ڕاپۆرتی کوردستانی

12:05 - 12/10/2019

هه‌ڵوێستى بەرزونزمی حزبه‌كانى باشوور به‌رامبه‌ر دۆخى رۆژئاوا‌

پەیسەر

هێرش و په‌لاماره‌كانى توركیا بۆسه‌ر رۆژئاواى كوردستان پێى ناوه‌ته‌ رۆژى چواره‌مه‌وه‌، شه‌ڕڤانان به‌رگرى مان و نه‌مان ده‌كه‌ن، رۆژئاوا له‌به‌رده‌م مه‌ترسى سڕینه‌وه‌ى یه‌كجاریدایه‌و توركیا تادێت هێزى زیاتر ره‌وانه‌ ده‌كات تا چنگى له‌خاكى رۆژئاواى كوردستان گیربێت، بارودۆخى به‌ره‌كانى جه‌نگ تائێستا به‌دڵى حكومه‌تى توركیا نییه‌. كورد به‌ته‌نیا له‌ گۆڕه‌پانى پڕئاگرى شه‌ڕدا جێماوه‌، هاوسۆزییه‌كى زۆرى كوردان بۆ شه‌ڕڤانان هه‌یه‌، له‌ باشورى كوردستان وه‌ك زۆربه‌ى كات حزبه‌كان وه‌ك یه‌ك نین و هه‌ندێكیان بێده‌نگ و بێ قڕه‌ن.

قسه‌ى پارتى
پارتى دیموكراتى كوردستان، كه‌ به‌ نزیكترین لایه‌نى هه‌رێمى كوردستان له‌ توركیاوه‌ ناوى رۆیشتووه‌، تائێستا هیچ هه‌ڵوێستێكى فه‌رمى حزبه‌كه‌ى به‌یاننه‌كردووه‌، سه‌باره‌ت به‌ بارودۆخى رۆژئاوا. به‌ڵام مه‌سعود بارزانى به‌ دوو تویت له‌ تویته‌ر قسه‌ى له‌سه‌ر دۆخه‌كه‌ كرد و نیگه‌رانى خۆى ده‌ربڕى. گوتى:"ئێمە زۆر نیگەرانین. بەهەموو توانایەک لە هەوڵداین و لەگەڵ زۆر لایەن لە پەیوەندیداین بۆ ئەوەی خوشک و براکانمان لە ڕۆژئاوا تووشی کارەساتی تر نەبن".

بارزانى له‌ تویتى دووه‌میدا، وه‌ڵام گوته‌یه‌كى تره‌مپ-ى دایه‌وه‌، كه‌ گوتبووى كورده‌كان چه‌ك و پاره‌ى زۆریان پێدراوه‌، بارزانى گوتى:"گەلی کوردستان هەمیشە داوای مافە ڕەواکانی خۆی کردووە و بەرگریی لە خۆی کردووە. خوێنی کورد زۆر لە چەک و پارە، بەهادارترە". بارزانى وه‌ك سه‌رۆكى پارتى باسى له‌ ورده‌كارى كێشه‌كان نه‌كردووه‌و هه‌ڵوێستى پارتى له‌ به‌رامبه‌ر هێرشه‌كانى توركیا نه‌خستووه‌ته‌ڕوو، به‌ڵام پشتیوانى كوردانه‌ى بۆ كوردانى رۆژئاوا ده‌ربڕیوه‌.

بارزانى ئه‌مڕۆ جارێكى له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا گوتى، ھۆکارەکانی ئەو شەڕە ھەرچییەک بووبن و ھەر لایەنێک کەمتەرخەم بووبێت یان دەستی لەم دۆخە ترسناکە ھەبووبێت، ئێستا کات، کاتی موزایەداتی بێھوودە و بۆچوونی عاتیفی و ھەڵچوون نییە."کاتی ئەوەیە کە ھەموو لایەکمان ھەرچی ھەوڵ و توانامان ھەیە بەکاری بھێنین بۆ ئەوەی کۆتایی بەو شەڕە بێت و چیتر خەڵکی بێ تاوان باجی ئەو دۆخە مەترسیدارە نەدەن و ڕێگەیش لە گۆڕینی دیموگرافیی ئەو ناوچەیە بگیرێت".

