02:43 - 22/09/2019
"فێڵى مهعرهزچى"چۆن ده‌ست و گیرفان ده‌سوتێنێت؟
"مه‌عره‌زچی"یاخود ئه‌وانه‌ى كارى كڕین و فرۆشى ئۆتۆمبێل ده‌كه‌ن، لهپێشانگاكانى ئۆتۆمبێل، رێگاى جۆراوجۆر و تایبه‌ت به‌خۆیان به‌كارده‌هێنن بۆ ساغكردنه‌وه ئۆتۆمبێله‌كانى خۆیان و هاوڕێكانیان، كاتێك رێتدهكهوێته پێشانگاكانى ئۆتۆمبێل چه‌نده دوودڵى كڕینى ئۆتۆمبێلێكى باشى، ئه‌وه‌نده له‌خه‌مى ئه‌وه‌داى كه لهنرخهكهیدا نه‌خه‌ڵه‌تێ و به‌نرخێكى هاوسه‌نگ ئۆتۆمبێل بكڕیت، یاخود ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ى كه ده‌چیت بیفرۆشیت هه‌رزانفرۆشى نه‌كه‌یت، نه‌كه‌ویته داوى مهعرهزچییهكانهوه.
"فێڵ"ى مهعرهزچییهكان
مهعرهزچییهكان به "فرتوفێڵ و ته‌ڵه‌كه‌بازى"ناویان رۆیشتووه، ئه‌وان خۆشیان له‌سه‌ر یه‌ك قسه‌و ره‌خنه‌یان هه‌یه‌و هه‌ندێكیشیان ده‌ڵێن، كه مامه‌ڵه‌ى پوخت ده‌كه‌ن، به‌ڵام تازه ناوه‌كه‌یان به‌جۆرێك كه‌وتووه‌ته سه‌ر زار، كه خه‌ڵكى سڵ له مامه‌ڵه‌كانیان ده‌كه‌نه‌وه.
مهعرهزچییهكان ئه‌گه‌ر مامه‌ڵه‌كه تێبپه‌ڕێنن دووجار قازانج ده‌كه‌ن، جارێك له‌و ئۆتۆمبێله‌ی به نرخێكی هه‌رزان له‌كه‌سێكی ده‌كڕنه‌وه، جاره‌كه‌ی دیكه ئه‌وكاته‌یه كه هه‌مان ئۆتۆمبێل به نرخێكی گرانتر له نرخه ڕاسته‌قینه‌كه‌ی خۆی ده‌یفرۆشنه‌وه، به‌جۆرێك هه‌ندێك جار له‌كاتێكى كه‌مدا قازانجێكى باش ده‌كه‌ن هێنده‌ى مووچه‌ى مانگێك یاخود چه‌ند مانگێكى فه‌رمانبه‌رێك.
له‌نێو مهعرهزچییهكاندا ده‌سته‌واژه‌یه‌ك هه‌یه پێیده‌گوترێت گه‌رمه
یه‌كێك له‌و مهعرهزچییانهی كه ناوه‌كه‌ی لای په‌یسه‌ر پارێزراوه، بۆ په‌یسه‌ر باسى له‌چه‌ند رێگه‌یه‌ك كرد بۆ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن، له‌كاتی فرۆشتن یاخود كڕینی ئۆتۆمبێلێك ئه‌نجامیده‌ده‌ن. گوتى، كاتێك مهعرهزچییهك ده‌زانێت كه‌سێك به‌ته‌نیا هاتووه ئۆتۆمبێل بكڕێت و كه‌سه‌كه زانیارییه‌كی ئه‌وتۆی نییه له‌باره‌ی كڕین و فرۆشتنه‌وه، ئیتر ئه‌وساته جه‌ژنی ئه‌و مهعرهزچییهو هاوڕێكانیه‌تی، بۆنمونه له‌نێو مهعرهزچییهكاندا ده‌سته‌واژه‌یه‌ك هه‌یه پێیده‌گوترێت "گه‌رمه" فێڵه‌كه به‌مشێوه‌یه‌یه:
كه‌سێك هاتووه ئۆتۆمبێلێك بكڕێت، مهعرهزچییهكانیش كه‌سێكی خۆیان (برا، ئامۆزا، یان هه‌ركه‌سێكی دیكه‌ی نزیك) ڕاده‌سپێرن ئۆتۆمبێلێك له مه‌عره‌ز ده‌ربكات به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و كڕیاره‌ی تازه هاتووه هه‌ستی پێبكات، ئه‌م كه‌سه نزیكه‌ی مهعرهزچییهكه دێته ناویانه‌وه و ده‌ڵێت، (ده‌مه‌وێت ئه‌م ئۆتۆمبێله‌م بفرۆشم) ئه‌وانیش بۆ نمونه نرخی هه‌شت هه‌زار دۆلاری له‌سه‌ر داده‌نێن، كابرای كڕیار هێشتا