06:26 - 06/11/2019
بە ١٣ وەزیر و نۆ کابینەوە نەیانتوانی کەرتی پەروەردە باش بکەن
وەزارەتى پەروەردە لە ساڵى ١٩٩٢دا پێکهێنراوە، لە سەرەتاى دروستبوونیەوە ١٣ وەزیرى گۆڕیوە، جگه له كابینه‌ی سێیه‌م و چواره‌م هه‌موو كابینه‌كان یەک وەزیرى هەبووە. لە کابینەى سێیەمى حکومەتدا، واتە سەردەمى دوو ئیدارەیى، سێ وەزیر وەزارەتەکەیان بەڕێوەبردووە، یەکێک لە هەولێر و دووان لە سلێمانى. لە کابینەى چوارەمیشدا کە ئەویش هەر لە سەردەمى دوو ئیدارەیىدا بوو، سێ وەزیر وەزارەتەکەیان بەڕێوەبردووە یەکێک لە هەولێر و دووان لە سلێمانى.
لە سەرەتاى نەوەدەکانەوە کەرتى پەروەردە بە دەست چەندین گیروگرفتەوە ناڵاندوویەتى، بە تایبەت لە سەرەتادا کە لە دواى ڕاپەڕینەکەى ١٩٩١وە زۆربەى ناوەندەکانى خوێندن تاڵانکران و زیانى زۆریان پێگەیشت. بەجۆرێک کەڵکى ئەوەیان نەمابوو تیایاندا بخوێنرێت.
دواى یەکەم هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان و پێکهێنانى یەکەم کابینەى حکومەت، وەزارەتى پەروەردە یەکێک بوو لە سەرەکیترین وەزارەتەکان کە هەریەکێک لە حزبەکان بە تایبەت پارتى و یەکێتى هەوڵیان دەدا دەستى بەسەردا بگرن و خۆیان بەڕێوەى ببەن. بەڵام هیچکام لەو وەزیرانەى کە حزب داینابوون، نەیانتوانیوە تەنانەت کێشەى کەمى بیناى خوێندن چارەسەربکەن.
وەزارەتى پەروەردە لە هەردوو کابینەى یەکەم و دووەمدا لەلایەن یەک کەسەوە بەڕێوەبراوە، دروشمى سەرەکى وەزارەتەکە لە هەردوو کابینەکەدا بریتى بوو له به‌رده‌وامبوونى خوێندن و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى گونده‌كان و دەستپێکردنەوەى خوێندن تیایاندا.
دواى ٢٩ ساڵ لە پێکهێنانى، تائێستاشى لەگەڵدابێ وەزارەتى پەروەردە سیستمێکى پەروەردەکردنى گونجاوى بۆ پەروەردەکردنى نەوەى داهاتوو نییە و فەلسەفەیەکى نییە لەسەرى بڕوات.
لە سەردەمى دوو ئیدارەییشدا دروشمى وەزارەتەکە گۆڕا، بە گرنگیدان نه‌هێشتنى نه‌خوێنده‌واریى. دۆخى پەروەردە بەو شێوەیە مایەوە تا ئەو کاتەى كابینه‌ى پێنجه‌م گۆڕانكارى له سیسته‌مى په‌روه‌رده و پرۆگرامى خوێندندا کرد.
ئەم هەنگاوەى کابینەى پێنجەم هەرچەندە هەنگاوێکى گەورەبوو، بەڵام زۆر دوور بوو لە واقیعى پرۆسەى پەروەردە لە شار و قەزا و ناحیە و گوندەکاندا و پێشتر هیچ ئامادەکارییەکى بۆ نەکرابوو.
پێنج کابینەى یەک لەدواى یەک بە کێشەیەکى گەورەوە کارەکانى بەڕێکرد، کەمی بیناى خوێندن. هەرچەندە زۆربەى زۆرى بیناکانى ناوەندەکانى خوێندن بە سەرجەم قۆناغەکانیەوە بووبوونە بارەگاى حزبەکان و لەلایەن ئەوانەوە داگیرکرابوون.
لە کابینەى شەشەمى حکومەتدا هه‌ڵمه‌تى نیشتمانیى بۆ دروستكردنى بیناى قوتابخانه دەستیپێکرد، کابینه‌ى حه‌وته‌میش به (دڵنیایی جۆرى) كردنى خوێندنى كرده دروشمى خۆى.
