ڕاپۆرتی کوردستانی

07:59 - 01/10/2019

"مامى بچوك"پشت له‌ حكومه‌ت و به‌رنامه‌ى هه‌ڵبژاردنى ده‌كات؟‌

پەیسەر

به‌ دڵگه‌رمى و جۆشوخرۆشه‌وه‌ كه‌مپینى هه‌ڵبژاردنه‌كانى حزبه‌كه‌ى به‌ڕێوه‌برد، له‌ماوه‌ى بانگه‌شه‌دا نه‌وه‌ستاو به‌ دروشمى كارو خزمه‌ت، به‌ڵێنى دامه‌زراندنى هه‌زاران كارگه‌و هه‌لى كارى دا، ئه‌و ئێواره‌ى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردن روونده‌بوونه‌وه‌ هه‌رزوو رازیبوونى حزبه‌كه‌ى به‌ ئه‌نجامه‌كان راگه‌یاند، به‌درێژایى نۆمانگى دانوستانه‌كان په‌له‌ى زوو پێكهێنانى حكومه‌ت و رێككه‌وتنى بوو له‌گه‌ڵ پارتى. به‌ڵام ئێستا قوباد تاڵه‌بانى به‌دواى كه‌سێكدا ده‌گه‌ڕێت پۆسته‌كه‌ى له‌ده‌ست وه‌ربگرێت و له‌ كابینه‌كه‌ى مه‌سرور بارزانى دابه‌زێت.   

مانۆڕێكى نوێ

كوڕانى تاڵه‌بانى واى پیشان ئه‌ده‌ن به‌نیازى مانۆرێكى نوێ بن، له‌كاردانه‌وه‌ى ئەوەی كه‌ هه‌نگاوه‌كان له‌جێبه‌جێكردنى رێككه‌وتنه‌كانى حزبه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ پارتى دڵخوازى ئه‌وان نییه‌، قوباد تاڵه‌بانى دواى تێپه‌ڕینى ساڵێك به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان-دا، په‌یامێكى بڵاوكرده‌وه‌، ئه‌وه‌ى دا به‌گوێى ركابه‌ره‌كانیدا كه‌ ئه‌و ١٨٢ هه‌زار ده‌نگى هێناوه‌ یه‌كه‌مى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ بووه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ى بییه‌وێت بڵێت ره‌وا نییه‌ یه‌كه‌مى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ به‌م ده‌رده‌ى ئێستا ببرێت و په‌ڕوباڵى بكرێت و له‌ده‌سه‌ڵات دابماڵرێت. گوتیشى:"دڵنیابن لەهەركوێیەك بم چ لەناو حكومەت یان لەدەرەوەی، خۆم بەقەرزاری ئێوەی دڵسۆز دەزانم و خزمەتكردنی ئێوە بەئەركی سەرشانی خۆم دەزانم".

بافڵ تاڵه‌بانیش له‌ په‌یجى تایبه‌تى خۆى له‌ فه‌یسبووك ئه‌م په‌یامه‌ى بۆ بڵاوكرده‌وه‌. چه‌ند رۆژێك پێش ئێستا له‌كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ چه‌ند رۆژنامه‌نوسێك بافڵ تاڵه‌بانى گوتبووى، بابه‌تى واده‌بیستن كه‌ جێگه‌ى سه‌رسوڕمان ده‌بێت. پێده‌چێت ئه‌و جموجوڵانه‌ ئامانج لێیى ناردنى كۆمه‌ڵێك په‌یام بێت، كه‌ ده‌سته‌وه‌ستان نابن و مانۆرێكیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر پارتى لێیان نه‌چێته‌ پێش.

یه‌كێتى چى ده‌كات؟

یه‌كێتى به‌ده‌ستى به‌تاڵ و شانى ئارداوییه‌وه‌ له‌ رێككه‌وتنه‌كان له‌گه‌ڵ پارتى هاتووه‌ته‌ده‌ر. پارێزگارى كه‌ركوك رێككه‌وتنى له‌سه‌ركراو دانه‌نرا، قوباد تاڵه‌بانى ده‌سه‌ڵاتى پێنه‌دراوه‌، پۆسته‌كانى خوارووى وه‌زیر دابه‌شنه‌كراون، وه‌زیره‌كان ده‌ستوباڵیان به‌ستراوه‌. نیگه‌رانییه‌كان به‌پارتى گه‌یه‌ندراون و وه‌ڵامى ئه‌رێنى ده‌ستنه‌كه‌وتووه‌. له‌و سه‌رووبه‌نده‌دا قوباد تاڵه‌بانى له‌هه‌مووان خه‌ساره‌تبارتره‌. هه‌م وه‌ك نوێنه‌رى ماڵى تاڵه‌بانى و هه‌م وه‌ك سه‌رۆكى تیمى یه‌كێتى له‌ حكومه‌ت كه‌وتووه‌ته‌ ته‌نگه‌به‌ره‌وه‌، ده‌سه‌ڵاتى ئه‌وتۆى پێنه‌دراوه‌و سه‌رۆكى حكومه‌ت تادێت ژماره‌ى یاریده‌ده‌ره‌كانى خۆى زیاتر ده‌كات.

