07:21 - 16/10/2019
كۆبوونه‌وه‌یه‌كى سارودسڕ له‌بارودۆخێكى گه‌رمدا
نێچیرڤان بارزانى له‌دواى بوونى به‌سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانه‌وه، بۆیه‌كه‌م جار لایه‌نه‌كانى له‌سه‌ر مێزێك كۆكرده‌وه، له‌دۆخێكى ئاڵۆز‌و دژوار‌دا كه كوردان به‌یه‌ك جار چاویان له‌سه‌ر رووداوه‌كانى رۆژئاواى كوردستانه. حزبه‌كانى باشورى كوردستان كۆبوونه‌وه‌یه‌كى دره‌نگ وه‌خت و ساردوسڕیان كرد. راگه‌یه‌ندراوى كۆبوونه‌وه‌كه‌ش به گرنگییه‌وه رووداوه‌كانى رۆژئاواى نه‌خستبووه‌ڕوو، له‌كۆتاییدا به‌چه‌ند دێڕێك به ناڕاسته‌وخۆ باسكراوه، بێ ناوهێنانى رۆژئاواى كوردستان و توركیا.
كۆبوونه‌وه‌یه‌كى دره‌نگ وه‌خت
توركیا هه‌شت رۆژه هێرشى چڕوپڕى بۆسه‌ر رۆژئاواى كوردستان ده‌ستپێكردووه، له‌و ماوه‌دا زۆر رووداو روویاندا، هه‌سه‌ده به‌ناچارى به‌ره‌و دیمه‌شق وه‌رگه‌ڕاو له‌گه‌ڵ روسیا و ئێران و سوریا رێككه‌وت، نزیكه‌ى ٣٠٠ هه‌زار كه‌س ئاواره‌بوون ده‌یان شه‌ڕڤان و سڤیل شه‌هیدبوون، له‌وماوه‌دا حزبه‌كان ئاماده‌ى كۆبوونه‌وه‌یه‌كى هاوبه‌ش نه‌بوون تا ئه‌مڕۆ، كۆبوونه‌وه‌كه‌ش قسه‌ى كۆنكرێتى تێدانه‌كراو ناوى رۆژئاوا له به‌یانى فه‌رمى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بوونى نییه. حزبه‌كان بۆ دابه‌شكردنى پۆسته‌كانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت چەندین دانیشتن و كۆبوونه‌وه‌یان كرد تا چاره‌سه‌ریان دۆزییه‌وه، به‌ڵام له‌پرسێكى پڕمه‌ترسیدا كه پارچه‌یه‌كى كوردستان له‌به‌رده‌م مەترسی سڕینەوەدایە، داوى هه‌شت رۆژ ئاماده‌ى كۆبوونه‌وه‌یه‌كى سارد‌و سڕبوون.
ناوى رۆژئاوا له به‌یانى فه‌رمى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بوونى نییه
دڵشاد شه‌هاب راوێژكارى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم، سه‌باره‌ت به‌ناوه‌رۆكى كۆبوونه‌وه‌كه قسه‌ى بۆ رۆژنامه‌نوسان كرد، گوتى، كۆبوونه‌وه‌كه داوایكردووه هه‌موو تواناكانى هه‌رێمى كوردستان بخرێنه گه‌ر بۆ راگرتنى شه‌ڕو چاره‌سه‌رى ئاشتییانه، جه‌ختیش له‌وه‌كرایه‌وه، كه‌هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌یى خۆى ده‌ربڕیوه توانا دیبلۆماسییه‌كانى خۆى بخاته گه‌ر بۆهاوكاریكردنى ئه‌و دۆخه‌ى له سوریا‌و رۆژئاواى كوردستان هه‌یه. دڵشاد شه‌هاب ئه‌و قسانه‌ى له‌كۆتایى قسه‌كانى خۆیدا كرد.
راگه‌یه‌ندراوى كۆبوونه‌وه‌کە
راگه‌یه‌ندراوى كۆبوونه‌وه‌كه كه‌له‌پێگه‌ى فه‌رمى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم بڵاوكرایه‌وه، ٤٢٤ وشەیە، لە سێ دێڕی كۆتاییدا به ناڕاسته‌وخۆ ئاماژه به رووداوه‌كانى رۆژئاواى كوردستان كراوه، بێ ئه‌وه‌ى ناوى رۆژئاواى كوردستان بهێندرێت، ئاماژه به ناوى توركیا‌و لایه‌نى هێرشكار نه‌كراوه. ته‌نها نوسراوه:"به په‌سه‌ند زانرا سیاسه‌تێكى واقیعیانه بگیرێته به‌ر كه پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى گه‌ل و خاكى هه‌رێمى كوردستان تیایدا پارێزراو بێت و دامه‌زراوه‌كانى هه‌رێم و لایه‌نه سیاسییه‌كان هه‌موو توانا سیاسى و دیپلۆماسییه‌كانیان بخه‌نه گه‌ڕ بۆ هه‌رچى زووتر كۆتاییهاتن به شه‌ڕ و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان به ڕێگاچاره‌ى ئاشتیانه و گفتوگۆ كه زامنى مافه‌كانى ته‌واوى پێكهاته‌كانى سووریا بێت".
