت، ئه‌گه‌ر گۆڕان له‌و هه‌ورازه‌ بچێته‌ سه‌ر ره‌نگه‌ له‌گێژاوێكى ئاڵۆزر رزگارى ببێت و مه‌ودایه‌كى دوورتر له‌ قۆناغى پاشه‌كشه‌ دووربكه‌وێته‌وه‌.