05:36 - 27/10/2019
حكومه‌ت، بێ نان و ئاو خۆبه‌خشانى پڕوكاندووه
پەیسەر؛ ئاسۆ عەلی
ئه‌ركێكى زۆر له دامه‌زاوه‌كانى حكومه‌ت به‌كۆڵى خۆبه‌خشانه‌وه‌یه، ئه‌وان كارێكى پیرۆز و خزمه‌تێكى گه‌وره پێشكه‌شى خه‌ڵك ده‌كه‌ن، ساڵانێكى كه‌م نییه به ماندوێتیى كارى بێ به‌رامبه‌ره‌وه چاوه‌ڕێن ئاوڕى خێریان لێبدرێته‌وه، زۆرینه‌یان له كه‌رتى ته‌ندروستى ئه‌ركى بێ مافیان له‌سه‌ر شانه و خه‌ون به دامه‌زراندنه‌وه ده‌بینن، به‌ڵام حكومه‌ت ژه‌مه‌كانى خواردنیشى لێ یاساغ كردوون و خه‌رجى هاتووچۆشیان له‌سه‌ر گیرفانى خۆیانه، حكومه‌ت تائێستا شتێكى دڵخۆشكه‌رى بۆئه‌وان پێ نییه، خۆبه‌خشان ده‌ڵێن بێبه‌رامبه‌ر كه‌لێنى زۆریان بۆ حكومه‌ت پڕكردووه‌ته‌وه.
ته‌نها له كه‌رتى ته‌ندروستى(٣٠٠٠) خۆبه‌خش كارده‌كه‌ن
به‌ڕێكردنى كاره‌كانى فه‌رمانگه‌كانى حكومه‌ت به خۆبه‌خشه‌كان نوێ نییه، به‌ڵام قه‌یرانى دارایى ژماره‌ى خۆبه‌خشه‌كانى هه‌ڵكشاند، كارى زۆرى حكومه‌ت به خۆبه‌خشه‌كان كه‌وتنه سه‌رسكه، هه‌ربۆیه‌ش حكومه‌ت چیدى پشتى له دامه‌زراندن كرد. خۆبه‌خشیى له بنه‌مادا واتاى كاركردن له‌به‌رامبه‌ر هیچ نییه، به‌ڵكو خۆبه‌خشه‌كان كه‌متر له‌و بڕه‌ى كه پێویسته پێیان بدرێت وه‌ریده‌گرن، به‌ڵام له‌هه‌رێمى كوردستان ئه‌وه‌ش پێچه‌وانه‌یه، له‌برى كه‌متر وه‌رگرتن هیچ وه‌رنه‌گرتنه. ته‌نها له كه‌رتى ته‌ندروستى(٣٠٠٠) خۆبه‌خش كارده‌كه‌ن و ده‌وام و ئه‌ركیان هه‌یه.
سه‌ره‌ڕاى كاره بێ به‌رامبه‌ره‌كه‌یان، خۆبه‌خشه‌كان هه‌ریه‌كه‌یان به ئومێده‌وه ده‌ستیان به‌كاره‌كانیان كرد، به‌ڵام حاڵى خراپى ئه‌وان و زۆریى ئه‌رك و كه‌میى مافه‌كانیان و سارودسڕى حكومه‌ت، گه‌رموگوڕى یه‌كه‌مجارى پێ نه‌هێشتوون. شاهۆ یه‌كێك له‌و خۆبه‌خشانه‌ى ده‌رچووى په‌رستارییه وه‌ك خۆى ده‌ڵێت، به‌ڵێنى ناڕاست و تێڕوانینى خه‌ڵك بۆ خۆبه‌خشیى ساردیان كردووه‌ته‌وه، تا ئه‌وه‌ى ده‌ستبه‌ردارى خزمه‌تى خۆبه‌خشانه‌بووه"من ماوه‌یه‌ك له نه‌خۆشخانه‌یه‌كى حكومى خۆبه‌خش بووم، به‌ڵێنیان پێ داین دامانبمه‌زرێنن، به‌ڵام كه‌سیان دانه‌مه‌زراند، به‌ڵێنى ناڕاستیان پێداین، ئێمه‌ش وازمان هێنا".
