ڕاپۆرتی کوردستانی

12:28 - 20/10/2019

چەكی قەدەغەكراوی توركیا و بێدەنگی وڵاتانی رۆژئاوا‌

پەیسەر

هێرشە داگیركارییەكەی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوای كودستان لەداوی بڕیاری كشانەوەی سوپای ئەمەریكا هات لە سوریا، كە ماوەی نۆ ساڵ بوو كورد باشترین هاوپەیمانی بوو بۆ لەناودانی ڕێكخراوی تیرۆرستی داعش، بەڵام ڕێگەدان بە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان كاردانەوەی زۆری لێكەوتەوە زۆرینە ناوەندەو دامەزراوی ئەمەریكی و جیهانیەكانیش لەدژی وەستانەوە، بەڵام بڕیاری یەكلایەنەی دۆناڵد ترەمپ كێشەكەی دروستكردو تا ئێستەش بەردەوامی هەیە.

لە میانەی ئۆپەراسیۆنەكەدا بەدیارچاوی هەموو جیهان و ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤەوە مافەكانی مرۆڤ و مافی منداڵان و سەرجەم بنەماكانی جەنگ پێشێلكران و كەسیش هیچی لەوبارەیەوە نەگووت.

بە پێی سەرچاوە هەواڵیەكان سوپای تورك چەندین جۆر چەكی قەدەغەكراوی لە دژی كوردانی رۆژئاوا بەكارهێناوەو شوێنەواری ئەو چەكانەش بەجەستەی شەهیدو بریندارو ناوچەكەوە بە ئاشكرا دیارە.

لەدوو رۆژی رابوردوودا وێنەی (محمد)ی تەمەن 13 ساڵی رۆژئاوای كوردستان بووە تایتڵی زۆربەی میدیاكان و لە سۆشیاڵ میدیاشدا بووە سەرەكی ترین بابەتەكانی پەیوەند بە ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا و هێرش كردنە سەر رۆژئاوای كوردستان.

هەموو ئەوانەی كەقسەیان لەسەر وێنەی محمد هەبوو جەختیان لەسەر ئەوە كردوەتەوە كە توركیا چەكی قەدەغەكراوی بەدیارچاوی هەموو دونیاوە بەكار هێناوە، بە پێی سەرچاوە هەواڵیەكان لەژێر كاریگەری دیمەنەكاندا نەتەوە یەكگرتوەكان لیژنەیەكی پێكهێناوە بۆ بەدواداچوونی ئەو ڕاستییەدا كە توركیا چەكی قەدەغەكراوی بەكارھێناوە، هەفتەی ڕابوردوش رۆژنامەی –گاردیان-ی بەریتانی بڵاوی كردبوویەوە كە سوپای توركیا لە دژی كوردەكان چەكی فسفۆڕیی سپی قەدەغەكراوی بەكارهێناوە.


لەو بارەیەوە رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیاویی () رۆژی هەینی رابووردوو ڕایگەیانددووە سەرقاڵی كۆكردنەوەی بەڵگەكانن كە ئایا سوپای توركیا چەكی كیمیاویی لەدژی هاوڵاتیانی باكووری سوریا بەكار هێناوە یان نە، بۆ ئەو مەبەستە سەرجەم پشكنەرەكانی خۆی بۆ كۆكردنەوەی بەڵگەكان ڕاسپاردووە.

لە هەمان كاتدا (مانگی سوری كورد) لە رۆژئاوای كوردستان ڕایگەیاندووە كە سوپای توركیا لە دژی خەڵكی بێچەكی شارەكانی رۆژئاوا چەكی قەدەغەكراوی بەكار هێناوەو نەخۆشخانەكانی –حەسەكە- چەندین برینداری ئەو چەكانەی تێدایە.

دوای ئەوەی وێنەی محمد باڵی بەسە میدیاكاندا كێشا، پسپۆڕێكی بەریتانی لە بواری چەكی كیمیاوی دا گوتی بە پێی سوتانی پێستی ئەو  منداڵە بێت چەكی كیمیاوی بەكارهێنراوە، (هامیش دی بریتون جوردون) سەرۆكی پێشووی تیمی كیمیاوی و بایۆلۆژی و تیشك و نەوەوی لە بەریتانیا گوتویەتی: ئەگەری زۆری هەیە ئەو چەكە فسفۆڕی سپی بێت، چەكێكی ترسناكە، چەندین جار لە سوریا بەكار هاتووە، بۆ بەدبەختیش بەكارهێنانی ئاسایی بووەتەوە.

بەپرسانی كورد لە رۆژئاوای كوردستان سوپای توكیان بە بەكارهێنانی چەكی نائاسایی و قەدەغەكراو تاوانباركردووە، تەنانەت چەند كاتژمێرێك بەر لە ئاگربەست، چەكی قەدەغەكراوی بەكارهێناوە، بۆ ئەو مەبەستەش بانگهێشتی پشكنەرانی نێو دەوڵەتییان كردووە كە خۆیان بێن و بەچاوی خۆیان بیبینن، بەرپرسێكی سەربازی لە رۆژئاوای كوردستان ڕایگەیاندووە چەندین جار بانگەوازیان بۆ پشكنەرەكان كردووە بەڵام نەهاتوون و حاڵەتەكانیش دووبارە دەبنەوە.

بە پێی سەرچاوەیەك كە بە العربیە ی ڕاگەیاندووە وابڕیارە نەتەوە یەكگرتوەكان پشكنەری تایبەتی خۆی بنێرێتە رۆژئاوا و سەرجەم بەڵگەكان بەچاوی خۆیان ببینن.


بە پێی وتەی بەشێك لەچالاكوانانی سۆشیاڵ میدیا كارەساتی رۆژئاوای كوردستان دووبارە بوونەوەی كارەساتەكانی باشووری كوردستانە كە لە هەڵەبجەو چەند شوێنێكی دیكە لە لایەن رژێمی بەعسەوە بە چەكی قەدەغەكراو كۆمەڵكوژیی كران و كۆمەڵگەی نێو دەوڵەتیش تەنها سەیریان دەكرد، مامۆستا  كامیل عبدالقادر كە دیارترین بەركەوتەی چەكی كیمیاوییەوە وەك سیمبولی بریندارەكانی هەڵەبجە ناسراوەو ئێستە لەژێر چاودێریی پزیشكیدایە لەوڵاتێكی ئەوروپی لە ئەكاونتی خۆی نوسیویەتی: مێژوو دەبارە دەبێتەوە،‌ بێ دەنگی و دەستەوسانی وڵاتە زلهێزەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەئاست بەکارهێنانی چەکی فسفۆڕی لەلایەن تورکیاوە لە ڕۆژئاوای کوردستان هەمان بێ دەنگییە کە لە 1988 لەکاتی بەکارهێنانی چەکی کیمیاییدا لە هەڵەبجە بەرامبەر صدام نواندیان؛ چونکە خۆیان سەرچاوەو فرۆشیاری چەکەکانن .