01:34 - 17/12/2018
ساڵی ٢٠٢٢: " ئەها نەمانوت چاکسازی بەمانە ناکرێت؟"
مەسعود بارزانی هەفتەی رابردوو لە دهۆکەوە رایگەیاند لە کابینەی داهاتوودا چاکسازی و گۆڕانکاری گەورە بەڕێوەیە، لەوانەیە ئەم وتەی بارزانی ئەوەندەی پشتگیرییەکی پێشوەختە بووبێت بۆ کابینەی کوڕەکەی، ئەوەندە لەو تێگەیشتنەوە نەبووبێت کە هەرێمی کوردستان بەبێ چاکسازیی ناتوانێت بەردەوام بێت.
گوێی هاوڵاتیانی هەرێم پڕبووە لە بەڵێن و مزگێنی چاکسازیی، ئەویش نەک چاکسازیی بچوک بەڵکو چاکسازیی ریشەیی و گەورە، بەڵام بەهار هات و بەهار رۆێشت هاوڵاتیان نەک نەکەوتن بەسەر بەروبومی باغ و گوڵستانی بەڵێن و مزگێنییەکان، بەڵکو چاویان نەکەوت بە تاکە خونچەیەکیش.
کۆتایی سەردەمی وادە و بەڵێنی
٢٠ ساڵ بگەڕێنەوە بۆ دواوە، لە ساڵی ١٩٩٩دا مەسعود بارزانی هەر لە دهۆکەوە بەڵێندا چاکسازی بکرێت و ڕێگە نەدرێت هیچ بەرپرسێک گەندەڵی بکات، کەچی بەپێی گێڕانەوەی فەرهاد عەونی دوای ماوەیەک بارزانی وتوویەتی خۆ من گۆرباتشۆف نیم بە ناوی چاکسازییەوە حیزبەکەی خۆم هەڵوەشێنمەوە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە بارزانی لەو کاتەدا زانیویەتی زۆربەی بەرپرسانی حیزبەکەی لە گەندەڵییەوە تێوەگلاون، بۆیە ئەگەر بێتوو چاکسازی بکات دەبێت هەموویان دووربخرێتەوە و سزابدرێن، ئەمەش واتا لەبەریەکهەڵوەشانەوەی پارتی.
ساڵێک دواتر نەوشیروان مستەفا لە دەرەوە گەڕایەوە بۆ کوردستان بەو هیوایەی بە یارمەتی هاوڕێ و هاوسەنگەرە دێرینەکەی واتە تاڵەبانی بتوانێت هەندێک چاکسازی بکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەی تاڵەبانی بەڵێنی پێ دەدات پێکەوە کار بۆ چاکسازی بکەن، هەوڵەکانیان سەری نەگرت، ماوەیەک دواتر جەلال تاڵەبانی لە ژێر دروشمی چاکسازی و پاکسازی بڕیاریدا دەستی حیزب و بەرپرسان لە حکومەتی ئیدارەی سلێمانی کورت بکرێتەوە.
* ساڵی ٢٠٠٤، هەر بە هیوای چاکسازی جارێکی دیکە نەوشیروان مستەفا هەوڵیدا لەناوخۆی یەکێتییەوە چاکسازی بکات و رەوتی ریفۆرمی دامەزراند، بەڵام دیسان هیچی لێ سەوز نەبوو و دوای دوو ساڵ بێهیوا بوو و بە یەکجاری لە یەکێتی چووە دەرەوە.
* ساڵی ٢٠٠٥ چ ئەو کاتەی بارزانی بووە سەرۆکی هەرێم و چ ئەو کاتەی دوو ئیدارەکە یەکیان گرتەوە، پارتی و یەکێتی کۆمەڵێک بەڵێنیاندا لەوانە دروستکردنی هێزێکی نیشتمانی یەکگرتوو و ... بەڵام هیچیان سەری نەگرت.
* ساڵی ٢٠٠٩، جەلال تاڵەبانی پرۆژەیەکی پێشکەش کرد بۆ لێکجیاکردنەوەی حیزب و حکومەت، بانگەشەیەکی زۆریشی بۆکرا، بەڵام ئەمەش سەرینەگرت، هەر لەو ساڵەدا بزوتنەوەی گۆڕان کە بزوتنەوەیەکی چاکسازیخوازبوو سەریهەڵدا و بە ٢٥ کورسییەوە چووە پەرلەمان، هەوڵەکانی گۆڕانیش بە ئەنجام نەگەیشتن.