یه‌كێتى و قسه‌ى به‌رپرسه‌كانى
یه‌كێتى دواى چوار رۆژ له‌ هێرشه‌كان تائێستا هه‌ڵوێستى فه‌رمى حزبه‌كه‌ى به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر بارودۆخى رۆژئاوا ده‌رنه‌بڕیوه‌. رۆژى سێشه‌ممه‌ى رابردوو له‌ راگه‌یه‌ندراوى كۆبوونه‌وه‌ى مه‌كته‌بى سیاسى حزبه‌كه‌دا، باس له‌چه‌ند ته‌وه‌رێك كرابوو كه‌ قسه‌یان له‌سه‌ر كردووه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، له‌وانه‌ش خۆپیشاندانه‌كانى عێراق، رێككه‌وتنى هه‌ولێرو به‌غدا، دواى ئه‌وه‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌كردبوو، به‌شێكى كۆبوونه‌وه‌كه‌ تایبه‌ت بووه‌ به‌ بارودۆخى رۆژئاوا. 

یه‌كێتى رایگه‌یاندبوو:"بژارده‌ی عه‌سكه‌ری رێگای دروست نیه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و دۆخه‌كه‌ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ چوارگۆشه‌ی یه‌كه‌م. به‌رده‌وام بوونی ته‌نگژه‌كه‌یش كاره‌ساتی مرۆیی گه‌وره‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه‌و زه‌مینه‌یه‌ش ده‌سازێنێ بۆ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی مه‌ترسیه‌كانی رێكخراوه‌ تیرۆریستیه‌كان له‌سه‌روویانه‌وه‌ داعش. یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ كه‌ناڵه‌ جیاجیاكانه‌وه‌ هه‌موو تواناكانی خۆی ده‌خاته‌گه‌ڕ بۆ رێگه‌گرتن له‌ گرژی زیاترو شه‌ڕ، كه‌ گه‌لی كوردستان له‌ ڕۆژئاوا و گه‌لانی تری باكوری سوریا دووچاری خوێنڕشتن‌ و كاره‌ساتی مرۆیی زیاتر ده‌كاته‌وه‌".ئه‌و راگه‌یه‌ندراوه‌ گشتگیره‌ رۆژێك پێش ده‌ستپێكردنى هێرشه‌كانى توركیا بوو.

به‌رپرسه‌كانى یه‌كێتى به‌جیاجیا قسه‌یان له‌سه‌ر دۆخى رۆژئاوا كرد، وه‌ك كۆسره‌ت ره‌سوڵ، ده‌ربازى كوڕى، قوباد تاڵه‌بانى، لاهور شێخ جه‌نگى، حاكم قادر، به‌ڵام هه‌ڵوێستى حزبه‌كه‌یان به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر دۆخى رۆژئاوا رانه‌گه‌یاندووه‌.

گۆڕان داواى هه‌ڵوێست ده‌كات
بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان بۆ بارودۆخى رۆژئاوا په‌یامى توندترى له‌ لایه‌نه‌كانى دیكه‌ بڵاوكرده‌وه‌ هاوکات داوای هەڵویستی لە حزبەکان و چالاکی و جوڵەی مەدەنی کرد لەپێناو دروستکردنی فشار، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا گوتى:"هێرشه‌كان بە توندی ئیدانە دەکەین، ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان، سەرباری ناڕەزایەتیی توندمان بۆ ئەو هێرشە دوژمنکارییە و پشتگیریی تەواومان بۆ خەبات و مافی رەوای گەلەکەمان و دانیشتوانی رۆژئاوا، لەهەمان کاتدا داوا لەسەرجەم هێزە سیاسییەکانی کوردستان و حکومەتی هەرێم و عێراق و جەماوەر دەکەین، کە لەم ساتەوەختە هەستیارەدا پشت و پەنای رۆژئاوا بن و بەهەمو شێوازێکی خەباتی دیبلۆماسی و سیاسی و مەدەنی و جەماوەری ئەو پشتگیرییەی خۆیان پێشان بدەن و هەرێمیش هەمو جۆرە کۆمەکێک بۆ هاوڵاتیانمان لە رۆژئاوا فەراهەم بکات. هاوکات داوای دەستپێکردنی کەمپینی جەماوەری بەرفراوان ئەکەین هەم بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژ بەو داگیرکاریەو هەمیش بۆ پشتگیری مادی و مەعنەوی گەلەکەمان لە رۆژئاوا. داواش لە رەوەندی کوردی ئەکەین بە هەمو شێوازێکی مەدەنی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕن و یارمەتیی خێرا بۆ رۆژئاوا کۆ بکەنەوە".

