ڕاپۆرتی کوردستانی

05:40 - 29/10/2019

ئیسلامییەكانی کوردستان لەم دوو رێگایەدا سەرکەوتوو بوون؟‌

پەیسەر

ھەر یەکێک لەم حزبانە ئەجێندای سیاسی خۆی و لائیحەی کاری تایبەت بەخۆی و ئامانج وستراتیژی خۆی ھەیە کە بەشێوەیەکی گشتی لە ئامانجی ئاینی و نەتەوەییدا خۆی دەبینێتەوە، ئیتر چەندەی جێبەجێ دەكرێت و چەندەشی تەنیا دروشم و تیۆرە، قسەیەكی دیكەیە.

ئیسلامییەكان بەسەر چەند دەستەو گروپێكدا دابەشبوون دیارترینیان، كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان، كە هەموویان باوەڕیان بە كاری پەرلەمانیی و پێكەوە كاركردن لەگەڵ هێزی عەلمانی و نەتەوەییەكاندا هەیە.

ئیسلامییەکان هەریەكێكیان سەركردایەتی خۆیان هەیەو بۆ هەر ڕوداوو پێشهاتێكیش هەڵوێستی جیاوازیان هەیە، بە دەگمەن ڕێكەوتووە پێكەوە یەك هەڵوێستیان هەبوو بێت

پاشگری ئیسلامیی
ده‌ستەواژەی ئیسلامی ئاماژەیە بۆ چەند حزبێكی كوردستانی كە پاشگری ئیسلامییان لەخۆیان ناوە، هەر یەكێك لەوان سەركردایەتی خۆیان هەیەو بۆ هەر ڕوداوو پێشهاتێكیش هەڵوێستی جیاوازیان هەیەو دەگمەن ڕێكەوتووە پێكەوە یەك هەڵوێستیان هەبوو بێت. یان بۆچوون و شرۆڤەكانیان یەك ئاڕاستە بوو بێت و چوو بێتە خزمەتی ئەو پاشگرە (ئیسلامی)ی كەهەریەكێكیان هەڵیانگرتووەو بانگەشەی بۆ دەكەن. هەر بۆیە زۆر جار مامەڵەی حزبی سیاسییان لەگەڵدا كراوە.

گەرچی زۆر جار دەستەواژەی ئیسلامی لای هەندێكیان (پێش بەستنی كۆنگرەكانیان) دەخرێتە بەرباس و گفتوگۆ، بەڵام هێندەی پێناچێت بێدەنگی لێدەكەن و بە چەند بەهانەیەك تێیدەپەڕێنن. ئەوەی كە دەیكەن جیاكردنەوەی شاباڵی (بانگەواز) و (سیاسەت)ەو هەریەكەشیان بە كۆمەڵە كەسانێك دەسپێرن و هەروا دوای چەند ماوەیەك دۆخەكە وەك خۆی لێدێتەوە.

شرۆڤەكاران پێیانوایە هەبوونی ئەو پاشگرە هەندێك ڕێگریی بۆ دروستكردوون و وەك پێویست ناتوانن ڕۆڵی خۆیان بگێڕن، لە هەمان كاتیشدا دەڵێن لەبەر ڕایگشتی و دەنگدەرەكانیان ناوێرن دەستكاریی بكەن.

خولانەوە بەدەوری خۆدا
دابڕانی  ئیسلامییەكان لە یەکترو خولانەوەیان بە دەوری بەرژەوەندیی و ئایدۆلۆژیا تایبەتیەکانیاندا، وای لێکردوون نەتوانن ببنە خاوەنی پرۆژەیەکی سیاسی گەورە و کاریگەر کە حزبە حوکمڕانەکان ناچار بکەن مامەڵەیەکی ئیجابیان لەگەڵدا بکەن. یان سەرنجی هێزە دەرەكییەكان بخەنە سەرخۆیان و پێیانوابێ دەتوانن گۆڕانكاریی بكەن. هەربۆیە دەتوانین بڵێین ئەم حزبە ئیسلامییانە توانای ئەوەیان نییە کە جیاوازیەکانیان تێبپەڕێنن و بتوانن لە چوارچێوەیەکی سیاسی نوێدا درێژە بە کار و چالاکیەکانیان بدەن و ببنە هەڵگری پرۆژەیەكی گەورە.

