ڕاپۆرتی کوردستانی

10:41 - 14/10/2019

شەقامەکانی ڕۆژهەڵات وانەی یەکێتی نەتەوەیی دەڵێنەوە‌

پەیسەر

هێرشه‌كانی توركیا بۆسه‌ر رۆژئاوای كوردستان و كوشتنی هاوڵاتیانی كورد و بێهه‌ڵوێستی وڵاتان له‌ ئاست هێرشه‌كانی بوونه‌ هۆی خۆپیشاندانی به‌فراوان له‌ زۆربه‌ی وڵاته‌كانی دونیا، هه‌ر ئه‌و رووداوانه‌ش جۆشێكی تری نه‌ته‌وه‌یی بوو بۆ كورد له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پاش ریفراندۆمه‌كه‌ی هه‌رێم، جارێكی تر رۆحێكی كوردبوونی ده‌رخسته‌وه‌ له‌ شاره‌كاندا.

شەقامەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ماکۆ و ورمێ‌وە بگرە تاوەکوو بۆکان و سەقز و بانە و سەردەشت و لەوێشەوە بەرەو  سنە و کرماشان و ئیلام،  شایەتحاڵی ئەو ڕۆحە نەتەوەییە بوون کە بە بەدەنگەوەچوون و  ڕاگەیاندەنی هاوسۆزی و هاوخەمیی خەڵکی ڕۆژهەڵات لەگەڵ پارچەکانی دیکەی نیشتمان بەردەوام وانەی یەکێتیی نەتەوەیی و نیشتمانیی دەڵێنەوە. 

ده‌رباری سه‌ركوتكردن و پلانی كۆماری ئیسلامی بۆ لاوازكردن و كپكردنی ده‌نگی هاوڵاتیان كورد له‌ شاره‌كان، به‌ڵام هاواری شه‌قام و شاره‌كانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان هێمایەکی بەرجستەی بەدەنگەوە چوون و پاڵپشتیی پارچەکانی دیکەی کوردستان بووە. هەر کاتێک جەستەی نیشتمان لە شوێنێک ئازاری دیبێ، ڕۆژهەڵاتی بەهاواریەوە چووە و پاڵپشتیی خۆی بۆ ڕاگەیاندووە.

 

مێژووی ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ نیشتیمانییه‌ نه‌ك ته‌نها بۆ رۆژئاوای كوردستان به‌ڵكو له‌چه‌ندین رووداودا رۆژهه‌ڵاتییه‌كان ده‌نگیان خستوه‌ته‌ پاڵ ده‌نگی پارچه‌كانی دیكه‌ و گوێیان به‌ هیچ ده‌رئه‌نجام و رووداوێك نه‌داوه‌.  کاتێک عه‌بدوڵا ئۆجالان ساڵی ١٩٩٩ دەستەبەسەر کرا، خەڵکی ڕۆژهەڵات لە هەموو شار و شارۆچکەکان هاتنە سەرشەقام و ڕق و قینی خۆیان لەوانەی هۆکاری ئەو ڕووداوە بوون، دەربڕی. بۆ یەکەمجار دروشمی "باکوور، باشوور ڕۆژهەڵات، یەک خەبات و یەک وڵات" شەقامەکانی تارانی پایتەختی ئێرانی هەژاند.
ساڵی 2018 ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان کرا، خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕژانە سەر شەقامەکان و شادی و خۆشی خۆیان بە جیهان ڕاگەیاند. ئەو کاتەی شنگال و کۆبانی کەوتنە بەر پەلاماری داعش، کوردانی ڕۆژهەڵات دەستیان بە کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ شنگال و کۆبانی کرد. هەموو ئەمانە دەرخەری ئەو ڕاستییەن تەوژمێکی جیاوازی کوردایەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە سەریهەڵداوە و ڕۆحی نەتەوایەتیی بە مانا ڕاستەقینەکەی لەم پارچەی کوردستاندا ئامادەیە و دەژی.

ڕۆژانی ڕابردوو و دوای هێرشەکانی تورکیا بۆ داگیرکردنی ڕۆژئاوای كوردستان، خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان جارێکیتر بۆ هاوخەمی و پشتیوانیی پارچەیەکی ئازاردیتووی جەستەی نیشتمان بە دروشمی "ڕۆژئاوا ڕۆژهەڵاتە کوردستان یەک وڵاتە" ڕژانە سەر شەقام و مەیدانە سەرەکییەکانی شارەکان. بە هەزاران کەس لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە زیاتر لە ٢٠ شار و شارۆچکە و تەنانەت لە تارانی پایتەختی ئێرانیش، جارێکی دی خیابانیان خرۆشاند و هاوخەمیی خۆیان بۆ ڕۆژئاوای وڵات، گەیاندە ئاسمان. 