نه‌وه‌ى نوێ داواى كۆبوونه‌وه‌ى لایه‌نه‌كان ده‌كات
نه‌وه‌ى نوێ سه‌باره‌ت به‌ رووداوه‌كانى رۆژئاوا داواى كۆبوونه‌وه‌یه‌كى به‌په‌له‌ى لایه‌نه‌كانى كرد له‌ باشورى كوردستان، رایگه‌یاند:"روومان لە حکومەت و پارلەمانی کوردستانە، بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەم پێشهاتە نوێیەدا بکات و هەڵوێستی روون و ئاشکرایان هەبێت بەرامبەر ئەو هێرشە ناڕەوایانە و دەستبەجێ هاوکارییکردن و پشتییوانیی و هەنگاوی کردەیی پێشکەش بکەن، لە دابینکردنی ئازوقەوە تا کردنەوەی سنوورەکان بەڕووی خەڵکی رۆژئاوادا".

راشیگه‌یاند:"بەپێویستی دەزانین هێز و لایەنە سیاسییەکان دور لە بەرژەوەندیی و کێشە و ململانێی بچووکی حزبایەتیی، کۆبوونەوەیەکی بەپەلە ئەنجامبدەن بۆ وەرگرتنی هەڵوێستێکی نیشتیمانیانەی بوێرانە و راشکاو لەسەر ئەم لەشکرێکیشیانە کە چوونەتە قۆناغێکی ئێجگار ترسناکەوە".
 
كۆمه‌ڵ ئیدانەى توركیاو لۆمه‌ى په‌یه‌ده‌
كۆمه‌ڵى ئیسلامى به‌ راگه‌یه‌ندراوێكى سێ خاڵى، ئیدانه‌ى شه‌ڕى كرد و ره‌خنه‌شى له‌ ئیداره‌ى كورد گرت له‌رۆژئاواى كوردستان داواى راگرتنى شه‌ڕه‌كه‌ى كرد، كۆمه‌ڵ َگوتى:"هەموو سنوربەزاندنێکی وڵاتێک بۆ نێو وڵآتێکی دیکە ئیدانە دەکەین و بە پێچەوانەی یاسا و عورفە نێودەوڵەتییەکانی دەزانین، گەرچی لەم ساڵانەی دواییدا سوریا بووەتە گۆڕەپانی ململانێی هێز و وڵاتە هەرێمی و نێدەوڵەتییەکان".

هه‌روه‌ها داوایكردبوو گه‌لى كورد زیاتر پشت به‌ خودا ببه‌ستێت نه‌ك وڵاتانى زلهێز"گەلی کورد مافی خۆیەتی لە ناوچە و خاکی خۆیدا سەربەست و ئازاد بێت و خاوەنی ئیدارە و ئیرادەی خۆی بێت، بەڵام دەبێت پەندیش لە ڕابردوو وەربگرێت و زیاتر پشت بە خودا ببەستێت و لەسەر پێی خۆی بوەستێت و پلان و ئەجێندای ‌وڵاتانی زلهێز جێبەجێ نەکات و دواتریش پشتی لێ بکرێت، دەبێت بڕیار بەدەستانی ڕۆژئاوای کوردستانیش وریابن و بیانوو بەدەست هیچ هێز و وڵاتێکەوە نەدەن تا هێرشیان بکرێتە سەر و وەک مەترسی سەیربکرێن".

