04:59 - 17/10/2019
ته‌قینه‌وه‌كه‌ى سه‌ر چیاى ئه‌زمڕ چى بوو؟
ئێواره‌ى سێشه‌ممه‌ى رابردوو له‌سه‌ر چیاى ئه‌زمڕ، رووداوێكى ته‌مومژاوى روویدا، رێوشوێنه‌كانى دواى رووداوه‌كه‌و داخستنى به‌رووى میدیادا ئه‌وه‌نده‌ى دیكه رووداوه‌كه‌ى لێڵ كرد، ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر چیاكه‌و كوژرانى دوو كه‌س و برینداربوونى دووانى دیكه پشتڕاستكرایه‌وه، به‌ڵام هیچ ده‌زگایه‌كى ئه‌منى روونكردنه‌وه‌و زانیارى له‌سه‌ر ئه‌و رووداوه نه‌دا. په‌یسه‌ر زانیارى ده‌ستكه‌وتووه كه رووداوه‌كه هێرشى توركیا بووه بۆ سه‌ر چه‌ند ئه‌ندامێكى په‌كه‌كه.
به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس، چوار كه‌س له‌و رووداوه‌دا به‌ركه‌وتوون، كه ئه‌ندام و به‌رپرسى په‌كه‌كه‌ن، هیچ زانیارییه‌ك سه‌باره‌ت به ته‌رمه‌كان و دووبرینداره‌كه‌ش بڵاونه‌كرایه‌وه، به‌پێى زانیارییه‌كان دوو برینداره‌كه له‌رێوشێنى ئه‌منى توندا له نه‌خۆشخانه‌ى شار-ى سلێمانى چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرن.
به‌گوته‌ى شایه‌تحاڵه‌كان ده‌نگێكى زۆر به‌هێز بووه
ئێواره‌ى سێشه‌ممه، ئه‌و كه‌سانه چوونه‌ته سه‌رچیاكه‌و له فرۆشگایه‌كى سه‌ر ئه‌زمڕ، كه چه‌ره‌سات ده‌فرۆشێت، شتیان كڕیوه‌و كه‌مێك دوورتر دانیشتوون، له‌پڕ ده‌نگێكى گه‌وره هه‌موو ئه‌وانه‌ى سه‌رچیاكه‌ى راچڵه‌كاندووه، كه به‌گوته‌ى شایه‌تحاڵه‌كان ده‌نگێكى زۆر به‌هێز بووه. ده‌ستبه‌جێ دوو كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه. یه‌كێك له‌وانه ناوى هه‌ڤاڵ دەمهات عەگید-ه‌و به‌رپرسى پێشووی پەیوەندییەکانی په‌كه‌كه بووه له‌هه‌رێمى كوردستان، كوژراوه‌كه‌ى دیكه‌ش ناوى جەمیل ئامەدەو ئه‌ندامى په‌كه‌كه‌یه.
هێرشه‌كه هێرشى فڕۆكه‌یه‌كى درۆنى توركى بووه
به‌پێى زانیارییه‌كان به‌رپرسێكى ئه‌و تیمه‌ى ئاسایش كه چوونه‌ته شوێنى رووداوه‌كه، به كاسبكارانى ئه‌وێى گوتووه، سه‌باره‌ت به‌م رووداوه به‌هیچ جۆرێك نابێت زانیارى به‌كه‌س بده‌ن و بۆكه‌سى باس بكه‌ن. به‌پێى زانیارییه‌كان یه‌كێك له كاسبكاره‌كان گوتویه‌تى فڕۆكه‌ى بینیوه‌و باسى له هێرشه‌كه كردووه، به‌ڵام كاسبكاره‌كان باسى ئه‌وه‌شیان كردووه، كه ئاگاداركراون زانیارى نه‌ده‌ن له‌سه‌ر ئه‌و رووداوه، بۆیه ئاماده‌ى هیچ قسه‌یه‌ك نین.
به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر كه‌له‌سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگاداره‌وه ده‌ستیكه‌وتووه، هێرشه‌كه هێرشى فڕۆكه‌یه‌كى درۆنى توركى بووه، كه چاودێرى ئه‌و ئه‌ندامانه‌ى په‌كه‌كه‌ى كردووه‌و هێرشى كردووه‌ته سه‌ریان. به‌هۆیه‌وه دووانیان كوژراوه‌و دووانى دیكه‌یان برینداربوون. پێش رووداوه‌كه فڕۆكه‌ى بێفڕۆكه‌وان بینراوه له ئاسمانى شوێنى رووداوه‌كه.
ده‌زگا ئه‌منییه‌كانى سلێمانى ئه‌م رووداوه‌یان رووپۆشكردووه
سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاسایشى سلێمانى پێشتر رایگه‌یاندبوو، ته‌نها ده‌توانن ئه‌وه بڵێن كه هێرشه‌كه تیرۆرستى نه‌بووه‌و زانیارى دیكه بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه. هێرشه‌كه سه‌ره‌تا له‌سه‌ر زارى پۆلیسى سلێمانى بڵاوكرایه‌وه، دواتر پۆلیس خۆى به‌دوورگرت و هیچ روونكردنه‌وه‌یه‌كى نه‌دا. ئه‌مڕۆ له‌كاتى كۆنگره‌ى رۆژنامه‌وانى پۆلیسى سلێمانى بۆ روونكردنه‌وه‌كان له‌سه‌ر رووداوى كوژرانى رۆژنامه‌نوس ئامانج بابانى و خێزانه‌كه‌ى، پرسیارى ئه‌و رووداوه‌ى سه‌رچیاى ئه‌زمڕ له به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیسى سلێمانى كرا، به‌ڵام گوتى، ئه‌وه لاى ئاسایشه‌و لاى پۆلیس نییه.
تائێستا ده‌زگا ئه‌منییه‌كانى سلێمانى ئه‌م رووداوه‌یان رووپۆشكردووه‌و رێگه ناده‌ن زانیارییه‌كان سه‌باره‌ت به‌رووداوه‌كه بگاته خه‌ڵك، ئاسایشى سلێمانى دۆسیه‌كه‌ى لاى خۆى هێشتووه‌ته‌وه، كوژراوه‌كان و برینداره‌كانیش هیچ زانیارییه‌كیان له‌سه‌ر بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه.