07:46 - 13/11/2019
هه‌ولێرو به‌غدا خه‌ریكه توله‌ڕێیه‌ك بۆ رێككه‌وتن ده‌دۆزنه‌وه
به‌غدا و هه‌رێمى كوردستان خه‌ریكه توله‌رێیه‌ك بۆ ده‌رچوون له ته‌نگه‌به‌رى دانوستانه بێ ئه‌نجامه‌كان ده‌دۆزنه‌وه، حكومه‌تى هه‌رێم له مه‌رجه‌كانى هه‌ندێك نه‌رمى نواندووه‌و به‌غداش كه‌مێك ده‌ستى شلكردووه، رێككه‌وتن له‌سه‌ر نه‌وت و بوودجه دوور نییه، به‌ڵام وه‌ك هه‌میشه گریمانه‌ى رێككه‌وتن بێ له‌مپه‌ر نییه‌و شه‌قامى عه‌ره‌بى و به‌شێك له لایه‌نه‌كان پێناچێت مه‌یلى ئه‌وه‌یان هه‌بێت هاوكاربن. سازانى هه‌ولێر و به‌غدا چه‌نده یارى هه‌یه، ئه‌وه‌نده‌ش نه‌یارى لێ قوتبووه‌ته‌وه.
ده‌ستپێشخه‌رییه‌كى دووسه‌ره
نزیكبوونه‌وه‌ى ئه‌مجاره‌ى هه‌رێمى كوردستان و به‌غدا له‌پشتى په‌رده‌وه، دوولایه‌نه‌یه‌و هه‌ردوولا خواستى خۆیان بۆ كۆتاییهێنان به مشتومڕى رێككه‌وتن به‌یه‌ك گه‌یاندووه. حكومه‌تى هه‌رێم گه‌شبینه به‌وه‌ى له‌رێگه‌ى ئه‌و پرۆژه‌یه‌وه كه پێشنیاریكردووه بتوانێت به‌غدا قایل بكات به به‌شێك له داواكارییه‌كانى و گرێى مووچه جارێكى دیكه سه‌رهه‌ڵنه‌داته‌وه. هه‌رێمى كوردستان پێشتر پرۆژه‌یه‌كى بۆ رێككه‌وتن ره‌وانه‌ى به‌غدا كردبوو هه‌رزوو ره‌تكرایه‌وه كه به‌مجۆره‌بوو.
عه‌بدولمه‌هدى پرۆژە نوێیەکەی هەرێمی نه ره‌ت كردووه‌ته‌وه نه په‌سه‌ند
*هه‌رێمى كوردستان نه‌ك ٢٥٠ هه‌زار به‌رمیل، به‌ڵكو هه‌موو ئه‌ونه‌وته‌ى هه‌یه‌تى راده‌ستى ده‌كات، له‌به‌رامبه‌ردا سه‌دا ١٧ى بوودجه‌ى پێبدرێت و قه‌رزه‌كانى كه سه‌رووى ٢٠ملیار دۆلاره بۆ بدرێته‌وه، به‌جۆرێك قه‌رزه‌كان له ریزى خه‌رجى سیادى هه‌ژمار بكرێن تا حكومه‌تى به‌غدا بیان داته‌وه، به‌ڵام عه‌بدولمه‌هدى ئه‌م فایله‌ى وه‌رنه‌گرت.
*رێگه‌چاره‌ى دووه‌م كه پێشنیاركراوه، ئه‌و بیرۆكه‌یه كه خه‌ریكه هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر په‌تێك ده‌خاته‌وه ڕێ، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه هه‌رێمى كوردستان ٢٥٠ هه‌زار به‌رمیل نه‌وت راده‌ستده‌كات، ئه‌و بوودجه‌ى كه بۆى دیاریكراوه سه‌دا ١٢.٦٧ بۆى ره‌وانه‌بكرێت. به‌ڵام هه‌رێم مه‌رجێكى به‌مه‌وه لكاندووه، ئه‌وه‌یش ئه‌وه‌یه كه چۆن هه‌رێم نه‌وته‌كه راده‌ستده‌كات ده‌بێت به‌غدا خه‌رجییه‌كان به‌رهه‌مهێنانى نه‌وته‌كه، واته پاره‌ى كۆمپانیاكان بدات. عه‌بدولمه‌هدى نه ره‌تى كردووه‌ته‌وه نه په‌سه‌ند.
