ڕاپۆرتی کوردستانی

10:42 - 16/12/2018

ترسی یەكێتی لە جموجۆڵەكانی مەسعود بارزانی‌

پەیسەر

زۆركەس پێیوابوو، كە ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی‌و كاردانەوەكانی، كۆتا وێستگەی مەسعود بارزانی سەرۆكی پێشووی هەرێمی كوردستان دەبێت‌و دوای ئەوەی "ژیانی سیاسی كۆتایی دێت".

هەرچەند كاردانەوەكانی ناوخۆیی‌و دەرەكی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان، كە لە 25ی ئەیلوولی 2017 بەرێوەچوو، مەسعود بارزانی لەسەرۆكی هەرێمی كوردستان دوورخستەوەو ماوەیەك لەگۆڕەپانی سیاسی تاڕادەیەك دوور كەتەوە، بەڵام جوڵەكانی ئەم دواییەی ئاماژەن بۆ هەوڵدانی بۆ گەڕانەوە بۆ گۆڕەپانەكە.

كرانەوەی دەرگا بە ڕووی دیوە سیاسییە چەقبەستووەكەی بارزانی هەڵبژاردنەكانی 12ی ئایاربوو، پارتی بە بردنەوەی 25 كورسی و بوونی بە یەكەمین حیزب لەسەر ئاستی عێراق، حیزبە سیاسییە عێراقییەكانی ناچاركرد بۆ نزیكبوونەوەیان لە پارتی تا بتوانن گەورەترین كوتلە بۆ پێكهێنانی حكومەت دروست بكەن، سەردانی بارزانی بكەن و ئیتر لێرەوە گەڕانەوەی بارزانی بۆ گۆڕەپانەكە دەركەتەوە.

دوای ئەو سەردانانەش مەسعود بارزانی مانگی 10ی رابردوو سەرۆكایەتی شاندێكی پارتی دیموكراتی كرد بۆ بەغدا، كە ئەوەش یەكەم سەردانی بوو لەدوای ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی، كە لەو سەردانەی لەگەڵ بەپرسانی عێراقی چەند كۆبوونەوەیەكی كرد.

هەروەها مەسعود بارزانی بەم دوایانەش لەچەند وێستگەیەكی تری سیاسی دەركەوتووە، بەتایبەتی دوای ئەوەی رۆژی رۆژی سێ شەممەی رابردوو 11/12/2018 لەشاری هەولێر لەگەڵ رێك پێری وەزیری وزەی ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كۆبووە، رۆژێك دواتریش لەزاخۆ بارزانی بەشداری رێوڕەسمی كۆتایی هاتنی خولێكی ئەكادیمیای ئەفسەرانی هەرێمی كوردستانی كرد.

هاوكات بارزانی رۆژی شەممەش 15/12/2018 لەسەڵاحەدین لەگەڵ محەمەد حەلبووسی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆبووەوە، كە ئەم دەركەوتنانەی دوایی لەدوای دەستبەرداربوونی لەپۆستی سەرۆكی هەرێم لە 30/11/2017 هاوشێوەی نەبووە.

ئەم جموجوڵەی بارزانی لەكاتێكدایە، ناوبراو تەنیا سەرۆكی پارتی-یەو هیچ پۆستێكی فەرمی لەهەرێمی كوردستان نییەو بەپێی زانیارییەكانی پەیسەر پرێس، یەكێتی نیشتمانی ترسی لەم دەركەوتننانەی دوایی مەسعود بارزانی هەیە.

هەر بەپێی زانیارییەكان یەكێتی نیشتمانی، لەوە دەترسێت، مەسعود بارزانی بەم دەركەوتننانەی زیان بەپێگەی لەهەرێمی كوردستان بگەیەنێت، بۆ ئەوەش لەكۆبوونەوەی رۆژی شەممەی سەركردایەتی یەكێتی باسی ئەو پرسە كراوە.

لەو بارەوە ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی، كە داوای كرد ناوی بڵاونەكرێتەوە بەپەیسەر پرێسی وت: "لەكۆبوونەوەكەی سەركردایەتی یەكێتی باسی ئەوە كراوە، كە بارزانی هیچ پۆستێكی فەرمی نییە، بەڵام زۆربەی شاندو بەرپرسانی ناوخۆیی عێراق‌و جیهانیش لەگەڵ مامەڵە دەكەن".

ئەندامەكەی سەركردایەتی یەكێتی گوتیشی: "لەكۆبوونەوەكە ئەوەش باسكراوە، ئەوە مانەوەی هەژموونی مەسعود بارزانییە لەسەرۆكایەتی هەرێم‌و زیانی بۆ پێگەی یەكێتی لەناوخۆی هەرێم‌و دەرەوەش دەبێت".

مەسعود بارزانی لەسەردانەكەی مانگی 10ی رابردووی بۆ بەغدا هەموو هەوڵێكیدابوو، كە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران پۆستی وەزارەتی نەدات بەیەكێتی، كە ئەو حیزبە چاوەڕێی پۆستی وەزارەتی داد لەكابینەی حكومەت دەكات، بەڵام هەوڵەكانی بارزانی كاریگەری هەبوو، تائێستاش ئەو پۆستە بۆ یەكێتی لەبەغدا یەكلانەبووەتەوە.

ئەندامەكەی سەركردایەتی یەكێتی ئەوەشی وت: كە لەكۆبوونەوەكەی سەركردایەتی باسی ئەو پرسەش كراوەو جەختكراوەتەوە، كە دەبێت هەموو هەوڵێك بخەنەگەڕ بۆ ئەوەی رێگری لەهەوڵەكانی بارزانی بكەن‌و بەزوویی پۆستە وەزارییەكە، كە بەمافی بەركەوتەی هەڵبژاردنی خۆیان دەزانن، لەبەغدا یەكلابكەنەوە.

لەبەرانبەر ترسی سەركردایەتی یەكێتی، فرسەت سۆفی‌ ئەندامی شاندی پارتی دیموكرات بۆ پێكهێنانی حكومەت، پێیوایە ترسی یەكێتی لەجێی خۆی نییەو  پێویست ناكات، فرسەت بۆ پەیسەر پرێس گوتی: "مەسعود بارزانی بەهۆی‌ كەسایەتییە كارێزمایی خۆیەوە، رۆڵی لەگۆڕەپانی سیاسی هەرێم هەبێت، كە كەس ناتوانێت وەك ئەو رۆڵ لەهەرێمی‌ كوردستان بگێڕێت".

فرسەت سۆفی گوتیشی: "مەسعود بارزانی پێویستی بەپۆست نییە، ئەوە پۆستەكانن پێویستیان بەوەو ئەو رۆڵەشی لەرابردوو هەیبووە لەسەرۆكایەتی هەرێم ئێستا بەزیادەوە دەیگرێت، وەك ئەوەی لەماوەی رابردوو بینیمان".