07:54 - 30/10/2019
گڕى شه‌قامه‌كانى عێراق ده‌گوازرێته‌وه بۆ هه‌رێمى كوردستان؟
رۆژى ٢٥ی ئۆكتۆبه‌ر، كاتێك دانیشتووانى خوارووى عێراق هه‌فته‌یه‌ك زیاتربوو ئاماده‌كارییان كردبوو بۆئه‌وه‌ى بڕژێنه سه‌ر شه‌قام و خۆپیشاندانى ملیۆنى بكه‌ن، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان به تیشێرتێكى سپییه‌وه به‌شدارى مه‌راسۆنى هه‌ولێرى كردوو قسه‌ى له‌سه‌ر وه‌رزش و ژینگه كرد. هه‌ر ئه‌ورۆژه سه‌رووى ٥٠كه‌س له خۆپیشاندانه‌كان كوژران و سێ هه‌زار كه‌سیش برینداربوون، ئه‌گه‌رچى بارزانى بێ مه‌به‌ست له‌و رۆژه‌دا له راكردنه‌كه به‌شدارنه‌بوو. زۆرێك پێیان وایه ئه‌و دوو دیمه‌نه جیاوازه ئاماژه‌ى دوورییه له ئه‌گه‌رى گواستنه‌وه‌ى ئه‌و دۆخه بۆ هه‌رێم، له‌كاتێكدا پاڵنه‌ره‌كانى خۆپیشاندان "به‌زیاده‌وه" له‌هه‌رێم هه‌ن.
ترسى حكومه‌ت
كاتێك له‌به‌هارى ٢٠١٨ مووچه‌خۆران و خه‌ڵكى هه‌رێم تینیان بۆهات، چیتر سنوورى هه‌ولێر و دهۆك وه‌ك سنوورى هێڵى سور بۆ خۆپیشاندان نه‌مایه‌وه، له‌ناوچه‌ى بادینان، هه‌ولێر، سلێمانى، گه‌رمیان، هه‌ڵه‌بجه و راپه‌ڕین، خۆپیشاندان له‌یه‌ك كاتدا به‌ڕێوه‌چوو، هه‌رئه‌وه‌ش حكومه‌تى ناچاركرد پێداچوونه‌وه به پاشكه‌وتى مووچه‌دا بكات و خێرا حكومه‌ت كه‌وته‌خۆى. ئه‌و خۆپیشاندانه سه‌رتاسه‌رییه ره‌نگه تۆوى هه‌ر ناڕه‌زاییه‌كى دیكه بێت كه له‌ئاینده رووبدات. چونكه بۆ خه‌ڵكى بووه نمونه‌یه‌كی باش ئه‌گه‌رچى قوربانییان دا.
ئێستا كه شه‌قامه‌كانى عێراق ده‌كوڵێن، شه‌قامه‌كانى هه‌رێمى كوردستان كشوماته، پاڵنه‌ره‌كانى خۆپیشاندان له‌هه‌رێمى كوردستانیش هه‌ن، بێكارى، گه‌نده‌ڵى، نه‌بوونى دامه‌زراندن، نادادپه‌روه‌رى و سه‌روه‌رنه‌بوونى یاسا. به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر حكومه‌تى هه‌رێم ماوه‌یه‌كه كه‌وتووه‌ته خۆى و ده‌یه‌وێت زه‌خیره‌یه‌ك بخات، تا ئه‌گه‌ر په‌تى ره‌وانه‌كردنى مووچه له‌به‌غداوه پچڕا، خه‌ڵك نه‌یه‌نه سه‌ر شه‌قام. بۆئه‌وه‌ش ده‌ستى به هه‌ڵگرتن و پاشكه‌وتكردنى هه‌ندێك پاره كردووه، تا چه‌ندمانگێك بتوانێت مووچه بدات. حكومه‌ت ده‌زانێت مووچه بزوێنه‌رى ناڕه‌زاییه‌كانه.
خۆپیشاندان ده‌گوازرێته‌وه بۆ هه‌رێم؟
بۆ ئه‌گه‌رى روودان یاخود روونه‌دانى خۆپیشاندان له‌هه‌رێمى كوردستان، پاڵنه‌رو هۆكارى دیاریكراو هه‌یه، زۆرینه‌ى بۆچوونه‌كان به‌و ئاڕاسته‌ن كه دووباره‌بوونه‌وه‌ى ئه‌زموونى به‌غدا له هه‌رێمى كوردستان ئه‌گه‌رێكى لاوازه، ئه‌گه‌رچى باس له‌وه‌ش ده‌كه‌ن هۆكارو پاڵنه‌ره‌كانى خۆپیشاندان له‌هه‌رێم، زیاتر نه‌بن كه‌مترنین.
