ڕاپۆرتی کوردستانی

04:39 - 11/11/2019

هەرێم ساڵانە 180 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت‌

پەیسەر

دوای شەڕی داعش و ئاڵۆزیەكانی عێراق و دۆخی سوریا، هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان  تادێت زیاتر دەبێت. بەپێیی بەڵگەنامەكان نەوتی هەرێمی كوردستان دەتوانێت پێوەرە نێودەوڵەتیەكان بۆ وەبەرهێنان و هەناردەكردن بشكێنێت و ئاستێكی بەرز تۆمار بكات.

ئێستا هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان  تاڕادەیەكی زۆر بەرەوپێشچوون و زیادبونی بەخۆیەوە بینیوە، ئامارەكان باس لەوەدەكەن هەرێمی كوردستان دەتوانێت ڕۆژانە نزیكەی نیو ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمبهێنێت.

هەناردەی نەوتی هەرێم بەرەوپێشچووە
ناوەندی توێژینەوەی رووپێوی ئابووری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تایبەت بە نەوت و بەرهەمە گازیەكان لە جیهاندا، سەبارەت بە نەوتی هەرێمی كوردستان ڕاپۆرتێكی بڵاوكردوەتەوەو باس لە بەرەوپێشچوونی تەواوەتی لە دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكات، بەپێی توێژینەوەكە ئاستی  هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ 500 هەزار بەرمیل نەوت له‌ ڕۆژێكدا بەرزدەبێتەوە.

نەوتی هەرێمی كوردستان چۆنە؟
بەپێی بەڵگەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕابردوودا بریتی بووە لەوەی كە هەرێم ڕۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوه‌ بەڵام بەپێی توێژینەوەكانی ناوەندی (میس) ئێستا هەرێمی كوردستان لە توانایدایە لە رۆژێكدا 500 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمبهێنێت و هەناردەی بكات.
 لەساڵی نوێدا هەرێم دەتوانێت 500 هەزار بەرمیل ڕۆژانە بەرهەمبهێنێت
واتە لە مانگێكدا دەتوانێت 15 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمبهێنێت، ئەم بڕەش بۆ ساڵێك دەكاتە180 ملیۆن بەرمیل، ئەوەش بەشێكی گەورەیە لە ڕێژەی نەوت لە جیهاندا.
هەرێمی كوردستان ساڵانە 180 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت
بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی كوردستان  بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە لە ماوەی ڕابردوودا كۆمپانیای گەورە توانیویانە بێنە هەرێمی كوردستان و وەبەرهێنان لە نەوتدا بكەن و رێ خۆشكراوە بۆ كۆمپانیا گەورەكانی جیهان كە وه‌به‌رهێنان له‌و كه‌رته‌دا بكه‌ن.

بەهای نەوتی هەرێمی كوردستان چەندە؟
بەپێی ئەو بەڵگانەی بڵاوكراونەتەوە، ئەگەر هەرێمی كوردستان لە ڕۆژێكدا 500 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمبهێنێت و هەر بەرمیلێكیش بە 40 دۆلار بفرۆشێت ئەوا  لە رۆژێكدا هەرێم بە بەهای 20 ملیۆن دۆلار  نەوت بەرهەمدەهێنێت، ئەم بڕەش بۆ مانگێگ دەكاتە 600 ملیۆن دۆلار، بۆ ساڵێكیش 7 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار.
ئەگەر نرخی نەوت 40 دۆلار بێت هەرێم ساڵانە بە بەهای 7 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار نەوت دەفرۆشێت
داهاتی گشتی نەوت
ئەگەر بەرمیلێك بە 40 دۆلار بفرۆشرێت
رۆژانە = 200،000،000 دوو سەد ملیۆن دۆلار
مانگانە=600،000،000 شەش سەد ملیۆن دۆلار
ساڵانە= 7،200،000،000 حەوت ملیار و دووسەد ملیۆن دۆلار


 بەپێی بەڵگەكانی ناوەندی (میس) هەرێمی كوردستان لەم ساڵدا دەتوانێت هەناردەكردنی نەوت لە ڕۆژێكدا بگەێنێتە 490 هەزار بەرمیل  و لە ساڵی نوێشدا ئەو بڕە بۆ 500 هەزار بەمریل بەرزدەبێتەوە، ئەوەش گەورەترین پێشكەوتنی وەبەرهێنانه‌ له‌ بواری نەوتدا.

نەوتی هەرێم و نەوتی عێراق
هەرێمی كوردستان و عێراق بەردەوام كێشەی بەرهەمهێنانی نەوتیان هەبووە، بەپێی ڕێككەوتنەكانی پێش رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، دەبوایە هەرێم ڕۆژانە 500 هەزار بەرمیل نەوتی ڕادەستی عێراق بكردایە بە نەوتی كەركوكیشەوە، بۆ ئەوەی عێراق به‌شه‌بودجه‌ی بۆ ڕه‌وانه‌ بكات، بەڵام هەردوولا یەكتریان بە جێبەجێنەكردنی ڕێككەوتنی نێوانیان تۆمەتبار دەكرد.
هەرێم و عێراق بەردەوام كێشەی نەوتیان هەبووە
 نەوتی هەرێمی كوردستان تەنها 10%ی نەوتی بەرهەمهێنراوی عێراق پێكدەهێنێت. عێراق ڕۆژانه‌ زیاتر لە 4 ملیۆن بەرمیل نەوت به‌رهه‌مده‌هێنێت، هەروەها ئەو كۆمپانیایانەی لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن و ئەو كۆمپانیایانەش كە لە عێراق كاردەكەن توانیویانە ڕێژەیەكی زۆرتر لەو نەوتەی باسدەكرێت بەرهەمبهێنن.

