06:54 - 10/10/2019
سەعیدی کوردی بە چ شێوەیەک ئامۆژگاری کوردی کردووە؟
سەعیدی نورسی (سەعیدی کوردی) کە وەک بەدیعوززەمان (ناوازەی سەردەم)
دەناسرێت، جگە لەوەی زانایەکی ئایینی ناودار بووە، هەروەها لە ڕووی نەتەوەییشەوە
هەوڵی یەکڕێزی ناوماڵی کورد و سەرکەوتنی گەلی کوردیداوە.
سەعیدی کوردی لە ژمارەیەک نووسینەکانیدا باس لە نەتەوەکەی (کورد) دەکات و
داوایان لیدەکات، بەرامبەر دوژمنەکانیان یەکگرتوو بن.
یەکێک لەو بەڵگانەش، گوتارێکی بەدیعوززەمانە کە لە ژمارە یەکی ڕۆژنامەی
ئیتحاد و تەرەقیدا لە ساڵی ١٩٠٨ لە ئەستەنبوڵ بڵاوکراوەتەوە.
نورسی لە گوتارەکەیدا باس لە چۆنیەتی گەیشتنی کورد بە مافە ڕەواکانی دەکات
و دەڵێت:
لە یەکگرتندا هێز، لە ڕێککەوتندا ژیان، لە برایەتیدا خۆشگوزەرانی و
لە حکومەتدا خۆپاراستن هەیە.
یەکێتیەکەتان بەهێز بکەن و یەکتریتان خۆشبوێت. ئەم دوو شتە دەتوانن ئێوە
بەڵا و ناخۆشیەکان بپارێزن.
باش گوێم لێبگرن، شتێکتان پێ دەڵێم:
بزانن، پێویستە ئێمەی کورد سێ کرۆکی خۆمان بپارێزین.
یەکەم، ئایینەکەمانە کە بە خوێنی هەزاران شەهید پارێزراوە.
دووەم، مرۆڤایەتیە، پێویستە ئێمە مرۆڤایەتی و جوامیری خۆمان پیشانی هەموو
جیهان بدەین و خزمەت بکەین.
سێەمیش لە هەموویان گرنگترە کە نەتەوەکەمانە. پێویستە خۆمان بەرەو
پێشەوەببەین و نەتەوەکەمان بپارێزین و رۆحی باوانمان شاد بکەین.
هەروەها سێ دوژمنمان هەیە کە پەرێشانی کردووین:
یەکەم، هەژاریە، ٤٠ هەزار حوماڵی ئەستونبوڵ کە کوردن، نیشانەی ئەوەیە.
دووەم، نەزانیە، لە هەزاران کەس یەک کەسمان خوێندەواریمان نییە کە
ڕۆژنامەیەک بخوێنینەوە و ئەمەش دوامان دەخات.
سێیەمینیش کە لە هەموویان گرنگترە، یەکێتی نێوانمانە. یەکنەگرتن هێزەکەمان
کەمدەکاتەوە و زوڵم و فشارەکانی دەوڵەتیش لەسەرمان زیاتر دەبێت.
ئەگەر ئێوە گوێ لە پێشنیازەکانم دەگرن، چارەسەری بۆ دۆخی ئێمە ئەمە:
سێ شمشێری ئەڵماس بە دەستمانەوە دەگرین و دوژمنەکانمان تێکدەشکێنین.
یەکەم، دادپەروەری و ڕۆشنبیری و خوێندەوار بین
دووەم: یەکێتی و یەکگرتن و خۆشەویستی لەنێوانماندا بەهێز بکەین
سێیەمیش. بڕوامان بە خۆمان هەبێت، پشتمان بە هیزی دەرەکی نەبەستین
بەم شیوەیە هەر کەسێک کاری خۆی بکات. چاوەڕێی هێزی هیچ کەسێک نەکەین.
وەسییەتی کۆتاییم ئەمەیە:
خوێندن، خوێندن، خوێن
یەکگرتن، یەکگرتن، یەکگرتن
ژیانی بەدیعوززەمان (ناوازەی سەردەم)
لەساڵی ١٨٧٦ لەگوندی '' نورس'ی ناوچەی بەتلیسی باکووری
کوردستان لەدایکبووە. لەسەرەتادا لەژێر دەستی مەلا عەبدوای براگەورەیدا '' سەرف و
نەحو'' ی خوێندووە. زیرەکییەکی تایبەتی هەبووەو و لە ماوەی هەفتەیەکدا، کتێبی ''
جمع الجەوامیع''ی ئوسووڵی فیقهی لەبەر کردووە.
لەبەر ئەوەی لە زاناکانی ناوچەکەی زیرەکتر بووە،
ناوبانگێکی زۆری دەرکردووە. و ناویان ناوە سەعید ئەلمەشهور.
ساڵی ١٨٩٢ دەچێتە شاری مێردین و لە مزگەوتی شارەکەدا وانەی
ئایینی دەڵیتەوە. بەڵام هەندێک لە ناحەزانی لەلای والی ناوچەکە گلەیی لێدەکەن والیش
بڕیاری دەرکردنی دەدات.
لەماردینەوە دەیبەنە بتلیس، کاتێک والی بتلیس راستی و
شارەزایی ئەم لاوەی لا ئاشکرا دەبێت، جەختی لێدەکات لەلای بژی. ئەویش ئەو هەلە دەقۆزێتەوەو
دەست دەداتە خوێندنەوە لەسەر بابەتی ئاینی و زانستی.
لەساڵی 1894 دا دەچێتەشاری'' وان'' لەوێ دەست بە خوێندنی
بیرکاری و کیمیا و فیزیا و جیۆلۆجیا و فەلەکناسی و فەلسەفە و مێژوو دەکات. بە
شێوەیەک زانا دەبێت کە نازناوی ناوازەی سەردەم'' بدیع الزمان''ی لێدەنێن.
ساڵی 1911 دەچێتە وڵاتی سویا و لە دیمەشق (شام) لەمزگەوتی
'' ئەمەوی'' وتارێکی کاریگەر پێشکەش دەکات.
نورسی دژی ئەوەبووە دەوڵەتی عوسمانی بچێتە شەڕەوە، بەڵام
کاتێک رووسەکان هێرشیان کردووە، نورسی لەشاری بەتلیس لەگەڵ قوتابییەکانیدا بەرگری
کردووە و لەشەڕەکەدا بەسەختی بریندار بووە و بەدیلی لەگەڵ ٩٠ ئەفسەردا، رەوانەی سیبریای
دەکەن.
دواتر نورسی لە سیبریا هەڵدێت و لەرێگەی وارشۆ و ئەڵمانیا
و نەمسا دەگەڕێتەوە ئەستەنبوڵ.
ساڵی 1923 نورسی دەچێتەوە بۆ شاری وان و تووشی چەندین
مەینەتی دەبێتەوە.
نورسی لە ٢٣ی ئازاری ساڵی ١٩٦٠ لە پاریزگای روحای
باکووری کوردستان کۆچی دوایی کردووە و دوای
مردنیشی دەوڵەتی تورکیا نەیهێشتووە لە
کەشێکی ئارامدا تەرمەکەی بنێژرێ و دوای ئەوەی لە روحا باری نائاسایی ڕاگەیەندرێ، بەفڕۆکە
تەرمەکەی بۆ شوێنێکی نادیار دەبەن.