بانگەواز ئامرازی سیاسەتە
هەندێك باوەڕیان وایە ھەرسێ حزبە ئیسلامییەکەی کوردستان، شێوازی دید و تێڕوانینیان بۆ کاری سیاسی لە یەکترەوە نزیکن. ھەرسێکیان ئێستا لە چوارچێوەی فرەیی سیاسی دا کار دەکەن و وەک بنەمایەکی دیموکراسیش بەشداری لە ھەڵبژاردنەکاندا دەکەن بۆ گەیشتن یان بەشداریکردن لە دەسەڵاتدا.

ھەرسێ حزبەکە لەکاری سیاسیاندا زیاتر پشت بە کاری (بانگخوازیی) دەبەستن و بۆ ئەم مەبەستەش (سیاسەت)یان کردۆتە پاشکۆی کاری بانگخوازیی و ھەر لەم رێگەیەشەوەیە دەیانەوێت جەماوەر بۆ حزبەکانیان زیاد بکەن.

بۆ سەلماندنی ئەم راستیەش ئەوەیە لە ھەڵبژاردنەکانی رابردوودا ژمارەیەک لە بانگخواز و مامۆستای ئاینیی کاندید کراون و توانیویانە دەنگی باشیشیان پێ  کۆ بکەنەوە. بەڵام دواجار بە گەیشتنیان بە پەرلەمان و پۆستە حکومییەکان، نەیانتوانیوە وەک پیاوی دەوڵەت سەرکەوتنێکی پیشەیی بەدەست بھێنن.

بەشێكیش لەو بانگخوازانە دوای تەواوبوونی كاری پەرلەمانییان ناچنەوە ناو كاری بانگەوازو كاری ڕێكخراوەیی و سەرقاڵی ژیانی ئاسایی خۆیان دەبن.

یەکێتی و گۆڕان و  پارتی، وەکو ئامراز سەیری ئیسلامییەکان دەکەن، هەریەکەیان دەیەوێت لە پێناوی بەرژەوەندییەکانی خۆیدا بەکاریان بهێنێت . بێگومان کاتێکیش ئیشیان پێیان نەما لە رابردوو باشتر نابن لەگەڵیاندا

ئیسلامیی سێبەر
 "چ یەکێتی و گۆڕان و چ پارتی، وەکو ئامراز سەیری ئیسلامییەکان دەکەن و هەریەکەیان دەیەوێت لە پێناوی بەرژەوەندییەکانی خۆیدا بەکاریان بهێنێت. بێگومان کاتێکیش ئیشیان پێیان نەما لە رابردوو باشتر نابن لەگەڵیاندا". ئەمە بۆچوونی نووسەر عەتا قەرەداغییە.  (باشتربوون لە ڕابوردوو) ئەوەمان بەیاد دەهێنێتەوە كە لە ساڵی 1993 دا یەكێتی چووە شەڕێكی گەورەوە لەگەڵ بزووتنەوەی ئیسلامی جاران و پارتیش لەناوەڕاستی نەوەدەكاندا كەوتە سوتاندنی بارەگانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و قاڵبە سەهۆڵ بەستن بە سەركردەكانیانەوە.

