03:23 - 12/10/2019
مەڵبەندی مێژووی پێكەوە ژیان لەبەردەم هەڕەشەكانی لەناوچوندایە
( سەرێكانــــــی - Sari Kani ) : شارۆچكەی سەرێكانی دەكەوێتە سەر سنووری ھەردوو ووڵاتی( سوریا - توركیا ) و لە باكووری پارێزگای ( حەسەكە ) هەڵكەوتووە لە رۆژئاوای كوردستان، شارێكی بەناوبانگی ناوچەی جەزیرەیەو دەكەوێتە نێوان حۆران و نسێبین و دنیسەر، بۆیە پێی دەگوترێت سەرێ كانی چوونكە خاوەنی سەرچاوەی ئاوی زۆرەو هەموویان دەڕژێنە ناو دەریای خاپورەوە، بەناوبانگترین ئەو سەرچاوانە بریتین لە سەرار، ریاحیە، هاشمیە.
لە سنووری ئەو شارۆچكەیەدا دەیان (سەرچاوەی ئاو - كانی ) ھەڵدەقوڵێن كە دیمەنێكی دڵڕفێنیان بە ناوچەكە داوە و بوونەتە هۆی سەرنج ڕاكێشانی گەشتیاران و لە هەمان كاتیشدا سەرچاوەیەكی باشی ئاوەدانی ناوچەكەن، لەوانەش ( عین الزرقاو ، عین البانوس ، عین الحصان، عین دولاب ) ھەروەھا كانیەكی تری تایبەت لەم شارۆچكەیە ھەیە بەناوی ( عین الكبریت ) كە ڕەنگی ئاوەكەی شینە و پلەی گەرمیەكەی ( 27 پلەی سەدی ) یە و بەكار دەھێنرێت بۆ نەخۆشیەكانی پێست و لەناو كوردەكاندا پێی دەگوترێت –گەڕاو-.
سەرەڕای ئەو سەرچاوەو كانیە زۆرانەی تر كە لە نەوەدەكانی سەدەی ڕابووردوو بەهۆی وشكە ساڵی ناوچەكەوە وشكیان كردووە ، ڕووبەرەكەی ( 23,000 كم ٢ ) یە، شارۆچكەی سەرێكانی خاڵی پەڕینەوەی ڕووباری ( فوڕات ) ە بۆ ناو خاكی سوریا ، واتە ڕووباری فوڕات لەم شارۆچكەیەوە دێتە ناو خاكی سوریا .
سەرێ كانی یەكێكە لە كۆنترین ناوچە شارستانیەتەكان كە لە ناوچەی جەزیرەی فوڕات لە سوریا سەری ھەڵداوە ، مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ھەزاران ساڵ پێش زایین . لەسەردەمی ئارامیەكان ناوی ( كابارا ) بووە ، لەسەردەمی ئاشووریەكان ناوی ( گۆزانا ) و ھەروەھا ( رازینا ) بووە ، لەسەردەمی ڕۆمانەكان ناوی ( تیۆدسلیۆس ) بووە ، دواتر ناوەكەی بووە بە ( رش عیناو ) كە بەزمانی ئاشووریەكان واتە ( رأس العین ) و ئێستاش پێی دەڵێن(سەرێكانی).
دانیشتووانی شارۆچكەی سەرێكانی زیاتر لە ( 80,000 ) كەسە و ئەو نەتەوانەی تێیدا دەژین بریتین لە : كورد ، عەرەب ، یەزیدی ، ئاشووری ، سریانی ، ئەرمەنی ، چیچانی ، توركمان ، ماردلینی ( ئەو خەڵكەی كە لە ماردینەوە كۆچیان كردووە بۆ ئەوێ).
لەسەردەمی عەبباسیەكان گرنگترین ناوچەی بازرگانی بووە و بەھۆی زۆری سەرچاوەی ڕووبار و ئاوەوە شوێنی حەسانەوە و گەشتكردنی خەلیفە متوكل و چەند خەلیفەیەكی تری عەبباسی بووە .
لەسەردەمی جەنگەكانی فتوحات و تێپەڕبوونی بە ھەرێمی كوردستان و بیابانی عەرەبی و شاری حەلەب ، سەركردە ( صلاح الدین اڵایوبی ) بۆ ماوەی ساڵێك لە شارۆچكەی سەرێكانی پشووی داوە .. كۆمەڵێك قەزا و شارەوانی و گوند و ناوچەی شوێنەواری دێرین سەر بە شارۆچكەی سەرێكانین لەوانە : ئەسەدیە ، یەزیدیە علّوك ، مەبروكه ، مسجد ، تەل ژیاب ، ئەبو سون ، تەل حلف ، تەل فەخیریە .
لە ئێستەدا یەكێكە لە گۆڕەپانی ڕووبەڕووبونەوەی هێزە كوردیەكان و هێزی داگیركاریی توركیا.