ڕاپۆرتی کوردستانی

06:55 - 19/09/2019

یه‌كێتى قبوڵى ده‌كات؟‌

پەیسەر

به‌ڕێگرى له‌چوونى مه‌حمود سه‌نگاوى ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى بۆ هه‌ولێر، جارێكى دیكه‌ ره‌نگى سنوورى شه‌ڕى ناوخۆ تۆخكرایه‌وه‌. رێگرى له‌ سه‌نگاوى نوێ نییه‌، پارتى ناوبه‌ناو له‌گه‌ڵ قوتبوونه‌وه‌ى هه‌ر ململانێیه‌ك، به‌رێگرى له‌ بازگه‌كانى سزاى نه‌یاره‌ سیاسییه‌كان ده‌دات، پێده‌چێت ئه‌مه‌ ئیتر ببێته‌ نه‌ریت، به‌پێى میدیا سێبه‌رو نزیكه‌كانى یه‌كێتى، ئه‌و  حزبه‌ش دواى رێگرى له‌ سه‌نگاوى، بڕیارێكى له‌وجۆره‌ى هه‌یه‌و ده‌یه‌وێت رێگه‌نه‌دات به‌رپرسانى پارتى سنوورى سلێمانى تێبپه‌ڕێنن. یەکێتی دەڵێت قبوڵی ناکات.

له‌یوسف محه‌مه‌ده‌وه‌ بۆ سه‌نگاوى
پارتى له‌هه‌مان بازگه‌ چوارساڵ پێش ئێستا رێگه‌ى نه‌دا یوسف محه‌مه‌د سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان بگه‌ڕێته‌وه‌ هه‌ولێر، به‌هۆى هه‌ڵوێسته‌كانى سه‌رۆكى په‌رله‌مان و ئاماده‌نه‌بوونى به‌ درێژكردنه‌وه‌ ویلایه‌تى مه‌سعود بارزانى، به‌هۆى ئه‌وه‌ى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان هێزێكى بێچه‌كى مه‌ده‌نى بوو، چاوه‌ڕێى دروستبوونى پێکدادان و گرژى زیاترنه‌كرا، ته‌نانه‌ت ناوبه‌ناو ئه‌مه‌ وه‌ك خاڵى لاوازى بزوتنه‌وه‌كه‌ به‌روویدا ده‌درایه‌وه‌ كه‌ له‌دێگه‌ڵه‌ رێگه‌یان نه‌داوه‌و سه‌رۆكى په‌رله‌مانیان گێڕاوه‌ته‌وه‌. ئه‌گه‌رچى پارتى پێشتر به‌رامبه‌ر كۆسره‌ت ره‌سوڵ هه‌مان رێوشوێنى گرتبووه‌به‌ر. ئه‌مجاره‌ش رێگرییه‌كه‌ به‌رامبه‌ر مه‌حمود سه‌نگاوى كه‌ به‌رپرسێكى سه‌ربازیى یه‌كێتی-یه‌و قسه‌ى توند له‌سه‌ر یه‌كێتى ده‌كات كراوه‌.

پێناچێت یه‌كێتى ئاماده‌ى كردنه‌وه‌ى به‌ره‌یه‌كى شه‌ڕى سیاسى بێت

یه‌كێتى چى ده‌كات
گوته‌بێژى یه‌كێتى دواى رووداوه‌كه‌ رایگه‌یاند، ئه‌و كاره‌ به‌كارێكی دوور له‌نه‌ریتی پێكه‌وه‌ژیان له‌هه‌رێمی كوردستان ده‌زانن و جێی قبوڵ نیه‌. گوتیشی: پێویسته‌ لایه‌نه‌كانی دیكه‌ش هه‌ڵوێستیان هه‌بێت و رێگه‌نه‌ده‌ن هیچ لایه‌نێك هه‌ولێر بۆ خۆی قۆرخ بكات، چونكه‌ هه‌ولێر پایته‌ختی كوردستانه‌و هی هه‌موانه‌."ئه‌و عه‌قڵیه‌ته‌ی ده‌یه‌وێت كوردستان دابه‌شبكات و قۆرخی پایته‌خت بكات، لای یه‌كێتی قابیلی قبوڵ نیه‌، چونكه‌ به‌پێی ئه‌و رێككه‌وتانه‌ی له‌نێوانماندا هه‌یه‌ قبوڵكراو نیه‌".