پاڵنه‌ره‌كانى خۆپیشاندان
*له‌هه‌رێمى كوردستان بێكارى به‌ڕێژه‌یه‌كى به‌رچاو هه‌ڵكشاوه، ساڵانه نزیكه‌ى ٥٠هه‌زار ده‌رچووى نوێى زانكۆ‌و په‌یمانگا هه‌یه كه زۆرینه‌ى زۆریان بێكارن، دامه‌زراندن نییه و خزمه‌تگوزارییه‌كانى ئاو، كاره‌با، ته‌ندروستى، له‌ئاستێكى باش‌دا نین، هه‌موو ئه‌وانه هه‌مان ئه‌و هۆكارانه‌یه كه گڕى له شه‌قامه‌كانى خوارووى عێراق به‌رداوه.
*ئه‌گه‌رچى حكومه‌ت ساڵانێكى زۆره باسى چاكسازى ده‌كات، به‌ڵام چاكسازى به‌كردار ئه‌نجامنه‌دراوه، دواى نزیكه‌ى چوار مانگ له‌پێكهێنانى كابینه‌ى نوێ، هێشتا یاساى چاكسازى نه‌گه‌یشتووه‌ته په‌رله‌مان.
*كێشه‌ى مووچه نه‌مه‌یوه، تائێستا دواخستنى مووچه هه‌یه، په‌یسه‌ر ٢٨ی ئه‌م مانگه بڵاویكرده‌وه، كه حكومه‌تى عێراق ته‌نها به ره‌وانه‌كردنى دوو مووچه‌ى دیكه رازییه‌و له‌دواى مانگى ١٢ بێ رێككه‌وتن ئاماده‌ى ناردنى مووچه نییه.
*ته‌پوتۆزى قه‌یرانى دارایى هێشتا له‌سه‌ر شانى خه‌ڵك لانه‌چووه و خه‌ڵكى تائێستا له قه‌یراندا ده‌ژین.
*چوار مانگى ته‌مه‌نى حكومه‌ت، ئه‌گه‌رچى جموجوڵ كراوه‌و حكومه‌ت بێ كار دانه‌نیشتووه، به‌ڵام كه‌مى و هێواشى هه‌نگاوه‌كان شایه‌نى ره‌خنه‌یه. ئێستا كه وه‌رزى باران بارین ده‌ستیپێكردووه، كاره‌با خراپتر بووه‌و تائێستا دیار نییه كه‌ى به‌رمیلێك نه‌وت ده‌درێت به هاوڵاتیان.
"كاتێك ده‌نگى خه‌ڵك ده‌دزرێت ئه‌م دۆخه دروست ده‌بێت"
موسه‌نا ئه‌مین ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ده‌ڵێت:"پێش هه‌موو هۆكاره‌كان، ته‌زویركردنى سندوقه‌كان و دزینى ئیراده‌ى خه‌ڵك، بووه هۆى ئه‌وه‌ى وڵات به‌ره‌و ئه‌و چاره‌نووسه بڕوات، ئه‌گه‌ر خه‌ڵك بزانێت به‌هه‌ڵبژاردن خول به‌خول، ده‌نگى ئه‌و ره‌نگدانه‌وه‌ى هه‌یه له پرۆسه‌ى دیموكراسیدا، خۆئه‌گرێت تا چاكسازییه‌كان ده‌گه‌نه ئه‌نجام، به‌پێچه‌وانه‌وه كه هه‌ست ده‌كات ده‌نگه‌كه‌ى كاریگه‌رى نییه، خۆى دێته سه‌رشه‌قام به‌ده‌ستى خۆى هه‌قى خۆى بسه‌نێت. ئه‌م هۆكاره له‌هه‌موویان مه‌ترسیدارتره كه له‌هه‌رێمى كوردستان هه‌یه".