مادده‌ى یاسایى رووپۆشكراو بۆ رێككه‌وتن
حكومه‌تى عێراق ئێستا له‌ژێر فشارى زۆرى خۆپیشانده‌راندایه، شه‌قامى به‌غداش هه‌ر ره‌وانه‌كردنێکی پاره بۆهه‌رێم به سازشى حكومه‌تى عێراقی تێده‌گه‌ن، حكومه‌تى عێراقیش ترسى هه‌یه رێككه‌وتن شه‌قام توڕه‌تر بكات، به‌ڵام بۆئه‌مه ده‌ره‌چه‌یه‌كى یاسایى دۆزراوه‌ته‌وه. جه‌مال كۆچه‌ر ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، نزیكبوونه‌وه‌ى به‌غدا و هه‌ولێرى بۆ په‌یسه‌ر پشتڕاستكرده‌وه.
كۆچه‌ر گوتى، ره‌نگه له‌ژێر ناوى پرۆژه‌ى ستراتیژى هاوشانى پاره‌یه‌ك بۆمووچه، هه‌ندێك پاره‌ى دیكه بۆ هه‌رێمى كوردستان ره‌وانه بكرێت له پرۆژه یاساى نوێى بوودجه، ئه‌وه‌ش واده‌كات زۆر به زه‌قى ئه‌و پاره‌یه به‌رچاو نه‌بێت له یاساكه كه بۆ هه‌رێم ره‌وانه ده‌كرێت، به‌گوته‌ى ئه‌و په‌رله‌مانتاره، له‌ئێستادا یاساى بوودجه له وه‌زاره‌تى دارایى له‌سه‌ر دوو شت وه‌ستاوه، یه‌كه‌میان جێكردنه‌وه‌ى داواكارى خۆپیشانده‌ران و دووه‌میان رێككه‌وتنه له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان.
هه‌رێمى كوردستان مافى خۆیه‌تى داواى خه‌رجى به‌رهه‌مهێنانى نه‌وته‌كه‌و كرێى كۆمپانیاكان بكات
بڕیاره له بوودجه‌ى نوێى ساڵى داهاتوودا پاره بۆ پرۆژه‌ى ستراتیژى له هه‌ر ناوچه‌یه‌كى عێراق ته‌رخانبكرێت، بۆ هه‌رێمى كوردستان وه‌ك چاره‌سه‌رێك نێتێك هه‌یه له‌ژێر ناوى ئه‌و پرۆژانه‌دا پاره بۆ هه‌رێم ره‌وانه بكرێت و پاره‌یه‌كى زۆر بۆ مووچه له یاساى بوودجه‌دا جێنه‌كرێته‌وه.
جه‌مال كۆچه‌ر پێى وایه، هه‌رێمى كوردستان مافى خۆیه‌تى داواى خه‌رجى به‌رهه‌مهێنانى نه‌وته‌كه‌و كرێى كۆمپانیاكان بكات، چونكه ئه‌و نه‌وته‌ى راده‌ستى به‌غداى ده‌كات پاره‌ى زۆرى تێده‌چێت تا به‌رهه‌مدێت. به‌ڵام به دوورى زانى حكومه‌تى عێراق بچێته ژێر بارى دانه‌وه‌ى قه‌رزه‌كانى هه‌رێم و هه‌ژماركردنیان وه‌ك خه‌رجى سیادى.
عادل عه‌بدولمه‌هدى دێته‌وه سه‌رخه‌ت
ماوه‌ى زۆرتر له‌مانگێكه، خۆپیشاندانه‌كان سه‌رنجى ته‌واوى حكومه‌تى به‌غداى وه‌رگێڕاوه، دانوستان و رێككه‌وتن كه‌مترین مشتومڕى له‌سه‌ركراوه، به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس، دواى ئه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان ده‌ستپێشخه‌رى دووه‌مى ناردووه، عادل عه‌بدولمه‌هدى په‌یامى بۆ هه‌ولێر ناردووه، كه شاند ره‌وانه بكه‌ن بۆئه‌وه‌ى هه‌ردوولا به گفتوگۆ رێگه‌چاره‌یه‌ك بدۆزنه‌وه‌و رێكبکه‌ون.
دوودڵییه‌ك بۆ حكومه‌تى هه‌رێم
به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس، له‌به‌غداوه نێتێكى جددى هه‌یه بۆئه‌وه‌ى له یاساى بوودجه، پشكى هه‌رێمى كوردستان به پێى پارێزگاكان دیاریبكرێت و هه‌ر پارێزگایه‌ك پشكى خۆى بۆ دیاریبكرێت له‌سه‌ر بنه‌ماى رێژه‌ى دانیشتووانى پارێزگاكه ئه‌و پارێزگایانه‌ى سامانى سروشتییان هه‌یه بوودجه‌یه‌كى دیكه وه‌ك پترۆدۆلار وه‌رده‌گرن، به‌ڵام پێناچێت حكومه‌تى هه‌رێم به‌مه قایل بێت، ئه‌وه به‌شێوه‌یه‌كى دیكه مامه‌ڵه‌كردنى راسته‌وخۆى به‌غدایه له‌گه‌ڵ پارێزگاكانى هه‌رێمى كوردستان و سفركردنه‌وه‌ى رۆڵى حكومه‌تى هه‌رێمه.
