ڕاپۆرتی کوردستانی

02:55 - 07/11/2019

پلانێكى سه‌خت..كۆتایى خۆپیشاندان یا كۆتایى ده‌سه‌ڵاتى عێراق‌

پەیسەر

ئێران كه‌ڵكه‌ڵه‌ى كۆتاییهێنان به‌ خۆپیشاندانه‌كان و چۆڵكردنى شه‌قامه‌كانى عێراق كه‌وتووه‌ته‌ سه‌رى، به‌غدا له‌ تاران-ه‌وه‌ ئیلهامى داخستنى گۆڕه‌پانى ناڕازییه‌كانى بۆهاتووه‌، توڕه‌یى و رقى خه‌ڵكى ناڕازى زیاتر تینى سه‌ندووه‌، حزبه‌كان ورده‌ ورده‌ ده‌كشێنه‌وه‌ له‌نێو خۆپیشاندانه‌كان، پلانى پاشه‌كشه‌ به‌ خه‌ڵكى له‌سه‌ر مێزى فه‌رمانده‌ ئه‌منییه‌كانه‌، به‌ڵام پێده‌چێت ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ هه‌نگاوى مان و نه‌مان بێت، ئه‌گه‌ر سه‌ربكه‌وێت خه‌ڵكى ده‌وه‌ستێندرێت و ئه‌گه‌ر خه‌ڵك ملنه‌ده‌ن، پێناچێت ئیتر پرۆسه‌ى سیاسى بگیرسێته‌وه‌. 

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر، پلانى كۆتاییهێنان به‌ خۆپیشاندانه‌كان شه‌وى رابردوو جارێكى دیكه‌ شه‌نوكه‌و كراوه‌و بڕاوه‌ته‌وه‌، ده‌سه‌ڵات ترسى هه‌یه‌ له‌وه‌ى هه‌ینى فراوانتر ببن، بۆیه‌ ده‌یه‌وێت ئه‌و گێژه‌ڵوكه‌ى له‌ ده‌ستپێكى ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ هه‌ڵیكردووه‌، ناڕه‌زاییه‌كان له‌گه‌ڵ خۆى لول بدات و وڵات جێبهێڵێت.

ئێران چى ده‌وێت؟
ئێران تا چه‌ند رۆژێكى ده‌ستپێكى خۆپیشاندانه‌كان، مه‌یلى ئه‌وه‌ى هه‌بوو به‌پێى خواستى شه‌قام هه‌ندێك ده‌ستكارى نه‌خشه‌ى سیاسى عێراق بكات و چه‌ند گۆڕانكارییه‌ك له‌ كابینه‌كه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى بكات تا پۆستى سه‌رۆك وه‌زیرانیش، به‌ڵام ئێران زوو له‌و پلانه‌ كشایه‌وه‌، ئێستا به‌رنامه‌ى كۆتاییهێنانى هه‌یه‌ بۆ خۆپیشاندانه‌كانى عێراق، بۆئه‌وه‌ش چه‌ند هه‌نگاوێكى هەڵناوە.