چاوخشاندنێک بە سەر سەرجەم ئەو خۆپیشاندان و سەرهەڵدانانەی لەم ساڵانەدا سەبارەت بە پرس و بابەتە نەتەوەییەکان لە ڕۆژهەڵات هاتوونەتە مەیدان بە ڕوونی دەریدەخات کە زۆربەی هەرە زۆریان هیچ ڕێکخەرێکی ڕێکخراوەییان لە پشت نییە و زیاتر هەڵقوڵاوی ویستی جەماوەریی گەلی کوردی ئەم پارچەیە کە بە چەشنێکیش دەربڕی داخوازییە نەتەوەییە سەرکوتکراوەکانی خۆیانە. گەلی کورد لەم بەشەی نیشتماندا ئێستا گەیشتووەتە ڕادەیەک لە هۆشیاریی نەتەوەیی کە دەتوانێ بچووکترین دەرفەتەکان بۆ هەلبڕینی دەنگی داوا ڕەواکانی خۆی بقۆزێتەوە و بەم چەشنەش پەیامی خۆی بە جیهانی دەرەوە ڕابگەیەنێت.

چالاکێکی مەدەنیی بەشداربووی خۆپیشاندانەکانی سنە لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا سەبارەت بەو پرسەی کە کێ لە پشت ڕێکخستنی ئەم  خۆپیشاندانانەوە هەیە، بە پەیسەر پرێسی ڕاگەیاند: لە ڕاستیدا کوردانی ڕۆژهەڵات لە هەستان بە ئەرکە نیشتمانی و نەتەوەییەکانیان چاوەڕوانی هیچ لایەنێک نین بە دەرکردنی بەیاننامە داوا له‌ خه‌ڵك بكات ناڕه‌زایی ده‌رببڕێت و بیانهێنێتە سەر شەقام، بە پێچەوانەوە گەلێک جار خەڵک کەوتوونەتە پێش پارت و  حیزبە کوردییەکان و ئەوانیشیان ناچار کردووە بە چاولێکردن لە بزاوتی خەڵک ڕاگەیاندن و بەیاننامە دەربکەن. 

خوێندکارێکی زانکۆی تاران کە لە کۆبونەوەکەی بەردەم کونسوولخانەی تورکیا لە تاران بەشداری و ئامادەیی هەبوو لەم بارەوە بە پەیسەر پرێسی گوت؛ "ئێمە خوێندکارانی زانکۆ پشتیوانیی لە ڕۆژئاوای کوردستان بە ئەرکی نیشتمانیی خۆمان دەزانین و بۆ  بە ئەنجام گەیاندنی ئەرکەکانمان چاوەڕێی داواکاریی هیچ کەس نابین. 

مامۆستایەکی دواناوەندیی خەڵکی شاری مەهاباد لەم بارەوە پێی ڕاگەیاندین، ئێستا لە سایەی فەزای مەجازی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چی  هەواڵە لە کەمترین مەودای زەمەنیدا دەگاتە چوار گۆشەی جیهان و هەمووان لێی ئاگادار دەبن. وەک دەزانن هەموو ئەو بانگهێشت و بانگەوازانەی بە نیسبەت شوێن و کاتی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانەکانی ئەم چەند ڕۆژە لە ڕۆژهەڵات لە ڕیگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بە بێ دیاربوونی سەرچاوەی ڕاستەقینەیان و تەنها بە هەوڵ و دڵسۆزیی چالاکانی مەدەنییەوە دیاریی کراون و بەشداریی بەرینی خەڵکیش لە هەموو چین و توێژ و ڕەگەز و  تەمەنکاندا دەربڕی سەرکەوتوویی ئەم هەوڵ و  خەبتینە مۆدێڕنەیە."

هەڵوێستی حکوومەتی ئێران بە نیسبەت هێرشی داگیرکەرانەی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، هەڵوێستێکی دوو ڕووییه‌. لە لایەکەوە لاوازبوونی کوردانی ڕۆژئاوا لە بەرژەوەندیی حکوومەتی سووریادا دەبینێ کە خۆی بەردەوام پاڵپشتی بووە و پێی وایە لاوازبوونی کورد لە سووریا لەوانەیە ڕێگە بۆ گەڕانەوەی دەسەڵاتی ئەسەد بە سەر هەموو سووریادا خۆش بکات. لە لایەکی دیکەشەوە نیگەرانە لەوەی کە تورکیا لە داهاتوودا و لە ئەگەری سەرکەوتنی ئەم هێرشە، لە خاکی سووریادا بمێنێتەوە. هەر بۆیە لە میدیاکاندا بە چەشنێک ئیدانەی هێرشکردنەکە دەکات، بەڵام چالاکییەکی ئەوتۆی سیاسی و دیپلۆماسیش لەم وڵاتە نابینرێت کە بیه‌وێت بەرهەڵستی ئەم داگیرکارییە ببێتەوە، تەنانەت وەک وتەبێژی هەسەدە باسی دەکات، هێزەکانی سەر بە ئێرانیش لە لای دێرەزوورەوە هێرشیان کردووەتە سەر شەڕڤانانی هێزەکانی سووریای دیمۆکراتیک.

