ڕاپۆرتی کوردستانی

07:45 - 29/10/2019

هاوپه‌یمانان بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ى ئاسایشى هه‌رێم دێنه‌ سه‌رخه‌ت‌

پەیسەر

په‌رشوبڵاوى ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و ده‌سه‌ڵاتى ره‌هاى پارتى و یه‌كێتى به‌سه‌ر ئه‌و ده‌زگایانه‌وه‌، هاوپه‌یمانانى نیگه‌رانكردووه‌، ئه‌وان له‌رێگه‌ى پرۆژه‌یه‌كه‌وه‌ به‌نیازن كارێكى زه‌حمه‌ت بكه‌نه‌ راستى(ده‌رهێنانى هێزه‌كانى ئاسایش و ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كان له‌ چنگى حزب)، ئه‌مریكا، به‌ریتانیاو وڵاتانى دیكه‌ى هاوپه‌یمان به‌فه‌رمى پرۆژه‌یان پێشكه‌شكردووه‌، تا ئاسایش و ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كان (پاراستن و زانیارى) یه‌كبخرێن.    

پرۆژه‌كه‌ى هاوپه‌یمانان


‎رۆژى ٢٦ی ئه‌م مانگه‌، رۆبێرت وایت فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا، سه‌ردانى مه‌سرور بارزانى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستانى كرد، به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس، وایت بیرۆكه‌ى یه‌كگرتنه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئاسایشى خستووه‌ته‌ به‌رده‌م سه‌رۆكى حكومه‌ت، رایگه‌یاندووه‌ ده‌یانه‌وێت هاوشێوه‌ى ئه‌و پڕۆژانه‌ى بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ هه‌یه‌، كار بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئاسایشى هه‌رێم بكرێت.

هاوپەیمانان خوازیاری دروستکردنی دەزگایەکی هەواڵگری کوردین 

هاوپه‌یمانان ماوه‌یه‌كی زۆره‌، به‌ نه‌رمى سه‌رقاڵى یه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ن، پێده‌چێن گه‌یشتبنه‌ ئه‌و بڕوایه‌ى، بێ یه‌كخستنه‌وه‌ى ئاسایش و هه‌واڵگرى هه‌ر یه‌كخستنه‌وه‌یه‌كى دیكه‌ سه‌ركه‌وتوونابێت و ناگاته‌ ئه‌نجام، بۆیه‌ش ئێستا بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ى ئاسایش و هه‌واڵگرى هاتوونه‌ته‌ سه‌رخه‌ت و جددین له‌ یه‌كخستنه‌وه‌یان.

هاوپه‌یمانان چییان ده‌وێت
به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر، هێزه‌كانى هاوپه‌یمانان نیگه‌رانن له‌نه‌بوونى هه‌ماهه‌نگى له‌نێوان ده‌زگاى هه‌واڵگرى پاراستن و زانیارى و هێزه‌كانى ئاسایشى هه‌ردوولا، ده‌یانه‌وێت په‌ره‌ بەهەماهه‌نگی نێوان ئاسایشی هەولێر و سلێمانی بدەن، هاوپەیمانان خوازیاری دروستکردنی دەزگایەکی هەواڵگری کوردین لەهەرێم، کە یارمەتی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بدات.

به‌پێى زانیارییه‌كان هاوپه‌یمانان له‌چه‌ند رووداوێك نیگه‌رانن و پێیان وایه‌، ئه‌گه‌ر هه‌ماهه‌نگى له‌نێوان ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانى هه‌رێم هه‌بوایه‌ رووینه‌ده‌دا، هاوپه‌یمانان نموونه‌ى رووداوه‌كه‌ى سه‌ر چیاى ئه‌زمڕ باس ده‌كه‌ن، كه‌ پێیان وایه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ماهه‌نگى هه‌واڵگرى هه‌بووایه‌، به‌وجۆره‌ فڕۆكه‌ى توركیا له‌سه‌ر چیاى ئه‌زمڕ بۆردوومانى نه‌ده‌كرد. به‌پێى زانیارییه‌كان هاوپه‌یمانان له‌ رووداوه‌كه‌ نیگه‌رانن.   

