ڕاپۆرتی کوردستانی

02:01 - 19/09/2019

بە نوری مالیکی و پارتی و یەکێتییەوە نەوتی کەرکوک بە تاڵان دەبەن‌

پەیسەر

بەهۆی هەڵا و زەنای پۆستی پارێزگار و پەکخستنی ئەنجومەنی پارێزگاوە، نەوتی کەرکوک تاڵان و تەخشان و پەخشان دەکرێت بەسەر کۆمپانیاکانی حزب و سەرکردە کورد و عێراقییەکانداو بە تاڵانبردنی ئەم سامانە نیشتمانییە بووە بەژێری ژێرەوە.

لە بەدواداچوونێکی پەیسەردا، دەرکەوتووە چەندین رێکەوتنی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ و چاوپۆشی لە یەکتر هەیە لەنێوان سەرکردە عێراقییەکان و هەرێمی کوردستاندا بۆ چنینەوە قازانجی نەوتی ئەم شارە.

٢٠٠ پاڵاوگەی نایاسایی لە هەرێم کە هەن، نەوتی دزراوی موسڵ و کەرکوک دەپاڵێون

بەگوێرەی لێدوانی پەرلەمانتاری کورد غالب محەمەد لە پەرلەمانی عێراق، وەزارەتی نەوتی عێراق وتوویەتی: ئێستا لە کەرکوک رۆژانە ٣٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنرێت. غالب دەڵێت: بەڵام لە هیچکام لە پرۆسەکانی دەرهێنان و گواستنەوە و داهاتەکەیدا شەفاف نییە. 

تاڵانی لەناو ژمارەکاندا
چەند سەرچاوەیەک و به‌رپرسێكی باڵای كورد له‌ كه‌ركوك كه‌ نه‌یویست ناوه‌كه‌ی ئاشكرا بكرێت، هەموو ئەو زانیارییانەیان پشتڕاستکردەوە کە دراونەتە پەیسەر. بۆیە ئەم ژمارانە نە تۆمەتە و نە بوختیان کە بۆ سەرکردە و حزبی خاوەن کۆمپانیای دەوڵەمەند هەڵبەسترابن.

بەگوێرەی  رێكه‌وتنێك كه‌ مێژووه‌كه‌ی بۆ ساڵی 2017 و دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه لەنێوان بەرپرسانی حکومەتی عێراق و یەکێتی  وپارتیدا کراوە،‌ رۆژانە 50 هه‌زار به‌رمیل نەوتی کەرکوک بدرێته‌ پاڵاوگه‌ی كه‌ركوك و 30 هه‌زار به‌رمیل بۆ پاڵاوگەی بێجی و 20 هه‌زار به‌رمیلیش بۆ به‌غداد بنێردرێت.

بەگوێرەی رێکەوتنێك کە دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر ئیمزا کراوە، نەوتی کەرکوک بەسەر چەند کۆمپانیایەکدا دابەشکراوە

بۆ هەرێمی کوردستانیش 30 هه‌زار به‌رمیل بۆ پاڵاوگه‌ی قه‌یوان له‌ بازیان- سەر بە پارێزگای سلێمانی و 100 هه‌زار به‌رمیل بۆ پاڵاوگه‌ی كار له‌ كه‌ڵه‌ك – سەر بە پارێزگای  ره‌وانه‌ بكرێت. ئه‌و نەوته‌ی کە ده‌مایه‌وه‌ به ‌تانکەر ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی وڵات بکرێت.
ئه‌و رێكه‌وتنه‌ له‌ ساڵی 2018 شدا كاری پێكراوه‌ و ته‌واوی پرۆسه‌كه‌ش به ‌ئاگاداری كۆمپانیای نه‌وتی باكوور بووه کە سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراقە.

