05:34 - 12/11/2019
بۆچی قامیشلۆ دەکرێتە ئامانج؟
دوانیوەڕۆی رۆژی شەممە ١٢ی ئەم مانگە، جارێکی تر ئاسایش و ئارامیی شاری قامیشلۆ لە رۆژئاوای کوردستان، بە دەنگ و ئاگری دوو تەقینەوەی بەهێز شڵەژایەوەو لە ئاکامدا شەش هاوڵاتی مەدەنی شەهیدبوون و نزیکەی ٥٠ کەسی تر برینداربوون.
لەناو شەهیدەکاندا، قەشەی ئەرمەنییەکانی قامیشلۆ و کوڕێکی هەبوون.
لە ساڵی ٢٠١١ و دوای سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکانی سوریا، هەمیشە شاری قامیشلۆ کراوەتە ئامانجی تەقینەوەکان. ئەم رووداوانە بەڕادەیەک زۆرن کە لە هیچ شارێکی رۆژئاوادا ئەوەندە تەقینەوە روویان نەداوە.
كانتۆنی قامیشلۆ یەکێکە لە شارە گەورەو گرنگەکانی رۆژئاوای کوردستان سهر به ههرێمی جهزیره. هەروەها هاوسنوورە لەگەڵ شاری نسێبین لە باکووری کوردستان. ئەمەش وایکردووە ببێتە دەروازەیەکی گرنگی سوریا لەگەڵ تورکیا.
هەرچەندە لە زۆربەی ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان سوپا و دامەزراوە دەوڵەتییەکانی حکومەتی سوریا نەماون، بەڵام لە قامیشلۆ دامەزراوە دەوڵەتییەکان مانەوە. هەرچەندە ئەم مانەوەیە بێکیشە نەبووەو چەندینجار لەگەڵ ئاسایش و ئیدارەی خۆسەر توشی کیشە و شەڕ هاتوون.
قامیشلۆ ناوەندێکی گرنگی بازرگانییە و فڕۆکەخانەیەکی نێودەوڵەتیشی لێیە. هەروەها شارێکە کە تێیدا بزووتنەوە سیاسی و رۆشنبیرییەکانی کورد هەمیشە لەو شارەدا روویان لە گەشەکردووەو خاوەن جەماوەێکی زۆرن.
قامیشلۆ لەگەڵ تایبەتمەندییە ئابووری و سیاسییەکەی، تایبەتمەندی جوگرافیشی هەیە و لەگەڵ دوو پارچەی تری کوردستان نزیکە ئەوانیش باشوور و باکوورن.
ئەم نزیکییە وایکردووە، چەندین حزب و کۆمەڵەی جیاوازی لێبێ. ئەمەش دەرفەتی کاری سیاسی زیاتری رەخساندووەو جۆرێک لە ململانێی سیاسی لە هەموو ناوچەکان زیاتربێ.
هەرچەندە ئاسایش وئیدارەی خۆسەر لە قامیشلۆدا بەهێزن، بەڵام کەم نین ئەو هێزانەیشی کە لەناو قامیشلۆدا هەن و چالاکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەڕێوە دەبەن. ئەمانە بوونەتە هۆیە ئەوەی قامیشلۆ لە رۆژئاوای کوردستان ببێتە جێی نیگەرانی