ڕاپۆرتی کوردستانی

05:42 - 26/09/2019

ئه‌گه‌ر به‌دیله‌كه‌ى ریفراندۆم قبوڵبكرایه‌ چى روویده‌دا؟‌

پەیسەر

دووساڵ پێش ئێستا رووداوێك له‌ باشورى كوردستانه‌وه‌، رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و به‌شێك له‌ وڵاتانى جیهانى به‌خۆیه‌وه‌ سه‌رقاڵكرد، وڵاتان به‌گرنگى و هه‌ستیارییه‌وه‌ ته‌ماشاى هه‌نگاوه‌كانیان ده‌كرد كه‌ بۆ ئه‌نجامدانى ریفراندۆم له‌هه‌رێمى كوردستان ده‌نران، هه‌ندێكیان ترسیان له‌بوونى نه‌خشه‌یه‌كى نهێنى هه‌بوو كه‌سه‌رله‌نوێ ناوچه‌كه‌ بخاته‌وه‌ به‌رده‌م نه‌شته‌رى داڕشتنه‌وه‌، هه‌ڵوێسته‌كان نزیك به‌ زۆرینه‌ى ره‌هاى هۆشدارى، هه‌ڕه‌شه‌و نیگه‌رانى بوون له‌ ئه‌نجامدانى. له‌ودۆخه‌ ئاڵۆزه‌دا كورد هه‌ندێك به‌ڵێنى گه‌وره‌ى له‌ زلهێزه‌كانى جیهانه‌وه‌ پێدرا، به‌ڵێنێك به‌تامى رێككه‌وتننامه‌ى سیڤه‌ر و ١١ی ئازار یاخود زیاتریش، به‌ڵام ئه‌نجومه‌نى ریفراندۆم پشتى له‌به‌ڵێنه‌كان كردوو زاره‌كه‌ى فڕێدا.

كورد به‌هیواى داننان به‌ دیفاكتۆدا پشتى له‌هه‌موو ئه‌و داوایانه‌ كرد

ئاخۆ ئه‌گه‌ر كورد به‌ڵێنه‌كانى بخستایه‌تە گیرفانى و ریفراندۆمى دواخستبا، جارێكى دیكه‌ وه‌ك به‌ڵێنه‌كانى دیكه‌ى مێژوو كورد به‌ده‌ستى به‌تاڵ ده‌رده‌چوو؟ ئاخۆ ئه‌گه‌ر به‌ڵێنه‌كان وه‌ربگیرانایه‌ وه‌ك به‌دیلى ریفراندۆم، كورد دۆخى وه‌ك ئێستا ده‌بوو، یاخود پاڵى به‌ به‌ڵێنه‌كانه‌وه‌ ده‌داو ده‌حه‌سایه‌وه‌؟ ئایا به‌دیله‌كان شایه‌نى تاقیكردنه‌وه‌ نه‌بوون؟ 

به‌ڵێنه‌زۆره‌كان

ترافیكى هه‌رێمى كوردستان له‌ماوه‌یه‌كى كه‌مدا چڕوپڕو قه‌ره‌باڵغ بوو، هه‌مووان خوازیارى دواخستنى ریفراندۆم بوون، ئه‌مریكا، به‌ریتانیا، ئه‌ورووپا، نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، ئه‌نجومه‌نى ئاسایش، كۆمكارى عه‌ره‌بى، روسیا، ئێران، توركیا، سوریا، عێراق، داواى دواخستن یاخود هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى بڕیارى ئه‌نجامدانى ریفراندۆمیان كرد، كورد به‌هیواى داننان به‌ دیفاكتۆدا پشتى له‌هه‌موو ئه‌و داوایانه‌ كرد.

