ڕاپۆرتی کوردستانی

07:19 - 28/10/2019

بۆمبی هه‌موارى ده‌ستوور به‌ كورددا ده‌ته‌قێته‌وه‌؟‌

پەیسەر

ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، ئه‌مڕۆ له‌ بارودۆخێكى ئاڵۆزدا بۆمبێكى فڕێدایه‌ گۆڕه‌پانى سیاسییه‌وه‌، بۆمبێك كه‌ كورد ترسى هه‌یه‌ پێیدا بته‌قێته‌وه‌، (هه‌موارى ده‌ستوور) پێشتر له‌ ژووره‌ تاریكه‌كاندا، شیعه‌كان شه‌نوكه‌وى زۆریان كردبوو تا له‌په‌ناى پشێوى دۆخه‌كه‌و داواكارى خۆپیشانده‌راندا فڕێدرایه‌ گۆڕه‌پانى په‌رله‌مان و ئه‌مڕۆ بوو به‌ بڕیار. ئه‌گه‌رچى كورد چه‌ند بڕگه‌یه‌كى ده‌ستوورى هه‌یه‌، كه‌جۆرێك پارێزبه‌ندى بۆ دروستكردووه‌، به‌ڵام هێشتاش ئه‌و گێژه‌ڵوكه‌ى له‌به‌غداوه‌ هه‌ڵیكردووه‌ ئامانى نییه‌و كورد ناتوانێت پاڵى لێبیداته‌وه‌.

چه‌ند مه‌ترسییه‌ك بۆ كورد

په‌یسه‌ر ٢٣ی ئه‌م مانگه‌ زانیارى ئه‌وه‌ى بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ لایه‌نه‌ شیعه‌كان پرۆژه‌یه‌كیان هه‌یه‌ بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ى ده‌ستوورى عێراق، شیعه‌كیان ده‌یانه‌وێت، سیسته‌مى په‌رله‌مانى بگۆڕن بۆ سه‌رۆكایه‌تى و ده‌سه‌ڵاتى زیاتر لاى حكومه‌ت بێت. هه‌روه‌ها ده‌یانه‌وێت فیدراڵییه‌تى عێراق بكه‌ن به‌ فیدراڵییه‌تى پارێزگاكان و هه‌ر پارێزگایه‌ك فیدراڵیه‌تى خۆى هه‌بێت و په‌یوه‌ست بێت به‌ حكومه‌تى ناوه‌نده‌وه‌. به‌وه‌ش مه‌ترسى بۆسه‌ر مانه‌وه‌ى كیانى هه‌رێمى كوردستان درووست ده‌بێت. گۆڕانكارییه‌كى دیكه‌ كه‌ شیعه‌كان به‌نیازن بیكه‌ن له‌ ده‌ستووردا، دیاریكردنى لیستى براوه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌ كه‌ مافى پێكهێنانى حكومه‌تى هه‌بێت، راسته‌وخۆ ئه‌و لیسته‌ى هه‌ڵبژاردن ده‌باته‌وه‌ حكومه‌ت پێكبهێنێت. ئه‌وه‌ش كوردو سوونه‌ ده‌خاته‌ په‌راوێزه‌وه‌ له‌عێراقدا هه‌موو ده‌سه‌ڵات لاى شیعه‌كان ده‌بێت. مه‌ترسى ده‌ستكاریكردنى مادده‌ى ١٤٠ یه‌كێكه‌ له‌ مه‌ترسییه‌كان.

ئه‌مڕۆ دواى پێنج رۆژ له‌و هه‌واڵه‌ى په‌یسه‌ر، ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، به‌كرده‌وه‌ بڕیارى پێكهێنانى ئه‌نجومه‌نى هه‌موارى ده‌ستوورى په‌سه‌ندكرد، به‌پێى بڕیاره‌كه‌ ده‌بێت له‌ماوه‌ى چوار مانگدا لیژنه‌كه‌ پێشنیاره‌كان وه‌ربگرێت بۆ هه‌موارى ده‌ستوور. له‌دۆخێكدا كه‌ كورد له‌ رۆژئاوا له‌نێو ئاگرو خوێندایه‌و له‌پارچه‌كانى دیكه‌ش زیندانیكراوه‌، پرسى هه‌موارى ده‌ستوورى عێراق بۆ كوردى باشور مایه‌ى دوودڵى زۆره‌.

