ڕاپۆرتی کوردستانی

04:06 - 28/09/2019

هاوپه‌یمانى كوردستانیى كه‌ركوك ده‌باته‌وه‌؟‌

پەیسەر

دواجار كه‌ركوك، لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كانى له‌سه‌ر مێزێك كۆكرده‌وه‌، پارتى، یه‌كێتى، گۆڕان، كۆمه‌ڵ، یه‌كگرتوو، شیوعى، سۆسیالیست، بزوتنه‌وه‌ى ئیسلامى و زه‌حمه‌تكێشان، كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى به‌رامبه‌ر ئه‌و مه‌ترسى و هه‌ڕه‌شانه‌ى له‌سه‌ر كورد هه‌یه‌ له‌ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان، به‌یه‌ك لیست بچنه‌ ناو یارى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكانه‌وه‌. ئه‌وان گره‌وێكى چاره‌نووسساز ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر نه‌یبەنه‌وه‌ كورد به‌یه‌ك جارى ده‌كه‌وێته‌ ژێر داروپه‌ردووى كه‌ركوك-ه‌وه‌. 

لایەنە کوردییەکان گره‌وێكى چاره‌نووسساز ده‌كه‌ن

لایه‌نه‌كان رێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى لیستى (هاوپه‌یمانى كوردستانى) ناوى لیسته‌ هاوبه‌شه‌كه‌ بێت، ئه‌وه‌ش دواى نیگه‌رانیى عه‌ره‌ب و توركمانه‌كان له‌ناوى پێشوو(كه‌ركوك كوردستانییه‌)، پێشنیارێكى دیكه‌ش هه‌بووه‌ كه‌ له‌هه‌ر پارێزگایه‌ك ناوێكى پارێزگاكه‌و پاشگرى كوردستانیى پێوه‌بێت وه‌ك (كه‌ركوك-ى كوردستانى، نه‌ینه‌واى كوردستانى)، به‌ڵام ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ره‌چاوكردنى نیگه‌رانى پێكهاته‌كان په‌سه‌ندنه‌كرا. به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر له‌ كه‌ركوك سه‌رۆكى لیسته‌كه‌ كاندیدێکى یه‌كێتى ده‌بێت، به‌ڵام له‌نێوان باڵى ماڵى تاڵه‌بانى و كۆسره‌ت ره‌سوڵ، ململانێى توند هه‌یه‌ له‌سه‌ر سه‌رۆك لیسته‌كه‌ له‌ كه‌ركوك، به‌پێى رێككه‌وتنى لایه‌نه‌كان له‌ نه‌ینه‌وا سه‌رۆكى لیسته‌كه‌ بۆ پارتى ده‌بێت.

تاقیکردنەوەیەکی سه‌خت بۆ كورد
كورد له‌دواى پرۆسه‌ى ئازادى عێراق-ه‌وه‌، سه‌ختترین هه‌ڵبژاردنى له‌ پێشه‌ له‌كه‌ركوك، پێویستى به‌ هه‌شت كورسییه‌ له‌كۆى ١٤ كورسى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك، بۆئه‌وه‌ى دواى ١٦ ساڵ له‌چاوه‌ڕوانى مادده‌ى ١٤٠ و دوای دووساڵ له‌ ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر و پاشه‌كشه‌ى له‌ناوچه‌ كێشه‌له‌سه‌ره‌كان كه‌ برینى كوردى خسته‌ سه‌ر ئێسقان، جڵه‌وى كه‌ركوك بگرێته‌وه‌ ده‌ست. به‌ڵام ئاڵنگارى زۆر له‌پێش ئه‌و خه‌ونه‌ى كورد هه‌یه‌. له‌و دووساڵه‌دا به‌ته‌واوى پوكاوه‌ته‌وه‌و به‌ ئاسانى نایه‌ته‌وه‌ مایه‌، جگه‌ له‌وه‌ش عه‌ره‌بێكى زۆر هێندراونه‌ته‌ ناوچه‌كه‌، كورد له‌ده‌سه‌ڵات رووتكراوه‌ته‌وه‌، یاساى نوێى هه‌ڵبژاردنیش هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى دیكه‌یه‌، چونكه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندى لیسته‌ گه‌وره‌كانه‌و به‌ته‌واوى له‌زیانى لیسته‌ تاك كورسییه‌كانه‌.

گرتنەوە دەستی جڵەوی کەرکوک ئاڵنگاری زۆری لەپێشە

یاسایه‌كى سه‌خت
به‌پێى هه‌موارى نوێى یاساى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان، په‌یڕه‌وێكى نوێى سیسته‌مى سانتلیگۆ ده‌كرێت، به‌جۆرێك رێژه‌ى دابه‌شكردنى ده‌نگه‌كان له‌ (١.٦) ەوە، بۆ (١.٩) زیاد ده‌كات، واته‌ ئه‌وهێزانه‌ى هه‌لى به‌ده‌ستهێنانى یه‌ك كورسییان هه‌یه‌، چیتر ئه‌و هه‌له‌یان نامێنێت، به‌وپێیه‌ى رێژه‌كه‌ به‌رزكراوه‌ته‌وه‌و له‌به‌رژه‌وه‌ندى لیسته‌ بچوكه‌كان نییه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ى سیسته‌مه‌كه‌ فره‌ بازنه‌یه‌، ده‌نگى هیچ بازنه‌یه‌كیش ناچێت بۆ بازنه‌یه‌كى دیكه‌.

