ڕاپۆرتی کوردستانی

02:45 - 03/11/2019

ڕۆژئاوا لە نێوان ئەمریكا و ڕوسیا چی لێدێت؟‌

پەیسەر

بارودۆخی ڕۆژئاوای كوردستان، بەهۆی هێرشەكانی سوپای توركیا و هێزە میلیشیاكانی نزیك لەو وڵاتە تادێت خراپتر دەبێت، تائێستاش ئاڵۆزیەكان لە بەشێكی زۆر لە گوند و ناحیەكانی سەر سنوری ڕۆژئاوای كوردستان و باكوری كوردستان بەردەوامە. سوپای توركیا پەیتا پەیتا، پەلاماری خەڵكی ناوچەكە دەدات و لێیان دەكوژێت.

 لەلایەكی تریشەوە، هێزەكانی سوریای دیموكرات، لەچەند ناوچەیەك لەشەردان لەگەڵ هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا و چەكدارەكانی دیكەی نزیك لە سوپای توركیا، لەماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا، هەسەدە 11 گوندی لە سنوری سەرێكانی و ترپەسپی كرنترۆڵ كردوەتەوە.

بەپێی ڕاگەیەنراو لێدوانەكانی هێزەكانی سوریای دیموكرات، ئاڵۆزیەكانی ناوچە سنوریەكانی ڕۆژئاوای كوردستان، تادێت خراپتر دەبێت و خەڵكی مەدەنی دەبێت قوربانی و دەكوژرێن و سوكایەتیان پێدەكرێت و ئاوارە دەكرێن.

دۆخی ناوچە سنوریەكان چۆنە؟
ئێستا، لە سنورەكانی ڕۆژئاوای كوردستان، چەند هێزێكی ناوخۆی سوریا، هێزیی جیهانی هەیە، كە هەریەكەیان هێزی خۆی لەناوچەكەدا نمایشدەكات و یاسایەكی هەیە بۆ پاراستن و رێكخستنی سنورەكانی ڕۆژاوی كوردستان و باكوری كوردستان،  هەروەها گرفت و هاتوچۆی سەربازی و جوڵەی تەواوی هێزەكان لە سنورەكانی ناوچەی ئارام هەیە.

هەموو جیهان هێزەكانی لە ڕۆژئاوای كوردستان نمایش دەكات
ئەو هێزانەی لە ڕۆژئاوای كوردستانن كامانەن

ژمارەیەكی زۆر هێزی دەرەكی و ناوەكی سوریا لە ناو خاكی ڕۆژئاوای كوردستاندان و كە هەر یەكەیان كارو پلان وبەرنامەیەكیان هەیە و دەییانەوێت سود لە ڕۆژئاوای كوردستان ببین، بۆ خۆیان بەكاری بهێنن

یەكەم: هێزەكانی سوریای دیموكرات ( هەسەدە)
ئەم ھێزانە كە دەكەونە ناوچەكانی )حەسەكە، و تلتەمر ، رەقە و عەین عیسا و ناوچەكانی دیكەی ڕۆژئاوی كوردستان) هەروەها لەم سنورەدا هێزەكانی یەپەژەش وەك هێزێكی سەربەخۆ لە ڕۆژئاویی كوردستان ڕۆڵیان هەیە و دەمێننەوە.
دووەم: هێزەكانی ڕوسیا
ئەم هێزانە لە سنورەكانی ڕۆژئاوی كوردستان دەبینرێن و زیاتر لە ناوچەكانی گرێ سپی و قامیشلۆ و چەند گوندێكی سنوری قامیشلۆ بونیان هەیە، بەهاوبەشی لەگەڵ سوپای توركیا دەورییە ( گەرانی هاوبەش)ی تێدا ئەنجام دەدەن.

سێیەم: هێزەكانی توركیا
هێزێكی زۆری سوپای توركیا، لە سنوری ڕۆژئاوی كوردستان هەیە، بەتایبەتی لە سنوری ناوچەكانی سەرێكانی تادەگاتە گرێ سپی و عەین عسا و چەند ناوچەیەكی تر لە سنوری كۆبانێ، هەروەها عەفرین و چەند ناوچەیەك لە نزیك شارە سنوریەكانی باكوری كوردستان.