ناردنى په‌یام بۆ بارزانى 

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس، فالح فه‌یاز راوێژكارى ئاسایشى نیشتمانى عێراق، له‌سه‌ردانه‌كه‌ی رۆژى یه‌كشه‌ممه‌ى بۆ پیرمام، خواستى شیعه‌كانى بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ى ده‌ستوور به‌ بارزانى گه‌یاندووه‌، بارزانى رایگه‌یاندووه‌ سه‌ره‌تا ده‌بێت بزانن هه‌مواره‌كه‌ چییه‌، ئه‌وكات ده‌توانن قسه‌ى له‌سه‌ر بكه‌ن.

دوو گره‌نتى بۆ كورد

ده‌ستوورى عێراق له‌مادده‌كانى ١٢٦ و ١٤٢ رێوشوێنه‌كانى هه‌مواركردنه‌وه‌ى ده‌ستوورى دیاریكردووه‌، كه‌ حكومه‌ت و سه‌رۆكایه‌تى كۆمار پێكه‌وه‌، یاخود پێنج یه‌كى ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران، مافى پێشنیارى هەمواری ده‌ستووریان هه‌یه‌، وه‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران ده‌توانێت به‌ ده‌نگى زۆرینه‌ لیژنه‌ى هه‌موارى ده‌ستوور پێكبهێنێت و لیژنه‌كه‌ له‌ماوه‌ى چوار مانگدا راسپارده‌كان بداته‌وه‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران بۆ په‌سه‌ندكردنى، ده‌ستوور دواى ئه‌مانه‌ ره‌زامه‌ندى زۆرینه‌ى ره‌هاى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران و ره‌زامه‌ندى زۆرینه‌ى گه‌لى ده‌وێت له‌ راپرسییه‌كى گشتیدا. به‌ڵام هه‌ردوو مادده‌كه‌ دوو گره‌نتى تێدایه‌ بۆ كورد له‌دۆخێكى وه‌ك ئێستادا یارمه‌تیده‌رێكى باشه‌.

یه‌كه‌م؛ بڕگه‌ى چواره‌م له‌ مادده‌ى ١٢٦ی ده‌ستوورى عێراق ده‌ڵێت:"نابێت هیچ هه‌مواركردنێك له‌و ماددانه‌ى ده‌ستووردا بكرێت، كه‌ده‌بێته‌ هۆى كه‌مكردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى هه‌رێمه‌كان كه‌ ناكه‌ونه‌ سنوورى ده‌سه‌ڵاته‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانى فیدراڵییه‌وه‌، ته‌نها به‌ ره‌زامه‌ندى په‌رله‌مانى هه‌رێم و ره‌زامه‌ندى زۆرینه‌ى دانیشتوانه‌كه‌ی نه‌بێت".

دووه‌م؛ بڕگه‌ى چواره‌مى مادده‌ى ١٤٢ ده‌ڵێت:"راپرسییه‌كه‌ له‌سه‌ر مادده‌ هه‌مواركراوه‌كان، به‌ سه‌ركه‌وتوو داده‌نرێت، ئه‌گه‌ر زۆرینه‌ى ده‌نگده‌ران ره‌زامه‌ندى له‌سه‌ر نیشان بده‌ن، وه‌ هه‌روه‌ها دوو له‌سه‌ر سێى ده‌نگده‌ران له‌ سێ پارێزگا ره‌تینه‌كه‌نه‌وه‌. ئه‌م بڕگه‌یه‌ش هه‌ل ده‌دات بە هه‌رێمى كوردستان ئه‌گه‌ر مادده‌یه‌ك به‌ زیانى هه‌رێم هه‌مواربكرێته‌وه‌ به‌ده‌نگى خه‌ڵك ره‌تبكرێته‌وه‌. 

رێبوار كه‌ریم ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق بۆ په‌یسه‌ر باسیله‌وه‌كرد، مه‌ترسى بوون یاخود نه‌بوونى مه‌ترسى هه‌موارى ده‌ستوریى په‌یوه‌سته‌، به‌بوونى ئه‌و لیژنه‌یه‌وه‌ كه‌هێشتا پێكنه‌هاتووه‌"هێشتا ناتوانین بڵێین مه‌ترسى بۆ كورد تێدایه‌ یاخود نا، به‌ڵام ئێمه‌ش هه‌ندێك هێڵى سورمان هه‌یه‌. هه‌موارى ده‌ستوریى وه‌ك و زۆرێك له‌ پرسه‌كان به‌ رێككه‌وتنى لایه‌نه‌كان ده‌كرێت، جارێك زووه‌ بڵێین هه‌مواره‌كه‌ باش ده‌بێت یاخود خراپ".

