ڕاپۆرتی کوردستانی

06:40 - 30/09/2019

یاریده‌ده‌ر ته‌قه‌ ده‌خاته‌ په‌یوه‌ندى پێكهێنه‌ره‌كانى حكومه‌تەوە‌

پەیسەر

یاریده‌ده‌ر، قه‌یرانێكى دیكه‌ى نێوان حزبه‌ به‌شداره‌كانى حكومه‌ت و پرۆسه‌ى سیاسى هه‌رێمى كوردستانه‌، سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران به‌ دانان و زیادكردنى یاریده‌ده‌ره‌كانى خۆى، دوو هاوبه‌شه‌كه‌ى( گۆڕان و یه‌كێتى) نیگه‌رانكردووه‌، هه‌ردوولا پێیان وایه‌ ئه‌م پۆسته‌ باڵایانه‌، له‌ رێككه‌وتنه‌ سیاسییه‌كان باسنه‌كراوه‌و له‌سه‌ر حسابى پێگه‌و ده‌سه‌ڵاتى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت و ئه‌و یاریده‌ده‌ره‌ى سه‌رۆكى حكومه‌ت ده‌بێت، كه‌بڕیاره‌ بۆ كارووبارى چاكسازى ده‌ستبه‌كاربكات.

ژماره‌ى یاریده‌ده‌ره‌كان هه‌ڵده‌كشێت

یاریده‌ده‌رى سه‌رۆكى حكومه‌ت بۆخۆى ئه‌و ناوه‌ گه‌وره‌یه‌وه‌، له‌گه‌ڵ كابینه‌ى نۆیه‌مى حكومه‌ت كه‌وته‌ سه‌رزار، تائێستا ناونیشانى پێنج یاریده‌ده‌رى سه‌رۆكى حكومه‌ت دیارن، ئه‌گه‌ر زیاتر نه‌بن، ئاشتی هەورامی بۆ كارووباری وزە، محەمەد حاجی بۆ كارووباری تەندرووستی، رانیا مەجید بۆ كارووباری ئابوری، رێباز حەملان بۆ كارووباری وەبەرهێنان و راژەی گشتی، یاریده‌ده‌رێكى دیكه‌ش كه‌بڕیاربوو تاقانه‌ یاریده‌ده‌ر بێت، بۆ كارووبارى چاكسازى بێت و بدرێت به‌گۆڕان، هێشتا ئه‌میان ده‌ستبه‌كار نه‌بووه‌، پارتى رایگه‌یاندووه‌ ده‌ستبه‌كاربوونى هه‌مواركردنه‌وه‌ى په‌یڕه‌وى ناوخۆى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى ده‌وێت، به‌ڵام یاریده‌ده‌ره‌كانى دیكه‌ بۆ ده‌ستبه‌ركاربوونیان چاوه‌ڕوانى ئه‌و هه‌مواره‌یان نه‌كردووه‌.

یه‌كێتى و گۆڕان دووجار نیگه‌رانن

یه‌كێتى دووجار له‌ قوتبوونه‌وه‌و هه‌ڵكشانى ژماره‌ى یاریده‌ده‌ره‌كان نیگه‌رانه‌، جارێك له‌به‌رئه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت نادیاره‌و ئه‌م یاریده‌ده‌رانه‌ش ئیشه‌كه‌یان نزیكه‌ له‌ ئیشى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت و ره‌نگه‌ ئه‌ركێكى ئه‌وتۆى بۆنه‌هێڵنه‌وه‌، جارێكى دیكه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌ى ئه‌م پۆسته‌ باڵایه‌نه‌ له‌گفتوگۆ درێژخایه‌نه‌كانى نۆ مانگى پێكهێنانى حكومه‌تدا ناویان له‌سه‌ر مێز نه‌هاتووه‌. 

گۆڕان زیاد له‌ بیانوویه‌كى هه‌یه‌ بۆ نیگه‌رانبوونى له‌ بابه‌تى یاریده‌ده‌ره‌كان، دیاریكردنى رێباز حه‌ملان و محه‌مه‌د حاجى گۆڕانى بێتاقه‌ت كردووه‌، جگه‌له‌وه‌ش گرنگییه‌كى ئه‌وتۆ بۆ ئه‌و پۆسته‌ى نامێنێته‌وه‌ كه‌ بڕیاره‌ به‌ناوى یاریده‌ده‌رى سه‌رۆكى حكومه‌ت بۆكارووبارى چاكسازى وه‌ریبگرێت. هه‌روه‌ها له‌و رێككه‌وتنیش له‌گه‌ڵ گۆڕان باسى ئه‌م پۆستانه‌ نه‌كراوه‌.