چوارەم: چەكدارە میلیشیاكانی سەر بەتوركیا
ئەم هێزانە هێزی رێكنەخراوی میلیشیاین ، لە سنوریەكانی ڕۆژئاوای كوردستانن ، لەتەنیش هێزەكانی سوپای توركیاوە هەندێك جار لە پێش سوپای توركیاوەن، لە سنورەكانی سەرێ كانی و گرێ سپی و دەوروبەریی دەسوڕێنەوە.

بەپێیی زانیاریی و ئەو ڤیدیۆیانەی كە لەناوچەكانی ژێر دەستی ئەم هێزانە بڵاو دەبێتەوە، ئەم چەكدارانە خراپترین جۆری مامەڵەیان لەگەڵ خەڵكدا هەیە، بەناشرین ترین شێوە خەریكی تێكدانی كلتور و فەرهەنگی ناوچەكەن.

چەكدارەكانی سەر بە توركیا ڕەشەكوژیان ئەنجامداوە
ئەم هێزانە بەرپرسن لە زۆرترین ڕەشەكوشی و مامەڵەی ناشرین لەگەڵ خەڵكی كوردی ناوچەكەدا، خەڵك دەكوژنة  ژن و منداڵ سەردەبڕن و دەسدرێژی دەكەنە سەر خەڵكی ڕۆژئاوی كوردستان ، زۆرترین ڕەشەكوژیان لە عەفرین وگرێ سپی و ناوچەكانی تر ئەنجامداوە.

پێنجەم: هێزەكانی ئەمریكا
سوپای ئەمریكا،  ئێستا بەفەرمیی لە چەند ناوچەی ڕۆژئاوی كوردستان بوونیان هەیە و بەردەوام دەورییە ئەنجام دەدەن وەك لەناوچەكانی ڕمێلان و گوندە سەرسنوریەكانی كۆبانێ و دەوروبەریی.
ئەم ھێزانە، ئەركیان پاراستنی كێڵگەنەوتیەكانی ڕۆژئاوی كوردستانە،  هەروەها كۆمپانیا سەرپەرشتیەكانی نەوت لە رمێلان دەپارێزن و زۆرترین ئەركی سەرشانیان بریتییە لە نەهێشتنی مەترسی لەسەر ناوچە نەوتیەكانی ڕۆژئاوای كوردستان.

شەشەم: هێزەكانی سوپای ئەسەد
لە سنورەكانی ڕۆژئاوای كوردستان و لە هەندێك ناوچە،  سوپای ئەسەد بونیان هەیە، ئەوەش دوای دروستكردنی ناوچەی ئارام و ڕێككەوتنی نێوان سوپای سوریا هێزەكانی سوریای دیموكرات دێت، كە توانیان بگەرێنەوە ناوچەكانی ڕۆژئاوای كوردستان.

حەوتەم: داعش
لە چەند ناوچەیەكی ڕۆژئاوی كوردستان، هەندێك جار چەكدار و شانە نوستوەكانی داعش هێرش دەكەنە سەر هاوڵاتیانی مەدەنی و چەند ناوچەیەك دەكەنە ئامانج، بەڵام ئەو هێرشانە روون نین و چالاكی بچوكن كە بە ئاسانی كۆنترۆڵ ناكرێن .
بەدرێژایی سنوری ناوچەكە زیاتر  لە شەش جۆر هێزیی جیاجیا هەیە كە هەندێكجار بەركەوتن لەنێوانیاندا روودەدات  دەبێتە هۆی كوشتن و ماڵوێرانی بۆ خەڵكی سیڤیلی ناوچەكە.

بۆچی ئەو هەموو هێزە لە ڕۆژئاوان؟
هەر هێزێك بەبیانیویەكی جیاواز هاتوەتە ڕۆژئاوای كوردستان و هەریەكەیان بە بیانویەكی جیاواز ڕەوایەت بە مانەوەیان دەدات لە ناوچەكەدا.