نێرده‌ى تایبه‌تى سه‌رۆكى ئه‌مریكا، برێت مه‌كگۆرك تا دوایین ساته‌كان مانۆڕى چڕوپڕى له‌هه‌رێمى كوردستان ئه‌نجامدا، بۆ دواخستنى ریفراندۆمه‌كه‌، ریكس تیله‌رسن وه‌زیرى ئەوکاتی ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا به‌نامه‌یه‌ك ئه‌وكات چه‌ند به‌ڵێنێكى به‌ هه‌رێمى كوردستاندا له‌ئه‌گه‌رى دواخستنى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌و رایگه‌یاندبوو:"ئه‌م پرۆپۆزه‌ڵه‌ به‌دیله‌ چوارچێوه‌یه‌كی تازه‌ وه‌ خێرا دروست ده‌كات بۆ دانوستان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ندی و سه‌رۆك وه‌زیران عه‌بادی. ئه‌م چوارچێوه‌یه‌ خێرایه‌ ئه‌جێندایه‌كی كراوه‌ له‌خۆ ده‌گرێت بۆ یه‌ك ساڵ زیاتر درێژه‌ ناكێشێت وه‌ ئه‌شتوانرێت درێژ بكرێته‌وه‌. ئامانجی ئه‌مه‌ش چاره‌سه‌ركردنی هه‌موو كێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غداد و سروشتی ئاینده‌ی په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ردوولا. وه‌ ئێمه‌ پێویستییه‌ دارایی و ئه‌منیه‌ ئانییه‌كانتان له‌به‌رچاو ده‌گرین".

ئه‌و به‌ڵێنانه‌ له‌ زلهێزى یه‌كه‌مى جیهانه‌وه‌ به‌ده‌گمه‌ن له‌مێژوودا رووده‌ده‌ن

پوختەی بەشێک لە بەڵێنەکان

*ئێمه‌ ئاماده‌ین بۆ كارئاسانیكردن بۆئه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش به‌زووترین كات ئه‌م به‌دیله‌ په‌سه‌ندبكات، وه‌ بۆ پشتیوانی زیاتر به‌شداری ته‌واوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان مسۆگه‌ر ده‌كه‌ین.

*به‌بێ گومان ئه‌گه‌ر گفتوگۆكان نه‌گه‌یشته‌ ده‌رئه‌نجامێكی قبوڵكراو بۆ هه‌ردوولا یان شكستیهێنا، به‌هۆی نه‌بوونی نیازباشی له‌لایه‌ن به‌غداوه‌، ئێمه‌ دانده‌نێین به‌ پێویستی سازكردنی ریفراندۆم.

*ئه‌وه‌ سیاسه‌تی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكایه‌ له‌ژێر ئیداره‌ی سه‌رۆك تره‌مپ، كه‌ هه‌مووشتێك بكه‌ین كه‌ له‌ توانای ئێمه‌دایه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غداد، وه‌ دڵنیایی بده‌ین كه‌ هێز و قورسایی ته‌واوی ئێمه‌ له‌ پشت ئه‌م چوارچێوه‌ی دانوستانه‌وه‌یه‌.

* ئێمه‌ پشتیوانیتان ده‌كه‌ین بۆ به‌خێرایی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م گرفتانه‌ له‌ماوه‌ی یه‌ك ساڵ دا.
١- جێبه‌جێكردنی ته‌واوی رێكه‌وتنه‌كانی بواری دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات و سه‌روه‌ت.
٢ -جێبه‌جێكردنی مادده‌ی ١٤٠
٣-چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی تر وه‌ك پێشمه‌رگه‌، فڕۆكه‌وانی مه‌ده‌نی، نوێنه‌رایه‌تی دیبلۆماسی و ئه‌وانتی تر.

كورد ئه‌مجاره‌ به‌ڵێنه‌كانى وه‌رنه‌گرت خۆى نه‌خسته‌ چاوه‌ڕوانى جێبه‌جێكردنى سیڤه‌ر یاخود ١١ی ئازارێكى دیكه‌

