06:44 - 10/11/2019
بێهه‌واڵیی کەسوکاری پێشمەرگە دیلەکانی شەکەت کردووە
"باوكه ناتوانم هیچ بڵێم، هه‌رچیتان پێده‌كرێت بۆ رزگاركردنمان بیكه‌ن، چاوه‌ڕوانین"ئه‌مه دوایین رسته‌ى ئاسۆ بوو، كاتێك له موسڵ-ه‌وه دوو ساڵ پێش ئێستا به‌ته‌له‌فۆن قسه‌ى له‌گه‌ڵ تاریق-ى باوكى كرد، ئه‌و رسته‌یه له‌وكاته‌وه له گوێى باوكی‌دا ده‌زرینگێته‌وه، له‌وكاته‌وه ساڵ تێپه‌ڕى و بوو به‌دوان و پێى نایه سێ، ئاسۆ‌و باوكى لێك بێخه‌به‌رن، ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ش كه تاریق له‌گه‌ڵ ئاسۆى كوڕى رێكى خست، چه‌ند ده‌فته‌ر دۆلارێكى تێچوو تا چه‌ند شێخێكى عه‌ره‌ب ئه‌و كاره‌یان بۆ رێكخست، بێ ئه‌وه‌ى ئاسۆ بتوانێت هیچ شوێنێك بڵێت و هیچ زانیارییه‌ك بدات.
ناوه‌ڕاستى ٢٠١٤ ئه‌و گێژه‌ڵوكه‌ى له بیابانه‌كانى ئه‌نباره‌وه هه‌ڵیكردبوو چنگى له باشوورى كوردستان گیركرد، داعش له پانتایى هه‌زار كیلۆمه‌تره‌وه سنورێكى خوێنینى له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه دروستكرد، زیاتر له ١٠٠كه‌س له‌هه‌رێمى كوردستانه‌وه، له‌و گێژاوه‌دا بێ سه‌روشوێن بوون، نزیك به ٧٠ له‌وانه پێشمه‌رگه‌بوون، پێنج ساڵه كه‌سوكارى پێشمه‌رگه‌كان نه گۆڕێك هه‌یه به ته‌نیشتییه‌وه بگرین، نه سه‌ره‌داوێك هه‌یه هیواكانى پێدا هه‌ڵواسن.
دوایین ئومێد
دوایین ئومێدى كه‌سوكارى پێشمه‌رگه دیله‌كان چه‌ند هه‌واڵێك بوو كه له هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ى عه‌ره‌به‌وه ده‌ستیان كه‌وتبوو. زانیارییه‌كان به‌وجۆره‌بوون كه نزیك به ٥٠ پێشمه‌رگه‌ى دیل له زیندانى حوت-ن له سه‌ماوه، كه زیندانێكى میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبى نزیك له ئێرانن. تاریق ره‌فیق باوكى یه‌كێك له پێشمه‌رگه دیله‌كان بۆ په‌یسه‌ر گوتى، چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك ئه‌و هه‌واڵه‌یان پێداون كه ناتوانن ناویان بهێنن له‌به‌ر پاراستنى ژیانیان.
ئه‌و كاته‌ى ئاسۆى كوڕى تاریق له قه‌فه‌سێكى ئاسنینه‌وه له حه‌ویجه، چه‌ند قسه‌یه‌كى بۆ مایكێك كرد كه به‌ده‌ست چه‌كدارێكى داعش-ه‌وه بوو، ته‌مه‌نى ٢٥ به‌هار بوو چه‌ندرۆژێكى كه‌میش بوو ژنى ماره‌بڕیبوو، له‌بیرى ئاهه‌نگى گواستنه‌وه‌و دروستكردنى ژیانه‌وه، بۆ‌نێو قه‌فه‌زه ئاسنینه‌كانى داعش و زیندانه تاریكه‌كان. تاریق ده‌ڵێت، شوێنى زیندانه‌كانیان به وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه داوه گوتویانه به‌دواداچوون ده‌كه‌ن، به‌ڵام دواى مانگ و نیوێك هێشتا وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه وه‌ڵامى نه‌داونه‌ته‌وه.
بێدادى به‌ده‌ست حكومه‌ته‌وه
كه‌سوكارى پێشمه‌رگه‌كان بێدادى زۆریان به‌ده‌ست حكومه‌ته‌وه هه‌یه، گله‌ییان زۆره‌و ده‌ڵێن، وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌و په‌رله‌مانتاره‌كان به‌ده‌میانه‌وه نین، تاریق ده‌ڵێت، حكومه‌ت نه هیچ كارێكى بۆ كردوون نه هاوكارى مادیشى كردوون، به‌وپێیه‌ى ئه‌وان پاره‌یه‌كى زۆریان به‌هه‌ده‌رچووه له‌رێگه‌ى گه‌ڕان به‌دواى پێشمه‌رگه‌كاندا.