هێزەكانی سوریای دیموكرات شەرعیترین و یاسایی ترین هێزی ڕۆژئاویی كوردستان  ئەوان بەخوێن و ئاو ماڵ و سامانی خۆیان هێرشەكانی داعشیان بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان پاراستووە.
سوریای دیموكرات زیاتر لە 12 هەزار شەهیدیان لەرووبەرووبونەوەی چەكدارانی داعشدا داوە و زیاتر لە نیوملیۆن هاوڵاتیش بوەتە قوربانیو كوژراون یاخود بریندار بوون یاخود ماڵوێران و ئاوارەبوون.
هێزەكانی توركیا بەبیانوی پاراستنی سنوری وڵاتەكەی و هەڕەشە لە سەرەر ئاسایشی نیشتیمانی وڵاتەكەی  سێ ئۆپراسیۆنی گەورەی كردوەتە سەر ڕۆژئاوای كوردستان

یەكەم: ئۆپراسیۆنی قەڵغانی فوڕات

كە كرایە سەر چەند ناوچەیەك لەنزیك باب و ئیدلیب و چەند شوێنێكی تر بە هۆیەوە زیانێكی زۆر بەخەڵكی ناوچەكە كەوت.

دووەم: ئۆپراسیۆنی چڵە زەیتون
لەم ئۆپراسیۆنەدا سوپای توركیا هێرشی كردە سەر عەفرین و سەرەڕای ئەو قەتڵوعامە گەورە كە ئەنجامی دا، هەرچەندە نەیتوانی بە ئاسانی كۆنترۆڵی بكات و رووبەرووی بەرگری و بەرخۆدانی بەهێزی هێزەكانی سوریای دیموكرات بویەوە، بەڵام بەردەوام بوو لە ڕەشەكوژی توانی ناوچەكە داگیر بكات.

 

سێیەم: ئۆپراسیۆنی قەڵغانی ئاشتی
ئەم ئۆپراسیۆنە بۆ كۆنترۆڵكرنی تەواوی ڕۆژئاویی كوردستان بوو بۆ ئەوەی بتوانێت بە تەواوەتی  هێزەكانی سوریای دیموكرات لە ڕۆژئاویی كوردستان نەهێڵێت و كۆنترۆڵی بكات، بەڵام بەوشێوازەی كە خۆی دەییوست نەیتوانی هێرشەكانی بەردەوام بێت و سەرئەنجام ناوچەیەكی ئارام دروستكرا و هێزەكانی توركیا نەیانتوانی بەردەوامبن لە كۆمەڵكوژی و كورد كوژی لە ناوچەكەدا.

هێزەكانی ئەمریكا لە سەرەتای شەری داعشەوە لەناوچە كوردیەكانن  بۆ رووبەرووبونەوەی چەكدارانی داعش و هەروەها هاوكاری كردنی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە ڕاهێنانی سەربازی و پاراستنی سنورەكانی ناوچەكە لە هەژمونی ئێران و روسیا و هەروەها بەهێزوبن و پەلامارەكانی داعش بۆسەر ناوچەكانی تری ڕۆژئاوای كوردستان.

هێزەكانی ڕوسا لە ماوەی ڕابردوودا لە لەشێكی زۆر خاكی ڕۆژئاوای كوردستاندا بونیان هەبووە لە عەفرین و چەند ناوچەیەكی تر سوپای ڕوسیا بونی هەبووە، كە ئامانجان چاراستنی بەرژەوەندیەكانی ڕوسیایە لە سوریا و هەروەها پشتیوانی كردنی هێزەكانی سوپای ئەسەد و هەروەها بەهەم هێنانی نەوت لە ناوچە جیاجیا كانی سوریا.

ئەمریكا و ڕوسیا و نەوتی ڕۆژئاوای كوردستان
ئێستا سەرەڕای ئەوەی ئەم هەموو هێزە زۆرە لە سنوری ڕۆژئاوای كوردستان بوونیان هەیە، بەڵام لەراستیدا بەڕونی دیار نییە كە ئامانجی مانەوەیان لە سوریا و ڕۆژئاوای كوردستان چییە.