سەدر ده‌یه‌وێت به‌هێواشى له‌ جه‌نجاڵى شه‌قام بێته‌ ده‌ره‌وه‌

تاران پلانى چۆڵكردنى شه‌قامه‌كانى خستووه‌ته‌ سه‌رمێزى عادل عه‌بدولمه‌هدى، ناوه‌ڕاستى ئه‌م هه‌فته‌یه‌ سه‌رۆك وه‌زیران پلانه‌كه‌ى چرپاند به‌گوێى فه‌رمانده‌ ئه‌منییه‌كاندا، شەوی رابردووش جارێکی دیکە تاوتوێی پلانەکە کرا، ئه‌ڵبه‌ت دواى گڵۆپى سه‌وزى لایه‌نه‌ شیعه‌كان، پێده‌چێت تاران به‌پشتیوانى شیعه‌كان و گروپه‌ چه‌كداره‌كانى حه‌شد بییه‌وێت پلانه‌كه‌ بێكێشه‌ جێبه‌جێبكرێت. هه‌نگاوێكى دیكه‌ى تاران بانگهێشتكردنى سه‌دربوو بۆ تاران، موقته‌دا سه‌در چه‌ند رۆژێكى كه‌م له‌ئێران گه‌ڕابووه‌وه‌، به‌ڵام ٣ی ئه‌م مانگه‌، سه‌در له‌نه‌جه‌ف كۆبوونه‌وه‌یه‌كى له‌گه‌ڵ به‌رپرسێكى باڵاى ئێرانى كردوو، دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌ راسته‌وخۆ له‌ نه‌جه‌ف-ه‌وه‌ به‌ فڕۆكه‌یه‌كى ئێران-ى به‌ره‌و ئێران فڕییه‌وه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كان سه‌در له‌دواى سه‌ردانى دووه‌میه‌وه‌ بۆتاران، پاشه‌كشه‌ى كردووه‌و ده‌یه‌وێت به‌هێواشى له‌ جه‌نجاڵى شه‌قام بێته‌ ده‌ره‌وه‌، ئێران ته‌نها به‌ راسپارده‌و پلانه‌كه‌یه‌وه‌ دانه‌كه‌وتووه‌، به‌ڵكو تیمى فراوانى له‌ دامه‌زراوه‌ باڵاكانى حكومه‌ت جێگیركردووه‌، تا له‌نزیكه‌وه‌ ئاگادار و سه‌رپه‌رشتى پلانه‌كه‌ بكه‌ن. لایه‌نه‌ شیعه‌كان ده‌ترسن خۆشیان به‌ ئاگرى خۆپیشاندانه‌كان بسوتێن ئەوەشی هەیانە لە دەستیان بچێت، بەتایبەت زۆربەی دروشمەکانی خۆپیشاندەران بۆ ئەوان بێزارکەرە.

ئێران بۆ كه‌وتووه‌ته‌ خۆى؟
تاران پێى وایه‌ ئه‌گه‌ر هه‌نگاوێك له‌ خۆپیشانده‌ران بچێته‌ پێشه‌وه‌و سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق-یان بۆ بگۆڕێت، خۆپیشانده‌ران شتى زیاتریان ده‌وێت ته‌نها به‌وه‌ داناكه‌ون، ئه‌زمونى نزیكى لوبنان-ى له‌به‌رچاوه‌، كه‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى حه‌ریرى گڕى زیاترى به‌ردایه‌ خۆپیشاندانه‌كان، ئێران بۆنى پلانێك ده‌كات كه‌ به‌ ئامانجى كۆتاییهێنان به‌هه‌ژموونى له‌ عێراق سازێندراوه‌، وه‌ گومانیشى هه‌یه‌ له‌وه‌ى ئه‌مریكا و سعودیه‌ ده‌ستیان خستبێته‌ خۆپیشاندانه‌كانه‌وه‌و ئه‌مه‌ كارتى فشار ئه‌وان بێت. عه‌لى خامنه‌یى رابه‌رى شۆرشى ئیسلامى ئێران ئه‌مه‌ى به‌ئاشكرا گوت، كاتێك ئه‌مریكا و وڵاتانى رۆژئاواى تۆمه‌تباركرد به‌وه‌ى له‌پشت خۆپیشاندانه‌كانى عێراق و لوبنان-ه‌وه‌ن. پۆمپیۆى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكاش چه‌ند جارێك پشتگیرى واشنتن-ى بۆ خۆپیشانده‌ران به‌یانكردووه‌، به‌ڵام ئه‌مریكا هه‌ر ده‌ستێكى به‌ كابینه‌كه‌ى عه‌بدولمه‌هدییه‌وه‌و ته‌نانه‌ت هێزه‌ ئه‌مریكییه‌كان ئه‌ویان پاراست.