 یه‌كێتى پێشتر چه‌ند مانۆرێكى بێئه‌نجامى تاقیكرده‌وه‌

یه‌كێتى به‌رامبه‌ر ئه‌ودۆخه‌ یه‌ك ده‌نگ نییه‌ و به‌سه‌ر چه‌ند لق و پۆپێكدا دابه‌شبوون، ئه‌م ده‌رده‌ى ئێستا ئازارى بۆ هه‌موو باڵه‌كان وه‌ك یه‌ك نییه‌، ململانێكانى كۆنگره‌ توندن و ره‌حم به‌ كه‌س ناكه‌ن. یه‌كێتى هه‌ندێك جووڵه‌ى ده‌ستپێكردووه‌، به‌ڵام پێشتر چه‌ند مانۆرێكى بێئه‌نجامى تاقیكرده‌وه‌و كه‌وته‌ ته‌نگه‌به‌ره‌وه‌ به‌جۆرێك ره‌نگه‌ كاریگەرى بۆ ئه‌م یارییه‌ش هه‌بێت.

یه‌كێتى هه‌ركات له‌ پارتى بێ ئه‌مه‌ل ده‌بێت، ده‌ستده‌كات به‌ سه‌ردانى لایه‌نه‌كان

پێش ئه‌م دۆخه‌، یه‌كێتى له‌ زۆرانبازى پێكهێنانى حكومه‌تدا كه‌ سه‌ختتربوو له‌ كێشه‌ى ده‌سه‌ڵاتى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت، گلا. رێككه‌وتنى سیاسى كراو دۆخه‌كه‌ به‌و ئاڕاسته‌ نه‌رۆیشت كه‌ یه‌كێتى ده‌یخواست، له‌و یارییه‌دا یه‌كێتى كارته‌كانى فشارى هه‌ر له‌باسكردنى بۆ دوو ئیداره‌یى و هه‌رێمى سلێمانى تاقیكرده‌وه‌. دواى رێككه‌وتنیش یه‌كێتى له‌ گره‌وى دانانى پارێزگارى كه‌ركوك سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو، پێش ماوه‌یه‌ك یه‌كێتى له‌مانۆڕێكى دیكه‌ش له‌به‌غداوه‌ به‌ده‌ستى به‌تاڵه‌وه‌ گه‌ڕایه‌وه‌، كاتێك بافڵ تاڵه‌بانى داواى له‌ عادل عه‌بدولمه‌هدى كردبوو له‌گه‌ڵ ئیداره‌ى سلێمانى مامه‌ڵه‌ بكه‌ن ئه‌گه‌ر به‌غداو هه‌رێم رێكنه‌كه‌وتن. دواى رێگریش له‌ مه‌حمود سه‌نگاوى یه‌كێتى ویستى هه‌نگاوێكى هاوبه‌ش بنێت و كاردانه‌وه‌ى هه‌بێت، داواى روونكردنه‌وه‌یان له‌ بارزانى كردو وه‌ڵامه‌كه‌ به‌دڵى ئه‌وان نه‌درایه‌وه‌، یه‌كێتى به‌ردێكى له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ش دانا.

یه‌كێتى هه‌ركات له‌ پارتى بێ ئه‌مه‌ل ده‌بێت، ده‌ستده‌كات به‌مانۆڕى سه‌ردانى لایه‌نه‌كان و كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵیاندا، ده‌رده‌دڵى خۆى لاى لایه‌نه‌كان ده‌كات. له‌رۆژانى رابردوو یه‌كێتى دواى ئه‌وه‌ى سه‌باره‌ت به‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانى قوباد تاڵه‌بانى وه‌ڵامى وه‌رنه‌گرت، دیسانه‌وه‌ سه‌ردانى كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتووى كرده‌وه‌، گوته‌بێژه‌كه‌یان گوتى، به‌نیازى سه‌ردانى گۆڕان-یشن. به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر بافڵ تاڵه‌بانى ده‌ستپێشخه‌رى كۆبوونه‌وه‌و قسه‌كردنى له‌سه‌ر زیندووكردنه‌وه‌ى رێككه‌وتننامه‌ى ده‌باشان خستووه‌ته‌ به‌رده‌م گۆڕان.