زەقترین دروشمى وەزارەتى پەروەردە لە کایبنەى هەشتەمدا بوو کە بریتى بوو لە كارکردن بۆ ئەوەى تا ٢٠٢٠ هه‌موو قوتابخانه‌یه‌ك ببێتە خاوه‌نى بیناى خۆى و یه‌ك ده‌وامى تێدا بکرێت. دواى ٢٩ ساڵ لە پێکهێنانى، تائێستاشى لەگەڵدابێت وەزارەتى پەروەردە سیستمێکى پەروەردەکردنى گونجاوى بۆ پەروەردەکردنى نەوەى داهاتوو نییە.
گرفتەکان بە ژمارە
لە هەرێمى کوردستاندا زیاتر لە ملیۆنێک و ٧٠٠ هەزار خوێندکار و قوتابى و زیاتر لە شەش هەزار و ٣٠٠ خوێندنگا و قوتابخانە هەن. لەو ژمارەیە ١٨٩ خوێندنگا و قوتابخانە بینای خۆیان نییە و لە خانووى کرێدان. بێجگە لەوانەش هەزار و ٥٢٤ قوتابخانەى تر لە بیناى دامەزراوەکانى حکومەتدا وەک میوان جێگەیان کراوەتەوە.
بەهۆى کەمى بیناى خوێندنەوە، دوو دەوامى و سێ دەوامى کێشەى بەردەوامى کەرتى پەروەردەى حکومییە بەجۆرێک زیاتر لە دوو هەزار خوێندنگا و قوتابخانە دوو دەوامیان تێدا دەکرێت و نزیکەى ٢٠٠ خوێندنگا و قوتابخانەش ٣ دەوامیان تێدا دەکرێت.
لە ساڵى خوێندنى ٢٠١٨-٢٠١٩دا وەزیرى پەروەردە گوتى: پێویستمان بە ١٠٠٠ بیناى نوێیە، ئه‌مساڵ ژماره‌ی ئه‌و قوتابیانەى له پۆلی یه‌كەمی بنه‌ڕه‌تی وه‌رگیراون 160 هه‌زار قوتابین، ته‌نیا بۆ ئه‌وانیش پێویستمان به 420 باڵه‌خانه‌یه.
بودجەى وەزارەتى پەروەردە
لە سەرجەم کابینەکانى حکومەتدا بودجەیەکى دیاریکراو بۆ وەزارەتى پەروەردە تەرخان نەکراوە. لە هەردوو یاساى بودجەى ٢٠١٢ و ٢٠١٣دا تەنیا باس لەوە کراوە کە ساڵانە ١٢٠ ملیار دینار بۆ دروستکردنى بیناى خوێندن خەرج دەکرێت. ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئەو بڕە پارەیە دەکاتە ٠.٧٩%ى کۆى بودجەى ٢٠١٣ لە دواى ساڵى ٢٠١٣وە حکومەت پرۆژەیاساى بودجەى ڕەوانەى پەرلەمان نەکردووە.
خوێندنى هاوچەرخ و کێشەکانى پەروەردە
کاتێک حکومەت بڕیاریدا سییستمى خوێندن بگۆڕێت تاکە هەنگاو کە نابێتى ئەوە بوو پرۆگرامەکەى چاپکرد و بەسەر بیناى کۆن و ڕەحلەى شکاو و پۆلى ٤٠ بۆ ٤٥ کەسیدا دابەشیکرد. واتە حکومەت نە لە ڕووى مادى و نە لە ڕووى مەعنەویەوە هیچ ئامادەکاریی و زەمینەسازییەکى نەکردبوو.
سیستمە نوێیەکە پێویستى بە کاتى زیاتر بوو بۆ وانە وتنەوە، بەڵام دوو دەوامى و سێ دەوامى ئەو بوارەى نەدا، پێویست بوو ساڵانه 100 قوتابخانه بكرێنەوە، به‌ڵام له 2013وه هیچ قوتابخانه‌یه‌ك نه‌كراوه‌ته‌وه.
شەش هەزار و ٣٠٠ خوێندنگا و قوتابخانە هەن، لەو ژمارەیە ١٨٩ خوێندنگا و قوتابخانە بینای خۆیان نییە و لە خانووى کرێدان.
جگە لەو بینا نوێیانەى کە لە پێش قەیرانى دارایى کرابوونەوە هیچ کام لە بینا کۆنەکان بۆ خوێندنى هاوچەرخ و سیستمە سویدییەکە گونجاو نەبوون.