بینه‌ری ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌یه، دوای گه‌رمبوونی مشتومڕی فرۆشتنی ئه‌و ئۆتۆمبێله، یه‌كێك له مهعرهزچییهكان ئه‌ڵێ،"ئه‌گه‌ر هه‌شت هه‌زار و ٥٠٠ دۆلاریشی پێبده‌م قازانجمه"، بۆیه كابرای كڕیار كه تا ئه‌و كاته بینه‌ر بووه و زانیارییه‌كی ئه‌وتۆی له‌سه‌ر مامه‌ڵه‌ی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل نییه، بڕیارده‌دات ئۆتۆمبێله‌كه بكڕێت، چونكه ئه‌و پێیوایه ماده‌م مهعرهزچییهك ده‌ڵێت ٥٠٠دۆلار خێری بۆ من تێدایه، كه‌واته ئه‌م به‌هه‌رشێوه‌یه‌ك بیكڕێت قازانجیه‌تی، به‌ڵام ئه‌و كڕیاره نازانێت سه‌رجه‌می ئه‌وه‌ی ئه‌نجامده‌درێت شانۆگه‌رییه‌كه و بۆ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی ئه‌و ئاماده‌كراوه، واته نمایشێكی هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ری فێڵاوییه، بۆ چاوبه‌ستكردنی كڕیاره نهشارهزاكه.
كڕیار نازانێت سه‌رجه‌می ئه‌وه‌ی ئه‌نجامده‌درێت شانۆگه‌رییه‌كه و بۆ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی ئه‌و ئاماده‌كراوه
یه‌كێكی دیكه له‌و فێڵانه‌ی كه له‌كاتی كڕینی ئۆتۆمبێل مهعرهزچییهكان ئه‌نجامیده‌ده‌ن، چوونه لای مهعرهزچییهكی دیكه‌یه بۆئه‌وه‌ی لای كڕیار ئه‌و هه‌سته دروستبكه‌ن كه فێڵی لێناكه‌ن و ده‌چن له‌شوێنێك ئۆتۆمبێلی بۆ ده‌كڕن كه خاوه‌نه‌كه‌ی ناناسن، بۆنمونه كه‌سێك ده‌چێته لای هاوڕێیه‌ك یاخود ناسیاوێكی خۆی له یه‌كێك له پێشانگاكانی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و كڕیاره به مهعرهزچییهكه ده‌ڵێت، لێره ئۆتۆمبێلێكی لێنیه كه به‌دڵی ئه‌و بێت، مهعرهزچییهكه كڕیاره‌كه ده‌باته پێشانگایه‌كی دیكه‌ی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل، ئه‌گه‌ر مهعرهزچییهكهی ئه‌و پێشانگایه ئه‌و مهعرهزچییهی دیكه بناسێت كاره‌كه بۆ زیاد وه‌رگرتنی پاره ئاسانه، خۆ ئه‌گه‌ر دوو مهعرهزچییهكه كه‌سیان یه‌ك نه‌ناسن، ئه‌وا ئه‌وه‌ی هاتووه ئۆتۆمبێل بكڕێت به چه‌ند ئاماژه‌یه‌ك تێیده‌گه‌یه‌نێت ئه‌میش هاوپیشه‌ی ئه‌وه، یاخود وه‌ك سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌ر وتی ده‌سته‌واژه‌یه‌ك به‌كارده‌هێندرێت ئه‌ویش (چۆله‌كه‌كانی لای ماڵی ئێوه چۆنن؟)كه چۆله‌كه‌ش به‌واتای (گه‌ڵا، ١٠٠ دۆلار) دێت، واتا له‌و مامه‌ڵه‌یه‌دا گه‌ڵایه‌ك یان زیاترم ده‌وێت، واته كاتێك كڕیارێك گوێی له‌و ده‌سته‌واژه‌یه ده‌بێت ڕه‌نگه وه‌ك بابه‌تێك بۆ پێكه‌نین ته‌ماشای بكات، به‌ڵام نازانێت پاش كه‌مێكی دیكه ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه چه‌ند له‌سه‌ر گیرفانی ئه‌و ده‌كه‌وێت.