ئەوەی ڕوونە ئەوەیە كە هەموو ئەو ھێزانەی لە ڕۆژئاوای كوردستانن چاویان بڕیوەتە سەروەت و سامان و نەوتی ڕۆژئاوای كوردستان، هەر هێزێك دەیەوێت چمكی تێشوی كوردان بە بەرژەوەندی خۆی رابكێشێت و پارە لە خاكی كوردان بۆ خۆی كۆبكاتەوە.

هەموو جیهان چاوی لە نەوتی كوردە

لە تازەترین لێدواندا سەبارەت بە دۆخی ڕۆژئاوی كوردستان و هەبونی ئەمریكا لە سنورەكانی ڕۆژئاویی كوردستان دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا ڕایگەیاند: ئەوان هێزیان ڕەوانەی ڕۆژئاوی كوردستان بەتایبەتی ناوچەی ڕمێلان كردووە بۆ ئەویە بتوانن كێڵگە نەوتیەكان بپارێزن و ئەم كێڵگە نەوتیانەش بەقازانجی خەڵكی ناوچەكە واتە كورد وهەروەها كۆمپانیا ئەمریكیەكان تەواو دەبێت

بەپێیی هەندێك زانیاری كورد و ئەمریكا لە ڕۆژائاو بەم شێوەیە ڕێككەوتون
یەكەم: چەند یەكەیەكی زەمینی هێزەكانی ئەمریكا لەناوچەكانی كۆبانێ و ڕمێلان دەمێننەوە بۆ پاراستن و چاودێری كردنی ناوچە نەوتییەكان
دووەم: هێزەكانی سوریای دیموكرات لەو ناوچانە نامێننەوە
سێیەم: كۆمپانیای نەوتی زەبەلاحی ئەمریكی دەهێنرتە ڕۆژئاوی كوردستان بۆ بەرهەمهێنانی نەوت
چوارەم: نەوتی ڕۆژئاوای كوردستان قازانجەكەی بۆ خەڵكی ناوچەكە و هەروەها هێزەكوردیەكان دەبێت.
پێنجەم: خەرجی هێزەكانی ئەمریكا لە پارەی نەوت دەبێت

هەندێك لە خاڵ و بەندی ڕێككەوتنەكە،  تا ئێستا روون نییە،  وەك ئەوەی ئایا ئەمریكا تاكەی لەوێ دەمێنێتەو،  سامانەكە چۆن بەشدەكرێت ، ئایا هیچ بەهایەك بۆ مانەوەی سوریای دیموكرات لە ناوچەكە دەمێنێتەوە یاخود هەر بەو شێوەیە دەبێت كە ئەمریكا پلانی بۆداڕشتووە، لەراستیدا ئەمریكا بەدوای نەوتی ڕۆژئاوی كوردستانەوەیە، بەهۆی ڕۆژئاوای كوردستانەوە قازانجێكی زۆر گەورەی كردووە.

ئەگەر نەوت نەمێنێت ئەمریكا كورد جێدەهێڵیت
لەتازەترین لێدواندا ماریا زاخارۆڤا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا ڕایگەیاند: ئەمریكا مانگانە 30 ملیۆن دۆلار قازانج لە نەوتی ڕۆژئاوای كوردستان دەكات و نەوتەكەی سوریا بۆخۆی دەبات.
ئەمریكا مانگانە 30 ملیۆن دۆلار لە نەوتی ڕۆژئاوا قازانج دەكات
ئیستا ڕووسا زۆر بەگرنگیەوە باسی ڕۆژئاوای كوردستان دەكات، لە لایەك لەگەڵ سوپای ئەسەد هەماهەنگی هەیە  كە بتوانێت سنورەكە بپارێزێت و لە سوریا بەتەواوەتی بمێنێتەوە ئەوەش بۆ ئەوەیە هەژمونی خۆی لە ناوچەكە بەهێز تر بكات

لەلایەكی تریشەوە چەندینجار هۆشیاری داوە كە ئەمریكا سەرقاڵی بردن ودزینی نەوتی ڕۆژئاوای كوردستانە، ئەوەش نیگەرانی زۆری مۆسكۆی لێكەوتوەتەوە، بۆیە پێدەچێت ڕوسیا ئەم بەهێزیەی ئەمریكا لە سوریا قبوڵ نەكات.