ئه‌و په‌رله‌مانتاره پێى وایه، هیچ گه‌لێك به‌دیار بێكارى و گه‌نده‌ڵى و بێ خزمه‌تگوزارى و خه‌فه‌كردنى خه‌ونه‌كانه‌وه دانانیشێت، كاتێك كه ده‌رفه‌تى گۆڕانكارى له‌رێگه‌ى سندوقه‌كانى هه‌ڵبژاردنه‌وه ده‌بێته تونێلێكى داخراو، خه‌ڵك بیرۆکەی بژارده‌ى توندوتیژو راپه‌ڕین و هه‌ڵشاخان به سیسته‌مى سیاسی‌دا بۆ دروستده‌بێت. سه‌باره‌ت به ئه‌گه‌رى گواستنه‌وه‌ى خۆپیشاندانه‌كان بۆ هه‌رێم ئه‌مین ده‌ڵێت:"له‌م دۆخه‌دا، سوریا پشێوییه، ئێران ته‌شه‌نوجاته، توركیا‌و سوریاش شه‌ڕه، عێراقیش ئه‌وه دۆخه‌كه‌یه، پێموایه له‌م ساته مێژووییه‌دا هاوڵاتیانى هه‌رێم ئه‌وه‌نه‌ى بیر له چاره‌نووسى خۆیان ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌وه‌نده بیر له‌وه‌ناكه‌نه‌وه بچنه سه‌ر شه‌قام، به‌ڵام هه‌موو شه‌قامێك رۆژى خۆى هه‌یه و هه‌موو سیسته‌مێكى سیاسیش ئه‌گه‌ر رێزى خه‌ڵك نه‌گرێت رۆژى خۆى دێت، چاكتر وایه بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانى هه‌رێم فریاى خۆیان بكه‌ن و چاكسازییه‌ك له به‌رژه‌وه‌ندى خه‌ڵك بكه‌ن".
ئه‌و هۆكارانه‌ى خۆپیشاندان له‌هه‌رێم دوور ده‌خه‌نه‌وه
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌دا كۆمه‌ڵێك هۆكار هه‌ن، كه چانس به حكومه‌تى نوێ ده‌ده‌ن، وابه‌زوویى رووبه‌ڕووى مه‌ترسى ته‌قینه‌وه‌ى شه‌قام نه‌بێته‌وه.
*له‌به‌ختى كابینه‌ى نۆى حكومه‌ت، ئێستا ئۆپۆزسیۆنێكى لاواز‌و بێ كاریگه‌ر له‌هه‌رێمى كوردستان هه‌یه، هیچ هێزێكى سیاسى نییه ئۆپۆزسیۆن یاخود كه‌سایه‌تییه‌كى سه‌ربه‌خۆ نییه بیر له رێكخستنى ناره‌زاییه‌كان بكاته‌وه. كار بۆ رێكخستنى خۆپیشاندان بكات. ئه‌وه‌ش واده‌كات خۆپیشاندان ئه‌گه‌رێكى لاواز بێت.
*هاوسۆزى و پشتیوانى نییه له‌نێوان خۆپیشانده‌رانى شاره‌كانى خوارووى عێراق و خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان، زۆرێك له دروشمه‌كانى خۆپیشانده‌رانى خوارووى عێراق دژ به مافه‌كانى خه‌ڵكى كوردستانن، به‌تایبه‌ت پرسى هه‌موارى ده‌ستوور و گۆڕینى سیسته‌مى سیاسى و نیگه‌رانییه‌كانیان له‌سه‌ر ره‌وانه‌كردنى مووچه بۆ هه‌رێمى كوردستان. ئه‌وه‌ش وایكردووه له‌هه‌رێمى كوردستان به‌چاوى سۆزه‌وه ته‌ماشاى هه‌وڵه‌كانى خۆپیشانده‌رانى خوارووى عێراق نه‌كرێت.
*خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان چاویان له‌سه‌ر رووداوه‌كانى رۆژئاواى كوردستانه، ئه‌و په‌لامارانه‌ى له‌سه‌ر كورد هه‌یه له رۆژئاوا به‌جارێك كوردانى هه‌موو پارچه‌كانى یه‌ك خستووه، خه‌ڵكى د‌رك له مه‌ترسى هاوكێشه نوێیه‌كان ده‌كه‌ن، بۆیه ئێستا وادێته پێش چاو كورد هه‌ستى كوردایه‌تى و كێشه‌كانى كوردبوونى پێش هه‌موو كێشه‌كانى دیكه خستووه‌و بیر لە چارەنوسی خۆیان دەکەنەوە. له‌دۆخێكدا كه چه‌كى فسفۆر به‌سه‌ر كوردانى رۆژئاوادا ده‌ڕژێت و ئاگریان به‌سه‌ردا ده‌بارێت و كۆمه‌ڵكوژ ده‌كرێن، گریمانه‌یه‌كى دووره كێشه‌كانى خزمه‌تگوزاریى خه‌ڵكى هه‌ولێر و سلێمانى بهێنێته سه‌ر شه‌قام.
