05:41 - 14/10/2019
پلانی توركیا لەڕۆژئاوای كوردستان لەزاری شەڕڤانێكی ئیرلەندییەوە
شەڕڤانێكی ئیرلەندی كە چەند ساڵێك لەڕیزی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) جەنگاوە، باس لە ڕۆحی ڕوبەڕوبونەوەی دوژمن لەلای شەڕڤانان و پلانی توركیا بۆ داگیركاریی ڕۆژئاوای كوردستان دەكات، هاوكات باس لە هەڵكردنی گڵۆپی سەوز لەلایەن هەریەكە لە ئەمریكا و ڕووسیا بۆ توركیا دەكات، بۆئەوەی توركیا هێرشبكاتە سەر ڕۆژئاوای كوردستان.
مۆرگان مانسفێڵد، كە لەشاری واترفۆرد-ی ئیرلەنداوە چووەتە سوریا و پەیوەندی بەڕیزەكانی یەپەگەوە كردووەو ماوەیەك وەك شەڕڤان هاوكارییەكانی پێشكەشی یەپەگە كردووە، ئەو لەساڵی 2017 دا گەڕاوەتەوە بۆ وڵاتەكەی خۆی ئەوەش لەدوای ئەوەی توركیا و چەكدارە توندڕەوەكان شاری عەفرینیان داگیركرد، مانسفێڵد لەم چاوپێكەوتنەدا كە لەگەڵ ڕۆژنامەی ئایریش تایمز ئەنجامیداوە، زۆرێك لە دیوە درەوشاوەكانی یەپەگە باسدەكات.
یەپەگە چی دەوێت؟
مانسفێڵد: ئەوان دەوڵەتێكی سەربەخۆیان ناوێت، تەنیا خۆبەڕێوەبەرییان دەوێت كە تەواو جیاواز بێت لەو شوێنانەی كوردی تێدایە.
هاوپەیمانان دەستبەرداری كورد بوون؟
مانسفێڵد: بەڵێ، ئەوەی ئێستا لەلایەن ئەمریكا و ڕووسیاوە ڕوودەدات بۆ ڕازیكردنی توركیایە، تا ساڵی ڕابردوو ڕوسیا یارمەتی پێشكەشی كورد دەكرد، تەنانەت تا ئەو كاتەی گڵۆپی سەوزی بۆ توركیا هەڵكر ڕوسەكان هاوكاری كورد بوون.
توركیا چی دەوێت؟
مانسفێڵد: توركەكان دەیانەوێت دیمۆگرافیای باكووری سوریا بگۆڕن، دەیانەوێت لەنێوان یەك ملیۆن بۆ سێ ملیۆن پەنابەری سوری جێگیربكەن، ئەوەش دەبێتە گەورەترین گۆڕانكاری دیمۆگرافی، چونكە لە باكووری سوریا كورد، ئەرمەن، عەرەب، ئاشووری و مەسیحی دەژین، ئەگەر تۆ دیمۆگرافیای ئەوێ بگۆڕیت ئەوا بەرەیەكی دیكەی شەڕ دژ بەڕژێمی سوریا دەكەیتەوە، هیچ كەسێك نییە هاوكاریی یەپەگە بكات، ئەگەر توركیا لەپلانەكەی سەركەوتوو بێت، ئەوا ململانێكانی ئێران ساڵانێكی درێژتر دەخایەنێت، بەبۆچوونی من هیچ براوەیەك لەو ململانێ نوێیەدا نابینم ئەگەر دروستببێت.
ناوچە كوردییەكانی سوریا لەڕووی كۆمەڵایەتییەوە چۆنە؟
مانسفێڵد: لەوێ هەست بە ڕۆحی كۆمەڵگە دەكرێت، بەرنامەی كۆمەڵایەتی هەیە، ئافرەتان هەوڵێكی گەورە دەدەن لەپاڵ شۆڕشی كۆمەڵایەتیدا، ئەوان نایانەوێت تەنیا لەسەربازگەی هێزە توندڕەوەكان یاخود بەرەی بەشار ئەسەد بن، من لەوێ شتی زۆر باشم بینی، زۆر لێبوردە، زۆر پاڵپشتیكەری ئافرەتانن.
هێزی توركیا لەوێ چۆن مامەڵە دەكات؟
مانسفێڵد: توركەكان چەكدارە توندڕەوەكان بەكاردەهێنن، ئەوان (توركەكان) ناسنامەیەكی نوێیان داوەتە چەكدارە توندڕەوەكان و پێیان دەڵێن سوپای سوریای ئازاد، بۆردوومانكردن وەك فشارێك بۆسەر دانیشتوانی ناوچە كوردییەكان بەكاردەهێنن بۆئەوەی ئاوارەبن، مامەڵەی توركیا بەوشێوەیەیە، بەڵام ئەمجارە ئەمریكا گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵكردوون.
پێشبینیدەكەیت چی ڕووبدات؟
مانسفێڵد: من گەشبینم، تۆ مامەڵە لەگەڵ هێزێك (یەپەگە) دەكەیت كە قوربانیدەدات، كە سوێندیان خواردووە تا لەژیاندا بن جەنگاوەر بن، ئەوان هاوسەرگیریی ناكەن، خەڵكێكی زۆر لەوێ پاڵپشتیانن، شەوی ڕابردوو ڕێپێوانێكم بینی كە لەپاڵ بۆمبارانكردنەكانی توركیا ئەوان بەگۆرانییەوە لەسەر شەقامەكان بوون، ئەوان لەسەر ئاستی مەعنەوی خۆبەدەستەوە نادەن، ئەوان (توركەكان) شوێنێك داگیردەكەن كە خەڵكەكەی هۆشیارن، لەڕابردوودا بەڕاستی شەڕیانكردووە و ئێستاش بەتەواوی ئامادەن، توركەكان زیاتر لەوەی پێشبینیدەكرێت دەبن بە تەڵەكەوە.