به‌پێى بڕیارى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، ده‌بێت لیژنه‌ى هه‌مواركردنه‌وه‌ى ده‌ستوور كه‌ بڕیاره‌ سێ ئه‌ندامى كوردى تێدابێت، له‌ماوه‌ى چوار مانگدا راپۆرت و راسپارده‌كانى خۆى بدات به‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران و له‌وێش به‌زۆرینه‌ى ره‌ها په‌سه‌ندبكرێت. رێبوار كه‌ریم گوتى، ئه‌وان وه‌ك نوێنه‌رانى كورد رێگه‌ناده‌ن هه‌ر شتێك له‌زیانى كورد بێت تێپه‌ڕ ببێت. 

چى ده‌گۆڕێت؟

ئه‌وه‌ى تائێستا خواستى ئاشكراى لایه‌نه‌ شیعیه‌كانه‌ بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ى ده‌ستوور، یه‌كلاكردنه‌وه‌ى لایه‌نى پێكهێنه‌رى حكومه‌ته‌، ده‌یانه‌وێت ده‌سته‌واژه‌ى كوتله‌ى زۆرینه‌ بگۆڕن بۆ براوه‌ى زۆرینه‌. جگه‌ له‌وه‌ش بۆچوونێكى زاڵ هه‌یه‌ بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ یاخود هه‌مواركردنى ده‌سه‌ڵاتى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان.جگەلەوەش رەنگە بەدەستوور دەستکاری شێوازی هەڵبژاردن بکرێت. له‌پشتى په‌رده‌وه‌ش خواستى زۆر هه‌یه‌ بۆ كاڵكردنه‌وه‌ى سیسته‌مى په‌رله‌مانى و پێدانى رۆڵى زیاتر به‌ ناوه‌ند. 

ئه‌حمه‌دى حاجى ره‌شید ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق بۆ په‌یسه‌ر گوتى:"پره‌نسیپه‌كان و ئازادییه‌كان به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌ستكارى ناكرێت، سیسته‌مى یاسایش تا رێككه‌وتن نه‌كرێت نابێت، بۆیه‌ مه‌ترسى نابێت، سیسته‌مى سه‌رۆكایه‌تیش وه‌ك قسه‌یه‌ك باسده‌كرێت، به‌ڵام زۆرینه‌ له‌گه‌ڵى نین و مه‌رجه‌عیه‌تیش له‌گه‌ڵى نین، سیسته‌مى سه‌رۆكایه‌تى بۆ عێراق گونجاو نییه‌.

ئه‌گه‌رچى كورد كارتى ده‌ستووریی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئه‌و مه‌ترسییانه‌ى له‌ هه‌موارى ده‌ستووردا یه‌خه‌ى ده‌گرن، به‌ڵام هێشتاش ئه‌و گێژه‌ڵوكه‌ى هه‌ڵیكردووه‌و ئه‌و گۆڕانكارییه‌ سیاسییه‌ كوتوپڕانه‌ى له‌به‌غدا دروست ده‌بن بۆ كه‌س ئامانیان نییه‌، جگه‌ له‌وه‌ش مادده‌كانى ده‌ستوور كه‌ كاریگه‌رییان له‌سه‌ر كورد هه‌یه‌ زۆرو زه‌وه‌ندن، كورد پارێزبه‌ندى ته‌واوه‌تى نییه‌، بۆیه‌ كورد پێویستى به‌ مه‌شق و ئاماده‌كارى باش هه‌یه‌ بۆ یارى هه‌موارى ده‌ستوور، ئه‌و چه‌ند بڕگه‌ كه‌مه‌ى ده‌ستووریش كه‌ بۆرۆژێكی وه‌ك ئێستا دانراون، كورد ده‌توانێت به‌كاریانبهێنێت و به‌كه‌مترین زیان له‌ پرسى هه‌موارى ده‌ستوور ده‌ربچێت.