ڕاپۆرتی کوردستانی

12:57 - 02/11/2019

تۆمه‌ته‌كانى گه‌نده‌ڵیى سه‌رۆكى ده‌سته‌ى مافى مرۆڤ چین؟‌

پەیسەر

به‌پێى ئه‌نجامى لیژنه‌ى لێكۆڵینه‌وه‌ى په‌رله‌مانیى كوردستان زیا بتروس سه‌رۆكى ده‌سته‌ى ماقى مرۆڤى هه‌رێمى كوردستان، له‌چه‌ندین گه‌نده‌ڵى دارایى و ئیدارییه‌و تێوه‌گلاوه‌، لیژنه‌كه‌ى په‌رله‌مان داواى له‌سه‌ر كارلادانى ده‌كات، به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس هه‌وڵێك هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ى ره‌وانه‌ى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم بكرێت و له‌رێگه‌ى به‌رپرسێكى پارتییه‌وه‌ ئاسانكارى بۆ بكرێت. 

دۆسیه‌كان چۆن ته‌قینه‌وه‌؟

كێشه‌یه‌ك له‌نێوان سه‌رۆكى ده‌سته‌ى مافى مرۆڤ و به‌رپرسێكى ده‌سته‌كه‌ به‌ناوى عه‌بدوڵا عه‌بدولكه‌ریم به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى كارگێڕى ده‌سته‌كه‌، بووه‌ هۆكارى په‌رده‌لادان له‌سه‌ر ئه‌و گه‌نده‌ڵییانه‌. به‌پێى راپۆرتى ده‌سته‌كه‌ كێشه‌كه‌ له‌ نیسانى (٢٠١٣)ه‌وه‌ سه‌رى هه‌ڵداوه‌، كاتێك سه‌رۆكى ده‌سته‌كه‌ داوایكردووه‌، نوسراوى دامه‌زراندن بۆ ٢٥ كه‌س بكات به‌ده‌ر له‌رێنماییه‌كان، به‌ڵام به‌ڕێوه‌به‌رى كارگێڕى ره‌تیكردووه‌ته‌وه‌، له‌كۆتاییدا سه‌رۆكى ده‌سته‌كه‌ ١٥ كه‌سى له‌ لیسته‌كه‌ دامه‌زراندووه‌.

له‌دواى ئه‌وه‌وه‌ سه‌رۆكى ده‌سته‌، ده‌سه‌ڵاته‌كانى له‌ به‌ڕێوه‌به‌رى كارگێڕى سه‌ندووه‌ته‌وه‌و داویه‌تى به‌ جێگره‌كه‌ى، به‌بیانوونى ئه‌وه‌ى بڕوانامه‌كه‌ى كیمیایه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌ركه‌كه‌ى جیاوازه‌، له‌كاتێكدا سه‌رۆكى ده‌سته‌ى مافى مرۆڤ خۆى بڕوانامه‌كه‌ى فیزیایه‌. عه‌بدوڵا كه‌ریم به‌ڕێوه‌به‌رى كارگێرى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ سكاڵا تۆمار ده‌كات و دادگاى كارگێڕى له‌ ته‌مووزى ٢٠١٨ بڕیارده‌دات، به‌ گێڕانه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌كان بۆ به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى كارگێرى، به‌ڵام سه‌رۆكى ده‌سته‌ ئاماده‌نابێت ئه‌و فه‌رمانه‌ى دادگا جێبه‌جێ بكات. دواجار لیژنه‌یه‌كى په‌رله‌مانى ده‌ستوه‌ردان ده‌كه‌ن بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌كه‌، له‌ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ هه‌ردوولا بۆیان ده‌رده‌كه‌وێت چه‌ندین فایلى گه‌نده‌ڵى له‌ ده‌سته‌كه‌ هه‌یه‌.

گه‌نده‌ڵییه‌كان

راپۆرته‌كه‌ى په‌رله‌مانتاران كه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌كردووه‌ زانیارییه‌كان پشتڕاستكراوه‌ن، چه‌ند گه‌نده‌ڵییه‌كى دارایى به‌روونى خستووه‌ته‌ڕوو.

یه‌كه‌م: به‌بڕیارى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ئۆتۆمبێلێكى جۆرى لاندكرۆزه‌رى بۆ كڕدراوه‌، به‌ڵام ئۆتۆمبێله‌كه‌ى كردووه‌ به‌ناوى براى هاوژینه‌كه‌یه‌وه‌، كه‌ له‌هه‌مان كات سكرتێرى بووه‌.

دووه‌م: نۆ ملیۆن دینار له‌ نوسینگه‌ى سه‌رۆكى ده‌سته‌كه‌ خه‌رجكراوه‌، بۆ ئاماده‌كردنى راپۆرتێك سه‌باره‌ت به‌ ره‌وشى كچانى ئێزیدى، كه‌ به‌هاوكارى (رێكخراوى ئێزیه‌دییه‌كان بۆ به‌ڵگاندن) له‌كاتێكدا چاپكردنى راپۆرته‌كه‌ له‌ ئه‌ستۆى رێكخراوه‌كه‌ بووه‌.