ئێران مه‌ترسى جدى هه‌یه‌ ئه‌م دۆخه‌ له‌جڵه‌و ده‌ربچێت 

خواستى خۆپیشانده‌ران روونه‌،(كۆتاییهێنان به‌ هه‌ژموونى ئێران و بڕینى ده‌ستى تاران له‌ عێراق)، په‌لامارى كونسوڵخانه‌كانى ئێران ده‌ده‌ن و به‌رپرسانى ئه‌و وڵاته‌ تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن بە رشتنى خوێنى خۆپیشانده‌ران. ناوبه‌ناو سوكایه‌تى به‌ پیرۆزییه‌كانى چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كى شیعه‌كان ده‌كه‌ن. ئێران مه‌ترسى جدى هه‌یه‌ ئه‌م دۆخه‌ له‌جڵه‌و ده‌ربچێت ئه‌گه‌ر حكومه‌ت نه‌مێنێت.

پلانێكى سه‌خت
حكومه‌تى تاران بۆخۆى ئه‌زموونى ده‌ربازبوونى له‌چه‌ند قه‌یرانێكى گه‌وره‌ى ناڕه‌زایى خه‌ڵك هه‌یه‌ له‌ ئێران، ده‌سه‌ڵاتى ئه‌و وڵاته‌ ناوبه‌ناو رووبه‌ڕووى بومه‌له‌رزه‌یه‌كى ناڕه‌زایى خه‌ڵك ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت و لێى قوتار ده‌بێت. به‌ڵام دووباره‌كردنه‌وه‌ى ئه‌و ئه‌زموونه‌ له‌ به‌غدا ره‌نگه‌ كارێكى ئاسان نه‌بێت و ئاڵنگارى و گرێوگۆڵى زۆرى له‌پێشه‌، له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك.

خۆپیشاندانه‌كانى عێراق، گۆره‌پانێكى ئاسانه‌ بۆئه‌وه‌ى وڵاتان ده‌ستى تێبخه‌ن

یه‌كه‌م؛ له‌ تاران یه‌ك ده‌سه‌ڵاتى مه‌ركه‌زى هه‌یه‌ كه‌ له‌رێبه‌رى شۆرشه‌وه‌ شۆڕده‌بێته‌وه‌، كاتێك رێبه‌ریى خۆپیشاندانه‌كانى به‌ فیتنه‌ وه‌سفكرد ئه‌وه‌ هه‌موو ده‌زگاكان بێ دوودڵى په‌لوپۆى خۆپیشاندان ده‌كه‌ن، به‌ڵام به‌غدا ته‌واو جیاوازەو فره‌ مه‌رجه‌عه‌ و ته‌نانه‌ت لایه‌نه‌كان ناكۆكى خوێناوییان له‌نێوان هه‌یه‌، ده‌سه‌ڵاتێكى مه‌ركه‌زى به‌هێز بوونى نییه‌.

دووه‌م؛ بوونى میلیشیاو گروپى چه‌كدارى نارێكخراو واده‌كات له‌هه‌ر ئانوساتێكدا روودانى پێكدادانى خوێناوى یه‌كێك بێت له‌ ئه‌گه‌ره‌كان، له‌ئه‌گه‌رى رشتنى خوێنى زیاتر ره‌نگه‌ خۆپیشاندانه‌كان سه‌ربكێشت بۆ پێكدادان و شه‌ڕى ناوخۆیى، یاخود ره‌نگه‌ هه‌موو سوپاو فه‌رمانده‌كان ئاماده‌نه‌بن ئه‌وكاره‌ بكه‌ن و روودانى هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ئه‌گه‌ره‌كان.

سێیه‌م؛ خۆپیشاندانه‌كانى عێراق، گۆره‌پانێكى ئاسانه‌ بۆئه‌وه‌ى وڵاتان ده‌ستى تێبخه‌ن، بۆیه‌ش وه‌ك ئه‌وه‌ى ئێران خۆى پێى وایه‌ ئه‌مریكا و سعودیه‌و ئیسرائیل له‌ پشتى خۆپیشاندانه‌كانه‌وه‌ن، ئه‌گه‌ر ئه‌و وڵاتانه‌ له‌پشته‌وه‌ بن، پێناچێت خۆپیشانده‌ران به‌ ئاسانى مل بۆ پلانه‌كه‌ى ئێران بده‌ن.