عەلی حاجی زەڵمی ئەندامی سەركردایەتی بزووتنەوەی ئیسلامی و كادیری ناسراوی ئەو حزبە دەڵێت: ئەمڕۆ ئیسلامییەکان لە چوارچێوەیەکی حزبی پەتیدا جەماوەریان کردۆتە ئامراز بۆ حزب، ئەمڕۆ ھەر گۆڕانێک کە ڕوودەدات، ئیسلامییەکان بە چاوی حزبییەوە سەیری دەکەن. بەرژەوەندی حزب ھێندە باڵایە، لەگەڵ ڕۆحی ئیسلامەتیدا یەک ناگرێتەوە. دەبوایە ھەڵوێستی ئیسلامییەکان نەخشەدانەر بوایە، نەک نەخشە بۆ کێشراو".

هەبوونی پاشگری ئیسلامی هەندێك ڕێگریی بۆ دروستكردوون و وەك پێویست ناتوانن ڕۆڵی خۆیان بگێڕن، لە هەمان كاتیشدا دەڵێن لەبەر ڕای گشتی و دەنگدەرەكانیان ناوێرن دەستكاری بكەن


دابەشبوون
ئەوەی كە جێگەی سەرنجە ئیسلامییەكانی كوردستان نەیانتوانیوە لەژێر هەژموونی دابەشكارییەكانی كوردستاندا خۆیان دەرباز بكەن. كۆمەڵی ئیسلامی بەتوندی لە دژی پرۆژەكانی زۆنی زەرد (پارتی و توركیا و ئەمەریكایە) لەهەمان كاتدا بەو ئەندازەیە لەزۆنی سەوزو نیلی(یەكێتی و گۆڕان- ئێران)ەوە نزیكە. یەكگرتووی ئیسلامیش بە پێچەوانەوە ئەوەندەی لە زۆنی زەردەوە نزیكە ئەوەندە لە زۆنی تێكەڵ نزیك نییە.

هەربۆیە ئەو دابەشبوونە كاریگەریی خراپی لەسەر داناون، بەڵام لە هەمان كاتدا (توقیە)یەكی باشە بۆ مانەوەو بەردەوام بوون. هەرچی بزووتنەوەی ئیسلامییە بە گیان و دڵ لە ئێرانییەكانەوە نزیكەو لە هەمان كاتیشدا لەگەڵ پارتیدایە. ئەم دوالیزمە و خۆ یەكلایی نەكردنەوەیەی بزووتنەوەی ئیسلامی كاریگەری لەسەر بچووكبوونەوەی زیاتری ئەو حزبە داناوە.

دەكرێت بەشێوەیەكی دیكەش دابەشكارییەكە بكەینەوە، بڵێن زۆنی سوننە كەتوركیاو سعودیە پشتیوانی دەكەن زۆنی شیعەش كە ئێران و بەشێك لەسەركردە شیعەكانی عێراق پشتیوانی دەكەن

پاشەكشەی دەنگ
لەنێوان دوو هەڵبژاردندا گۆڕانكاریی زۆر بەسەر شێوازی بیركردنەوەی ئیسلامییەكان و مامەڵەیان لەگەڵ یەكتریدا هاتووە، لە هەڵبژاردنی ساڵی 2005 دا یەكگرتووی ئیسلامی بە لیستی هاوبەش لە گەڵ (یەكێتی و پارتی)دابەزی بەناوی (لیستی كوردستانیی)و لەناو ئەو لیستەدا  9كورسی بەدەستهێنا. بەڵام هەر لەو هەڵبژاردنەدا كۆمەڵی ئیسلامی 6 كورسی بە دەستهێنا كە بە هەردوكیان 15 كورسی دەكرد و بزووتنەوەی ئیسلامیش هیچ كورسییەكی بەدەست نەهێنا.

