ڕاپۆرتی کوردستانی

07:41 - 17/10/2019

چیرۆكی ئه‌و شانده‌ی كورد كه‌ بۆ ئاشتی چونه‌ ئه‌نقه‌ره‌ و توركیا هه‌موویانی له‌سێداره‌دا‌

پەیسەر

له‌نێوان ساڵانی 1937 - 1938 ناوچه‌ی دێرسیم كه‌ ئێستا توركیا ناوه‌كه‌ی كردوه‌ته‌ تونجه‌لی، دژی سیاسه‌ته‌كانی مسته‌فا كه‌مال ئه‌تاتورك، سه‌رۆك كۆماری ئه‌وكاته‌ی توركیا ناڕه‌زایه‌تی گه‌وره‌یان ده‌رده‌بڕی، له‌و ساڵانه‌ی ده‌وڵه‌تی عوسمانی هه‌ره‌سی ده‌هێنا و له‌جێگه‌ی كۆماری نوێی توركیا دروستبوو، خێڵه‌ كوردییه‌كانی دێرسیم دووچاری چه‌وساندنه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌بوون، ناچار ده‌كران باجێكی ماددیی زۆر بده‌ن و ده‌وڵه‌ت سیاسه‌تی (ته‌ته‌ریك)ی به‌سه‌ردا په‌یڕه‌وده‌كردن، ئه‌ویش به‌ئامانجی گۆڕینی ناسنامه‌ی كورده‌كان بۆ تورك، توركه‌كان شۆڕی كورده‌كانی ئه‌و ناوچه‌یان به‌ئاگر و ئاسن كپكرد، له‌كۆتاییه‌كه‌شیدا ڕووبارێك له‌ خوێنی كوردان له‌وێ ڕژاو كوردێكی زۆر كۆمه‌ڵكوژكران، هاوكات ده‌یان هه‌زار كورد ناوچه‌كه‌یان جێهێشت.

له‌نێو ئه‌و ڕووداوانه‌دا، سه‌رۆكی شاره‌وانی ئه‌نقه‌ره‌ به‌ئامانجی ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ كورده‌كان كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات، داوا ده‌كات شاندێكی كوردی بۆ دانوستان بچنه‌ ئه‌نقه‌ره‌، ئه‌و شانده‌ش ئامانجی ئه‌وه‌یان هه‌بوو له‌ڕێگه‌ی ئاشتییه‌وه‌ كێشه‌كانیان له‌گه‌ڵ توركیا چاره‌سه‌ر بكه‌ن، هه‌ر له‌و پێناوه‌دا شاندێك پێكهێندرا له‌چه‌ندین كه‌سایه‌تی دیاری كورد له‌سه‌روو هه‌موویانه‌وه‌ (سه‌ید ڕه‌زا) كه‌ شۆڕشگێڕێكی دیاری كورد و یه‌كیك له‌سه‌ركرده‌كانی خێڵی كوردانی زازاكی بوو.

سه‌ید ڕه‌زا ساڵی 1863 له‌ گوندێكی دێرسیم له‌خێزانێكی دیار و كاریگه‌ر له‌دایكبووه‌، چونكه‌ باوكی سه‌ید ڕه‌زا یه‌كێك له‌دیارترین سه‌ركرده‌كانی خێڵه‌كه‌ی بووه‌، هه‌ربۆیه‌ سه‌ید له‌ماوه‌ی ژیانیدا له‌پێگه‌یه‌كی گرنگدا بووه‌، سه‌ید ڕه‌زا له‌ ساڵانی جه‌نگی جیهانیی یه‌كه‌م له‌پاڵ نوری دێرسیمی، یه‌كێك له‌ ڕه‌مزه‌ دیاره‌كانی به‌رگریی كوردان داوای دروستكردنی ده‌وڵه‌تێكی بۆ كورد ده‌كرد.

له‌كاتی شۆڕشی دێرسیم، سه‌ید ڕه‌زا كه‌ یه‌كێك بوو له‌ڕه‌مزه‌ دیاره‌كانی شۆڕشه‌كه‌ له‌ ڕۆژی 10ی ئه‌یلولی ساڵی 1937 به‌یاوه‌ریی چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی كورد، له‌باره‌گای فه‌رمانده‌یی توركیا له‌ ئه‌رزنجان گفتوگۆی به‌نده‌كانی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاشتی بۆ دێرسیم و كۆتایهێنان به‌ كوشتاری كوردانی كرد، به‌ڵام توركیا له‌و دانیشتنه‌دا ناپاكی له‌ سه‌ید ڕه‌زا و كورد كرد، چونكه‌ ده‌ستبه‌جێ ناوبراویان ده‌ستگیركرد و چه‌ندین تۆمه‌تی مه‌ترسیداریان دایه‌ پاڵ سه‌ید ڕه‌زا.

سه‌ید ڕه‌زا ڕووبه‌ڕوی دادگا كرایه‌وه‌ و تۆمه‌تی "خیانه‌ت" و "هاندان بۆ وه‌ستانه‌وه‌ دژی ده‌وڵه‌ت" و "كاركردن بۆ لایه‌نی بیانی" و له‌سه‌روو هه‌موویانه‌وه‌ به‌ریتانیای درایه‌ پاڵ، هاوكات نامه‌یه‌ك كه‌ به‌ده‌ستنووسی نوری دێرسیمی نوسرابوو ئه‌و تۆمه‌ته‌نای دابووه‌ پاڵ سه‌ید ڕه‌زا، كه‌ هه‌رچه‌نده‌ پێده‌چێت له‌ژێر فشاردا ئه‌و كاره‌ به‌ نوری دێرسیمی كرابێت.

له‌كاتی دادگایكردنه‌كه‌دا ڕێگه‌ به‌ سه‌ید ڕه‌زا و كورده‌كانی دیكه‌ی نێو شانده‌كه‌ نه‌درا كه‌ به‌زمانی كوردی قسه ‌بكه‌ن، چونكه‌ شانده‌ كوردییه‌كه‌ ده‌یانگوت له‌زمانی توركی تێناگه‌ن، هاوكات ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و كاته‌ی توركیا ئاماده‌نه‌بوو وه‌رگێڕ بۆ دادگایكردنی شانده‌ كوردییه‌كه‌ دابینبكات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازیی ئه‌و ناوچه‌یه‌ فشارێكی زۆریان له‌دادگا كرد، به‌زوویی كه‌یسه‌كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی ده‌وڵه‌ت یه‌كلابكاته‌وه‌ و سزای تۆمه‌تباره‌كان بدات.

له‌كاتی دادگایكردنه‌كه‌دا ده‌سه‌ڵاتداری سه‌ربازیی ترسیان هه‌بوو له‌وه‌ی له‌هه‌رساتێكدا بێت ئه‌تاتورك سه‌ردانی ئه‌رزنجان بكات و له‌ژێر فشاری كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و نێوخۆیی توركیا، بڕیاری لێبووردنی گشتی بۆ سه‌ید ڕه‌زا و شانده‌ كوردییه‌كه‌ ده‌ربكات، بۆیه‌ فشاریان له‌دادگا كرد له‌چه‌ند كاتژمێرێكدا پڕۆسه‌ی دادگایكردنه‌كه‌ ته‌واو بكات، به‌وشێوه‌یه‌ سه‌ید ڕه‌زا، یه‌كێك له‌ دیارترین نمونه‌كانی به‌رخۆدانی كورد له‌باكووری كورستان و شاندی یاوه‌ری، له‌سێداره‌دران.