ئەو رێکەوتن و تەخشان و پەخشانەی نەوت بۆ پاڵاوگە حزبییەکان، هیچ شەفافیەێکی تێدا نییە و نەبووە، چونکە دەبوو پرۆسه‌ی دەرهێنان و هه‌ناردنی، له‌ژێر چاودێری ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك و چاودێری دارایی و ده‌سته‌ی ده‌ستپاكیدا بوایە. بەڵام هیچکام لەو دامەزراوانە چالاک و دەسکراوە نین بۆ چاودێری پرۆسەیەکی ئاوا گرنگ و هەستیار.

بژێوی ملیشیا و حزب
سه‌باره‌ت به‌و قسانەی دەکرێن کە ئه‌و نه‌وته‌ی تەخشان و پەخشان دەکرێت بۆته‌ سه‌رچاوه‌ی داهات بۆ میلیشیا شیعه‌كان، ئه‌و به‌رپرسه‌ باڵایه‌ی كورد بۆ پەیسەر ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد " زۆرینه‌ی نه‌وتی كه‌ركوك له‌رێگه‌ی تانکەره‌وه‌ ده‌روات، بۆ نموونه‌ 20 هه‌زار به‌رمیله‌كه‌ی به‌غدا و 30 هه‌زار به‌رمیله‌كه‌ی قه‌یوان و 100 هه‌زار به‌رمیله‌كه‌ی كار به ‌تانکەر ده‌گوازرێنەوە. ته‌نیا بۆ پاڵاوگه‌ی بێجی به‌بۆری ده‌روات، بۆیه‌ نازانرێت كامه‌ تانكه‌ر‌ بۆ ناوخۆیه‌وه‌ كامه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی عێراقه‌. کاتێ چاودێری جدی نەبێ، دەبێت چاوەڕێی گەندەڵی لە رادەبەدەر بکرێت لە سامانێکی ئاوا پڕ لە دەستکەوت"
به‌پێی زانیاریه‌كانی په‌یسه‌رپرێس به‌شێكی نه‌وتی كه‌ركوك له‌رێگه‌ی تانکەره‌وه‌ له‌ ده‌روازه‌ی په‌روێزخانه‌وه‌ ره‌وانه‌ی ئێران ده‌كرێت و له‌وێوه‌ ره‌وانه‌ی وڵاتی سێیه‌م ده‌كرێت و داهاته‌كه‌شی ناچێته‌ خه‌زێنه‌ی گشتی حكومه‌تی عێراقه‌وه‌.

دەبوو پرۆسه‌ی دەرهێنان و هه‌ناردنی نەوت، له‌ژێر چاودێری ئه‌نجومه‌نی پارێزگا و چاودێری دارایی و ده‌سته‌ی ده‌ستپاكیدا بوایە

به‌پێی به‌دواداچوونه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس به‌شێك له‌نه‌وتی كێڵگه‌یه‌كی ئاڤانا هێشتا له‌به‌رده‌ستی حزبێكی ده‌سه‌ڵاتداری هه‌رێمدایه‌، و گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی كه‌ركوكیش له‌نێوان سێ كۆمپانیا بۆ ده‌ره‌وه‌ قۆرخكراوه.‌ كه‌ ئەوانیش كۆمپانیای به‌شائیرولخەیره‌ كه‌ كۆمپانیایه‌كی عێراقیی و نزیک له‌ نوری مالیكی سه‌رۆكوه‌زیرانی پێشووی عێراق‌، و كۆمپانیای قه‌یوان كه‌ له ‌یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانه‌وه‌ نزیكه‌ لەگەڵ كۆمپانیای سورگاز كه‌ له‌ به‌رپرسێكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ نزیكه‌.

نه‌وتی هه‌نارده‌كراویش بە تانکەر‌ له‌رێگه‌ی ده‌روازه‌ی مونزیریه‌وە‌‌ لە خانەقین، ره‌وانه‌ی ئێران ده‌كرێت. ئەمە لە کاتێکدایە‌ به‌رپرسانی هه‌رێم و به‌غدا دڵنیاییان داوه‌ته‌ ویلایه‌ته‌یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا كه‌ له‌مانگی ئایاری ساڵی رابردووه‌وه‌ هه‌نارده‌ی نه‌وتیان له‌رێگه‌ی تانکەره‌وه‌ بۆ ئێران راگرتووه‌.