* نەورۆزی ٢٠١١ دوای نزیکەی دوو مانگ لە خۆپیشاندانەکانی ناسراو بە خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوبات، بارزانی بەڵێنی کۆمەڵێک چاکسازی گەورەیدا بە جۆرێک کە خەڵک لە ماوەی شەش مانگدا بەرهەمەکەی بە چاوی خۆیان ببینن، بەڵام ئەمەش هیچی لێ سەوز نەبوو.
* ساڵی ٢٠١٤ لە ئەنجامی دانووستانی لایەنەکاندا پرۆژەی چاکسازی چووە ناو کارنامەی کابینەی هەشتەمەوە، بەڵام ئەمەشیان بەرهەمێکی ئەوتۆی نەبوو، پاساوی زۆریش هەن لەوانە: شەڕی داعش، قەیرانی دارایی، دابەزینی نرخی نەوت، تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان گۆڕان و پارتی و تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و...
* ١٤ی دێسەمبەری ٢٠١٤ بارزانی پڕۆژەیەکی حەوت خاڵی بۆ چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە ئاراستەی وەزیری پێشمەرگە کرد و داوایکردبوو هەموو هێزەکان لە ماوەی شەش مانگدا یەکبخرێتەوە و لە دوای ئەو ماوەیە هەر هێزێک لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە بێت نایاساییە.
* ١٠ی شوباتی ٢٠١٦ بارزانی جارێکی دیکە دەستی بۆ پلانێکی دیکەی چاکسازی لە حکومەت و دامەزراوەکانی هەرێمدا بردەوە، لە ماوەی سێ مانگدا ٩٣ دۆسیەی گەندەڵی رەوانەی دەستەی دەستپاکیی و داواکاری گشتی کران و ژمارەیەک کەسیش دەستگیرکران، بارزانی وتبووی دەبێت میدیا و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی چاودێری هەنگاوەکانی چاکسازی بکەن.
هەر لە ساڵی ٢٠١٦ حکومەتی هەرێم پلانێکی دیکەی چاکسازی راگەیاند، یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش نەخشە رێگایەکی بۆ چاکسازی راگەیاند، ساڵی ٢٠١٨ش لە بانگەشەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەموو حیزبەکان بەڵێنی چاکسازیاندا، جگە لە حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکان کە سەرلەبەری بەرنامەکەیان چاکسازییە، پارتی و یەکێتیش بەڵێنی چاکسازیاندا بە جۆرێک قسەیان دەکرد کە چاکسازی بە موزایدە و هاشوهوش ناکرێت بەڵکو هەر خۆیان دەتوانن چاکسازی بکەن.
ئەمەی تا ئێستا باسی کرا، بەشێک بوون لەو بەڵێن و پلانانەی بۆ چاکسازی راگەیەنراون، ئێستاش لەسەروبەندی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمدا هەموو لایەنەکان هەر باسی چاکسازی دەکەن، لێرەدا جارێکی دیکە پرسیارە سەرەکی و کۆنەکە دێتە ئاراوە کە چاکسازی چۆن دەکرێت و بە کێ دەکرێت؟
کێ دەتوانێت چاکسازی بکات؟
وەڵامی نەوەی نوێ و هەندێک خەڵکی توڕە و ناڕازی ڕوونە کە دەڵێن چاکسازی بە کابینەکەی مەسرور بارزانی ناکرێت جا با گۆڕان و هەر لایەنێکی دیکەش بەشداربن تیایدا، خۆ لەوانەیە قسەکەشیان بە راست بگەڕێت و دوای چوار ساڵی دیکە بڵێن " ئەها نەمانوت چاکسازی بەمانە ناکرێت!"، بەپێی ئەم بۆچوونە چاکسازیی بە کەسانی نوێ دەکرێت و دەبێت چاکسازی لە سەرەوە بۆ خوارەوە بکرێت، واتا دەبێت لە سەری سەرەوەوە چاکسازی بکرێت و هەموو ئەو کەسانەی پێشتر لە گەندەڵییەوە تێوەگلاون دەبێت دوور بخرێتەوە و سزابدرێن.