ماڵى تاڵه‌بانى نێوانیان له‌گه‌ڵ مه‌حمود سه‌نگاوى زۆر خۆش نییه‌

میدیاكانى نزیك له‌یه‌كێتى نه‌ك میدیاى فه‌رمى ئه‌وه‌یان بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ یه‌كێتى به‌نیازه‌ هه‌مان رێكار به‌رامبه‌ر به‌رپرسه‌كانى پارتى بگرێته‌به‌ر، به‌ڵام ئه‌و رێكارانه‌ له‌رووى واقعییه‌وه‌ كاریگه‌رى كه‌مه‌و پێشتریش به‌یانكردنى پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ى ئه‌و هه‌نگاوه‌یه‌، كۆنگره‌ ناوخۆى یه‌كێتى شێلاوه‌و به‌رپرسه‌كانى حزبەکە به‌چڕوپڕى سه‌رگه‌رمى باسوخواسى كۆنگره‌ن، ره‌نگه‌ بابه‌تى كۆنگره‌ هۆكاربێت بۆئه‌وه‌ى باڵه‌كانى یه‌كێتى گرنگى زیاتر به‌م بابه‌ته‌ بده‌ن و بیكه‌ن بە كه‌ره‌سته‌ى بانگه‌شه‌ى كۆنگره‌، به‌ڵام له‌ناواخندا لینكى باڵ و گروپه‌كانى یه‌كێتى به‌پارتی-یه‌وه‌و پێگه‌ى لاوازى سه‌نگاوى له‌نێو حزبه‌كه‌یدا، پێده‌چێت وابكات ئه‌و رووداوه‌ش وا به‌سانایى تێپه‌ڕێت و ببێت به‌مێژوو. پێناچێت یه‌كێتى ئاماده‌ى كردنه‌وه‌ى به‌ره‌یه‌كى شه‌ڕى سیاسى بێت.

كۆسره‌ت ره‌سوڵ نێوانی لەگەڵ پارتی ناشێوێنێت

گوته‌بێژى یه‌كێتى داواى هه‌ڵوێستى له‌ لایه‌نەكانى دیكه‌كرد، به‌َڵام یه‌كێتى دۆستى كه‌مى بۆماوه‌ته‌وه‌و پارتى دانه‌دانه‌ خۆى له‌لایه‌كان نزیك كردووه‌ته‌وه‌، پێناچێت لایه‌نه‌كان هه‌ڵوێستى لایه‌ندارانه‌یان هه‌بێت له‌وبابه‌ته‌.