یاخود مهعرهزچییهك له‌كاتی مامه‌ڵه‌ی كڕینی ئۆتۆمبێل بۆكه‌سێك، سێ په‌نجه به ڕیشیدا ده‌هێنێت و ده‌یه‌وێت به مهعرهزچییهكهی دیكه‌ی نیشانبدات، كه ٣٠٠ دۆلاری بۆ من تێدایه.
به‌شێك له مهعرهزچییهكان له‌گه‌ڵ ئه‌و پێشانگایانه ڕێككه‌وتوون به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی به چاو پشكنین بۆ ئۆتۆمبێل ده‌كه‌ن
به‌ده‌ر له مامه‌ڵه‌كردن به‌شێوه‌یه‌كی فێڵاوی، هه‌ندێك له ئۆتۆمبێله‌كان كێشه‌ی یاسایی یاخود میكانیكییان هه‌یه، بۆ نمونه كه‌سێك كه ئۆتۆمبێلێك به‌تابلۆی ژماره (٤٠ هه‌زار)ی سلێمانی ده‌كڕێت، له‌زاری مهعرهزچییهكهوه پێیده‌گوترێت ئۆتۆمبێله‌كه‌ت تابلۆی سلێمانییه‌و هیچ كێشه‌یه‌كی نییه، به‌ڵام ئه‌وه فێڵێكی دیكه‌یه، چونكه ئه‌و ژمارانه دوای پڕۆسه‌ی ئازادكردنی عێراق درا به زۆرێك له ئۆتۆمبێله بێ سه‌ره‌تاكان و ئێستا لهبهڕێوهبهراییهكانی هاتووچۆی هه‌رێم كاری پێناكرێت، چونكه هێشتا ژماره‌ی تابلۆ نه‌گه‌یشتووه‌ته سێ هه‌زار، ئه‌مه‌ش ته‌نها بۆ ئۆتۆمبێلی تایبه‌ت دهبێتو تهكسیو بارهه‌ڵگره‌كان ناگرێته‌وه، ئه‌گه‌ر به‌و ژماره‌ی تابلۆیه‌وه ئۆتۆمبێله‌كه‌ت ببه‌یته كه‌ركوك و ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی عێراق، ئۆتۆمبێله‌كه‌ت ده‌ستی به‌سه‌ردا ده‌گیرێت.
زۆرن ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ی له ڕووداوه قورسه‌كاندا بڕاونه‌ته‌وه، دواتر ئه‌و ئۆتۆمبێله به‌شێوازێكی ورد‌و به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێبكرێت لهحیمكراوهتهوه، كه‌سێكیش كه له‌ژێر فشاری مهعرهزچییهكدا ئۆتۆمبێلێك ده‌كڕێت و پشكنینی بۆ ناكات، دواتر كاتێك ئۆتۆمبێله‌كه‌ی ده‌فرۆشێته‌وه به كه‌سێكی دیكه و ئه‌و كه‌سه پشكنینی بۆ ده‌كات، ئینجا كه‌سی یه‌كه‌م ده‌زانێت چ كاره‌ساتێكی بۆخۆی دروستكردووه، چونكه ئۆتۆمبێله‌كه‌ی بڕاوه‌ته‌وه و ئه‌وه‌ش نزیكه‌ی یه‌ك له‌سه‌ر سێی نرخی ئۆتۆمبێله‌كه‌ی داده‌به‌زێنێت.
پاره‌یه‌كی دیكه قوتده‌بێته‌وه، ئه‌ویش پاره‌ی گرێبه‌ستی پێشانگای ئۆتۆمبێله
هه‌رچه‌نده ئێستا تاقیگه‌ی پشكنین بۆ ئۆتۆمبێل دانراوه بۆئه‌وه‌ی كه‌سێك به‌ر له‌وه‌ی ئۆتۆمبێله‌كه‌ی بكڕێت، له‌وێ پشكنینی ته‌واو بۆ گێڕ، مه‌كینه و بۆیاخه‌كه‌ی بكات، به‌ڵام به‌شێك له مهعرهزچییهكان له‌گه‌ڵ ئه‌و پێشانگایانه ڕێككه‌وتوون به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی به چاو پشكنین بۆ ئۆتۆمبێل ده‌كه‌ن، بۆئه‌وه‌ی ئۆتۆمبێله‌كه له فلته‌ری ئه‌وان ده‌ربچێت.