ئەم بۆچوونە هەرچەندە لاقێکی لەناو راستیدایە، بەڵام لە بەرامبەردا بۆچوونێکی دیکەش هەیە، کە پێیوایە بۆچوونی یەکەم بەپێی دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و هاوکێشە سیاسییەکان دوورە لە واقیعبینی سیاسیی و سەرناگرێت، چونکە لەلایکەوە بەپێی ئەنجامی چەندین هەڵبژاردنی رابردوودا زۆرینەی خەڵکی کوردستان تا ئێستاشی لەگەڵدابێت هەر بەسەر ئەم چەند حیزبەدا دابەشبوون، لەلایەکی دیکەشەوە پارتی و یەکێتی جگە لەوەی خاوەنی بنکەیەکی جەماوەرین خاوەنی هێزی چەکداریشن، هەربۆیە ئەستەمە هیچ هەنگاوێکی چاکسازی بەبێ ئەو دوو لایەنە بنرێت، چونکە بە ئاسانی دەتوانن یارییەکە زیف بکەن ( تێک بدەن)، بۆیە باشترین ڕێگە ئێستاش هەر ئەوەیە ئەو دوو حیزبە لەوە تێبگەن کە ئەنجامدانی چاکسازی لە بەرژەوەندی ئەوانیشدایە.
بەپێی بۆچوونی دووەم ئێستا لە قۆناغێکداین کە نە بەبێ پارتی و یەکێتی چاکسازی دەکرێت، نە پارتی و یەکێتیش دەتوانن بەبێ گۆڕان یان چەند لایەنێکی ئۆپۆزسیۆن چاکسازی بکەن، چونکە هەر هەنگاوێک بنێن ناتوانن متمانەی بەشە ناڕازییەکەی کۆمەڵگا بەدەستبهێنن، بۆ نمونە هێنانی کۆمپانیای دیلۆت بۆ وردبینی لە داهات و فرۆشتنی نەوت لەبەر ئەوەی گۆڕان و لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن بەشدارنەبوون تا ئێستا زۆرینەی خەڵکە ناڕازییەکە لە راپۆرتەکانی کۆمپانیایەکی زەبەلاحی وەک دیلۆتیش بە گومانن و پێیانوایە پارتی و یەکێتی ئەمجارەیان بە یارمەتی دیلۆت گەندەڵی دەکەن، ئیتر کەس بیر لەوە ناکاتەوە کە کۆمپانیایەکی زەبەلاحی وەک دیلۆت کە لە ریزی چوار کۆمپانیای یەکەمی وردبینی جیهاندایە و ١٧٠ ساڵ ئەزمونی هەیە و لە ١٥٠ وڵاتی جیهان کاری وردبینی دەکات و داهاتی ساڵانەکەی نزیکەی ٣٥ ملیار دۆلارە، ئەستەمە ئەم ناوبانگە گەورەیە و قورساییە نێودەوڵەتییەی خۆی بکاتە قوربانی پارتی و یەکێتی بۆ ئەوەی ساڵانە چەند ملیۆن دۆلارێکی لە گەندەڵییەکانی پارتی و یەکێتی بەربکەوێت.
بۆ ئەوەی پرۆسەی چاکسازی سەرکەوتووبێت دەبێت متمانەی خەڵکە ناڕازییەکەی لە پشت بێت بۆ ئەمەش پارتی و یەکێتی پێویستیان بە گۆڕان و چەند لایەنێکی ئۆپۆزسیۆنە، ئۆپۆزسیۆنیش پێویستی بە پارتی و یەکێتی هەیە چونکە بەبێ ئیرادە و رەزامەندی ئەوان چاکسازی ئەستەمە، کەواتە لەم قۆناغەدا پارتی و یەکێتی و گۆڕان دەتوانن پێکەوە چاکسازی بکەن، جگە لەمە هیچ رێگایەکی دیکە نییە.
بۆچی پێویستە لە حکومەتی داهاتوودا چاکسازی بکرێت؟
یەکەم: مەسرور بارزانی بۆ ئەوەی خۆی بسەلمێنێت و کابینەکەی لە کابینەکانی پێش خۆی جیا بکاتەوە ناچارە کە دەبێت چاکسازی بکات.
دووەم: بە هۆی گەندەڵییەوە لە چەند ساڵی رابردوودا متمانەی هاوڵاتیان بە حکومەتی هەرێم گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار، بە جۆرێک بەشێکی بەرچاوی هاوڵاتیان ئینتمایان بۆ کیانی هەرێمیش لاواز بووە و زیاتر متمانەیان بە حکومەتی عێراق هەیە، ئەمەش گەورەترین مەترسییە بۆ سەر داهاتووی هەرێمی کوردستان، هەر بۆیە پێویستە پارتی و یەکێتی لەم کابینەیەدا مل بدەن بۆ ئەنجامدانی چاکسازی.