بەڵام لەهەڵبژاردنی 2009دا ئاڵوگۆڕ بەسەر دۆخەكەدا هات، یەكگرتوو باجی ئەو هاو لیستییەی دا، بۆ قەرەبوو كردنەوەی ئەو هەڵەیە لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی و حزبی سۆسیالست و حزبی ئایندەی كوردستان لیستێكیان پێكهێنا بەناوی (لیستی خزمەتگوزاریی و چاكسازیی)

یەكگرتوو تەنیا ٦كورسی بەدەستهێنا و 3 كورسی لێبوویەوە، كۆمەڵی ئیسلامیش 4  كورسی و دوو كورسی لێبوویەوە هەر لەو خولەی پەرلەماندا بزووتنەوەی ئیسلامی بە جیاواز دابەزی و  2كورسی بەدەستهێنا. كۆی گشتی 12 كورسی بۆ ئیسلامییەكان مایەوە.

بەڵام لە هەڵبژاردنەكانی 2013 دا دووبارە گۆڕانگاریی بەسەر ژمارەی كورسیەكاندا هاتەوەو هەریەكەیان بە جیاواز لیستیان پێكهێنا، كۆمەڵی ئیسلامی 7 كورسی، یەكگرتوو 10كورسی و بزووتنەوەی ئیسلامیش 2كورسیەكەی وەك خۆی مایەوە. كۆی گشتی 19 كورسی.

هەرچی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستانیشە، كۆمەڵی ئیسلامی 7كورسی و لیستی هاوپەیمانی بەرەو ئیصڵاح (یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان  و بزووتنەوەی ئیسلامی) تەنیا 5 كورسی. كۆی گشتی 12كورسییە.

لەکوردستان سێ حزبی ئیسلامی مۆڵەت پێدراو ھەن بەئاشکرا سیاسەت دەکەن و لە ‌پرۆسەی ھەڵبژاردنەکاندا بەشداری دەکەن.

بەسەرنجدان لە بەرزو نزمی ده‌نگەكان ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە كە ئیسلامییەكانی كوردستانیش تووشی هەڵكشان و داكشان بوونەتەوەو ئەوەش پەیوەستی بە هەڵوێستە سیاسی و جەماوەرەكانیانەوە بووە. بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە لەناو كۆمەڵگەیەكی وەكو  كوردستاندا بەو ڕێژە كەمە دەنگ بهێنن.

بۆیە دەبینین ھەر لایەنێکی ئیسلامی جارێک دەنگ کەم دەکات و جارێک زیاد دەکات، بەڵام ئەمە تەنھا دەنگی لایەنەئیسلامیەکانە ھەرجارەی بۆ لیستیکی ئیسلامی دەچێت بە گوێرەی بەھێزیی بەرنامەی ھەڵبژاردنی ، به‌ڵام نەیانتوانیوە کار لەدەنگی لایەنەکانی دەرەوەی لایەنە ئیسلامیەکان بکەن. بێگومان ئەمەش ورد دەكیەنەوە بۆ هۆكاری ناوخۆیی و دەرەكی:

یەكەم: هۆكارەناوخۆی و خودییەكان:
١- ستراتیژ و دروشمی سەرەکی ئەم حزبانە بریتییە لە بانگكردنی خەڵک بۆسەر ئاینی ئیسلام و چەسپاندن و خاوێنكردنەوە بیروباوەڕیان.ئەزموون دەریخست ئەم ستراتیژو دروشمە نەتوانراوە بكرێتە خاڵێکی بەهێز تاکو لەڕێگەیەوە خەڵک لە خۆیان خڕبکەنەوە ‌و بیانکەن بە ھەواداری خۆیان، چونکە کێشەی خەڵک بریتی نەبووە لە نەبوونی ئیمان وعەقیدە بەڵکو بریتی بوو لە کارکردنی ڕاستەقینە بۆ پرسە نیشتمانیەکان و نەبوونی خزمەتگوزاریی.

2-پەرتەوازەیی نێوماڵی ئیسلامیەکان، ھەمیشە ئەمە خاڵی سەرەکی و لاوازی حزبە ئیسلامیەکان بووە و بیانوویەکی باشیش بووە بەدەست خەڵکەوە بۆ ئەوەی لێیان دووربکەونەوە ‌و دەنگیان پێ نەدەن.