به‌پێی به‌دواداوچوونه‌كه‌ی په‌یسه‌ر به‌شێكی زۆری خه‌رجی و داهاتی گروپه‌ میلیشیا شیعیه‌كانی نزیك له‌ئێران له‌هه‌نارده‌ و فرۆشتنی نه‌وتی كه‌ركوك دابین ده‌كرێت و حكومه‌تی به‌غداد چاوپۆشی لەمە كردووه. هەروەها‌ و یه‌كێتی و پارتیش هاوكاریان ده‌كه‌ن. ئه‌مریكییەکان له‌و هه‌نگاوه‌ نیگه‌رانن‌ و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش نێوه‌ندگیری له‌نێوان هه‌رێم و به‌غداد كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی كه‌ركوك له‌رێگه‌ی بۆری نه‌وتی كوردستانه‌وه‌ هه‌نارده‌ی به‌نده‌ری نه‌وتی جه‌یهان له‌توركیا بكرێت تا سه‌رچاوه‌ی پاره‌داركردنی میلیشیا شیعه‌كان وشك بكات.

رۆژانە 30هه‌زار به‌رمیل بۆ پاڵاوگه‌ی قه‌یوان و 100 هه‌زار به‌رمیل بۆ پاڵاوگه‌ی كار ره‌وانه‌دەكرێت

ئه‌گه‌رچی له‌ 5ی تشرینی دووه‌می ساڵی 2018 وه‌ هه‌نارده‌ی نه‌وتی كه‌ركوك له‌رێگه‌ی بۆری نه‌وتی كوردستان به‌ تێكرای 50 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ده‌ستیپێكرد، به‌ڵام بڕیار بوو ئه‌و بڕه‌ زیاد بكرێت كه‌چی تائێستا له‌ باشترین دۆخدا 100 هه‌زار به‌رمیلی تێنه‌په‌ڕاندووه‌ له‌كاتێكدا به‌رهه‌می نه‌وتی كه‌ركوك زیاتر له‌ 300 هه‌زار به‌رمیله‌ و ده‌تواندرێت ته‌واوی ئه‌و بره‌نه‌وته‌ش له‌رێگه‌ی بۆری نه‌وتی كوردستانه‌وه‌ هه‌نارده‌ بكرێت.

قوفڵەکەی لای خۆیانە
د.غالب محه‌مه‌د ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق لەسەر فراکسیۆنی گۆڕان، لەمبارەیەوە به ‌په‌یسه‌ری راگه‌یاند: نووسراوی بۆ وه‌زیری نه‌وتی عێراق كردووه‌ سەبارەت بە نه‌وتی كه‌ركوك،لە وەڵامدا وەزارەت ئاشکرایکردووە به ‌نزیكەیی  رۆژانە 325هه‌زار به‌رمیل  له‌ كه‌ركوك به‌رهه‌م ده‌هێنرێت. به‌ڵام ئاماژه‌ی به‌وه‌ نه‌كردووه‌ كه‌ ئه‌و نه‌وته‌ی به‌رهه‌م ده‌هێنرێت بۆچی به‌كارده‌هێنرێت.

د. غالب گوتی:" نزیكه‌ی 100 هه‌زار به‌رمیلێكی له‌رێگه‌ی بۆری نه‌وتی كوردستانه‌وه‌ هه‌نارده‌ ده‌كه‌ن بۆ توركیا و 20 هه‌زار به‌رمیلیش له‌ژێر كۆنترۆڵی كۆمپانیای كاردایه‌ و 20 بیره‌ نه‌وته‌ و قوفڵه‌كه‌ی له‌ده‌ستی كۆمپانیای كاردایه‌. هه‌ر كه‌سێكیش قوفڵی ئه‌و 20 بیره‌ی لابێ، ده‌توانێ هه‌نارده‌ی بكات. نازانرێت ئه‌و 20 هه‌زار به‌رمیله‌ی له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌ یان كۆمپانیای كار یان حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ هه‌نارده‌ ده‌كرێت، و به‌شێكیش ره‌وانه‌ی پاڵاوگه‌كان ده‌كرێت و به‌شێكیشی به‌قاچاخ ده‌فرۆشرێت. ته‌واوی ئه‌و نه‌وته‌ی به‌قاچاخ ده‌فرۆشرێت له‌رێگه‌ی كوردستانه‌وه‌ هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ ده‌كرێت، چونكه‌ رێگه‌ی تری نییه‌".