خورمەڵە هیوای نوێی نەوتی هەرێم
خورمه‌ڵه‌ كێڵگه‌یه‌كی گرنگی نەوتە لە هەرێمی كوردستان و دەتوانێت زۆرترین نەوت لە و ناوچەیە بەرهەمبهێنرێت. ئێستا زیاتر لە 13 بیرە نەوتی نوێ لەم كێڵگه‌یه‌ هەڵدەكەنرێت، كۆمپانیای كار سەرپەرشتی هەڵكەندنی ئەو بیرە نەوتانە دەكات. به‌و پێیه‌ش ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەم كێڵگه‌یه‌دا له‌ 130 هه‌زار به‌رمیله‌وه‌ بۆ 170 هەزار بەرمیل زیادده‌كات.
نەوتی خورمەڵە
ڕۆژانە = 170،000 سەدو حەفتا هەزار بەرمیل
مانگانە = 5،100،000 پێنج ملیۆن و سەد هەزار بەرمیل
ساڵانە= 61،200،000 شەست و یەك ملیۆن و دوو سەد هەزار بەرمیل

چیرۆكی سەركەوتنی نەوتی هەرێمی كوردستان
چیرۆكی سەركەوتنی نەوتی هەرێمی كوردستان و كەرتی نەوت لە هەرێمدا دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاكانی ساڵی 2016، كاتێك هەرێم لە ڕێی چەند كۆمپانیایەكی گەورەوە توانی چەند كێڵگەیه‌كی گەورەی نه‌وت بدۆزێتەوە و كاریان لەسەر بكات و نەتیان تێدا بەرهەمبهێنێت.

ئەو پێشكەوتنەی كه‌رتی نەوتی هەرێم لە كاتێكدایە  ساڵی 2015 ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەی تەقتەق رۆژانە 116 هەزار بەرمیل بوو، لە ئێستادا ئەو بڕە نەوتە  بۆ كەمتر لە 11 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە دابەزیوە .
بەرهەم هێنانی نەوت لە تەقتەق
ڕۆژانە= 11000 یانزە هەزار بەرمیل
مانگانە=330،000 سێ سەد و سی هەزار بەرمیل
ساڵانە=3،960،000سێ ملیۆن و نۆسەد و شەست هەزار


 ئەوەش كاریگەری گەورەی لەسەر بەرهەمێنانی نەوت لە كوردستاندا هەبووە.سەرەڕای ئەوه‌ش بەرهەمهێنان لە كێڵگە نەوتیەكانی تاوكێ  له‌ 135 هه‌زار به‌رمیله‌وه‌ له‌ ڕۆژێكدا بۆ 83 هەزار بەرمیل دابه‌زیوه‌.
بەرهەم هێنان لە تاوكێ
رۆژانە = 83000 هەشتا و سێ هەزار بەرمیل
مانگانە= 2،490،000 دوو ملیۆن و چوارسەد و نەوەد هەزار به‌رمیل
ساڵانە=29،880،000 بیست و نۆ ملیۆن و هەشت سەد و هەشتا ملیۆن به‌رمیل

سەرەرای دابەزینی هەناردەی نەوتی ئەو دوو كێڵگەیه‌ (خورمەڵە و پێشخاپوور)، ئاستی به‌رهه‌مهێنان له‌ چەندین كێڵگەی دیكەدا بەرزبووەتەوە و لەهەندێك كێڵگەشدا وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه‌.
لەلایەكی ترەوە بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی كوالیتی ئامێرەكانی دەرهێنانی نەوتی كۆمپانیای (تاقە) لە كێڵگەكانی ئەتروش، توانراوە 10 هەزار بەرمیل نەوت لە بیرە نەوتەكانی ئەو سنورە زیاد بكرێت و ئاستەكە بۆ 50 هەزار بەرمیل له‌ ڕۆژێكدا بەرزبێتەوە، لە كاتێكدا پێشتر تەنها 22 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمدەهێنا. بەپێی پلانی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت كێڵگە نەوتیەكانی  ئەتروش لە ساڵی نوێدا بگاتە 80  هەزار بەرمیل له‌ ڕۆژێكدا.
بیرە نەوتەكانی ئەتروش
رۆژانە= 50،000 هەزار بەرمیل
مانگانە=1،500،000 ملیۆنێك و پێنج سەد هەزار بەرمیل
ساڵانە= 18،000،000 هەژدە ملیۆن بەرمیل

ئەوە لەكاتێكدایە ئێستا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەكانی شێخان بۆ 40هەزار بەرمیل له‌ ڕۆژێكدا بەرزكراوەتەوە و پێدەچێت زیاتریش بكرێت، ئەو ڕێژەیەش پێشتر لە ئاستی مامناوەندا بوو كە بریتی بوو لە 31 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێكدا. به‌و پێیه‌ هه‌رێمی كوردستان لە مانگێكدا 1.200.000 ملیۆنێك و دوو سەد هەزار بەرمیل نەوت به‌رهه‌مده‌هێنێت.
كێڵگە نەوتیەكانی شێخان
ڕۆژانە =40،000 چل هەزار بەرمیل
مانگانە=1،200،000 ملیۆنێك و دوو سەد هەزار بەرمیل
ساڵانە= 14،400،000 چواردە ملیۆن و چوارسەد هەزار بەرمیل

بەپێی پێشبینیەكانی ناوەندی میس بۆ نەوت و گاز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست، كه‌رتی نه‌وتی هەرێمی كوردستان باشترین و بەهێزترین بەرەو پێشەوەچوون بەخۆیەوە ده‌بینێت.