٣- نەبوونی جیاوازییەكی ئەوتۆ لە نێوان نوێنەری ئیسلامییەكان و لایەنەكانی دیكە لای خەڵك، چوون لەوماوە دوورودرێژەدا جگە لە هەندێك هەڵوێستی (تاكەكەسیانە) نەبیستراوە كارێك بكرێت جێگەی دڵخۆشی جەماوەرەكەیان بێت كە ئەوانی دیكە نەیانتوانیبێت ئەنجامی بدەن.

4- نەبوونی ئەزموونی حوکمداری لەلایەن ئیسلامیەکان و دڵە ڕاوكێی حكومەتداریی هاوبەش لەگەڵ –حزبە عەلمانیەكان  وەك خۆیان دەڵێن- بەتایبەتی لەلایەن دەنگدەرەكانیانەوە بووەتە هۆی سزادانیان و بەشداریی نەكردنی بەشێكی زۆری دەنگدەرانی ئیسلامی لە پرۆسەی هەڵبژاردنەكاندا.

٥- لێدان و هێرشی تەوژمی سەلەفیەت و تەسەووف لەم حزبانە، ئەم دوو تەوژمە ھەندێک جار بەخواستی خۆیان وھەندێک جاریش بەھۆی بەکارھێنانیان لەلایەن حزبی ترەوە ھەمیشە بەربەست بوون لەبەرامبەر گەشەکردن و بەجەماوەری بوونی ئەم حزبانە. 

دووەم: ھۆکارە دەرەکیەکان
١- شکست ھێنانی تەوژمی ئیسلامی بەتایبەت ئیسلامی میانڕەو (معتدل) لە ڕووی سیاسی و بەشداری سیاسیەوە لە زۆربەی ناوچەکانی وڵاتانی عەرەبی و کوردستانیش، بەتایبەتی لە دوای سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی و لە كوردستانیش 17 شوبات، بۆیە بەو حاڵەوە ھەرگیز تەوژمی ئیسلامی ناتوانێت بچێتە سەرکورسی دەسەڵات و ئەجێندای خۆی مومارەسە بکات و پرۆژەکانی لە ئەرزی واقیعدا جێبەجێ بکات.

٢- وەسفکردنی ئەم حزبانە بە تیرۆرست و تۆقێنەر  لەنێو خۆو لە دەرەوەش ، ئەمەش کەم و زۆر لەڕێگەی عەلمانیەکانی کوردستان و ھەڵگرانی بیری ناسیۆنالستی گواستراوەتەوە بۆنێوخەڵکی کوردستان و كەوتوونەتە ژێر ئەو هەڵەمەتەوە، كەمینەیەك نەبێـت جیاوازی لەو نێوەندەدا نابینرێت.

3-ئیسلامییەكان نەیانتوانیوە پەیوەندیەکی دبلۆماسیانە لەگەڵ ئێران و تورکیا دا ببەستتن لەبەرژەوەندی خۆیان بێت . تائەوانیش دەستیان پێیانەوە بێت بۆ مانەوەی خۆیان  لەڕووی سیاسیەوە، ئەگەر پەیوەندیشیان هەبووبێت ئەوا ئەوان بۆ مەرامی خۆیان و وەك كارتی فشاربەكاریان هێناون ، هەربۆیە بەرهەمەكەی نەچووەتە گیرفانی خۆیان و  جۆرێك بووە لە خۆ هەڵواسین پێیانەوە.

پێشبینیەكان:
وەك شارەزایان باسی دەكەن و لەڕوانگەی ئەو ئەزموونە مێژوییەوە كە هەیانە مانەوەی حزبە ئیسلامییەكانی كوردستان بەو شێوەیەو لەسەر هەمان شێوازی كاركردن، چاوەڕوانی بەرهەمێك لەوە زیاتریان لێناكرێت و بە پێچەوانەشەوە ئەگەری پووكانەوەو نەمانیان زیاترە لەگەشەكردن.