یه‌كگرتوو قسه‌ى فه‌رمى نییه‌
یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان، كه‌زۆرجار ره‌خنه‌ى نزیكى و هاوسۆزى له‌ ئه‌ردۆغان و ئاكپارتى لێده‌گیرێت، بۆ ئه‌و هێرشه‌ به‌ناوى حزبه‌كه‌وه‌ راگه‌یه‌ندراو و هه‌ڵوێستى فه‌رمى رانه‌گه‌یاندووه‌، به‌ڵام خه‌لیل ئیبراهیم سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى سیاسی و جەماوەری یه‌كگرتوو لێدوانێكى بۆ میدیاى حزبه‌كه‌یدا. گوتی:"كوردانی رۆژئاوا گەلی خۆمانن میللەتی خۆمانن، ئێمە لەگەڵیان هاوسۆزین، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، لەشكركێشی كارەساتی مرۆیی لێدەكەوێتەوە و سەركۆنەی شەڕ  پێكدادان دەكەین، ئێمە بە داخێكی گرانەوە سەیری ئەم بابەتە دەكەین، چونكە پێویستە بەردەوام بە زمانی گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن و ، لەگەڵ یەكتر دانیشتن كێشەكانمان چارە بكەین، ئێمە ئەم هێرش و لەشكركێشییەش بە شتێكی خراپی دەزانین ، بە هیچ جۆرێك لە بەرژەوەندی هیچ لایەك نیە".

حكومه‌ت
ناوه‌رۆكى راگه‌یه‌ندراوى فه‌رمى حكومه‌تى هه‌رێم، نیگه‌رانیى بوو له‌ هه‌مبه‌ر دۆخه‌كه‌، حكومه‌ت هاوشێوه‌ى زۆربه‌ى حزبه‌كان خۆى له‌ ئیدانه‌كردنى هێرشه‌كانى به‌دوور گرتبوو، داواشى له‌ توركیا كردبوو هه‌نگاوێك نه‌نێن کاریگەری نەرێنی لەو پێشکەوتنە بکات کە لە شەڕی دژی داعش بە دیهاتووە. داواى چاره‌سه‌رى ئاشتیانه‌شى كردبوو بۆ كێشه‌كه‌.

سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم ئاماده‌ى نێوه‌ندگیرییه‌
هه‌ڵوێستى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم نه‌رمتر دیاربوو له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم، ئه‌گه‌رچى ناوه‌رۆكه‌كه‌ى به‌هه‌مان شێوه‌ نیگه‌رانیى بوو له‌ شه‌ڕه‌كه‌، سه‌رۆكى هه‌رێم رایگه‌یاندبوو، به‌دڵگرانى زۆره‌وه‌ له‌ دۆخه‌كه‌ ده‌ڕوانن،"لەپێناو ڕاگرتنی شەڕ و دروستكردنی ئارامیدا، لە هەوڵى بەردەوامداین و بۆ هەموو نێوانگیری و هاوكارییەك ئامادەین".

هه‌روه‌ها داواى له‌ ئه‌نجومه‌نى ئاسایش و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى كردبوو، چارەسەرێکى دادپەروەرانە" بۆ ئایندەى سووریا بدۆزێتەوە بە جۆرێک مافى هەموو پێکهاتەکانى تیادا پارێزراو بێت.

په‌رله‌مانى كوردستانیش نیگه‌رانه‌
په‌رله‌مانى كوردستانیش رایگه‌یاند،بە"نیگەرانییەکی قووڵەوە" لە لەشکرکێشیی سوپای تورکیا بۆ چەند ناوچەیەکی جیاجیای رۆژئاوای کوردستان دەڕوانێت،"داوا دەکەین هەرچی زووە ئەم ئۆپەراسیۆنانە بوەستێندرێن و لە رێگه‌ی دیالۆگ و چارەسەری ئاشتییانەوە کێشەکان چارەسەر بکرێن".په‌رله‌مان سه‌باره‌ت به‌ قوربانیانى مه‌ده‌نى رووى له‌هه‌ردوولاى شه‌ڕ بوو نه‌ك ته‌نها توركیا. راگه‌یاندبوو:"بە توندی ئیدانەی هەرجۆرە پەلامارێک دەکەین، کە هاووڵاتییانی سیڤیل بە ئامانج بگرێت لەهەر لایەکەوە بێت".