هه‌ڵوێستى رادیكاڵ له سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمه‌وه به‌رامبه‌ر توركیا مه‌حاڵه
ره‌نگه دیارترین خاڵى لاوازى كۆبوونه‌وه‌كه ئه‌وه‌بێت، كه له‌سه‌ر مێزى نێچیرڤان بارزانى و سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم بوو، له‌كاتێكدا ئه‌و نزیكترین كه‌سایه‌تى سیاسییه له ئه‌نقه‌ره‌و ئه‌ردۆغانه‌وه، هه‌ڵوێستى رادیكاڵ له سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمه‌وه به‌رامبه‌ر توركیا و له‌شكركێشى بۆسه‌ر رۆژئاواى كوردستان مه‌حاڵه. به‌پێچه‌وانه‌وه سه‌رۆكى هه‌رێم مه‌به‌ستیه‌تى ئه‌و دیمه‌نه پیشانى توركیا بدات كه هه‌لومه‌رجێكى وه‌هادا تواناى ئه‌وه‌ى هه‌یه حزبه‌كان له‌ده‌ورى هه‌ڵوێستێكى هاوسه‌نگ و بێلایه‌نانه كۆبكاته‌وه. هه‌ڵوێستێك كه تێیدا هیچ لایه‌نێكى شه‌ڕ به فریشته یاخود ئه‌هریمه‌ن ناناسێنێت.
به‌شدارى لاوازى پارتى
له لایه‌نه سیاسییه‌كان پارتى به‌شدارى كاراى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى نه‌كرد، له‌كاتێكدا لایه‌نه‌كانى دیكه كه‌سى یه‌كه‌میان ئاماده‌بوو، به‌ڵام له‌پارتى رۆژ نوری شاوەیس و جه‌عفه‌ر ئیمینكى ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى پارتى ئاماده‌یبوون، ئه‌و به‌شدارییه ته‌نكه‌ى پارتى له كۆبوونه‌وه‌كه كه جێگرى سه‌رۆكى پارتى بانگه‌وازى بۆ كردبوو، ره‌نگه ئاماژه‌یه‌ك بێت بۆئه‌وه‌ى كه پارتى پێشوازى له ئه‌زمونێكى له‌وجۆره ناكات بۆ نێچیرڤان بارزانى، كۆكردنه‌وه‌ى لایه‌نه‌كان به‌ده‌ورى یه‌كدا تائێستاش له دیدى پارتیدا كارى مه‌سعود بارزانى سه‌رۆكى پێشووى هه‌رێمه، بۆیه‌ش پێناچێت كۆبوونه‌وه‌كانى دیوه‌خانى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم شتێكى ئه‌وتۆیان لێ شین ببێت. دڵشاد شه‌هاب راوێژكارى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم دواى كۆبوونه‌وه‌كه گوتى:"هه‌موو ئاماده‌بووان كۆك بوون كه سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم وه‌ك دامه‌زراوه‌ى یاسایى و ده‌ستورى و شه‌رعى هه‌رێم ببێته شوێنى كۆبوونه‌وه‌ى سه‌رجه‌م بیروبۆچوونه‌كان".خەلیل ئیبراهیم، گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامی، کۆکردنەوەی هەموو لایەنەکانەکانى به کارێکی باش وه‌سفكرد،"بەتایبەت بۆ هەڵسەنگاندی پرسە نیشتمانییەکان، لێکنزیککردنەوەی لایەنە سیاسییەکان".
بڕیارى هاوبه‌ش
كۆبوونه‌وه‌ى سه‌رۆكى هه‌رێم و حزبه‌كان، هیچ بڕیارێكى هاوبه‌شى تێدانه‌درا، په‌یوه‌ست به رۆژئاواى كوردستان و پرسه‌كانى دیكه‌ش، ئاڕاسته‌ى كۆبوونه‌وه‌كه به‌وجۆره بووه، كه هه‌رحزبێك لاى خۆیه‌وه چى پێده‌كرێت بۆ رۆژئاوا بیكات، سه‌رۆكى هه‌رێم خۆى به‌دوورگرتووه، هه‌ڵوێست و بڕیارێكى هاوبه‌ش سه‌باره‌ت به رۆژئاوا له هۆڵى كۆبوونه‌وه‌ى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمه‌وه له‌دایك بیێت، بۆیه‌ش جگه‌له‌وه‌ى قسه‌ى كۆنكرێتى له راگه‌یه‌ندراوى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا نییه، وه‌ك پرسێكى نیشتیمانى باسى رووداوه‌كانى رۆژئاواى كوردستان نه‌كراوه. وه هه‌ر شه‌ڕێكى دیكه‌ى دوولایه‌ن باسكراوه كه پێویسته رابگیرێت، بێئه‌وه‌ى ورده‌كارى شه‌ڕه‌كه‌و لایه‌نى خه‌تابارو سته‌مكار و سته‌ملێكراو باس بكات. به‌پێى ئه‌و راگه‌یه‌ندراوه دیار نییه تێڕوانینى حزبه‌كانى هه‌رێم بۆ ئه‌و شه‌ڕه چۆنه ماف به‌كێ ده‌ده‌ن؟
هه‌ڵوێسته‌كانى هه‌رێمى كوردستان
ئه‌وه یه‌كه‌م راگه‌یه‌ندراوى نه‌رم و بێلایه‌نانه نییه، كه له هه‌رێمى كوردستانه‌وه، سه‌باره‌ت به دۆخى رۆژئاواى بڵاوده‌كرێنه‌وه، پێشتریش حكومه‌تى هه‌رێم و سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم ته‌نها نیگه‌رانییان له دۆخه‌كه ده‌ربڕی، په‌رله‌مانى كوردستان له راگه‌یه‌ندراوێكى هه‌زار و 132 وشه‌ییدا به‌یه‌ك وشه‌ش ناوى توركیای نه‌هێنا.ئیدانه‌ى كوشتن و برینداركردنى خه‌ڵكى مه‌ده‌نى كردبوو "له‌هه‌ردوولایه‌نى شه‌ڕه‌وه". راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ى ئه‌مڕۆش چووه سه‌ر خه‌رمانى هه‌ڵوێسته نه‌رم و ساردەكانى دیكه‌ى دامه‌زراوه‌كانى هه‌رێم.