پارتى چى ده‌ڵێت؟

پارتى وه‌ڵامى بڕواپێهێنه‌رى به‌ یه‌كێتى و گۆڕان نه‌داوه‌ته‌وه‌، به‌رپرسه‌كانیشى قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ ناكه‌ن. به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر ئه‌م گله‌ییانه‌ى هه‌ردوولا گه‌یه‌ندراوه‌ته‌ مه‌سرور بارزانى سه‌رۆكى حكومه‌ت، به‌ڵام گوتویه‌تى، ئه‌و وه‌ك سه‌رۆكى حكومه‌ت كار ده‌كات نه‌ك وه‌ك پارتییه‌ك، چى بۆ حكومه‌ت باش بێت ئه‌وه‌ ده‌كات.

پێشه‌وا هه‌ورامانى گوته‌بێژى فراكسیۆنى پارتى له‌په‌رله‌مانى كوردستان، بۆ په‌یسه‌ر ره‌تیكرده‌وه‌، قسه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵوێستى پارتى یاخود فراكسیۆنى پارتى له‌په‌رله‌مان بكات، سه‌باره‌ت به‌ زیادبوونى ژماره‌ى یاریده‌ده‌ره‌كان و نیگه‌رانییه‌كانى گۆڕان و یه‌كێتى. گوتى ئه‌وه‌ كارى حكومه‌ته‌و ئه‌بێت به‌رپرسانى حكومه‌ت قسه‌ى له‌سه‌ربكه‌ن.

"پۆست زیادكردن پێچه‌وانه‌وه‌ى به‌رنامه‌ى چاكسازییه‌"

سه‌ركۆ گه‌ڵاڵى ئه‌ندامى فراكسیۆنى سه‌وز له‌په‌رله‌مانى كوردستان ده‌ڵێت، ناكرێت حكومه‌تێك له‌نێو حكومه‌ت هه‌بێت، ئه‌مه‌ زیاتر په‌رتكردنى ده‌سه‌ڵاته‌كانه‌، ئێستا بۆ هه‌ر وه‌زاره‌ت و یاریده‌ده‌رێك هه‌بێت بۆ سه‌رۆكى حكومه‌ت، ئه‌وه‌ كه‌مكردنه‌وه‌ى رۆڵى وه‌زاره‌ته‌كانه‌، بنه‌ماكه‌ ئه‌وه‌یه‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك كراوه‌، بڕواناكه‌م ئه‌م یاریده‌ده‌رانه‌ له‌رێككه‌وتنه‌كان باسكرابن، ئێمه‌ باسى چاكسازى ده‌كه‌ین ئه‌م پۆست زیادكردنه‌ پێچه‌وانه‌ى به‌رنامه‌ى چاكسازییه‌. 

سه‌باره‌ت به‌ نیگه‌رانى یه‌كێتى له‌ كه‌مى ده‌سه‌ڵاته‌كانى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت، هاوكات له‌گه‌ڵ زیادبوونى ژماره‌ى یاریده‌ده‌ره‌كان، گه‌ڵاڵى گوتى:"ده‌سه‌ڵاتى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت دیاریكراوه‌، به‌ڵام له‌ ئاستى ئه‌و هاوبه‌شییه‌ نیه‌ كه‌ یه‌كێتى پێنج جار له‌رێككه‌وتنه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ پارتى باسیكردووه‌، ده‌سه‌ڵاته‌كانى له‌كابینه‌ى نۆ ئه‌گه‌ر زیاتر نه‌بێت نابێت كه‌متر بێت، به‌ڵام ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ى ئێستا بۆى دیاریكراوه‌ كه‌متره‌ له‌و ده‌سه‌ڵاته‌ى له‌كابینه‌ى هه‌شت هه‌یبوو، بۆیه‌ قوباد تاڵه‌بانى قبوڵى نه‌كردووه‌".

گۆڕان په‌یامى ناڕەزایی گه‌یاندووه‌

پێشتر دیاریكردنى رێباز حه‌ملان به‌ یاریده‌ده‌رى سه‌رۆكى حكومه‌ت بۆ كاروبارى دارایى، نیگه‌رانى زۆرى گۆڕان-ى دروستكرد، بۆیه‌ فه‌رمانه‌كه‌ هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌، به‌وپێیه‌ى حه‌ملان له‌ كابینه‌ى پێشوو كاروانى گۆڕان-ى جێهێشت بۆ مانه‌وه‌ى له‌ پۆستى وه‌زیرى دارایى، به‌ڵام دواجار ئه‌و كرا به‌ یاریده‌ده‌رى سه‌رۆكى حكومه‌ت بۆ كارووبارى وه‌به‌رهێنان و راژه‌ى گشتى، به‌دواى ئه‌ویشدا ناوى محه‌مه‌د حاجى هات، كه‌ به‌رپرسێكى باڵاى گۆڕان بوو، له‌ هه‌لومه‌رجێكى سه‌ختى په‌یوه‌ندییه‌كانى گۆڕان و پارتی-دا، گۆڕان-ى جێهێشت و سه‌نگه‌رى به‌ره‌و لاى بارزانى گواسته‌وه. گۆڕان ئاماژه‌ى خێر له‌ دیاریكردنى ئه‌و دوو كه‌سه‌ نابینێت. له‌رێگه‌ى جڤاتى نیشتیمانی-یه‌وه‌ پێشتر شاندى دانوستانكارى گۆڕان راسپێردرابوو كه‌ په‌یامى نیگه‌رانى و ناڕه‌زایى به‌ پارتى و بگه‌یه‌نن.