ڕێگای سانتلیگۆ بۆ یەكەمجار لەساڵی ١٩٥١ لە سوید و نەرویج پیادەكرا. كەتێیدا ژمارەی دەنگی بەدەستهاتووی هەر پارتێك دابەشدەكرێت بەسەر ژمارە تاكەكاندا (١، ٣، ٥ ، ٧، ٩، ....)، دواتر كورسییەكان دابەشدەكرێن بەسەر گەورەترین ژمارەكانی خشتەكەدا تا كۆتایی. (سانتلیگۆ) دواتر هەمواركرایەوە و بە سانتلیگۆی هەمواركراو ناسرا، تێیدا ژمارە (١) گۆڕدرا بۆ ژمارەی (١.٤) لە نیوزلەندا و نەرویج و سوید و بۆسنە كاری پێدەكرێت.

لەعێراق-دا سانتلیگۆی هەمواركراو گۆڕدرا بۆ (١.٦) دواتر لە هەڵبژاردنی ٢٠١٨ی ئەنجومەنی نوێنەران (١.٧) پیادەکرا، ئه‌و شێوازه‌ ره‌خنه‌ى زۆرى له‌سه‌ربوو، ئێستا كه‌ زیادكراوه‌ ١.٩ به‌ته‌واوى له‌به‌رژه‌وه‌ندى قه‌واره‌ گه‌وره‌كانه‌.

لایه‌نه‌كان چى ده‌كه‌ن؟
ئه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ لایه‌نه‌ كوردییه‌كان له‌سه‌رى كۆك بوون، ناوى لیسته‌كه‌و هاوبه‌شییانه‌، ورده‌كارى دابه‌شكردنى ژماره‌ى كاندیده‌كان له‌نێوان خۆیان جارێ روون نییه‌، ئه‌گه‌رى زۆره‌ دوایین هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، یاخود په‌رله‌مانى كوردستان بكرێته‌ بنه‌ما بۆ دابه‌شكردنى ژماره‌ى كورسییه‌كان.

عه‌بدوڵا وه‌رتێ گوته‌بێژى بزوتنه‌وه‌ى ئیسلامى كه‌ به‌شدارى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو بۆ په‌یسه‌ر باسیله‌وه‌كرد، به‌شداربووانى كۆبوونه‌وه‌كه‌ كۆكبوون له‌سه‌رئه‌وه‌ى، جه‌خت له‌تانه‌دان له‌ یاساى هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌نه‌وه‌، به‌وپێیه‌ى یاساكه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندى كورد نییه‌، هاوكات هه‌موویان یه‌ك ده‌نگ بوون له‌سه‌ر پێویستى دروستكردنى لیستێكى هاوبه‌شى كوردیى بۆئه‌وه‌ى ده‌نگى كورد به‌فیڕۆنه‌چێت. به‌گوته‌ى وه‌رتێ، له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ئه‌مڕۆ ناكۆكى له‌نێوان لایه‌نه‌ كوردییه‌كان بوونى نه‌بووه‌، سه‌باره‌ت به‌لیسته‌كه‌ لیژنه‌ى هونه‌رى لایه‌نه‌كان ورده‌كارییه‌كانى ژماره‌ى كاندیدى هه‌رلایه‌ك په‌سه‌ندده‌كه‌ن.

 یاساكه‌ له‌ ئه‌سڵدا بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى توانا و ژماره‌ى كورسییه‌كانى كورد له‌ كه‌ركوك دەرچووە

سه‌عدیى پیره‌ نوێنه‌رى یه‌كێتى له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌، بۆ رۆژنامه‌وانان گوتى، یاساى ژماره‌ ١٤ی ساڵی ٢٠١٩ یاسایه‌كە دونیایه‌ك كێشه‌و كه‌موكوڕى یاسایى هه‌یه‌، یاساكه‌ له‌ ئه‌سڵدا بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى توانا و ژماره‌ى كورسییه‌كانى كورد له‌ كه‌ركوك دەرچووە، بۆیه‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان پشتیوانى ده‌كه‌ن له‌و تانانه‌ى له‌ یاساكه‌ دراون، ئه‌و یاسایه‌ له‌ خزمه‌ت گروپى بچووك نییه‌، بۆئه‌وه‌ى هیچ ده‌نگێكى كورد به‌فیڕۆ نه‌چێت، بڕیارى پێكهێنانى لیستى هاوبه‌شیان داوه‌.