ئه‌و به‌ڵێنانه‌ له‌ زلهێزى یه‌كه‌مى جیهانه‌وه‌ به‌ده‌گمه‌ن له‌مێژوودا رووده‌ده‌ن، ئه‌نجومه‌نى ریفراندۆم ئه‌مه‌ى به‌هه‌ل وه‌رنه‌گرت و وه‌ك بابه‌تێكى فه‌رمى مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ نه‌كرد، میدیاى پارتى له‌سه‌روه‌ختى نامه‌كه‌دا باسیان له‌وه‌كرد، كه‌ ئه‌و نامه‌یه‌ بۆ هه‌موو ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ خوێندراوه‌ته‌وه‌، ئه‌ندامان پێیان وابووه‌ هیچ گره‌نتییه‌كى تێدا نییه‌، بۆیه‌ش ده‌ستنرا به‌رووى ئه‌مریكا و جیهانه‌وه‌و كورد ئه‌مجاره‌ به‌ڵێنه‌كانى وه‌رنه‌گرت، خۆى نه‌خسته‌ چاوه‌ڕوانى جێبه‌جێكردنى سیڤه‌ر یاخود ١١ی ئازارێكى دیكه‌وە.

كورد له‌مێژوودا ئه‌وه‌نده‌ ده‌ستى سوتاوه‌و ساڵانێكى تولانیى چاوه‌ڕوانى جێبه‌جێكردنى به‌ڵێنه‌كانى كردووه‌، له‌ ریفراندۆم چاوه‌ڕوانى هه‌ڵنه‌بژارد و بازه‌كه‌یدا، بێئه‌وه‌ى جێپێکه‌ى بگرێت. هه‌رچۆنێك بێت له‌گه‌ڵ دواخستنى، ئێستا كورد ئه‌و سه‌بره‌شى نۆشیبوو كاته‌كه‌شى كۆتایى هاتبوو، به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌ به‌ڵێنه‌كانى ریفراندۆم بۆچوونى هاوبه‌ش بوونى نییه‌، به‌شێك پێیان وایه‌ ئه‌و هه‌لانه‌ ده‌بوو تاقیبكرێنه‌وه‌، به‌شێكى دیكه‌ ده‌ڵێن، هه‌مان به‌ڵێنه‌كانى جاران بوون كه‌ كوردى پێخه‌ڵه‌تێنرا.
 
كه‌مال چۆمانى نوسه‌ر، له‌دووه‌م ساڵیادى ریفراندۆمدا نوسیویه‌تى:"له‌دواى ریفراندۆمه‌وه‌، ئەمریکا لە هەر رۆژ زیاتر پشتیوانیی عێراقە بە بەراورد بە هەرێمی کوردستان، لە مێژوی کوردستانی عێراق-دا، واتە لە (١٩٩٢)ەوە حکومەتی هەرێم دروستبوو، هیچ کاتێک ئەمریکا پشتی لە کورد نەکردووە. لەدوای ١٩٩١یش یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا بە بەردەوامیی پشتیوانیی هەرێم بوون، بەڵام لە ریفراندۆم-دا تێگەیشتن کە ئەو سەرکردایەتییە نرخ بۆ ئەو دۆستایەتیی و ئەو هەموو پشتیوانییە سیاسیی، ئابوریی، عەسکەرییە دانانێت، هەر بۆیە ئێستا دەبینین تەنانەت لە کێشەکانی لەگەڵ عێراق-یشدا گرنگییەکی ئەوتۆ بە هەرێم نادەن".

چۆمانى ده‌شڵێت:"ئەگەر ریفراندۆم نەکرابایە، رەوشی کەرکوک وای لێ نەدەهات. کێشەکان لەگەڵ بەغداد بە ئاڕاستەی تر دەڕۆییشتن، ناوچەی جێناکۆکی لەژێر کۆنترۆڵ بوو، بە نەوتیشەوە. پشتیوانیی ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپای دەبوو، لە هەمووشی گرنگتر، ئەگەر کێشەکان چارەسەر نەبوونایە، کێشەی هەرێم دەبوو بە کێشەیەکی نێودەوڵەتیی و ئەمریکا پەیمانی دابوو کە پشتیوانیی ریفراندۆم بکات".