هەرچەنده حکوومەتی ئێران تا ئێستا به شێوەیەکی توندوتیژ ڕەفتاری لەگەڵ خۆپیشاندەرانی ئەم چەند ڕۆژەی دوایی نەکردووە، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە ئەم حکوومەتە هەمیشه ئاوا لە بەرانبەر ویستە نەتەوەییەکانی گەلی کورد لەم پارچەیەی نیشتمان بێدەنگ بووە و نەرمی نواندووە. بە پێچەوانەوە هەر کات ئەو هێڵانەی لە لای خۆیەوە به هێڵی سووری شۆڕشی زانیوە، بەزێنرابێ بە توندترین شێوەکان بەرەنگاری گەل بووەتەوە و دەستی لێنەپاراستوون. بەڵام کاتێک زانیبێتی دەتوانێ بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی کەڵکی لێوەربگرێ ئەوا بە نەرمی لەگەڵ خەڵک جووڵاوەتەوە هەروەک چۆن جگە لە دەستبەسەرکرنێکی سنووردار لە تاران تا ئێستا ڕەفتارێکی توندی بەرانبەر خۆپیشاندەران نەنواندووە و تەنانەت  دەرەفەتیشی بۆ خۆی لێ قۆستووەتەوە. 

چالاکێکی سیاسی دانیشتووی شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوی ا. عەزیزی، سەبارەت بە ڕەفتاری ئێران لەگەڵ خۆپیشاندەران پێی وایە کە یەک لەو دەرفەتانەی ئێران  لەم خۆپیشاندانانە دەیقۆزێتەوە ئەوەیە کە بە دونیای دەرەوە بڵێ لە ناوخۆی ئێران ئازادیی ڕادەربڕین و ڕێپێوان هەیە، ئەوە نییە کوردەکان بۆ پشتیوانیی هاوخوێنەکانیان دێنە سەر شەقام و ئازادانە دروشم هەڵدەدەن. جگە لەمەش بەم چەشنە رەفتارە، ئامانجێکی دیکەش دەپێکێ ئەویش ئەوەیە کە وزەی شاراوەی خەڵک کە پێدەچێ لە کاتێکی هەستیاردا بتوانێ بەرهەڵستی ڕەفتارەکانی حکوومەت ببێتەوە، بەم چەشنە بەتاڵ دەبێتەوە و ئیدی نابێتە هێزێکی ڕێکخراو لە دژی حکوومەتەکەی خۆی.

عەزیزی بە پەیسەرپرێسی گوت: ئەگەر ئاوڕێک لە ڕابردووی ئەم جۆرە خۆپیشاندانانە بدەینەوە، دەبینین کە ڕەفتاری کۆماری ئیسلامی لە بەرانبەر ئەم بزاوتانەدا هەمیشە ئاوا نەرم و نیان نەبووە. بۆ نموونە ساڵی ٩٩ دوای دەستگیرکردنی ئۆجالان، کۆماری ئیسلامی سەرەتا دژکردەوەی توندی بەرانبەر بە خەڵکی خۆپیشاندەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نەنواند. بەڵام دواتر کە خۆپیشاندانەکان بەرفراوانتر بوو، بە هەموو شێوەیەک دەستی دایە سەرکوتکردنی.

لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆییشدا سەرەتا ڕەفتارێکی توندیان نەنواند، بەڵام دواتر دەستیان بە ڕەشبگیری کرد. هەربۆیە دەتوانین بڵێین سیاسەتی کۆماری ئیسلامی بە نیسبەت ڕووداوە سیاسییەکان و بە تایبەتیش ئەوەی لە کوردستان دەگوزەرێ، هەمیشە جۆرێك رووی تێدایه‌ تێدا بەدی کراوە. بە پێی هەستیاری و ئاستی مەترسیی ڕووداوەکان بۆ سەر خۆی، ڕەفتارەکانیشی گۆڕانی بەسەردا هاتووە. هەرچەندە هێشتا خۆپیشاندانە نارەزاییەکانی خەڵک کۆتایی پێنەهاتووە و دیار نییە لە کۆتاییدا هێزە ئەمنییەکان چ ڕێکارێک بۆ سەرکوت دەگرنە بەر، بەڵام گرنگ ئەوەیە کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ جارێکی دیکەش وانەی یەکێتیی ڕۆحیی نەتەوەی کوردی بۆ هەمووان دووبارە کردەوە.