به‌یاننامه‌كانى هه‌رێم رۆژئاوایان نیگه‌رانكردووه
جاویدان كه‌مال ئه‌ندامى نوێنه‌رایه‌تى خۆسه‌رى دیمو‌كراتى له‌هه‌رێمى كوردستان، بۆپه‌یسه‌ر گوتى:" ئه‌و راگه‌یه‌ندراوانه‌ى له‌هه‌رێمى كوردستان هه‌ن، ناوى توركیا هه‌ر نه‌هێندراوه ئه‌وه‌ش به‌هۆى په‌یوه‌ندى ئابورى هه‌رێم و توركیاوه‌یه، حكومه‌تى هه‌رێم و حزبه‌كانى هه‌رێم نا‌وێرن به شێوه‌یه‌كى ئاشكرا دژایه‌تى ئه‌ردۆغان بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌مه هه‌ڵوێستێكى هه‌ڵه‌یه، چونكه ئه‌ردۆغان ئامانجى ته‌نها پارچه‌یه‌كى كوردستان نییه، ئه‌گه‌ر حكومه‌تى هه‌رێمیش بێده‌نگ بێت هه‌ر سه‌ره‌ى دێت".
قسه‌و ئاماژه‌كان له ئه‌نقه‌ره‌وه شتى باشى بۆ هه‌رێمى كوردستانیش تێدا نییه
گوتیشى:"ئێمه پێویسته له‌م كاته‌دا له‌هه‌ر چوار پارچه به‌شێوه‌یه‌كى نه‌ته‌وه‌یى بێ به‌رژه‌وه‌ندى تایبه‌ت و حزبیى پشتگیرى له رۆژئاواى كوردستان بكه‌ین، چونكه ئه‌مه پرسێكى نه‌ته‌وه‌ییه‌و پرسێكى مرۆیى نییه، تا ئه‌و راده‌یه‌ى كه پێویسته پێشمه‌رگه ره‌وانه‌ى رۆژئاواى كوردستان بكرێت. هه‌رێم له‌پێگه‌یه‌كى باشدایه له ئاستى وڵاتان، ده‌بێت له‌رووى دیبلۆماسییه‌وه پێگه‌ى خۆى به‌كاربهێنێت، بۆ پشتگیرى رۆژئاواى كوردستان، چونكه ئه‌مه به ئاشكرا دیاره كه دواى رۆژئاواى كوردستان سه‌ره‌ى باشوره، چونكه ئامانجى ئه‌ردۆغان ته‌نها رۆژئاواى كوردستان نییه، به‌ڵكو نایه‌وێت كورد ببێته خاوه‌ن پێگه‌ى خۆى".
به‌پێى هه‌ڵوێسته‌كان وادیاره تائێستا هه‌رێمى كوردستان سوره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى، لایه‌نگیرى خۆى نه‌دركێنیت و له‌م شه‌ڕه‌دا دڵى توركیا له‌ده‌ست نه‌دات، به‌ڵام قسه‌و ئاماژه‌كان له ئه‌نقه‌ره‌وه شتى باشى بۆ هه‌رێمى كوردستانیش تێدا نییه. ئاڕاسته‌ى زاڵ ته‌نانه‌ت له‌نێو حزبه‌كانى باشورى كوردستانیش ئه‌وه‌یه، كه رۆژئاوا بكه‌وێت هه‌رێمى كوردستان وه‌ك خۆى یاخود له پێگه‌ى خۆى نامێنێت و ده‌خرێته چوارچێوه‌یه‌كى بچوكتر له‌وه‌ى كه دواى رووداوه‌كانى ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر بۆى كێشرا.