تاكه‌ بژارده‌ی ڕاسته‌قینه‌ و واقیعی بۆ میلله‌تی ئێمه‌  سه‌ربه‌خۆییه‌

عارف قوربانى نوسه‌ر، لایه‌نگرى ریفراندۆم و ئه‌نجامدانى بوو له‌دووه‌م ساڵیادى ریفراندۆم نوسیویەتى:"ڕیفراندۆم هه‌نگاوێكی پێویست بوو بۆ گۆڕینی ستراتیژیییه‌تی نه‌ته‌وه‌ی كورد بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجی بوون به‌ ده‌وڵه‌ت، مێژوو سه‌لماندوویه‌تی نه‌ فیدڕاڵی و نه‌ ئۆتۆنۆمی چاره‌سه‌ری پرسی نه‌ته‌وه‌یی هیچ گه‌لێكی له‌ دونیادا نه‌كردووه‌، تاوه‌كو ئه‌زموونێك ئێمه‌ كه‌ڵكی لێوه‌ربگرین، یانیش پێمان وابێت ده‌بێته‌ چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌ی  ئێمه‌ له‌ عێراقدا، له‌به‌رئه‌وه‌ تاكه‌ بژارده‌ی ڕاسته‌قینه‌ و واقیعی بۆ میلله‌تی ئێمه‌  سه‌ربه‌خۆییه‌. بۆیه‌ ڕیفراندۆمی باشووری كوردستان گۆڕینی ئه‌و ستراتیژییه‌ی نه‌ته‌وه‌ی كورد بوو ، بۆ ئه‌وه‌ی بۆ ئه‌و ئامانجه‌ تێبكۆشیین له‌ داهاتوودا.هه‌روه‌ها به‌ ڕیفراندۆم پیشانی هه‌موو گه‌لانی دونیاماندا كه‌  ئیتر ستراتیژی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت ده‌وڵه‌تمان هه‌بێت".

به‌ڵێنه‌كانى ریفراندۆم و سیڤه‌ر

دەوڵەتی عوسمانی و دەوڵەتە هاوپەیمانەكانی سەركەوتووی جەنگ، له‌ ١٠ی ئابى ساڵى ١٩٢٠، په‌یماننامه‌یه‌كیان واژۆكرد، كه‌ یه‌كه‌م به‌ڵگه‌نامه‌ى فه‌رمییه‌ له‌مێژوودا دانى به‌ مافه‌كانى كورددا ناو ره‌وایه‌تى خۆبه‌ڕێوه‌بردن و تاجیابوونه‌وه‌شى پێدان، ئەم پەیمانە لە ( ١٣) بەش و ( ٤٣٣) بەند پێكهاتبوو، لەبەشی (٣)و بەندی ( ٦٢–٦٣–٦٤) باسى مافه‌كانى كوردى كردبوو، ئه‌و به‌ندانه‌ى رێگه‌ى ده‌دا ئه‌وناوچانه‌ى زۆرینه‌ كوردن خۆیان خۆیان به‌ڕێوه‌به‌رن، ئه‌گه‌ریش به‌ڵێنه‌كان جێبه‌جێنه‌كران ئه‌وا مافى سه‌ربه‌خۆیى و جیابوونه‌وه‌ى به‌ كورد ده‌دا. هه‌روه‌ها بۆ خود موختارى ماوه‌ى شه‌ش مانگى دیاریكردبوو.

ئه‌مریكا به‌ڵێنى دابوو له‌پشتى دانوستانه‌كانه‌وه‌ بوه‌ستێت و پشتگیرى داواكارییه‌كانى كورد بكات

به‌ڵێنه‌كانى سیڤه‌ر ته‌نها له‌نێو دێڕه‌كاندا خه‌ونى كوردى هێنایه‌دى، ٣ساڵ دواتر په‌یماننامه‌ى لۆزان-ى به‌دواداهات و دۆخه‌كه‌ به‌سه‌ر كورددا قڵپ بوویه‌وه‌و سیڤه‌ر جێبه‌جێنه‌كرا. به‌ڵێنه‌كانى قۆناغى ریفراندۆم له‌ به‌ڵێنه‌كانى سیڤه‌ر گرنگى كه‌متر نه‌بوو، به‌ڵێنه‌كانى ریفراندۆم لایه‌نى سێیه‌م پشتیوانى ده‌كردو كورد لایه‌نێكى به‌هێزى دانوستان بوو. هه‌روه‌ها زلهێزى جیهان، ئه‌مریكا به‌ڵێنى دابوو له‌پشتى دانوستانه‌كانه‌وه‌ بوه‌ستێت و پشتگیرى داواكارییه‌كانى كورد بكات. تیله‌رسن ئه‌وكات گوتى، ئه‌م به‌دیله‌ شایه‌نى تاقیكردنه‌وه‌یه‌، ره‌نگه‌ ئه‌گه‌ر بۆ ماوه‌یه‌ك ئه‌و به‌دیله‌ش تاقیبكرایه‌وه‌، كورد لانى كه‌م به‌قه‌د ئێستا ده‌ست و قاسه‌ى به‌تاڵ نه‌بوو. ئه‌گه‌رچى لایه‌نگرانى ریفراندۆم پێیان وایه‌ تاپۆیه‌ك له‌ گیرفانى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كى مێژووییه‌، به‌ڵام هه‌رجۆره‌ كارپێكردنێكى بێ كه‌ركوك و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانه‌ كه‌ نیوه‌ زۆرترى خاكى كوردستانه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ى ئه‌و كیانه‌ سیاسییه‌ ده‌بێت.