گوتى:"من خۆم زیكه‌ى نۆ ده‌فته‌ر دۆلار( ٩٠ هەزار دۆلار)م خه‌رجكردووه، ماڵ نییه لانى كه‌م پێنج ده‌فته‌ر دۆلارى خه‌رج نه‌كردبێت"، كه‌سوكارى پێشمه‌رگه‌كان پاره‌یه‌كى زۆریان به چه‌ند شێخێكى عه‌ره‌ب داوه، كه به‌ڵێنى ئه‌وه‌یان پێداون زانیاری‌یان پێبده‌ن و كوڕه‌كانیان رزگار بكه‌ن، ئه‌گه‌رچى پێشه‌كى پاره‌یان وه‌رگرتووه به‌ڵام هیچ شتێكیان بۆ نه‌كردوون. تاریق ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، به‌شێك له‌و شێخانه له سلێمانى داده‌نیشن له سه‌رچنار، بۆ هه‌ر سه‌ردانێك زۆرجار ٢٠هه‌زار دۆلاریان بۆ بردوون. به‌گوته‌ى باوكى ئه‌و پێشمه‌رگه، زۆرجار شتى دیكه‌یان پێكڕیون ئه‌وه‌ش كارى ناچارى بووه، وه‌ك ئه‌وه‌ى جارێك یه‌كێك له شێخه‌كان كه جگه‌ره‌ى جۆرى مالیبۆرۆى كێشاوه چه‌ند كارتۆنێك جگه‌ره‌یان بۆ كڕیوه، شێخه‌كه خۆى داواى ئه‌وه‌ى كردووه.
وه‌زاره‌ت هه‌واڵى خۆشى لانییه
جه‌بار یاوه‌ر ئه‌میندارى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه ده‌ڵێت، ئه‌وه‌ى به‌وانكراوه كردوویانه‌و هیچ هه‌واڵێكى خۆشیان پێ نییه، تا كه‌سوكارى پێشمه‌رگه‌كان ئاگادار بكه‌نه‌وه، یاوه‌ر بۆ په‌یسه‌ر گوتى، هه‌ر زانیارییه‌ك كه‌سوكارى پێشمه‌رگه‌كان پێیان دابن به‌دواداچوونیان بۆ كردووه‌و هیچ شتێكیان ده‌ستنه‌كه‌وتووه. به‌گوته‌ى خۆى بۆ بابه‌تى زیندانه‌كه‌ى سه‌ماوه‌و باغۆزیش له سوریا، به‌دواداچوونیان كردووه به‌ڵام هیچیان ده‌ستنه‌كه‌وتووه.
له‌دوایین كۆبوونه‌وه‌یان كه‌سوكارى پێشمه‌رگه دیله‌كان له‌سه‌ر چه‌ندخاڵێك رێككه‌وتن، وه‌ك ئه‌وه‌ى مووچه‌ى پێشمه‌رگه‌كان جارێ هه‌واڵه نه‌كرێت بۆ وه‌زاره‌تى شه‌هیدان و وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه چاوه‌ڕێ بكات، چونكه وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه به‌نیازبووه وه‌ك شه‌هید بیان ناسێنێت و مووچه‌كانیان ره‌وانه‌ى وه‌زاره‌تى شه‌هیدان بكات، بۆئه‌وه بیانوویه‌كى یاساییه‌ن هه‌یه(ئه‌گه‌ر كه‌سێك دوو ساڵ ون بێت، وه‌ك مردوو هه‌ژمار ده‌كرێت). له‌سه‌رئه‌وه‌ش رێككه‌وتوون هه‌ماهه‌نگى زیاتریان هه‌بێت و هه‌ر زانیارییه‌كیان ده‌ست بكه‌وێت، به‌زوویى بیگه‌یه‌نن به وه‌زاره‌ت.
زیندانه‌كان وه‌ڵام ده‌ده‌نه‌وه
ناسر هه‌ركى ئه‌ندامى لیژنه‌ى ئاسایش و به‌رگرى له ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، چه‌ند مانگێك پێش ئێستا نوسراوێكى به‌ناوى لیژنه‌كه‌یه‌وه ئاڕاسته‌ى هه‌موو زیندانه‌كان كردووه، كه ناوى پێشمه‌رگه دیله‌كان هاوپێچ كراوه له‌گه‌ڵ نوسراوه‌كه‌دا، هه‌ركى بۆ په‌یسه‌ر گوتى، هه‌موو زیندانه‌كان به‌وانه‌ى حه‌شدى شه‌عبی-شه‌وه وه‌ڵامیان داوه‌ته‌وه كه ئه‌و ناوانه لاى ئه‌وان نین.
ژماره‌ى پێشمه‌رگه‌دیله‌كان به فه‌رمى له وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه ٤٢ كه‌سن، كه‌سوكارى پێشمه‌رگه دیله‌كانیش ٧١ ناویان له گیرفانه، ئامارى نافه‌رمیش هه‌یه كه ژماره‌ى بێسه‌روشوێنه‌كان ١٠١ كه‌سه. جه‌بار یاوه‌ر ده‌ڵێت، وه‌ك ئه‌وه‌ى به‌فه‌رمى پێشمه‌رگه بن ناویان تۆمار بێت ٤٢ پێشمه‌رگه تۆماره لاى ئه‌وان وه‌ك بێسه‌روشوێن،"له هه‌وڵه‌كانمان به‌رده‌وام ده‌بین و هه‌ر شوێنێك گومانمان هه‌بێت سۆراغمان كردووه".
ته‌نها چاوه‌ڕوانیى
هه‌وڵ و هه‌نگاوه بێ ئه‌نجامه‌كان كه‌سوكارى پێشمه‌رگه‌كانى شه‌كه‌ت كردووه، به‌ڵام بێ ئومێدنین، جگه له چاوه‌ڕوانى ده‌رگاى دیكه‌یان به‌روودا كراوه نییه، نه له حكومه‌تى هه‌ولێر و به‌غدا و له په‌رله‌مانتارانه‌وه شتێكى دڵخۆشكه‌ر بۆئه‌وان بوونى نییه، چاوه‌ڕوانییه‌كى به ئازار‌و رۆح كێش، تا هه‌واڵێك یاخود دیدارى پێشمه‌رگه‌كان یاخود ته‌رمه‌كانیان، میوانه.