خۆبه‌خشه‌كان هیچ كاتێك به‌هه‌مان چاوى كارمه‌ندانه‌وه سه‌یرناكرێن
گێره‌و كێشه‌ى شاهۆ و هاوكاره‌كانى ته‌نها ئاوه‌ڕنه‌دانه‌وه‌و بێ مافى نه‌بووه، به‌ڵكو ده‌ڵێت، خۆبه‌خشه‌كان به‌چاوى دیكه‌وه ته‌ماشا ده‌كرێن، به‌پێچه‌وانه‌وه پرسیاریان له‌سه‌ر درووستده‌كرێت،"ئێسته له‌هه‌موو شوێنێك خۆبه‌خشه‌كان به‌چاوێكى تره‌وه سه‌یرده‌كرێن، ده‌ڵێن ده‌رچووی زانكۆ مادام توانایه‌كی باشى هه‌یه، بۆچى كارى خۆبه‌خشى ده‌كات؟ بابچێت كارى خۆى بكات، خۆبه‌خشه‌كان هیچ كاتێك به‌هه‌مان چاوى كارمه‌ندانه‌وه سه‌یرناكرێن. هه‌ڵه‌یه‌كی بچوك بكه‌ن ده‌ریان ده‌كه‌ن، چونكه ژماره‌یان زۆره‌و منه‌تیان پێیان نییه".
قسه‌یه‌كى دیكه‌ش كه ده‌درێت به‌گوێى خۆبه‌خشاندا ئه‌وه‌یه، كه ئه‌گه‌ر خۆبه‌خشه‌كان نه‌بن، حكومه‌ت ناچاره ده‌رگاى دامه‌زراندن بكاته‌وه، ئه‌وه‌ش ئه‌وانى نیگه‌ران كردووه، شاهۆ گوتى:"ئه‌گه‌ر ته‌نها په‌رستاره خۆبه‌خشه‌كان وازبهێنن له‌ئیشه خۆبه‌خشییه‌كه‌یان، ئه‌وا حكومه‌ت ناچارده‌بێت هه‌موویان دابمه‌زرێنێت، چونكه حكومه‌ت بۆشایى گه‌وره‌ى راژه‌ى بۆ دروستده‌بێت و پێویسته چاره‌سه‌رى بكات".
كاشما نمونه‌ى خۆبه‌خشێكى دیكه‌یه، كه له‌رێكخراوێكى نێوده‌وڵه‌تى كارى خۆبه‌خشى ده‌كات، باس له‌وه‌ده‌كات به‌راورد به‌هاوڕێكانى كه له‌كه‌رتى حكومه‌ت خۆبه‌خشن كێشه‌ى كه‌مه، چونكه هاوڕێكانى له نه‌خۆشخانه حكومییه‌كان كارێكى زۆریان پێده‌كرێت، ته‌نانه‌ت رێگه‌شیان پێ‌نادرێت ژه‌مه خواردنه‌كانیان له‌سه‌ر نه‌خۆشخانه بێت، هاتوچۆشیان پێناكرێت، كاشما گوتى:"ناهێڵن له‌خواردنى فه‌رمانگه‌كه‌ش بخۆن، ئه‌مه سه‌یره چونكه كاتێك كه‌سێك كارى خۆبه‌خشى ده‌كات، پێویسته ئه‌و ده‌زگایه خواردن و هاتوچۆى بۆ دابین بكه‌ن، ئه‌وه مافێكى سه‌ره‌تاییه".
كاتژمێره‌كانى كارى ئه‌وان به هى خۆبه‌خشان ناچێت
بێكارى مۆته‌كه‌ى ده‌رچووانى زانكۆیه، له‌ده‌رگاى هه‌ر شوێنێك بده‌ن پێش وه‌خت پرسیارى ساڵانى ئه‌زموون ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش ده‌رچووانى ناچاركردووه به‌تونێلى خۆبه‌خشیدا تێبپه‌ڕن. كاتژمێره‌كانى كارى ئه‌وان به هى خۆبه‌خشان ناچێت و وه‌ك فه‌رمانبه‌رانى دیكه، خشته‌ى ده‌وامیان بۆ داده‌نرێت،"ده‌رچووانى زانكۆ پێویستیان به كارى خۆبه‌خشییه به‌ڵام له‌كاتێكى كه‌مدا و رۆژانه دوو كاتژمێر، نه‌وه‌ك به‌و كاتژمێره زۆرانه‌ى كاركردن. خۆبه‌خشه‌كان چاریان نییه پێویستیان به‌و ئه‌زمونه‌یه، ئه‌گه‌رنا كه‌س رازى نابێت له‌وه‌ى كه توانا و كاتى به‌وشێوازه بقۆزرێته‌وه"كاشما واى گوت.