هه‌ڵمه‌تى كۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانه‌كان، هه‌نگاوى مان و نه‌مان ده‌بێت

چواره‌م؛ لایه‌نه‌كان ترسى زۆریان هه‌یه‌ له‌ پشتكردنه‌ خۆپیشانده‌ران، به‌وپێیه‌ى هه‌ڵبژاردنى نیسانى داهاتوویان له‌پێشه‌و ركابه‌رى توندیان هه‌یه‌ بۆ بردنه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر خۆپیشانده‌ران زوو مل نه‌ده‌ن و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ رووبدات، ره‌نگه‌ به‌شێك له‌لایه‌نه‌كان دیسانه‌وه‌ بچنه‌ به‌ره‌ى خۆپیشانده‌رانه‌وه‌.

پێنجه‌م؛ له‌ تاران یه‌ك مه‌زهه‌ب و یه‌ك نه‌ته‌وه‌ى باڵاده‌ست هه‌یه‌، له‌به‌غدا وانییه‌و سووننه‌كان و به‌شێك له‌ شیعه‌كانیش خۆپیشاندانه‌كانیان پێ خۆشه‌.

شه‌شه‌م؛ ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ى بۆ كۆتاییهێنان بۆ خۆپیشاندانه‌كان ده‌ستپێده‌كه‌ن، هه‌نگاوى مان و نه‌مان ده‌بێت، چونكه‌ سه‌رچاوه‌كان تائێستا باس له‌ كوشتنى ٣٠٠ كه‌س ده‌كه‌ن، خۆ ئه‌گه‌ر خوێنى زیاتر برژێت و خه‌ڵك هه‌ر له‌سه‌ر شه‌قام بمێننه‌وه‌ ره‌نگه‌ توڕه‌یى خه‌ڵك زیاتر بێت، و ئه‌وه‌ كۆتایى حكومه‌ت بێت. 

 خۆپیشانده‌ران ئاماده‌نین به‌ ده‌ستى به‌تاڵه‌وه‌ شه‌قام چۆڵ بكه‌ن

حه‌وته‌م؛ مه‌رجه‌عیه‌تى نه‌جه‌ف بۆى ئاسان نییه‌، خۆى ساغ بكاته‌وه‌و هاوشێوه‌ى خامنه‌یى خۆپیشانده‌ران به‌ فیتنه‌ وه‌سف بكات. مه‌رجه‌عییه‌ت ده‌یه‌وێت قورسایى خۆى رابگرێت و دانه‌كشێته‌ نێو ورده‌كارى یارییه‌كان.

پێده‌چێت ئه‌و پلانه‌ى بۆ پاشه‌كشه‌كردن به‌ خه‌ڵك داڕێژراوه‌، عێراق بخاته‌ دۆخێكى ئاڵۆزتره‌وه‌، ره‌نگه‌ ده‌سه‌ڵاتداران بیرله‌وه‌بكه‌نه‌وه‌ له‌كاتێكى كه‌مدا ئه‌و پلانه‌ جێبه‌جێبكه‌ن، تا ده‌رفه‌ت نه‌ده‌ن خۆپیشانده‌ران خۆیان رێكبخه‌نه‌وه‌و چاوى جیهان رووداوه‌كان ببینێت، كۆتاییهێنان به‌ خۆپیشاندانه‌كان و به‌رده‌وامیشیان ره‌نگه‌ عێراق بخاته‌ دۆخێكى ئێجگار ئاڵۆزه‌وه‌، خۆپیشانده‌ران ئاماده‌نین به‌ ده‌ستى به‌تاڵه‌وه‌ شه‌قام چۆڵ بكه‌ن، بۆیه‌ش ره‌نگه‌ به‌ره‌نگارى فشاره‌كان ببنه‌وه‌، دواى ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ ئه‌گه‌ریش ناڕه‌زاییه‌كان به‌رده‌وام بن، پێناچێت ئیدى ناڕه‌زاییه‌كان له‌نێو گۆڕه‌پانه‌كان و سه‌رشه‌قامه‌كان بگیرسێنه‌وه‌.