ئەو سیستمە نوێیە بۆ وانە زانستیەکان (فیزیا، کیمیا، بایۆلۆجى) پێویستى بە تاقیگەى زانستیى نوێ و هاوچەرخ هەبوو. بۆ زمانەکانیش (ئینگلیزى و عەرەبى) پێوستى بە تاقیگەى دەنگ هەبوو، بەڵام نەک هەر ئەو تاقیگە هاوچەرخانە لە کەرتى حکومی‌دا نین تەنانەت له كۆی 6000 قوتابخانه و خوێندنگا 4000یان تاقیگه‌یان بۆ وانه زانستییه‌كان تێدا نییه.
کەرتى حکومیى و کەرتى تایبەت
لە پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان زیاتر لە ٣٠٠ بیناى خوێندنى تایبەت هەن، بیناکان تایبەتن بە قۆناغەکانى باخچەى ساوایان، بنەڕەتى و ئامادەیى و پەیمانگاى جۆراوجۆر. خوێندنى تایبەت زیاتر لە ٦٠ هەزار خوێندکار و قوتابى هەیە. لە بیناکاندا بڕێکى باش لە پێداویستییەکانى خوێندنى هاوچەرخ تەرخانکراون.
زۆربەى زۆرى ئەم پێداویستیانەش بەو پارەیە کڕاون کە لە بەرامبەر خوێندندا وەرگیراون، ئەمەش وایکردووە کە بیناى خوێندن لە کەرتى تایبەت زۆربەى تایبەتمەندییەکانى خوێندنى هاوچەرخى تێدا ڕەچاوبکرێت.
ئەوانەى کە لەم کەرتەدا کاردەکەن زۆربەیان خەڵک و بەرپرسانى حزبەکان یان سەرمایەدارەکانن، کە ئامادەنین ئەوەى بۆ خۆیانى دەکەن بۆ کەرتى حکومى بکەن. کەسانى سەرمایەدار و دەوڵەمەند و بەرپرسە حزبى و حکومییەکان و کەمێکیش لە منداڵانى چینى ناوەند لە کەرتى تایبەت دەخوێنن. بەڵام ئەوانى تر کە منداڵى کرێکار و دەستگێڕ و دوکاندار و کەمێکیش لە خەڵکانى دەوڵەمەندن لە کەرتى حکومى و بیناى فەرامۆشکراودا دەخوێنن.
کەرتى تایبەت لەڕووى پەروەردە و فێرکردنەوە، زۆر لەپێش کەرتى حکومییەوەیە بۆ فێرکردنی قوتابی و گونجاوی شوێنی خوێندن و مامۆستاوە
ئەگەر لەڕووى مەیدانییەوە بەراوردێکى نێوان هەردوو کەرتى حکومى و تایبەت بکەین زۆر جیاوازى بەدی دەکەین. لە پاک و خاوێنى بیناى خوێندن و پۆل بگرە تا دەگاتە بابەتە سەرەکییەکە کە پەروەردە ئینجا فێرکردنە.
حکومەت لەڕووى خاوێنییەوە زۆربەى ناوەندەکانى خوێندنى فەرامۆش کردووە یان بەرامبەریان کەمتەرخەمە. لەو کاتەوەى دامەزراندن نەماوە هیچ کارگوزارێک دانەمەزراوە، تەنانەت جێى ئەوانەش پڕناکرێتەوە کە خانەنشین دەبن.
بەڵام لە کەرتى تایبەت ئەگەر خزمه‌تگوزارییه‌كان باش نه‌بن، دایک و باوک منداڵەکانیان دەگوازنەوە و لە شوێنێکى باشتر و بە هەمان بڕە پارە (٢ بۆ ٣ ملیۆن دینار بۆ هەر ساڵێک) منداڵەکانیان دەخەنەوە بەر خوێندن.
بەرەوپێشچوونى کەرتى خوێندنى تایبەت حکومەتى هاندا چاو لەو کەرتە بکات و هەوڵبدات خوێندنى حکومى لە شێوازى خوێندنى کەرتى تایبەت نزیک بکاتەوە، بۆ ئەو مەبەستە وەزارەتى پەروەردە بۆ ساڵى خوێندنى ٢٠١٥-٢٠١٦ بڕیاریدا لە قۆناغى بنەڕەتیدا وانەکانى بیرکارى و زانستە گشتیەکان بکاتە ئینگلیزى. ئەم سیستمە تا پێکهێنانى کابینەى نۆیەمى حکومەت بە سەرجەم باشى و خراپیەکانیەوە بەردەوام بوو.
هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بڕیارێکی وەزارەت
له ساڵی خوێندنی 2015-2016 وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیاریدا جگه له خوێندنی زمانی ئینگلیزی، له قۆناغی بنه‌ڕه‌تیدا هه‌ردوو وانه‌كانی بیركاری و زانسته‌كان به زمانی ئینگلیزی بخوێنرێن. هه‌ڵبه‌ت سه‌ره‌تا له چه‌ند قوتابخانه‌یه‌كدا ئه‌و بڕیاره نوێیه جێبه‌جێكرا و مه‌رج و ڕێنمایی تایبه‌ت بۆ وه‌رگرتنی قوتابی له‌و قوتابخانانه‌دا دانران.
ئه‌م هه‌نگاوه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده چوارچێوه‌یه‌كی وه‌رگرت كه ده‌كرێت بوترێت به تایبه‌تكردنی خوێندن بوو له‌ناو قوتابخانه حكومییه‌كاندا. ته‌نیا جیاوازی له‌گه‌ڵ قوتابخانه ئه‌هلییه‌كاندا ئه‌وه‌بوو كه پاره له كه‌سوكاری قوتابی وه‌رنه‌ده‌گیرا و خوێندن تیایاندا بەخۆڕایی بوو.
له سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونی وه‌ك وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی كابینه‌ی نوێ له مانگی ئابدا چه‌ند بڕیارێكی ده‌ركرد. یه‌كێك له بڕیاره‌كان هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی به ئینگلیزیكردنی هه‌ردوو وانه‌ی بیركاری و زانسته‌كان بوو. بڕیاره‌كه به‌جۆرێك ده‌ركرا كه وه‌ك هه‌نگاوێك بۆ په‌راوێزخستنی فێربوونی زمانی ئینگلیزی و كه‌مكردنه‌وه‌ی گرنگییه‌كه‌ی لێكنه‌درێته‌وه و ئاماژه به‌وه‌دراوه، كه بۆ گرنگیدان به خوێندنی زمانی ئینگلیزی، راوێژ و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ پسپۆرانی بواری زمان له زانكۆكانی كوردستان ده‌كرێت له‌ڕێی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاوه.
لێره‌دا پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه‌و بۆچی خوێندنی ئه‌و دوو بابه‌ته به زمانی ئینگلیزی هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه؟
به وته‌ی به‌رپرسانی نوێی وه‌زاره‌ت، دوای به‌دواداچوون بۆیان ده‌ركه‌وتووه كه ئه‌و دوو وانه‌یه ته‌نیا به ناو كراونه‌ته ئینگلیزی و له قوتابخانه‌كاندا جگه له ده‌سته‌واژه زانستییه‌كان هه‌موو وانه‌كه هه‌ر به كوردی وتراونه‌ته‌وه.
باس له‌وه‌ش ده‌كه‌ن كه قوتابی له‌و ڕێیه‌وه نه فێری ئینگلیزی بووه، نه بیركای. واته به ئینگلیزیكردنی ئه‌و دوو وانه‌یه زیانی به ئاستی تێگه‌یشتنی قوتابیان گه‌یاندووه.
لێره‌شدا سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هه‌نگاوه‌كانی وه‌زیری په‌ره‌وه‌رده‌ی پێشوو به پۆزه‌تیڤ ناوده‌هێنن، به‌ڵام باس له‌وه ده‌كه‌ن كه ئاماده‌كاریی پێویست بۆپرۆسهكه نه‌كراوه، له دوو ڕووه‌وه:
یه‌كه‌م: به‌رپرسانی ئێستای وه‌زاره‌ته‌كه ده‌ڵێن ته‌نانه‌ت بۆ وانه‌ی ئینگلیزیش كادری پێویستیان نییه، چ جای ئه‌وه‌ی كادری پێویستیان هه‌بێ بۆ وتنه‌وه‌ی بیركاری و زانسته‌كان به زمانی ئینگلیزی.
دووه‌م: ئه‌و خولانه‌ی وه‌زاره‌ت بۆ پێگه‌یاندنی كادر بۆ ئه‌و دوو وانه‌یه كردونیهتیهوه وه‌ك پێویست نه‌بوون. ماوه‌ی خوله‌كان كه‌مبوون و له 33 كاتژمێر تێپه‌ڕی نه‌كردووه.
