ڕاپۆرتی کوردستانی

11:03 - 18/12/2018

یەكێتی داوای هەڵدانەوەی "لاپەڕەیەكی نوێ‌" لە گۆڕان دەكات‌

پەیسەر

ئەو متمانەی یەكێتی نیشتمانی بەجێبەجێنەكردنی "رێككەوتننامەی سیاسی" لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان لەدەستیداوە، بەهیچ دەستپێشخەرییەك بەدەست نایەتەوە.

یەكێتی نیشتمانی‌و بزووتنەوەی گۆڕان لە 17ی ئایاری 2016 "رێككەوتننامەی سیاسی"یان واژووكرد، ئەوەش درێژەی رێككەوتنی "دەباشان"ی نێوان جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی‌و نەوشیروان مستەفای رێكخەری كۆچكردووی بزووتنەوەی گۆڕان بوو.

رێككەوتنەكە لە 25 خاڵ پێكهاتبوو، ئەوەش بۆ هەماهەنگیكردنی هەردوو حیزب لەسەر ئاستی عێراق‌و هەرێمی كوردستان لەبوارە سیاسییەكان، بەڵام هەرزوو بەهۆی جێبەجێنەكردنییەوە، ماوەی ساڵێك دەبێت رێككەوتنەكە هەڵپەسێراوە.

بەرپرسانی گۆڕان یەكێتی نیشتمانی-یان تۆمەتباركرد بەجێبەجێنەكردنی رێككەوتنەكە، وەك لەوەی لەچەند بۆنەیەكی جیادا رایانگەیاند، لەو 25 خاڵەی رێككەوتنەكە تەنیا یەك خاڵی جێبەجێكراوە، ئەویش بڵاوكردنەوەی بووە لەمیدیاكان‌و 24 خاڵەكەی تری تەنیا مرەكەبی سەر كاغەز بووە.

جێبەجێنەكردنی رێككەوتننامەی سیاسی گۆڕانی وا لێكردووە متمانەی بەیەكێتی نەمێنێت‌و لەئێستادا نایەوێت بچێتە هیچ رێككەوتن، یان هەماهەنگییەكی تری سیاسی لەگەڵ ئەو حیزبە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دەست پەیسەر پرێس كەوتووە، لەماوەی هەفتەی رابردوو یەكێتی نیشمانی لەگەڵ بەرپرسەكانییەوە چەند جارێك دەستپێشخەرییان كردووە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ گۆڕان، بەڵام دەستپێشخەرییەكان رەتكراوەتەوە.

هەر بەپێی زانیارییەكان لەماوەی ئەو هەفتەیە، هەریەكە لەبافێڵ تاڵەبانی كوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی برازای تاڵەبانی، سەردانی ماڵی عومەری سەید عەلی رێكخەری گشتی گۆڕانیان كردووە دەستپێشخەرییان كردووە، بۆ ئەوەی گۆڕان‌و یەكێتی گفتوگۆ بكەن‌و لەسەر چەند پرسێك رێككەوتن بكەن‌و "لاپەڕەیەكی نوێ‌" بكەنەوە.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، رێكخەری گۆڕان دەستپێشخەرییەكی بەرپرسانی یەكێتی رەتكردووەتەوەو باسی لەوە كردووە، كە بەرپرسانی گۆڕان متمانەیان بە بەرپرسانی یەكێتی نەماوەو لەو بارەشەوە باسی جبَبەجێنەكردنی رێككەوتنی سیاسی نێوانیانی كردووە.

پەیسەر زانیویەتی، كە دەستپێشخەرییەكانی یەكێتی پەیوەندی بەنزیكبوونەوەی گۆڕان‌و پارتی دیموكرات هەیەو دەیانەوێت پێش رێككەوتنی ئەو دوو لایەنە لەسەر پێكهێنانی حكومەت، پەیوەندییەكانیان لەگەڵ گۆڕان ئاسایی بكەنەوە، بەڵام گۆڕان ئامادە نییە لەگەڵ یەكێتی بچێتە هیچ گفتوگۆیەك.

پەیوەندییەكانی گۆڕان‌و یەكێتی لەدوای هەڵبژاردنی 12ی ئایاری رابردووی پەرلەمانی عێراق گەیشتە ئەوپەڕی خراپی، دوای ئەوەی گۆڕان یەكێتی تۆمەتباركرد بەساختەكاری لەهەڵبژاردنەكەو لەبەرانبەر ئەوەشدا یەكێتی هێزی ناردە سەر بارەگای سەرەكی گۆڕان‌و تەقەی لەمەكۆی گۆڕان لەسلێمانی كرد.

لەدوای ئەوەش هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 30 ئەیلوولی رابردوو پەیوەندییەكانی گۆڕان‌و یەكێتی ئەوەندی تر خراپ بوو، كە لەو ماوەیەدا یەكێتی چەندین دەستپێشخەری كردووە بۆ ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ گۆڕان، بەڵام سەرجەمیان رەتكراونەتەوە.

فەرید ئەسەسەرد ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی، لەبارەی دەستپێشخەرییەكانی حیزبەكەی بۆ گۆڕان پشتراستیكردەوە، كە چەند جارێك دەستپێخەرییان بۆ گۆڕان كردووەو بۆ پەیسەر پرێس وتی: یەكێتی دەیەوێت پەیوەندی لەگەڵ هەموو لایەنەكان بەتایبەتی گۆڕان باش بێت، بۆیە دەستپێشخەری كردووە بۆ ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكان.

فەرید ئەسەسەرد وتیشی: یەكێتی نایەوێت پەیوەندی لەگەڵ گۆڕان خراپ بێت‌و جەختیشیكردەوە، لەهەوڵی بەردەوامدان بۆ ئەوەی ئەو گرژییانەی لەماوەی رابردوو هەیانبووە، چارەسەری بكەن‌و رێگە بەدووبارەبوونەوەی نەدەن، كە ئامادەنەبوو لەبارەی رەتكردنەوەی دەستپێشخەرییەكان هیچ قسەیەك بكات.