سێیه‌م: سه‌رۆكى ده‌سته‌ حه‌وت جار خۆى ئیفاد كردووه‌، به‌بڕى ٦٨ ملیۆن و ١٠١  هه‌زار دینار، هه‌روه‌ها بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى نوسینگه‌كه‌ى خۆى بڕى ٧١ملیۆن و ٤٧٦هه‌زار دینارى خه‌رجكردووه‌.

چواره‌م: گۆڤارى ژماره‌(سفر)ى ده‌سته‌ى مافى مرۆڤ كه‌ ٨٤ لاپه‌ره‌یه‌، نۆ ملیۆن و٧٥٠ هه‌زارى بۆ ته‌رخانكراوه‌، هاوكات هه‌ر له‌و ژماره‌یه‌دا سه‌رۆكى ده‌سته‌ ناوى خۆى وه‌ك خاوه‌ن ئیمتیاز نوسیوه‌و ٦٠٠ هه‌زارى بۆخۆى داناوه‌.

پێنجه‌م: بڕى ٨٠ ملیۆن و ٦٠٠ هه‌زار دینارى بۆ  فه‌رهه‌نگى نابیستان خه‌رجكردووه‌، به‌ڵام ئه‌و فه‌رهه‌نگه‌ له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ بوونى نه‌بووه‌.

شه‌شه‌م: له‌ماوه‌ى چوار مانگى ٢٠١٤ سێ سه‌فه‌رى ده‌ره‌وه‌ى كردووه‌، بۆ به‌لجیاو كه‌نه‌دا و ئه‌مریكا، به‌ واژۆى خۆى فه‌رمانى شاندكردنه‌كانى ده‌ركردووه‌.

حه‌وته‌م: له‌ ١٠ مانگى ٢٠١٤ سه‌رۆكى ده‌سته‌ى مافى مرۆڤى هه‌رێمى كوردستان، ٣٠ ملیۆن و ٨٨٣ هه‌زار دینارى بۆ میواندارى خه‌رجكردووه‌، هه‌روه‌ها بڕى پێنج ملیۆن و ٥٤٠ هه‌زار دینارى بۆ كارتى مۆبایل خه‌رجكردووه‌، بڕى هه‌شت ملیۆن و ١٢ هه‌زار دینارى بۆ خه‌رجى جل و به‌رگ خه‌رجكردووه‌.

چاره‌نوسى سه‌رۆكى ده‌سته‌ى مافى مرۆڤ

لیژنه‌كه‌ى په‌رله‌مان داوایكردووه‌ كه‌ سه‌رۆكى ده‌سته‌كه‌ى مافى مرۆڤ له‌سه‌ر كار لاببرێت و رووبه‌ڕووى دادگا بكرێته‌وه‌، له‌سه‌ر ئه‌و دۆسیانه‌ى گه‌نده‌ڵى كه‌له‌سه‌رى هه‌یه‌، داواى دوورخستنه‌وه‌ى دوو به‌رپرسى دیكه‌ى ده‌سته‌كه‌ كراوه‌ كه‌ هاوكاربوون بۆ تێپه‌ڕاندنى ئه‌و گه‌نده‌ڵییانه‌، هاوكات داواش ده‌كات كه‌ فه‌رمانبه‌ر عه‌بدوڵا عه‌بدولكه‌ریم بگه‌ڕێندرته‌وه‌ بۆ پۆسته‌كه‌ى و ده‌سه‌ڵاته‌كانى پێبدرێته‌وه‌و قه‌ره‌بووى مه‌عنه‌وى بكرێته‌وه‌.

هه‌وڵێك بۆ بردنه‌ده‌ره‌وه‌ى

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر، به‌بیانووى ئه‌وه‌ى كه‌ سه‌رۆكى ده‌ستى مافى مرۆڤ مه‌سیحییه‌و به‌ره‌چاوكردنى ئه‌وه‌، هه‌وڵێك هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ى ره‌وانه‌ى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان بكرێت، به‌رپرسێكى پارتى راسپێردراوه‌ كارئاسانى بۆچوونه‌ ده‌ره‌وه‌ى بكات.

شیرین ئه‌مین سه‌رۆكى ده‌سته‌ى ده‌ستپاكى له‌په‌رله‌مانى كوردستان، دوو رۆژ پێش ئێستا راگه‌یه‌ندراوێكى بڵاوكرده‌وه‌و ده‌ڵێت، پەرلەمانی کوردستان دۆسیەکەی ئاڕاستەی دەستەی دەستپاکی كردووه‌، لەئێستادا دۆسیەکەی لەلێکۆڵینەوه‌دایە."بەڵام پرسەکە ئەمەیە سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ لەلایەن حکومەتەوە ڕەزامەندی وەرگرتووە ھەرێمی کوردستان بەجێبھێڵێت و سەفەربکات بکات بۆ ژنێف، لەکاتێکدا ھەرکەسێک گومانی گەندەڵی لەسەربێت و دۆسیەکەی لەقۆناغی لێکۆڵینەوەدا بێت، مافی سەفەرکردنی نابێت". 

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ داواى له‌ لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار كردووه‌، كه‌ فریابكه‌ن و رێگه‌ به‌چوونه‌ده‌ره‌وه‌ى سه‌رۆكى ده‌سته‌ى مافى مرۆڤ نه‌ده‌ن.