له ئێستادا وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده دوای وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كانی ساڵانی ڕابردوو و فیدباكی مامۆستا و قوتابی و خه‌ڵك گه‌یشتووه‌ته ئه‌و بڕوایه‌ی كه خوێندنی ئه‌و دوو وانه‌یه وه‌ك پێشوو لێبكاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ش هۆكاری زۆری هه‌یه. یه‌كێك له هۆكاره‌كان ئه‌وه‌یه كه باشترین زمان بۆ فێركردنی ئه‌و دوو وانه‌یه زمانی دایكه. له زۆربه‌ی وڵاته پێشكه‌وتووه‌كان، ئه‌وانه‌ی له‌و دوو وانه‌یه‌دا ئاستی باڵایان وه‌رگرتووه (ژاپۆن، كۆریای باشوور، تایله‌ند و ...) زانسته‌كان و بیركاری به زمانی دایك ده‌وترێنه‌وه.
زۆرێك ئه‌و بڕیاره‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده له به‌رژه‌وه‌ندی قوتابخانه ئه‌هلیه‌كان لێكده‌ده‌نه‌وه كه خوێندن تیایاندا به زمانی ئینگلیزیه، به‌ڵام وه‌ڵامی وه‌زاره‌ته‌كه ئه‌وه‌یه كه چه‌ند ساڵ نمره‌ی به‌رز له 12ی ئاماده‌ییدا هاتبێت له خوێندنگا حكومیه‌كان بووه نه‌ك ئه‌هلیه‌كان، له‌و خوێندنگایانه بووه كه له‌ناوچه هه‌ژار نشینه‌كان بوون ته‌نانه‌ت خوێندكاره‌كانی توانای گرتنی مامۆستای تایبه‌تیشیان نه‌بووه.
کۆتایى
خوێندنى حکومى لە قۆناغى سەرەتاییدا تا بڵێیت لەو پەڕى باشیدایە، جگە لەو گۆڕانکارییە ناوبەناوەى لە پرۆسەى فێرکردن لەو قۆناغەدا دەکرێت، کە ئەویش هیچ سوچ و تاوانێکى مامۆستا و ئیدارەى تێدا نییە و حکومەت لێی بەرپرسیارە. دەتوانرێت بوترێت کە قۆناغى سەرەتایى باشترین قۆناغەکانى پەروەردە و فێرکردنە لە هەرێمى کوردستان. مامۆستایان لەم قۆناغەدا ئەوەى لەسەر شانیانە لە فێرکردنى نووسین و خوێندنەوە تا دەگاتە پەروەردەکردن بە باشترین شێوە بەجێدەگەیەنن.
بەڵام هەستیارترین قۆناغ قۆناغى خوێندنى بنەڕەتیە، ئەم قۆناغە زۆرترین کاریگەریى لەسەر قوتابى جێدەهێڵێت، ئەگەر ئەو قوتابیەى لە قۆناغى سەرەتاییەوە بە باشترین شێوە پەروەردەکراوە و فێرکراوە و هاتووەتە بنەڕەتى وەک خۆى مایەوە، ئەوە کارێکى زۆر باشە، ئەگەر وا نەبوو ئەوە ئەو قوتابییە لە هەردوو بوارەکەدا پاشەکشێیەکى ئێجگار زۆر دەکات و دەبێتە کەسێک ئەوەى بەلایەوە گرنگ نەبێت خوێندنەکەیەتى.
لێرەوە زۆرترین بەرپرسیارێتى دەکەوێتە سەر شانى حکومەت کە گرنگى لەڕادەبەدەر بەو قۆناغە بدات و لە سەرجەم بوارەکاندا دەستى پێوەى بێت و هەرچى پێ بکرێت بۆ پێشخستنى نابێت درێغى لێبکات.
حکومەت پێویستە پلان و بەرنامەى چڕ‌وپڕ بۆ پەرەپێدان و پێشخستنى خوێندن و هۆیەکانى فێرکردن لەو قۆناغەدا دابنێت، چونکە منداڵ کە دەگاتە قۆناغى ئامادەیى تا ڕادەیەکى باش هەست بەدەوروبەر و ئەو بەرپرسیارێتییە دەکات کە دەکەوێتە سەر شانى و لە قۆناغی بنەڕەتیدا چۆن بووە ئاوا بەردەوام دەبێت.