ئایا شەڕێكی نێودەوڵەتی بۆ ڕۆژئاوا بەڕێوەیە؟
ئێستا لێدوانی لایەنە دەرەكیە زلهێزەكان لە ڕۆژئاوای كوردستان دژی یەكتر زۆر قوڵبوەتەوە، هیچ هێزێك ئەوی دیكەی قبوڵ نییە
توركیا لەلایەك هەڕەشەی كوشتن و قاتوقڕی دەكات  دەیەوێت ناوچەكە بەتەواوەتی كۆنترۆڵ بكات.
لەلایەكی ترەوە ئەمریكا دەیەوێت سنورەكە لەژێر كۆنترۆڵی خۆیدا بێت و یاریی بە كێڵگە نەوتیەكان بكات بەقازانجی خۆی.

ئەمریكا دەیەوێت سنورەكە لەژێر كۆنترۆڵی خۆیدا بێت

ئەوە لەكاتێكدایە ئەو جۆرە هەڵسوكەوتەی ئەمریكا لە ڕۆژئاوی كوردستان بەتایبەتی بە مامەڵەی ئەوان لەگەڵ كێڵگە نەوتیەكان هەرگیز بە دڵی روسەكان نییە و هەمیشە لێدوانی توند دەدەن دژی ئەمریكا كە بەنایاسایی لە سوریا ماوەتەوە.

مامەڵەی ئەمریكا لە ناوچەكە بەدڵی ڕوسیا نییە 

لەلایەكی تریشەوە فەرماندەی باڵای هێزەكانی سوریای دیموكرات مەزڵوم كۆبانێ ڕایگەیاند ئەوان هەرگیز متمانەیان بەهێزە دەرەكیەكان نییە، سەرەڕای ئەوەی ئەمریكا بەڵێنی پاراستنی كوردی لە سوریا داوە و روسیاش كاردەكات بۆ ئەوەی شەر لە ناوچەكە روونەدات بەڵام ئەوان بڕوایان بە هیچ هێزێكی دەرەكی نییە چونكە ئەوان دوای داخوازی خۆیان كەوتون.

مەزڵوم دەڵێ هیچ هێزێك ناتوانێت ئارامی بۆ ناوچەكە بهێنێت، بەڵام ئێمە ناچارین كار بكەین و ڕێكبكەیوین چونكە هەموو بژاردەكان لە بەردەم كورددا بژاردەی خراپن، بەڵام دواجار هەردەبێت یەكێكیان قبوڵبكەین.

كورد هیچ متمانەیەكی بە هێزە دەرەكیەكان نییە، بە ئەمریكاشەوە

بۆچونەكان بۆ ئەوە دەچن پێدەچێت ئاڵۆزیەكانی ڕۆژئاوای كوردستان لە لێدوانی توندی نێودەوڵەتی زلهێزەكانەوە لەسەر پرسی نەوت بگۆڕدرێت بۆ رووبەرووبونەوەی چەكداری و بەكار هێنانی هێز.

ئەم بژاردەیەش دووبارە ماڵوێرانیەكی تر بۆ كورد دەهێنێت و شەڕو بەشێویی روودەكاتەوە سوریا و ناوچەكە، پێدەچێت ببێتە هۆكارێك بۆ دروستبونەوەی چەكداری توندرەو هێزی تر لە ناوچەكەدا.

شەڕێك بەڕێوەیە ماڵوێرانیەكی تر بۆ كورد دەهێنێت

لە هەر گۆرانكاریەك لەناوچەكەدا ئەگەر كورد وەك یاریزانێك باش مامەڵە نەكات و خۆی رێكنەخاتەوە و پەیوەندیەكانی لەگەڵ هەریەكە لە روسیا و ئەمریكا دروست نەكاتەوە پێدەچێت لە هەر گۆرانگاریەكدا، كورد ببێتە بەشێك لە خۆراكی دوو ئەژدیهای برسی.