سێیەم: هەرچەندە وادێتە بەرچاو خەڵکی نارازی ماندووبوون لە خۆپیشاندان، بەڵام نابێت حکومەتی هەرێم و پارتی و یەکێتی ئەمە بە ئیمتیازێک بۆ خۆیانی لێکبدەنەوە، چونکە بێدەنگی خەڵکی نارازی بێ هیوا ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ داهاتوو، بەپێی ئەزمونی زۆر وڵات ئاماژەیە بۆ تەقینەوەی جەماوەری توندوتیژ، هەربۆیە پێدەچێت دوای ئەم هەموو بەڵێنەی رابردوو، ئەمجارەیان دوادەرفەت بێت بۆ یەکێتی و پارتی و تەنانەت حیزبەکانی دیکەش کە بەشدار دەبن لە حکومەتدا.
چاکسازی چۆن دەکرێت؟
یەکەم: مەرجی یەکەم بۆ سەرخستنی پرۆسەی چاکسازیی پێکهێنانی حکومەتێکی کارا و بەهێزە، میدیاکانی پارتی و بە تایبەتیش میدیاکانی نزیک لە مەسرور بارزانی لە ئیستاوە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە کابینەی نۆیەم حکومەتێکی بەهێز دەبێت، مەسرور بارزانی چانسی ئەوەی هەیە کە لەناو حیزبەکەیدا پێگەیەکی بەهێزی هەیە و باوکیشی پشتگیریی تەواوی دەکات، کە واتا لەلایەن پارتییەوە تا رادەیەک خەیاڵی ئاسودەیە، بەڵام کابینەی داهاتوو بۆ ئەوەی کابینەیەکی بەهێز بێت و بەرگەی چاکسازی بکرێت دەبێت جگە لە پارتی، پشتگیری تەواوی سێ حیزبی دیکەشی هەبێت، ئەوانیش یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامین.
بەپێی ئەم بۆچوونە دەبێت پارتی و مەسرور بارزانی لە پێکهێنانی حکومەتدا ئەو سێ حیزبەش دیکەش رازی بکات بۆ ئەوەی هەست بە هاوبەشی راستەقینە بکەن لە دەسەڵاتدا، ئەگەر یەکێتی هەست نەکات هاوبەشی راستەقینەیە ئەوا بڕیارەکانی حکومەت ناگاتە سلێمانی و زۆنی سەوز، یان ئەگەر بێتو گۆڕان و کۆمەڵ هەست بە هاوبەشی راستەقینە نەکەن لە بڕیارەکانی حکومەتدا ئەوا ناتوانن پشتگیری جەماوەری ناڕازی بۆ حکومەت مسۆگەر بکەن.
دووەم: چاکسازی پێویستی بە چوار پاڵەوانە، هەنگاوەکانی چاکسازی لە هەر وڵاتێکدا بەردەوام ڕووبەڕووی کۆسپ و تەگەرەی زۆر گەورە دەبێتەوە و گروپە خاوەن بەرژەوەندییە تایبەتەکان تا ئەو جێگەیەی پێیان بکرێت هەوڵ دەدەن کۆسپ لە بەردەم هەنگاوەکانی چاکسازی دروست بکەن، هەربۆیە کابینەی داهاتوو بۆ ئەوەی پشتگیری تەواوی چوار حیزبەکە بەدەست بهێنێت، نابێت مەسرور بارزانی بە تەنیا خۆی بکاتە پاڵەوانی چاکسازی، بەڵکو بەپێی هاوکێشە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکانی ئێستای هەرێمی کوردستان، پێویستی بە چوار پاڵەوانە.
بەو واتایەی کە دەبێت مەسرور بارزانی رازی بێت بەوەی سێ کەسی بەهێز و دەستڕۆیشتووی ناو سێ حیزبەکەی دیکەش ببنە پاڵەوانی چاکسازی، بۆ نمونە ئەگەر کەسێکی بەهێزی ناو یەکێتیش نەبێتە پاڵەوانی چاکسازی، ئەوا ناکرێت پاشەکشێ بە گروپ و کەسە خاوەن بەرژەوەندییەکانی ناو یەکێتی و نزیک لەو حیزبە بکریت، یان ئەگەر کەسێکی ناو گۆڕان و کۆمەڵ کە بەشدارن لە حکومەتدا وەک پاڵەوانی چاکسازی دەرنەکەون، ئەوا ئەو حیزبانە هەست بە پەراوێزکەوتن دەکەون و پشتگیری تەواوی پرۆسەکە ناکەن لەناو خەڵکدا.