ئه‌ركى لیستى هاوپه‌یمانى كوردستان ئاسان نابێت، ده‌بێت دانه‌ دانه‌ ده‌نگى كورد بچننه‌وه‌، كه‌ئێستا وه‌ك ئاردى ناو دڕكى لێهاتووه‌، حه‌وت مانگ له‌به‌رده‌م لایه‌نه‌ كوردییه‌كانه‌ بۆ بردنه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌، ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ هه‌ڵبژاردنێكه‌ به‌تامى دۆڕان یاخود بردنه‌وه‌ى یه‌كجارى، كورد له‌دووساڵى دواى ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر ئه‌وه‌نده‌ نه‌هامه‌تى بینیوه‌، تاسه‌ى كه‌مێك گۆڕانكارى وه‌رچه‌رخانى دۆخه‌كه‌یه‌. لیسته‌كه‌ له‌به‌رده‌م ئاڵنگارى ناوخۆیى و به‌ربه‌ستى دیكه‌ى عێراق و هه‌رێمیدایه‌. له‌ناوخۆدا دیارنییه‌ ئاخۆ كێشه‌كانى دانانى پارێزگارى كه‌ركوك و پۆسته‌كانى هه‌رێم نیگه‌رانییه‌كان سه‌باره‌ت به‌ پشك و پشككارى له‌هه‌رێم، بیرۆكه‌ى لیسته‌كه‌ ده‌توێنێته‌وه‌؟ یاخود لیسته‌ هاوبه‌شه‌كه‌ كێشه‌ى دیكه‌شى له‌په‌ناوه‌ چاره‌سه‌رده‌كرێت.

 كورد ئه‌مجاره‌ ركابه‌رییه‌كه‌ى له‌سه‌ر په‌ته‌و ره‌نگه‌ ئه‌گه‌ر كورسییه‌ك له‌ده‌ست بدات، نه‌بێته‌ زۆرینه‌

راگه‌یاندنى لیسته‌كه‌ له‌كاتێكدایه‌ تائێستا پارتى كه‌ لایه‌نێكى سه‌ره‌كى هاوپه‌یمانییه‌كه‌یە، له‌ كه‌ركوك بوونى نییه‌، كاكه‌مین نه‌جار ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى پارتى رایگه‌یاند، هه‌ركاتێك دۆخه‌كه‌ ئاسایى بووه‌وەو سوپا چووه‌ ده‌ره‌وه‌و شار راده‌ستى پۆلیسى خۆجێیى كرایه‌وه‌، ئه‌وكات پارتى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ركوك، بۆ هه‌ڵبژاردنیش ده‌بێت دۆخه‌كه‌ ئاسایى بكرێته‌وه‌،"به‌ڵام ماناى ئه‌وه‌ش نییه‌ ئه‌گه‌ر له‌وێ نه‌بین، ناتوانین كار بكه‌ین، یاخود خه‌ڵك ده‌نگمان پێنادات".

هاوپه‌یمانى كوردستانیى، تائێستا نه‌وه‌ى نوێى له‌خۆى نه‌گرتووه‌، ئه‌و جوڵانه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌رچى له‌ماوه‌ى ١٠رۆژى رابردوودا به‌ جیا له‌گه‌ڵ یه‌كێتى و پارتى كۆبووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام بۆكۆبوونه‌وه‌كه‌ى ئه‌مڕۆ راگه‌یه‌ندراوێكى بڵاوكرده‌وه‌و رایگه‌یاند،"یه‌كێتى و پارتى هیچ زەمینەسازییەکیان لەناوخۆى هەرێمى کوردستاندا نەکردووە، تا هێز و لایەنە سیاسییە ئۆپۆزسیۆنەکان بتوانن لەگەڵیاندا دابنیشن،"بۆیه‌ پێناچێت لیسته‌كه‌ نه‌وه‌ى نوپێى تێدا بێت، ئه‌وه‌ى وایكردووه‌ سه‌نگى هه‌ر لایه‌نێك، بۆ لیستى هاوپه‌یمانى كوردستانى گرنگ بێت، كورد ئه‌مجاره‌ ركابه‌رییه‌كه‌ى له‌سه‌ر په‌ته‌و ره‌نگه‌ ئه‌گه‌ر كورسییه‌ك له‌ده‌ست بدات، نه‌بێته‌ زۆرینه‌، یاسا نوێیه‌كه‌ش به‌ته‌واوى له‌به‌رژه‌وه‌ندى گه‌وره‌كانه‌وه‌ لیستى بچووك ده‌نگه‌كانى به‌فیڕۆده‌چێت.

هاوپه‌یمانى كوردستانیى، یه‌كه‌م ئه‌زموونیى پێكه‌وه‌یى دواى ناكۆكى و ركابه‌رى توندى سیاسى ١٠ ساڵى رابردووى نێوان لایه‌نه‌كانه‌. ئایا ئه‌و ئه‌زموونى ده‌ست له‌ناوده‌ستییه‌ كه‌ركوك بۆ کورد ده‌باته‌وه‌، یاخود به‌رده‌كه‌ به‌جۆرێك كه‌وتووه‌ته‌ گۆمه‌وه‌، كه‌ چیتر به‌ كارى یه‌ك ده‌ستیش ناهێندرێته‌ ده‌ره‌وه‌.