به‌رپرسانى ته‌ندروستى قسه‌ى دیكه‌یان هه‌یه سه‌باره‌ت به خۆبه‌خشان، ئه‌وان پێیان وایه خۆبه‌خشى به‌وجۆره‌ش به‌مه‌ینه‌ت نییه و خۆبه‌خشان شتێك بۆخۆیان ده‌چڕن، محه‌مه‌د عه‌لى، جێگرى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى ته‌ندروستیى سلێمانى بۆ كاروبارى كارمه‌ندان بۆ په‌یسه‌ر گوتى، ئه‌وان رێزى زۆریان هه‌یه بۆ ئه‌رك و ماندووبوونى خۆبه‌خشان،"ئه‌و مافانه‌ش په‌یوه‌ندییان به‌ئێمه‌وه هه‌یه وه‌ك (له‌ده‌ره‌وه كاركردن و دامه‌زراندن) ئێمه پێمان داون".
ئه‌و خۆبه‌خشییه بۆ له‌بیرنه‌چوونه‌وه‌ى زانسته‌كه‌یان سوودى هه‌یه
ئه‌و به‌رپرسه‌ى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى كاركردن به خۆبه‌خشان بێ نان و ئاو، ده‌خاته ئه‌ستۆى وه‌زاره‌تى دارایى، ئه‌وه‌ش ده‌دركێنێت كه له‌گرێبه‌ستى خۆبه‌خشه‌كاندا هاتووه نابێت داواى هیچ ئیمتیازێك بكات،"بابه‌تى هاتوچۆكردن و نانخواردن ئه‌وانه په‌یوه‌ندیان به‌وه‌زاره‌تى داراییه‌وه هه‌یه، بڕیارى ئه‌وانه كه ته‌نها فه‌رمانبه‌ران سودمه‌ندنه‌بن له‌و خزمه‌تانه، هه‌رچه‌نده له‌گرێبه‌ستى خۆبه‌خشییه‌كه‌شدا هاتووه، كه‌نابێت خۆبه‌خش داواى هیچ ئیمتیازێك بكات".
"ئێمه فه‌رمانى وه‌زاری بۆ خۆبه‌خشه‌كان ده‌رده‌كه‌ین و به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی كاریان پێ ده‌سپێرین، جاران هه‌ركه‌س دانه‌مه‌زرایه‌و سێ ساڵ خزمه‌تى له‌فه‌رمانگه‌ى حكومیدا نه‌بووایه، نه‌یده‌توانى نۆرینگه دابنێت یان له نه‌خۆشخانه‌ى ئه‌هلى دابمه‌زرێت، به‌ڵام ئێستا هه‌ركه‌س ئه‌و ماوه‌یه خۆبه‌خشیى كردبێت، ئه‌وا ده‌توانێت له‌ده‌زگا ته‌ندروسییه ئه‌هلییه‌كان كاربكات. ئه‌مه جگه له‌وه‌ى ئه‌و خۆبه‌خشییه بۆ له‌بیرنه‌چوونه‌وه‌ى زانسته‌كه‌یان سوودى هه‌یه،"هه‌ر نه‌خۆشخانه‌یه‌ك بكرێته‌وه له‌حكومه‌ت و ئه‌هلى، هه‌وڵده‌ده‌ین جێگه‌ى خۆبه‌خشان بكه‌ینه‌وه"جێگرى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى ته‌ندروستى سلێمانى وای گوت.
محه‌مه‌د عه‌لى باسیله‌وه‌كرد، له‌كاتى دامه‌زراندندا هه‌ركه‌سێك ساڵێك خزمه‌تى كارى خۆبه‌خشیى هه‌بێت ئه‌وا خاڵێكى زیاترى بۆ هه‌ژمارده‌كرێت، ئه‌گه‌رى دامه‌زرانى زیاتره.
ته‌ندروستى سلێمانى داواى له حكومه‌تكردووه، ئه‌و پزیشك و كارمه‌ندانه‌ى مۆڵه‌تى پێنج ساڵ وه‌رده‌گرن، جێگه‌یان پڕ بكرێته‌وه به به‌ستنى گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ خۆبه‌خشان، به‌ڵام جارێ هه‌ر داواكارییه و جێبه‌جێنه‌كراوه.