سێیەم: گروپە خاوەن بەرژەوەندییە تایبەتەکان لە هەر وڵاتێکدا گەورەترین کۆسپن لە بەردەم چاکسازیدا، لە ناو هەرێمیشدا بەشێکی بەرچاوی ئەو گروپ و کەسە خاوەن بەرژەوەندیانە یان لەناو سەرکردایەتی حیزبەکانن یان خۆیان بە کەسە بەهێزەکانی ناو حیزبەکاندا هەڵواسیووە، هەر هەنگاوێکی چاکسازی بە واتای لێدان دێت لەو کەس و گروپە خاوەن بەرژەوەندییانە، هەر بۆیە زۆر گرنگە کە حکومەت بتوانێت پلانێکی وا دابنێت کە گروپە خاوەن بەرژەوەندییەکان نەتوانن کۆسپی گەورە دروست بکەن.
بۆ ئەمەش پێویستە حکومەت لەسەرەخۆیانە هەنگاو بنێت و بە لێدان لە بەرژەوەندی گروپە خاوەن بەرژەوەندییەکان پرۆسەی چاکسازی دەست پێنەکات، بۆ نمونە دەبێت بڕیارێک دەربکات کە حکومەت لەو گەندەڵیانە بێدەنگ دەبێت کە تا ئێستا کردویانە، بەڵام ئەگەر بێتوو بەردەوامبن لە گەندەڵی ئەوا حکومەت دۆسیەی گەندەڵییەکانی رابردووشیان هەڵدەداتەوە و بۆ رای گشتی ئاشکرایان دەکات.
جگە لەوەش دەکرێت سیاسەتی حکومەتی داهاتوو بەو جۆرە بێت کە دەبێت ڕێگری بکات لەوەی لە ئێستاوە گەندەڵی بکرێت، نەک ئەوەی دۆسیەکانی رابردوو هەڵبداتەوە، بەمجۆرە لەڕووی سایکۆلۆژییەوە گروپە خاوەن بەرژەوەندییە تایبەتەکان ترسی رابردوویان نابێت و لە بەرامبەریشدا بۆ خۆ پاراستن ناچار دەبن خۆیان بە دووربگرن کە لەمەودوا لەڕێی گەندەڵیی و قۆرخکارییەوە بەرژەوەندییەکانی خۆیان دابین بکەن، هەروەها حکومەت دەبێت بەپێی یاسا کەرتی تایبەت بەهێز بکات و هەلی یەکسان بۆ هەموو وەبەرهێنەر و کەسانی ئاسایی دابین بکات.
چوارەم: هەنگاوەکانی چاکسازی دەبێت بەپێی پلانێکی تۆکمە و لەسەرەخۆ و قۆناغ بە قۆناغ بچێتە پێشەوە بۆ ئەوەی هەم حیزبەکان و هەم کۆمەڵگا بتوانن خۆیان لەگەڵ هەنگاوەکانی چاکسازی هەماهەنگ بکەن، هەروەها نابێت لە ماوەیەکی کورتدا دەست ببرێت بۆ هەموو ئەو بوارانەی کە پێویستە چاکسازییان تێدابکرێت، بەڵکو لە هەر قۆناغێکدا چەند بواری تایبەت دەستنیشان بکرێت و هەموو تواناکان بۆ چاکسازیی لەو بوارەدا کۆبکرێنەوە، چونکە وەک پەندە کوردییە کە دەڵێت بە دەستێک چەند شوتی هەڵناگیرێت، حکومەتیش تواناکانی سنووردارە و لە ئەگەری دەستبردنی هاوکات بۆ چەند بوار، ئەوا هەموو بوارەکان دەدۆڕێنێت، ئەمەش بێ هیوایی دروست دەکات و لە هەمانکاتیشدا دەستی گروپە خاوەن بەرژەوەندییەکان ئاوەڵاتر دەکات.
پێنجەم: خۆپاراستن لە موزایدەی سیاسیی و ئاگادارکردنەوەی رای گشتیی لە وردەکاری و هەنگاو بە هەنگاوی قۆناغەکانی چاکسازی، دەبێت هەموو حیزبەکانی بەشدار بەبێ پاساوهێنانەوە راستییەکان وەکخۆی بۆ رای گشتی باس بکەن، بۆ ئەوەی نە کۆمەڵگا چاوەروانی موعجیزەی گەورەبێت و نە بێهیواش ببێت لە خاوی و سستی بەرەوپێشچوونی پرۆسەکە.
بەپێی ئەم شیکارییە ئەگەر بێتو ئیرادەیەکی هاوبەشی بەهێز نەبێت و بەپێی پلانێکی تۆکمە هەنگاو نەنرێت بۆ چاکسازی و پرۆسەی چاکسازی شکست بهێنێت، ئەوا دوای چوار ساڵی دیکە بە دڵنیاییەوە پۆپۆلیستەکان دەڵێن: " ئەها نەمانوت چاکسازی بەمانە ناکرێت؟"