هەردوود دەزگای زانیارى و پاراستن سودی زۆری بۆتورکیاو ئێران هه‌بووه‌

هێزه‌كانى هاوپه‌یمانان هه‌روه‌ها نیگه‌رانن، له‌ نه‌بوونى هه‌ماهه‌نگى ته‌واو له‌نێوان ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانى هه‌رێم له‌گه‌ڵ هه‌واڵگرى به‌غدا، به‌تایبه‌ت له‌نێوان پاراستن و هه‌واڵگرى عێراق. هەروەها پێیان وایە دەزگایەکی یەکگرتوو کە هەماهەنگی زۆری تێدابێت، باشتر دەتوانێت رووبەڕووی هەڕەشەکانی تیرۆر ببێتەوە.

تائێستا هه‌ردوو ده‌زگاى زانیارى و پاراستن، ئه‌گه‌رچى له‌رووى ئیدارییه‌وه‌ له‌چوارچێوه‌ى ئه‌نجومه‌نى ئاسایشدا یه‌كخراون و هه‌ریه‌كه‌یان سه‌دان كارمه‌ندى تایبه‌تى بۆدانراوه‌، به‌ڵام دوو ده‌زگاى ته‌واو لێك جیان و له‌لایه‌ن حزبه‌كه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتى ده‌كرێن. له‌نێو حزبیش پاراستن له‌لایه‌ن ئه‌ندامێكى بنه‌ماڵه‌ى بارزانى و زانیاریش له‌لایه‌ن ئه‌ندامێكى ماڵى تاڵه‌بانییه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێن.

هاوپه‌یمانان یه‌كخستنه‌وه‌ى ئاسایش و هه‌واڵگرییان بۆچییه‌؟
*هاوپه‌یمانان و به‌تایبه‌ت ئه‌مریكییه‌كان خواستى ئه‌وه‌یان هه‌یه‌، له‌دواى هێزى پێشمه‌رگه‌ هێزى ئاسایش و ده‌زگایه‌كى هه‌واڵگرى یه‌كگرتوو هه‌بێت، كه‌ به‌شێكى تێكه‌ڵاو بكرێت بەدەزگای هه‌واڵگرى ئەمریكى. ئه‌وه‌ش ئاماژه‌یه‌كى روونه‌ بۆ خواستى ئه‌مریكا بۆ دروستكردنى ده‌زگایه‌ك كه‌ له‌ژێر كۆنتڕۆڵى ته‌واوى واشنتن-دا بێت.

 ئه‌مریكا و به‌ریتانیا جددین له‌ پرۆژه‌ى یه‌كخستنه‌وه‌ى و ئاسایش

*هاوپه‌یمانان پێیان وایه‌، کارکردنی هەردوود دەزگای زانیارى و پاراستن لەژێر کۆنتڕۆڵی پارتی و یەکێتی، سودی زۆری بۆتورکیاو ئێران هه‌بووه‌، ئەمریکا کەمتر سودی لێبینیوه‌ یاخود به‌شێوه‌یه‌كى سنووردار سوودى له‌و ده‌زگایانه‌ بینیوه‌. هاوپه‌یمانان پێیان وایە هه‌ردوو ده‌زگاى هه‌واڵگرى میتى توركى و ئیتڵاعاتى ئێرانى چه‌ندین كارو ئاسانكارییان بۆكراوه‌ له‌رێگه‌ى ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌. ئه‌نقه‌ره‌و تاران خۆیان ئه‌مه‌یان نه‌شاردووه‌ته‌وه‌و چه‌ندجارێك باسیان له‌هاوكارى هه‌ماهه‌نگى ده‌زگاكانى هه‌واڵگرییه‌كانى هه‌رێمیان كردووه‌.