گرفتى گه‌وره‌ى خۆبه‌خشه‌كان نه‌بوونى یاسایه بۆ رێكخستنى كارى خۆبه‌خشیى
جگه له‌فه‌رمانگه حكومییه‌كان، دامه‌زراوه‌كانى دیكه‌ى وه‌ك رێكخراو، سه‌نته‌ر، كۆمپانیا، نه‌خۆشخانه‌و دامه‌زراوه ته‌ندروستییه‌كان، ماوه‌یه‌كیان داناوه بۆ هه‌ركه‌سێك ده‌یه‌وێت وه‌ك كارمه‌ند دابمه‌زرێت، به‌گوته‌ى خۆبه‌خشێك، نه‌خۆشخانه هه‌یه كردوویه‌تى به مه‌رج هه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت، دابمه‌زرێ ده‌بێـت سێ مانگ كارى خۆبه‌خشى بكات، به‌ڵام ٩٠ رۆژ ماوه‌یه‌كی زۆره،"ئه‌وه سته‌مه‌و كوشتنى تواناى كه‌سه‌كه‌یه.
رووخسار ده‌رچووی زانكۆى كه‌ركوكه‌و كارى خۆبه‌خشیى كردووه له رێكخراوى مانگى سورى عێراقى، كه رێكخراوێكى سه‌ر به حكومه‌تى عێراقه‌و به‌سه‌دان خۆبه‌خشى هه‌یه، روخسار به په‌یسه‌رى گوت:"ته‌نانه‌ت له‌كه‌رتى تایبه‌تیش، به‌رێوه‌به‌رى رێكخراوه‌كان هه‌ل و پرۆژه‌كان ده‌ده‌نه خزم و كه‌سه نزیكه‌كانى خۆیان، له‌به‌ر ئه‌وان سه‌ره به‌ر خۆبه‌خشه‌كانى تر ناكه‌وێت، چونكه له‌وێ كاره خۆبه‌خشییه‌كه پاره‌ى له‌به‌رامبه‌ردا وه‌رده‌گیرێت".
خواردنیان پێ نادرێت و هاتوچۆیان پێ ناکرێت
گرفتى گه‌وره‌ى خۆبه‌خشه‌كان نه‌بوونى یاسایه بۆ رێكخستنى كارى خۆبه‌خشیى، به‌جۆرێك بچنه هه‌ر شوێنێك بۆ كارى خۆبه‌خشى، ئه‌وا رێنماییى و مه‌رجه‌كانى ئه‌و شوێنه ده‌بنه یاساى بۆى، ئه‌و مه‌رج و رێنماییانه‌ش به‌ته‌واوى له‌به‌رژه‌وه‌ندى لایه‌نى خاوه‌ن كار‌و له زیانى خۆبه‌خشانه. رێژین محه‌ممه‌د، پارێزه‌ره‌و ماوه‌یه‌ك كارى خۆبه‌خشیى كردووه، بۆ په‌یسه‌ر گوتی:"هیچ یاسایه‌كی تایبه‌ت له‌په‌رله‌مانه‌وه ده‌رنه‌چووه بۆ خۆبه‌خشه‌كان و ئه‌وه‌ى هه‌یه رێنمایى به‌شى كارگێڕیى فه‌رمانگه‌كانه‌و ئه‌وان سه‌رپه‌رشتیى ده‌كه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه ناتوانن له‌چوارچێوه‌ى یاسایه‌كی تایبه‌تدا داواى مافى خۆیان بكه‌ن، ئه‌گه‌ر یاسایه‌ك هه‌بێـت و ئه‌رك و مافه‌كان به‌روونى تیایدا دیارى بكرێن ئه‌وا له‌حاڵه‌تى پێویستدا ده‌توانرێ لێپرسینه‌وه‌ش بكرێت".
په‌رله‌مانتارێك باسله‌وه‌ده‌كات، له‌به‌رئه‌وه‌ی كارى خۆبه‌خشى ئاره‌زوومه‌ندانه‌یه، تا ئێستا هیچ یاسایه‌ك بوونى نییه بۆیان، به‌دریه سیوه‌یلى، ئه‌ندامى لیژنه‌ى كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تیى له‌په‌رله‌مانى كوردستان به‌په‌یسه‌رى گوت:"خۆبه‌خشه‌كان كارێكى پیرۆز ده‌كه‌ن، مافى خۆیانه كه حكومه‌ت هه‌وڵ و ماندووبوونیان له‌به‌چاو بگرێت، ئه‌گه‌ر بڕیارێكیش هه‌یه بۆ بواردنیان له‌مافێك ئه‌وا بڕیاره‌كه بگۆرن. پێویسته له‌چوارچێوه‌ى رێنماییه‌كاندا مافه‌كانیان بپارێزرێ، پاداشتبكرێن وله‌رووى مه‌عنه‌وییه‌وه رێزیان لێبگیرێت، هه‌موو مافێكى خزمه‌تگوزاریى وه‌ك خواردن و هاتوچۆی ئه‌و كه‌سانه‌یان هه‌بێت كه‌دامه‌زراون".