به‌رامبه‌ر ئه‌و دۆخه‌ى بۆ یه‌كێتى هاتووه‌ته‌ پێش بژارده‌ى زۆر له‌به‌رده‌م نین

له‌سه‌رووبه‌ندى پیكهێنانى حكومه‌ت، ئه‌وكاته‌ى دانوستانى یه‌كێتى و پارتى به‌ بنبه‌ست گه‌یشت، یه‌كێتى ئێواره‌یه‌ك سه‌ردانى كۆمه‌ڵ-ى ئیسلامى كردبوو بژارده‌ى دووئیداره‌یى دابوو به‌گوێی كۆمه‌ڵ-دا بۆئه‌وه‌ى كۆمه‌ڵ پشتیوانى ئه‌و هه‌نگاوه‌ بێت، به‌ڵام بۆ سبه‌ینێ رۆژێك دواتر له‌گه‌ڵ پارتى رێككه‌وت و پشتى له‌هه‌موو بژارده‌كان كرد كه‌ وه‌ك كارتى فشار خستبوونیه‌ سه‌ر مێزى لایه‌نه‌كان. ئێستا زۆرتر پارتى نێوانى له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان ئاساییه‌ وه‌ك یه‌كێتى،  كۆمه‌ڵ زۆرنابێت نێوانى له‌گه‌ڵ پارتى ئاساییكردووه‌ته‌وه‌، یه‌كگرتووش هه‌میشه‌ مسافه‌یه‌ك له‌ پارتى نزیكتربووه‌، گۆڕانیش رێككه‌وتنى سیاسى له‌گه‌ڵ پارتى هه‌یه‌، بۆیه‌ پێناچێت یه‌كێتى له‌رێگه‌ى سه‌ردانى لایه‌نه‌كانه‌وه‌ شتێكى ئه‌وتۆ به‌ده‌ستبهێنێت.

شاندى یه‌كێتى له‌سه‌ردانیان بۆلاى یه‌كگرتوو به‌و حزبه‌یان گوتووه‌، هه‌رچى رووبدات ئه‌وان لێى به‌رپرس نین، چونكه‌ پارتى رێككه‌وتنه‌كان جێبه‌جێناكات. به‌ڵام به‌رامبه‌ر ئه‌و دۆخه‌ى بۆ یه‌كێتى هاتووه‌ته‌ پێش بژارده‌ى زۆر له‌به‌رده‌م نین، كشانه‌وه‌ى یه‌كێتى له‌ حكومه‌ت له‌ناوخۆى یه‌كێتیش پشتیوانى هه‌مووانى نییه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ش كه‌س ئامینى بۆ ناكات. گۆڕینى قوباد تاڵه‌بانیش سه‌رله‌نوێ ریسى رێككه‌وتنى باڵه‌كانى یه‌كێتى له‌سه‌ر پۆسته‌كان ده‌كاته‌وه‌ خورى ده‌بێت له‌ ئه‌وه‌ڵه‌وه‌ دابنیشنه‌وه‌ بۆ دابه‌شكردنه‌وه‌ى پۆسته‌كان.

پارتى بۆى ده‌چێته‌ سه‌ر؟

كاببینه‌ى نوێى حكومه‌ت، وه‌ك ئه‌وه‌ ده‌رنه‌چوو كه‌ گۆڕان و یه‌كێتى به‌نیازى بوون، هه‌نگاوه‌كانى سه‌رۆكى حكومه‌ت به‌جارێك هه‌ردوو حزبى نیگه‌ران كردووه‌، به‌ڵام نێوانى یه‌كێتى و گۆڕان به‌جۆرێك خراپه‌ هه‌ریه‌كه‌یان له‌پارتى نزیكترن وه‌ك له‌یه‌كدى، له‌دۆخێكى وادا پارتى بۆ هه‌ر هه‌نگاوێك له‌ حكومه‌ته‌وه‌ رووبه‌ڕووى به‌ربه‌ستى ئه‌وتۆ نابێته‌وه‌. جگه‌له‌وه‌ش پارتى په‌یوه‌ندى دووقۆڵى له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌كان باشه‌، به‌سوود وه‌رگرتن له‌په‌رته‌وازەیى لایه‌نه‌كانى دیكه‌و خه‌مى هه‌رلایه‌كیان بۆ پاراستنى په‌یوه‌ندییه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ پارتى. پارتى به‌ئاسانى ده‌توانێت دۆخه‌كه‌ به‌وجۆره‌ ئاڕاسته‌ بكات كه‌ خۆى ده‌یه‌وێت.

 به‌سوودوه‌رگرتن له‌په‌رته‌وازەیى لایه‌نه‌كانى دیكه‌ پارتی دۆخەکە ئاڕاستە دەکات

ره‌نگه‌ ته‌نها بژارده‌ى گونجا و بۆ یه‌كێتى، نزیكبوونه‌وه‌ بێت له‌گه‌ڵ گۆڕان و هه‌وڵدان بێت بۆ زیندووكردنه‌وه‌ى رێككه‌وتنه‌كان، ئه‌گه‌رچى له‌دۆخێكدا كه‌نێوماڵى یه‌كێتى په‌رت و شپرزه‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ له‌ مه‌حاڵ نزیكه‌، چونكه‌ كاتى خۆشى هه‌ر ئه‌و په‌رته‌وازه‌ییه‌و نزیکی و بەرژەوەندی هاوبەشی چەند باڵێکی یەکێتی لەگەڵ پارتی رێككه‌وتنه‌كه‌ى سڕكرد.