به‌پێى دۆخى ناوخۆى یه‌كێتى بێت، كۆسره‌ت ره‌سوڵ به‌و نزیكى و په‌یوه‌ندییه‌ى له‌گه‌ڵ پارتى هه‌یه‌تى، پێناچێت له‌سه‌ر رێگرى له‌چوونى سه‌نگاوى ئاماده‌ى شێواندنى هه‌موو ئه‌وه‌بێت كه‌له‌گه‌ڵ پارتى هه‌یه‌تى، له‌به‌رامبه‌ریشدا ماڵى تاڵه‌بانى نێوانیان له‌گه‌ڵ مه‌حمود سه‌نگاوى زۆر خۆش نییه‌، سه‌نگاوى پێشتر به‌ به‌رچاوى میدیاكانه‌وه‌ قسه‌ى توندى به‌رامبه‌ر قوباد تاڵه‌بانى و شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د كردووه‌، چه‌ند جارێكیش به‌راشكاوى باسى له‌ وه‌سێتێكى مام جه‌لال كردووه‌ كه‌ گوتویه‌تى، دواى خۆى ته‌نها به‌رهه‌م ساڵح ده‌توانێت شوێنى پڕبكاته‌وه‌، ئه‌مه‌ش ماڵى تاڵه‌بانى زۆرتر نیگه‌ران ده‌كرد. ئه‌و له‌دوایین یارییه‌كانى نێو حزبه‌كه‌ى خۆى و كوڕه‌كه‌شى له‌ كاندیدیى بۆ پۆستى وه‌زیر ناچار به‌كشانه‌وه‌ كران و بۆپۆستى فه‌رمانده‌ى هێزه‌كانى ٧٠ش ماڵى تاڵه‌بانى یارییه‌كه‌یان لێتێكدا و مسته‌فا چاوه‌ڕه‌شیان دیاریكرد، سەنگاوی لەگەڵ لاهور شێخ جەنگیش نێوانی خۆش نییە، ماوەیەکی زۆر رێگەی نەدا بەرپرسێکی ئاسایش لە سنورەکەی دەستبەکاربێت کە لەباڵی ماڵی تاڵەبانی بوو لەشوێنی کەسێک لەباڵەکەی سەنگاوی دانرا. بۆیه‌ش پێناچێت ماڵى تاڵه‌بانى له‌سه‌ر سه‌نگاوى له‌گه‌ڵ پارتى بیگه‌یه‌ننه‌ مریشكه‌ ره‌شه‌. 

به‌رهه‌م ساڵح به‌هه‌ڵوێسته‌ نه‌رمه‌كانى ناسراوه‌و پیاوێكى بێ دڕكه‌

قوباد تاڵه‌بانى یه‌كێك له‌وكه‌سانه‌ى كه‌پێشتر به‌ر ره‌خنه‌تونده‌كانى سه‌نگاوى كه‌وتووه‌، ئێستاش سه‌رۆكى تیمى یه‌كێتى-یه‌ له‌ حكومه‌ت. پێشر قوباد تاڵه‌بانى، سه‌نگاوى به‌"چه‌ته‌و رۆژنامه‌نوسكوژ و رێگر"وه‌سفكرد، له‌كاردانه‌وه‌ى ئه‌وه‌ى سه‌نگاوى پێى گوتبوو "جانتاهه‌ڵگره‌و لاوازه‌".

هه‌رچى سه‌باره‌ت به‌ به‌رهه‌م ساڵح-ه‌ كه‌ دۆستى نزیكى مه‌حمود سه‌نگاوییه‌، ئه‌و به‌هه‌ڵوێسته‌ نه‌رمه‌كانى ناسراوه‌و پیاوێكى بێ دڕكه‌، ئێستا له‌هه‌ولێره‌و دوێنێ بۆ دووه‌م جار مه‌سعود بارزانى بینى له‌دواى بوونى به‌سه‌رۆك كۆمار، ئه‌و كه‌ئێستا سه‌رپه‌رشتى باڵێك ده‌كات له‌ نێو یه‌كێتى، پێناچێت هه‌رگیز ئاماده‌ى هه‌ڵوێست و كاردانه‌وه‌ بێت به‌رامبه‌ر پارتى سه‌باره‌ت به‌و رووداوه‌.