*پێده‌چێت خواستى وڵاتان تائێستا به‌جۆرێك بێت، حه‌ز به تێكچوونى سه‌قامگیرى هه‌رێمى كوردستان نه‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندى به به‌رژه‌وه‌ندى وڵاتانه‌وه هه‌یه‌و ده‌زانن تێكچوونى هه‌رێم زۆر هاوكێشه ده‌شێوێنێت و زیان به ئاسایشى زۆر وڵات ده‌گه‌یه‌نێت و ده‌رگاى تونێلێكى ئاڵۆز‌و تاریك ده‌كاته‌وه، كه ئه‌و سه‌رى دیار نییه، ئه‌وه‌ش واده‌كات وڵاتانى نه‌یار به‌خواستى خۆیان ده‌ستوه‌ردان بكه‌ن به‌پێى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى خۆیان دۆخه‌كه ئاڕاسته بكه‌ن.
*ماوه‌یه‌كى زۆرنییه كێشه‌ى مووچه پینه‌كراوه، سه‌ره‌تاى ئازارى ئه‌مساڵ بوو پاشكه‌وتى مووچه لابرا. هه‌رێمى كوردستان ئاهێكى به‌به‌ردا هاتەوه‌و هێشتا به‌ردى قه‌یرانى به‌كۆڵه‌وه‌یه، بۆیه‌ش له‌ئێستادا ئه‌و ئاماده‌ییه بۆ خۆپیشاندان وه‌ك له‌قۆناغى چاره‌كه مووچه‌و نیو مووچه هه‌بوو. خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و كێشه‌یه سه‌ر هه‌ڵبداته‌وه خۆپیشاندان ئه‌گه‌رێكى نزیكه.
*كابینه‌ى نۆى حكومه‌ت ماوه‌یه‌كى زۆر نییه كه‌وتووه‌تە سه‌رپێ، دروستكردنى نۆ مانگى ویست، هێشتا ته‌مه‌نى چوار مانگى تێنه‌په‌ڕاندووه، لایه‌نه پێكهێنه‌ره‌كانى به‌ڵێنى چاكسازى گه‌وره‌یان داوه، پێده‌چێت خه‌ڵكى ئاماده‌یى تێدابێت كه هه‌ل به‌و كابینه‌یه بدات كه‌به‌ڵێنى كار‌و چاكسازى داوه، به‌ڵام ئه‌و ئۆفه‌ره‌ش تاسه‌ر نییه.
*خه‌ڵكى جۆرێك له بێ‌ئومێدى بۆ درووستبووه له‌رێگه‌ى خۆپیشاندانه‌وه گۆڕانكارى ریشه‌یى بكرێت، زۆربه‌ى خۆپیشاندانه‌كانى رابردوو به‌زه‌برى هێز بڵاوه‌ى پێكراوه‌و ده‌سه‌ڵات به‌ده‌م داواى خه‌ڵكه‌وه نه‌هاتووه.
"یه‌كخستنى ده‌نگى ناڕازى پێگه‌یشتنى زیاترى ده‌وێت"
ئه‌مین به‌كر ئه‌ندامى خولى پێشووى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق بۆ په‌یسه‌ر ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، له‌م قۆناغه‌دا له‌به‌رئه‌وه‌ى هێزێكى سیاسى نییه رابه‌رایه‌تى خۆپیشاندان بكات، یه‌كخستنى ده‌نگه ناڕازییه‌كان پێگه‌ییشتنى زیاترى ده‌وێت. ئه‌و كه ئێستا راوێژكاره له ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، بۆ په‌یسه‌ر گوتى:"هۆكارى خۆپیشاندانه‌كانى عێراق له‌هه‌رێمیش هه‌ن، به‌ڵام یه‌ك هۆكار هه‌یه جیاوازه، ئه‌و ئیراده سیاسییه هه‌رێمییه نێوده‌وڵه‌تییه‌ى كه له‌پشتى خۆپیشاندانه‌كانى عێراقه‌وه‌یه، له‌ئێستادا كارى نه‌كردووه بۆئه‌وه‌ى خۆپیشاندان له‌هه‌رێم بته‌قێته‌وه، به‌ڵام ئه‌مه ماناى ئه‌وه‌نییه خۆپیشاندانه‌كانى عێراق كاریگه‌رى له‌سه‌ر هه‌رێم نییه، گه‌نده‌ڵى له‌هه‌رێمى كوردستان رۆچووه به‌كۆى سیسته‌مى به‌ڕێوه‌بردن، به‌ڵام له‌ئێستادا به‌دوورى ده‌زانم خۆپیشاندان بۆ هه‌رێمى كوردستان بگوازرێته‌وه، ئه‌گه‌ر بشكرێت لاواز ده‌بێت".