ڕاپۆرتی کوردستانی

02:33 - 23/10/2019

ئه‌مریكا زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌مه‌ له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ی توركیا و رووسیا‌

پەیسەر

ڤلادیمێر پۆتن، سه‌رۆكی ڕوسیا و ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا ڕۆژی سێشه‌ممه‌ له‌سوچی كۆبوونه‌وه‌ و گه‌یشتنه‌ تێگه‌یشتنێكی 10 خاڵیی هاوبه‌ش له‌باره‌ی سوریا به‌گشتی و باكووری ئه‌و وڵاته‌ به‌تایبه‌ت، كۆی تێگه‌یشتنه‌كه‌ش له‌یه‌ك خاڵدا كورتده‌بێته‌وه‌: ئه‌مریكا هیچ شوێنێكی له‌ داڕشتنی ئاینده‌ی سوریا نابێت.

ماڵپه‌ڕی سی ئێن ئێن له‌بابه‌تێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌، بژارده‌ی كراوه‌ له‌به‌رده‌م كورده‌كانی سوریادا ئه‌وه‌یه‌، له‌گه‌ڵ بوونی ژماره‌یه‌كی كه‌م له‌ سوپای ڕوسیا له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی سوریا، كورده‌كان جگه‌ له‌وه‌ی ڕێگه‌ به‌ سوپای سوریا بده‌ن بچنه‌ ناوچه‌كانیانه‌وه‌، بژارده‌یه‌كی دیكه‌یان نیه‌.


كێ براوه‌ و دۆڕاوی ئه‌م ڕێكخستنه‌ نوێیه‌یه‌؟
پۆتن و ئه‌ردۆغان دوو هێزی جیۆسیاسی سه‌ره‌كی ناوچه‌كه‌ن، ڕوسیا به‌ هێزی ئاسمانیی پاڵپشتی له‌ مانه‌وه‌ی ئه‌سه‌د له‌ده‌سه‌ڵات كردو له‌نه‌یاره‌كانی ڕژێمی سوریای دا، توركیاش له‌سه‌ر زه‌ویی پاڵپشتی هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانی سوریای كرد كه‌ مه‌به‌ستیان خستنی ڕژێمی سوریا بوو.

به‌ڵام پۆتن و ئه‌ردۆغان به‌لایانه‌وه‌ باشتره‌ بگه‌نه‌ ئه‌نجامێك كه‌ نه‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی نه‌خشه‌ی سنوره‌كانی سوریا بكێشنه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ خواستی جوداخوازی زیاد ده‌كات و ئه‌وه‌ش شتێكه‌ هه‌ردوو وڵات ڕه‌تیده‌كه‌نه‌وه‌.


گه‌وره‌ترین دۆڕاوی ڕێككه‌وتنی توركیا و ڕوسیا، ئه‌مریكایه‌
دۆڕاوی سه‌ره‌كی جیۆسیاسییه‌ نوێیه‌كه‌ی سوریا كه‌ به‌هۆی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ی ڕۆژی سێشه‌ممه‌ی پۆتن و ئه‌ردۆغانه‌وه‌ هاته‌ ئاراوه‌ ئه‌مریكایه‌، ئه‌وان به‌خێرایی له‌سوریا كشانه‌وه‌ و كورده‌كانیان كرده‌ دیارییه‌ك بۆ پۆتن، ته‌نانه‌ت ڕێككه‌وتنه‌كه‌ی پۆتن و ئه‌ردۆغان گه‌یشته‌ ئاستێك كه‌ سێرگی شویگۆ، وه‌زیری به‌رگریی ڕوسیا به‌ سوكایه‌تییه‌وه‌ به‌ واشنتۆن بڵێت "ئه‌مریكا ته‌نیا دوو كاتژمێری له‌سوریا ماوه‌".

وه‌زیری به‌رگریی ڕوسیا ڕایگه‌یاند، ئێواره‌ی ڕۆژی سێشه‌ممه‌ دوای ڕێككه‌وتنی پۆتن و ئه‌ردۆغان وتی، ته‌نیا دوو كاتژمێر له‌و ڕێككه‌وتنه‌ ماوه‌ كه‌ هه‌فته‌ی ڕابردوو توركیا و ئه‌مریكا واژۆیانكرد، واتا ته‌نیا تا كاتژمێر 10ی شه‌وی سێشه‌ممه‌، شویگۆ وتیشی "پێویسته‌ دوای ئه‌و دوو كاتژمێره‌ ئه‌مریكا سوریا جێبهێڵێت".