چالاكى موهه‌ندیس ئه‌ندامى جڤاتى نیشتمانى گۆڕان بۆ په‌یسه‌ر گوتى:"كاتى خۆى كه‌ یه‌كه‌م یاریده‌ده‌رى دانا، ئێمه‌ له‌ جڤات ناڕه‌زایى خۆمان ده‌ربڕى، شاندى دانوستانكار ناڕه‌زاییه‌تییه‌كه‌ى گه‌یاندبوو، به‌ڵام ئێستا گه‌یشتووه‌ته‌ چوار یاریده‌ده‌ر، ئه‌وه‌ى جێگه‌ى نیگه‌رانییه‌ بۆ ئێمه‌ دووبراده‌رى هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ى ئێمه‌یان داناوه‌، ئه‌وە بێ مه‌به‌ست نه‌كراوه‌و له‌ نه‌زانییه‌وه‌ نه‌بووه‌، هیچ كام له‌ رێباز حه‌ملان و محه‌مه‌د حاجى پسپۆرییان ئابوورى نییه‌، محه‌مه‌د حاجى دكتۆرى لوت و قوڕگه‌، رێباز حه‌ملان ده‌رچووى یاسایه‌، له‌دانانى ئه‌و كه‌سانه‌ گوێیان به‌ نیگه‌رانییه‌كانى ئێمه‌ نه‌داوه‌".

 ته‌مه‌نى كابینه‌كه‌ ماوه‌یه‌كى زۆرى نه‌خایه‌ند بۆ دروستبوونى به‌ركه‌وتن و پێكدادانى سیاسى

موهه‌ندیس ده‌ڵێت، بۆ ده‌ستبه‌كاربوونى یاریده‌ده‌ره‌كه‌ى گۆڕان، بیانووى ئه‌وه‌ هێندراوه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌بێت په‌یڕه‌وى ناوخۆى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران هه‌مواربكرێته‌وه‌، به‌ڵام چوارى دیكه‌ ده‌ستبه‌كاربوون په‌یڕه‌ویش هه‌موارنه‌كراوه‌ته‌وه‌، له‌كاتێكدا ئه‌مانه‌ یاریده‌ده‌رن و ئه‌وه‌ى ئێمه‌ش یاریده‌ده‌ر دەبێت، له‌و باوه‌ڕه‌دا نیم ده‌ستبه‌كاربوونى رێباز حه‌ملان و محه‌مه‌د حاجى له‌خۆوه‌ بێت، شاندى دانوستانكارى گۆڕان ده‌بێت ئه‌و نیگه‌رانییه‌ به‌ جددى بگه‌یه‌نێته‌ براده‌رانى پارتى.

ته‌مه‌نى كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت، ته‌نها یه‌ك وه‌رزى تێپه‌ڕاندووه‌، پێى ناوه‌ته‌ یه‌كه‌م پایزى خۆیه‌وه‌، به‌ڵام نێوانى پێكهێنه‌ره‌كانى ته‌قه‌ى تێكه‌وتووه‌، بابه‌تى یاریده‌ده‌ر و دیاریكردنى ده‌سه‌ڵات دوو ته‌نگه‌ژه‌ن كه‌له‌ناوخۆى حكومه‌ته‌وه‌ رووبه‌ڕووى رێككه‌وتنى واژۆكراوى لایه‌نه‌كان بووه‌ته‌وه‌، ته‌مه‌نى كابینه‌كه‌ ماوه‌یه‌كى زۆرى نه‌خایه‌ند بۆ دروستبوونى به‌ركه‌وتن و پێكدادانى سیاسى. ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌كان نه‌ سازێن و ئه‌و نیگه‌رانى و كێشانه‌ى دێنه‌ پێش به‌ رێگه‌ى گفتوگۆ چاره‌سه‌رنه‌كه‌ن دوورنییه‌ كێشه‌ى حزبه‌كان به‌جارێك بڕمێن به‌سه‌ر نۆیه‌م كابینه‌دا.