١١ی ئازارو ریفراندۆم

كورد له‌ ١١ ئازاریش به‌ڵێنى گه‌وره‌ى پێدراو به‌ڵێنه‌كان خرانه‌ بۆته‌ى رێككه‌وتنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تى عێراق، سه‌دام حسێن هاته‌ پردێ و له‌گه‌ڵ مسته‌فا بارزانى جاڕى رێككه‌وتنه‌كه‌یدا، ئۆتۆنۆمى بۆ ناوچه‌ كوردییه‌كان به‌شێكى گرنگى رێككه‌وتنه‌كه‌ بوو، ئه‌نجامى هه‌موو به‌ڵێنه‌كان دواى چوار ساڵ دیسان دۆخه‌كه‌ قڵپ بوویه‌وه‌و نسكۆو ئاشبه‌تاڵى به‌دوادا هات. به‌ڵام چاره‌نوسى ١١ى ئازار ته‌نها له‌سه‌ر مه‌زاجى ده‌سه‌ڵاتى به‌غدا وه‌ستابوو، وڵاتانى جیهان ده‌ستیان پێوه‌نه‌گرت و رۆڵیان به‌جۆرێك نه‌بوو رێگرى له‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى بكه‌ن. به‌ڵام به‌ڵێنه‌كانى قۆناغى ریفراندۆم تكاو رجاى زۆر وڵاتى تێدابوو. 

به‌درێژایى مێژوو كورد له‌نێوان ئه‌و گریمانانه‌دا خولاوه‌ته‌وه‌ كه‌هیچیان بژارده‌ باشه‌كه‌ نه‌بوون

كورد له‌عێراق-ى نوێو نوسینه‌وه‌ى ده‌ستووریش دیسانه‌وه‌ به‌ به‌ڵێنى گه‌وره‌وه‌ چووه‌وه‌ به‌غدا، به‌ڵام دۆخه‌كه‌ به‌جۆرێك ئاڵۆزبوو هه‌ردوولا زیاتر لێك دووركه‌وتنه‌وه‌و ئێستا رێككه‌وتنیان ئه‌سته‌مبووه‌. به‌درێژایى مێژوو كورد له‌نێوان ئه‌و گریمانانه‌دا خولاوه‌ته‌وه‌ كه‌هیچیان بژارده‌ باشه‌كه‌ نه‌بوون تا هه‌ڵیبژێرێت، له‌ قۆناغى ریفراندۆمیش له‌نێو بژارده‌كاندا خولایه‌وه‌و له‌كۆتاییدا ئه‌و بژارده‌ى هه‌ڵبژارد كه‌ دۆخه‌كه‌ى به‌سه‌ردا داته‌پیى و كوردى خسته‌ تونێلێكى تاریكه‌وه‌ كه‌ هێشتا لێى نه‌هاتووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌، لایه‌نگرانى ریفراندۆم بۆقه‌ره‌بووى ئه‌و زیانانه‌ ده‌ڵێن، به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كیان له‌ گیرفانه‌، ئه‌وانه‌شى هاوارى دواخستنیان كرد، ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر به‌دیله‌كان قبوڵكرابان ئیستا كورد به‌م رۆژه‌ نه‌ده‌گه‌یشت.