نێوانى هه‌ولێرو به‌غدا دواى زریان
هێشتا عه‌بدولمه‌هدى قاچى له ته‌ونى خۆپیشاندانه‌كان نه‌بووه‌ته‌وه، شه‌قامى عێراقى هێشتا پێى ده‌ڵێن(ئیرحه‌ل)، به‌ڵام جارێكى دیكه پشتیوانى ئێران و لایه‌نه شیعه‌كانى بۆ مانه‌وه‌ى مسۆگه‌ركرده‌وه، له‌و سه‌روبه‌نده‌دا كورد له‌هه‌ر لایه‌ك زیاتر پشتیوانى مانه‌وه‌ى كابینه‌كه‌ى عه‌بدولمه‌هدى بوو، ئه‌گه‌رچى به‌رهه‌م ساڵح هه‌ندێك جموجوڵى كرد به ئاڕاسته‌ی ئه‌و هه‌وڵانه‌ى بۆ لادانى هه‌بوون، به‌ڵام دواجار كورد به‌لاى پشتیوانى له عه‌بدولمه‌هدى ساغ بوویه‌وه‌و پشتیوانى ئێرانیش بۆ مانه‌وه‌ى، وایكرد یه‌كێتیش پاشه‌كشه بكات له‌و هاوسۆزییه‌ى له‌گه‌ڵ نه‌یاره‌كانى عه‌بدولمه‌هدى هه‌یبوو. مه‌سعود بارزانى تائێستاش به توندى پێداگرى له‌مانه‌وه‌ى ده‌كات. ئه‌گه‌ر ته‌پوتۆزى خۆپیشاندانه‌كان بنیشێته‌وه، ره‌نگه هه‌ولێرو به‌غدا له كه‌شێكى دۆستانه‌تردا گفتوگۆ بكه‌ن.
چمكى هه‌ندێك ئاماژه به ئاڕاسته‌ى سازانى به‌غداو هه‌ولێر ده‌ركه‌وتوون
پێده‌چێت دواخستنى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان به‌ردێكى دیكه‌ى له‌رێگه‌ى دانوستانه‌كانى به‌غداو هه‌ولێر لابردێت، چونكه لایه‌نه شیعه‌كان هه‌ریه‌كه‌یان له‌ترسى شه‌قام بانگه‌شه‌ى بڕینى بوودجه‌ى هه‌رێمیان ده‌كرد له یاساى بوودجه، ئه‌وه‌ش گفتوگۆكانى بوودجه‌ى سه‌خت كردبوو، عه‌بدولمه‌هدى به هه‌ستیارى زیاتره‌وه هه‌نگاوى ده‌نا له‌گه‌ڵ هه‌رێم، نه‌وه‌ك بكه‌وێته به‌ر رق و توڕه‌یى شه‌قام عه‌ره‌بى.
ده‌رفه‌ت بۆ سه‌ركه‌وتنى رێككه‌وتن چه‌نده گه‌وره ده‌بێت، ئاوه‌هاش دۆخى به‌رزو نزمى عێراق زیاتر و گێژه‌ڵوكه‌ى ناكۆكى و خۆپیشاندانه‌كان ئاڵۆزترده‌بێت، بۆیه پێناچێت رێگاى رێككه‌وتن و بێ گرێ و ساغ و سه‌لامه‌ت بێت به‌تایبه‌ت ئێستا هه‌موارى ده‌ستوور و مقۆمقۆى سیسته‌مى حكومڕانى و مه‌ترسى سڕینه‌وه‌ى كیانى سیاسى هه‌رێم له گۆڕێیه، رووداوه‌كانیش به‌خێرایى ده‌گۆڕێن، هه‌رچۆنێك بێت چمكى هه‌ندێك ئاماژه به ئاڕاسته‌ى سازانى به‌غداو هه‌ولێر ده‌ركه‌وتوون، پێده‌چێت واشنتن و تاراده‌یه‌ك ئێرانییه‌كانیش پێشوازى له‌مه‌بكه‌ن، ئه‌گه‌رهه‌ردوو حكومه‌ت و به‌غدا هه‌له‌كان بچننه‌وه ره‌نگه سه‌رئێشه‌ى زۆر له كۆڵى خۆیان بكه‌نه‌وه‌و كاتێكى زۆرتریان به‌ده‌سته‌وه بێت، بۆ سه‌رقاڵبوون به به‌رنامه‌ى كارى چوار ساڵه‌یانه‌وه.