*بۆچوونێك له‌سه‌ر ئه‌و ده‌زگایانه‌ هه‌یه‌، كه‌ ره‌چاوى بنه‌ماكانى مافى مرۆڤ ناكه‌ن و ره‌چاوى یاسا كارپێكراوه‌كان ناكه‌ن، هه‌روه‌ها هۆكاره‌كانى په‌یوه‌ندیكردن له‌لایه‌ن ئه‌و ده‌زگایانه‌وه‌ كۆنتڕۆڵكراوه‌و ده‌توانن گوێبیستى په‌یوه‌ندى هه‌ركه‌سێك بن كه‌ بیانه‌وێت، هاوكات له‌به‌غداوه‌ ره‌خنه‌و نیگه‌رانى زۆر سه‌باره‌ت به‌م دوو ده‌زگایانه‌ هه‌ن، لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان ناوبه‌ناو ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانى هه‌رێم تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن به‌ فڕاندنى خه‌ڵك.
هاوپه‌یمانان پێیان وایه‌، حزبى بوونى ئه‌و ده‌زگایانه‌ وایكردووه‌، چه‌ندین دۆسیه‌ له‌ ململانێى سیاسیدا به‌كاربهێنرێت، یاخود چه‌ندین دۆسیه‌ ونبكرێت.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس، ئه‌مریكا و به‌ریتانیا جددین له‌ پرۆژه‌ى یه‌كخستنه‌وه‌ى و ئاسایش و هه‌واڵگرى هه‌رێمى كوردستان، ئه‌وان به‌ته‌واوى له‌ بایه‌خى هه‌واڵگرى تێگه‌یشتوون و ده‌زانن هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێك له‌رێگه‌ى ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانیه‌وه‌ به‌ ئاسانى كۆنتڕۆڵده‌كرێت، ئێستاش ئه‌و كاره‌ بۆ توركیا و ئێران جێهێڵدراوه‌.

ئه‌وان ئێستا خواستى یه‌كگرتنه‌وه‌یان پێشكه‌شكردووه‌و چاودێرى جێبه‌جێكردنى ده‌كه‌ن، له‌ ئه‌گه‌رى پشتگوێخستنى پرۆژه‌ى هاوپه‌یمانان ئه‌گه‌رى زۆره‌ كه‌ له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى كێشه‌ بۆ ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان درووستبكه‌ن و وه‌ك دوو ده‌زگا بییان ناسێنن كه‌ توركیا و ئێران سه‌رپه‌رشتییان ده‌كات.

ئه‌و ده‌زگایانه‌ نه‌ك هه‌ماهه‌نگییان پێكه‌وه‌نییه‌ به‌ڵكو زۆرجار دژى یه‌كدى كارده‌كه‌ن

خواستى دروستكردنى ده‌زگایه‌كى هه‌واڵگرى نیشتمانیى له‌دواى ساڵى ٢٠٠٩و دروستبوونى بززوتنه‌وه‌ى گۆڕانه‌وه‌ په‌ره‌ى پێدرا، هێزه‌كانى ئۆپۆزسیۆن له‌ پاكێجى هاوبه‌شى چاكسازى داواى یه‌كخستنه‌وه‌ى ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كان و دروستكردنى ده‌زگایه‌كى هه‌واڵگرى نیشتمانییان كرد، كه‌ خاڵى بێت له‌ده‌ستى حزب.

ساڵی ٢٠١١ ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان دامه‌زراو له‌ مانگی ته‌مووزی ٢٠١٢ سه‌رۆكی پێشووى هه‌رێمی كوردستان بڕیاری دامه‌زراندنی مه‌سرور بارزانی ده‌ركرد وه‌ك یه‌كه‌م راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش، به‌ڵام تائێستا ئه‌و ئه‌نجوونه‌ دوو ده‌زگاى ئاسایش و دوو ده‌زگاى دژه‌تیرۆرو دوو ده‌زگاى هه‌واڵگرى جیاى هه‌یه‌(پاراستن و زانیارى). وه‌ راوێژكارى ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ ته‌نها ده‌سه‌ڵاتى به‌سه‌ر ئه‌و ده‌زگایانه‌دا هه‌یه‌ كه‌ له‌سه‌ر پارتى حسابن، ئه‌و ده‌زگایانه‌ نه‌ك هه‌ماهه‌نگییان پێكه‌وه‌نییه‌ به‌ڵكو زۆرجار دژى یه‌كدى كارده‌كه‌ن و ململانێ سیاسییه‌كان له‌وێ ساغ ده‌كرێته‌وه‌. سیاسه‌تى فه‌رمى هاوپه‌یمانان تائێستا پاراستنى سه‌قامگیرى هه‌رێمى كوردستانه‌، له‌كاتێكدا ئه‌وان باش ده‌زانن له‌كاتێكدا دوو ده‌زگاى هه‌واڵگرى دژ به‌یه‌ك له‌ هه‌رێمه‌كه‌ به‌رده‌وام ده‌نووكیان له‌سه‌ر یه‌ك بێت، هه‌موو كات ئه‌گه‌رى تێكچوونى دۆخه‌كه‌و رووداوى نه‌خوزراو هه‌یه‌.