ژماره‌یه‌ك كۆگای نایاسایی بۆ عه‌مباركردنی نه‌وتی خاوی قاچاخ له‌هه‌رێم دروستكراون

به‌ وته‌ی ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، نه‌وتی كه‌ركوك رۆژانه‌ به‌شێكی كه‌ نزیكه‌ی 20 هه‌زار به‌رمیله‌، ده‌ڕوات بۆ ئوردن له‌رێگه‌ی تانکەره‌وه‌ و به‌شه‌كه‌ی تری له‌رێگه‌ی بۆری نه‌وتی كوردستانه‌وه‌ ده‌ڕوات بۆ به‌نده‌ری جه‌یهان و به‌شه‌كه‌ی تری ده‌دزرێت.

بەگوێرەی ئەو ئامارەبێ کە دەوترێ ٢٠٠ پاڵاوگەی نایاسایی لە هەرێمدا هەن، په‌یسه‌ر زانیویه‌تی ته‌واوی ئه‌و نه‌وته‌ی له‌لایه‌ن پاڵاوگه‌ نایاساییه‌كانه‌وه‌ به‌كارده‌هێنرێن، سه‌رچاوه‌كه‌ی نه‌وتی خاوی كه‌ركوك و موسڵه‌ کە لەلایەن میلیشیاکانی شیعەوە بە قاچاخ دەستیان دەکەوێت. به‌وپێیه‌ی ئه‌و پاڵاوگانه‌ بوونه‌ سه‌رچاوه‌ی سپیكردنه‌وه‌ی نه‌وتی قاچاخ، و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ژماره‌یه‌ك كۆگای نایاسایی بۆ عه‌مباركردنی نه‌وتی خاوی قاچاخ له‌هه‌رێم دروستكراون یه‌كێك له‌و پاڵاوگانه‌ له‌نزیك سلێمانییه‌ و ئه‌وی تریان له‌ گه‌رمیانه‌ و به‌دیاریكراویش له‌ كفریه‌.

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ده‌وترێت دوای سزاكانی ئه‌مریكا له‌ساڵی رابردوو هه‌نارده‌ی نه‌وت له‌رێگه‌ی تانکەره‌وه‌ بۆ ئێران وه‌ستاوه‌، د.غالب محه‌مه‌د دەڵێت: هه‌نارده‌ی نه‌وت بۆ ئێران له‌رێگه‌ی تانکەره‌وه‌ نه‌وه‌ستاوه‌ و گاڵته‌جاری و فێڵی گه‌وره‌ی تێدا ده‌كرێت. به ‌نموونه‌ 42 تانکەر لە عێراقه‌وه‌ هه‌نارده‌ی ئێران كراوه‌ تانکەرێك له‌ناو ئێران سوتاوه‌ كه‌چی 40 تانکەر دیاره‌ و دوو تانكه‌ر كه‌س نازانێ له‌كوێوه‌ داخڵ كراون، ده‌شڵێت تانكه‌ره‌ سوتاوه‌كه‌یان هێناوه‌ته‌وه‌ له‌مه‌رزی مونزیریه‌ دایانناوه‌ نازانن چی لێ بكه‌ن چونكه‌ نه‌ تۆماركراوه‌ كه‌ رۆیشتووه‌ نه‌ تۆماركراوه‌ كه‌ هاتووه‌.