مه‌لابه‌ختیار له‌ به‌رپرسه‌ نزیكه‌كانى پارتییه‌ له‌دۆسته‌كانى سه‌نگاویش نییه‌

هه‌رچى سه‌باره‌ت بە مه‌لابه‌ختیاره‌ كه‌ وه‌ك سه‌رپه‌رشتیارى باڵێك له‌نێو یه‌كێتى مامه‌ڵه‌ ده‌كات و ئێستا له‌گه‌ڵ ماڵى تاڵه‌بانى ته‌بایه‌، له‌ به‌رپرسه‌ نزیكه‌كانى پارتی-یه‌و هه‌رگیز قسه‌و هه‌ڵوێستى توندى به‌رامبه‌ر پارتى نه‌بووه‌، له‌دۆسته‌كانى سه‌نگاویش نییه‌و جاروبار له‌ میدیاكانیشه‌وه‌ ده‌میان تێكگیراوه‌و قسه‌یان له‌سه‌ر یه‌ك كردووه‌. ده‌مێنێته‌وه‌ سه‌ر ئاستى كه‌سه‌كان و هه‌ڵوێستیى كه‌سى له‌نێو یه‌كێتى وه‌ك هاوسۆزى و پشتیوانیى، ئه‌گه‌رنا له‌ودۆخه‌دا كه‌ یه‌كێتى به‌سه‌ر چه‌ند باڵێكدا به‌رژەوه‌ندییه‌كانى دابه‌شبووه‌و هه‌ر باڵه‌و له‌ توله‌رێیه‌كه‌وه‌ له‌گه‌ڵ پارتى به‌رژه‌وه‌ندى گرێداوه‌، ئاسان نییه‌ هه‌ڵوێستى به‌كۆمه‌ڵ و كاردانه‌وه‌یان هه‌بێت.

هاوبه‌شى و حكومى چه‌ك
ئه‌و هه‌نگاوانەى یه‌كێتى و پارتى وه‌ك كارتى گوشار به‌رامبه‌ر یه‌ك به‌كاریده‌هێنن، گوتارى سیاسى خۆیانى پێ ئاڕاسته‌ ده‌كه‌ن، له‌وهێزو چه‌كه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ى گرتووه‌ كه‌هه‌یانه‌، له‌كاتێكدا چه‌ند رێككه‌وتنێك له‌نێوان ئه‌و دوو حزبه‌ هه‌یه‌ و هاوبه‌شى ده‌سه‌ڵاتن، به‌ڵام هێشتاش ده‌ستیان له‌سه‌ر په‌له‌پیتكه‌ى چه‌كه‌كانیان لانه‌بردووه‌ دژى یه‌ك، له‌هه‌ركات و شوێنێك بیانه‌وێت به‌كاریده‌هێنن و فشارى پێ درووست ده‌كه‌ن. هاوبه‌شى و رێككه‌وتنه‌كان دروستكردنى حكومه‌ت و په‌رله‌مان واى له‌و دووهێزه‌ نه‌كردووه‌ ده‌ستبه‌ردارى بیرۆكه‌ى هێز ببن و چه‌ك و هێز بۆ حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵات جێبهێڵن.

رووداوى رێگرى له‌سه‌نگاوى هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ چه‌ندین كێشه‌ى ئاڵۆزى دیكه‌ له‌نێوان یه‌كێتى و پارتیدا، دانه‌نانى پارێزگارى كه‌ركوك، بێده‌سه‌ڵاتكردنى قوباد تاڵه‌بانى، پۆسته‌كان، ناكۆكى له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن له‌كه‌ركوك، جیاوازى بۆچوون سه‌باره‌ت به‌رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا، په‌كخستنى ئیداره‌ى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌، راگرتنى كۆبوونه‌وه‌ى نێوان یه‌كێتى و پارتى و نیگه‌رانى پارتى له‌سه‌ردانى بافڵ تاڵه‌بانى بۆ به‌غدا و چه‌ندین جیاوازى دیكه‌، تا ئێستا یه‌كێتى به‌رامبه‌ر ئه‌و گرفتانه‌ چاوه‌ڕوانى هه‌ڵبژاردووه‌، بۆئه‌مه‌ى سه‌نگاویش به‌پێى نه‌خشه‌ى باڵه‌كان بێت كاردانه‌وه‌ى توند گریمانه‌ى نزیك نییه‌، به‌ڵام ته‌قینه‌وه‌ى هه‌موو كێشه‌ په‌نگخواردووه‌كان به‌دۆسیه‌ى رێگرى له‌سه‌نگاویدا گریمانه‌یه‌كى مه‌حاڵ نییه‌، ئه‌گه‌ر ده‌رگاى گفتوگۆ هەروا كڵۆمدراوبێت.