كاتێك كه‌سێك مامه‌ڵه‌ی كڕینی ئۆتۆمبێله‌كه‌ی ده‌گاته كۆتایی پاره‌یه‌كی دیكه قوتده‌بێته‌وه، ئه‌ویش پاره‌ی گرێبه‌ستی پێشانگای ئۆتۆمبێله، گرێبه‌ستێك كه هه‌ندێكیان له‌ڕووی یاساییه‌وه هیچ پابه‌ندبوونێكی نییه، له‌ڕووی ماددیشه‌وه لهپێشانگهیهكهوه بۆ یه‌كێكی دیكه ده‌گۆڕێت، له ١٠ هه‌زار دیناره‌وه ده‌ستپێده‌كات و هه‌ندێكیان ده‌گاته ١٠٠ یاخود ٢٠٠ دۆلار بۆ گرێبه‌ستی یه‌ك ئۆتۆمبێل، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی به(١٠) هه‌زار دینار ده‌كرێن، لهپێشانگاكان به‌گرێبه‌ستی دەرەکی ناسێندراونو پێشانگا له‌هه‌ر كه‌موكوڕییه‌ك به‌رپرسیار نییه.
سوێند خواردن به‌خودا، ئاین و پیرۆزییه‌كان، ته‌نات ته‌ڵاقخواردن یه‌كێكه لهسهمهرهترین ئه‌و شتانه‌ی كاتێك ڕێتدهكهوێته لای به‌شێك له مهعرهزچییهكان گوێبیستی ده‌بیت، رۆژانه به‌سه‌دان‌و هه‌زاران سوێندو ته‌ڵاق له‌كاتی كڕین‌و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلدا ده‌خورێت، له‌رووی دینه‌وه مامۆستایانی ئاینی هۆشداریی توند ده‌ده‌نه هه‌ردوو لایه‌نی بابه‌ته‌كه، هه‌م كڕیار هه‌م فرۆشیار.
ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌ی بەسوێند بێت سه‌رتاپای حه‌رام ده‌رده‌چێت
مامۆستا عه‌تا پێنجوێنی، سه‌رۆكی لقی سلێمانی یه‌كێتی زانایانی ئاینی كوردستان بۆ په‌یسه‌ر باسی له‌وه‌كرد، ئه‌مڕۆ به‌داخه‌وه پرسی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل به‌وشێوه‌یه له‌هه‌رێمی كوردستاندا بوه‌ته كێشه‌یه‌كی گه‌وره، كه خه‌ڵكانێك له‌سه‌ر بنه‌مای سوێند ده‌یانه‌وێت كاڵاكه‌یان ساغبكه‌نه‌وه، به‌شێوه‌یه‌ك وه‌سفی ده‌كه‌ن كه له‌بنه‌ڕه‌تدا ئه‌و وه‌سف و تایبه‌تمه‌ندییانه لهكاڵاكهدا نییه، به‌ڵام خودا و دین بۆ قایلكردنی به‌رامبه‌ره‌كه‌ی به‌كارده‌هێنێت.
مامۆستا عه‌تا ساغكردنه‌وه‌ی كاڵاكان به زه‌بری سوێند به‌سه‌ر كڕیاردا جگه له‌وه‌ی سوێنده‌كه وه‌ك كه‌وتوو هه‌ژمارده‌كات، هاوكات ده‌شڵێت، ئه‌و مامه‌ڵه‌یه سه‌رتاپای "حه‌رام" ده‌رده‌چێت."ئینسانێك بگاته ئه‌و ئاسته‌ی شه‌ریكه ژیانه‌كه‌ی بكاته كاڵایه‌ك بۆ ساغكردنه‌وه‌ی مامه‌ڵه‌یه‌ك، چونكه ته‌ڵاق لهبنهڕهتداو له‌فیقهی ئیسلامی‌دا بۆ ئه‌وه نه‌كراوه له‌مامه‌ڵه‌ی بازرگانیدا به‌كاربهێنێت، بۆیه هه‌ركه‌سێك چووه مامهڵهیهكهوه كه ته‌ڵاقی تێكه‌وت، باشتره ئه‌و كه‌سه ڕاسته‌وخۆ له‌نێو مامه‌ڵه‌كه‌دا بكشێته‌وه".